دواین هەواڵ

چەند دەردەدڵێك لەبارەی بودجەوە

‌ جیهانگیر گوڵپی

7 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەڵێن بەڕێز كاك ئاواتی شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم ئیتر سەرۆكایەتی شاندەكە ناكات و ناچێت بۆ بەغدا.

بیهێنە خەیاڵی خۆت ئەگەر (ئەلكسەندەر هاملتۆن)ی یەكەم وەزیری گەنجینەی ئەمریكا لە 1790 نەچوایە بۆ كۆبونەوەی (ئێوارەی پاكتاوكردن) لە نیۆیۆرك ئێستا سیستەمی دارایی ئەمریكا چۆن دەبوو؟ ئەی ئەگەر(هێنری مورگنساو)ی وەزیری گەنجینەی هەمان ووڵات لە 1944 نەچوایە بۆ (بریتۆن وودز) ئێستا سیستەمی دارایی جیهان چۆن دەبوو؟

لەسایەی پرەنسیپی(شەفافیەت و بەشداری و لێپرسنەوە) بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2027 گەشتوەتە دواقۆناغی ئامادەكردن كەچی تەنها سێ كەس ئاگاداری پرۆژە یاساكەن( یەكەم وەزیری دارایی عێراق، دوەم وەزیری دارایی عێراق بەسیفەتی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری، سێیەم وەزیری دارایی عێراق بەسیفەتی ئەندامی ئەنجومەنی وەزیران) واتە هەرخۆی و خۆی و خۆی!

نكولی لەوە ناكرێ كە بانكی ناوەندیی عێراق لەڕوی یاساییەوە دامەزراوەیەكی سەربەخۆیەو پلەی سەربەخۆییە یاساییەكەی یەكێكە لەبەرزترین پلەكان لەسەر ئاستی دنیا، بەڵام لەڕوی كرداریەوە چەند كێشەیەكی بچوكی هەیە

 

یەكەم: هەر سەرۆك وەزیرانێك دێت بەئارەزو میزاجی خۆی و بەدەر لەیاسا پارێزگاری بانكەكە دەگۆرێت! 

 

دووەم: هەر وەزیرێکی دارایی ئارەزوی هەبێت دەسكاری نرخی ئاڵوگۆڕی دراو دەكات!!

 

سێیەم:  بەدەر لەیاسا پارەی بانكی ناوەندی بەكاردەهێنرێت بۆ كاروباری حكومەت!!!

 

چوارەم: سیاسەتی نەختینەیی لەعێراق بونی نیە و هەموشتێك لەپێناوی پارەداركردنی خەرجیەكانی حكومەتە) هەر بۆیە پێم سەیرنەبو دوێنێ یەكێك لەدەزگاكانی ڕاگەیاندن بڵاوی كردبویەوە كە چواچێوەی هەمئاهەنگی كۆبۆنەویان لەگەڵ وەزیری دارایی(نەك بانكی ناوەندی) ئەنجامداوە بۆ قسەكردن سەبارەت بە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو!!!

شاندی هەرێم و بەرپرسیانی سیاسی و تیمی تەكنیكی نزیكەی ساڵێكە بەڕێگەی بەغداوەن و تەنها بۆ پشوی كۆتایی هەفتە دێنەوە هەرێم، بەڵام پێناچی یەك دواكاری و تێبنییان لەناو ڕەشنوسی یاسای بودجەدا جێگەی كرابێتەوە.

 

خۆ ئەمە سەیرنیە، ئەی بیرتان نیە بۆ ئامادەكاریی بودجەی 2021 جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە مۆر و واژو و هەمو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی حكومەتەوە وەرزێكی تەواو لەبەغدا بوو بەڵام دەرەنجاكەی هەر وەك ئیستا بوو.

هەموان خۆیان شۆك كردوە كە پشكی هەرێم لە پرۆژە یاساكە بە بڕیكی كەم دیاریكراوە، وەك ئەوەی شتێكی نامۆ و چاوەڕواننەكراویان بەدیكردبێ، وەك نەزانن یاساكانی بودجەی عێراق دەساڵ زیاترە بەخەتی تۆخ تییاندا نوسراوە دەبی هەرێم هەموشت ڕادەست بكات، ئینجا بەغدا هیچی نەداتی وە هەرێمیش بەقەرزار حساب بكرێت.

لەماوەی زیاتر لە دە ساڵی ڕابووردو هەمو ئەوانەی لەم دۆسیەیەدا بەرپرسیاریەتیان هەبوە بە ئەندام پەرلەمانەكانیشەوە،  لەهەمو فراكسیۆنەكان، بەشێک لە بەرپرسیاریەتی ئەم دۆخەیان ئەكەوێتە ئەستۆ و، بەهەر هۆكارێك بێت بەشداربوون لە چنینی ئەو تۆڕە یاساییەی بوەتە تۆق لە گەردنی پشكی بودجەی هەرێم، خەمەكەیش ئەوەیە ڕۆژانە چەند كەسێك لەوانە لەسەر شاشاكانەوە دەبینین شرۆڤەی ئەم كیشەیە دەكەن و خۆیان وەك پاڵەوان نمایش دەكەن و ڕێگەچارەی كۆڵەوار و كڵۆمدراو پێشنیار دەكەن.

هەندێ لە پەرلەمانتارانی كوردستان بەبەردەوامی ئەیانوت ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەندی خۆی لەیاسای بودجە جێبەجێ بكات ئەوا ئێمە شەڕی شایستەی هەرێم دەكەین و لەقوڕگی شێر و لەناوچاوی بەغدا دەری دەهینێن، كەچی هەر دوێنی و ئەمڕۆ چەند کەسێکیان  ئەیانوت حكومەتی هەرێم زۆرینەی ئەركەكانی جێبەجیكی كردوە بەڵام بەغدا ستەمی لێ دەكات وشایستەكانی لەیاسای بودجە بۆ دانەناوە، سەیرتریش ئەوەبوو ئەیانوت چارەسەری ئەم گرفتە بەئێمە ناكرێ و پێویستە شاندێكی سیاسی باڵای هەرێم بێتە بەغدا بۆ چارەسەری كیشەكە.

 ئەوەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی دەكات تەواو ناڕاست و ستمەكارانەیە، ئەسڵی گرفتەكە لەكەموكوڕی خۆمانەوە سەرچاوەی نەگرتوە، ئەوە باوەڕی چەسپاوی بەغدایە جێبەجێی دەكات و هەژمونی دەسەڵات و زۆرینەی پەرلەمانی و تەواوی و دامەزراوەكانی دەخاتە خزمەتی ئەو كارەوە. بەڵام گرفتەكەی ئێمە ئەوەیە نەمانزانیوەو نەمانتوانیوە بەدروستی مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بكەین ڕوبەڕوی ئەو سیاسەتە ببینەوە. لەوەیش گرفتتر ئەوەیە لەسەر هەمان شێوازی کارکردن بەردەوامین و، بەتەماین هەمان ڕێگەی هەڵە بمانگەیەنێ بەئەنجامی باش و هێنانەدیی ئامانجەكان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP