دواین هەواڵ

راستە نەتانیاهۆ ئەردۆعان دەداتە دادگای سزای نێودەوڵەتی بەهۆی كوشتنی كوردەوە؟

‌کارزان گلی

13 کاتژمێر پێش ئێستا

لەبەشێك لە میدیاكان و بەتایبەت سۆسیال میدیا بڵاوكراوەتەوە، بونیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، داوای لە وەزیری دادی وڵاتەكەی كردووە، دۆسییەی تایبەت ئامادە بكەن، تا رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكان سزا بدرێت، دۆسییەكانیش دانەیەكیان پەیوەندیی بە كۆمەڵكوژی كوردەوە هەیە.

ئاژانسی (I24news)ی ئیسرائیلی بڵلاوی كردووەتەوە، نەتانیاهۆ داوای لە وەزیری داد كردووە، چەند دۆسییەك ئامادە بكەن لەسەر ئەردۆغان، بۆ ئەوەی ئەو دۆسیانە بدرێتە دادگای سزای نێودەوڵەتی، یەكێك لەو دۆسیانە پەیوەندیی بەكوردەوە هەیە و نەتانیاهۆ پێشووتریش چەند جارێك ئەردۆغانی تۆمەتبار كرد، بەوەی كوردی كۆمەڵكوژ كردووە.

جیا لەو دۆسییەیە، نەتانیاهۆ داوای لە وەزیری داد كردووە، هەموو ئەو بەڵگانە ئامادە بكرێت كە توركیا هاوكاری حەماسی كردووە دژی ئیسرائیل.

ئەحمەد تاكان، راوێژكاری پێشووی عەبدوڵا گویل و نووسەری دیاری توركیا، دەڵێت ئەو دۆسییەی نەتانیاهۆ زۆر جدیە و دەبێت توركیا خۆی بۆ ئامادە بكات. تاكان دوپاتی دەكاتەوە، كە نەتانیاهۆ داوای لە وەزیری داد كردووە، دۆسیەی كوردیش ئامادە بكات، كە چۆن بەفەرمانی ئەردۆغان كورد كۆمەڵكوژ كراوە.

تاكان، هەموو وتارەكانی دژی ئەردۆغانە و نووسەرێكی سەرسەختی دژە ئەردۆغانە، بەڵام لە تازەترین وتاریدا دەڵێت، بەهۆی ئەو داوا یاساییەی نەتانیاهۆ بەنیازە لەسەر ئەردۆغان تۆماری بكات، پێویستە توركیا یەكگرتوو بێت و ئاساییە لەناوەخۆ رەخنە لەیەكتری بگرین، بەڵام بۆ بابەتێكی لەوشێوەیە دەبێت پشتی ئەردۆغان بگرین.

دەبێت پرسیار بكەین تا چەند نەتانیاهۆ و هاوشێوەكانی راستگۆن بەرامبەر بەدۆزی كورد؟ لەراستیدا نەتانیاهۆ راستگۆ نییە، كێشەی كەسی لەگەڵ ئەردۆغان هەیە و دەیەوێت كورد بەكاربهێنێت، گەر راست دەكات، با لۆبی بۆ كورد بكات و كۆمەڵكوژی، دەرسیم و زیلان و شێخ سەعیدی پیران و ئەنفالی كوردان بەجینۆساید بناسێنێت و كاریگەریی لەسەر بەریتانیا و ئەمریكاش هەیە ئەو جینۆسایدانە بناسێنێت بەڵام نایكات، چونكە دەیەوێت تەنیا كۆمەڵكوژی جولەكەكان بناسێنرێت و سۆزی دونیا تەنیا بۆ كۆمەڵكوژی ئەوان بێت نەك كورد.

بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین، لە نەتەوەیەكگرتووەكان هیچ سەرۆكی وڵاتێك بەیەك وشەش باسی كوردی نەكرد، كە ٤٠ ملیۆنن و بێدەوڵەتن، بەڵام نەتانیاهۆ بەڕوونی گوتی ئەردۆغان كوردی كوشتووە، ئەمە گرنگە لەنەتەوەیەكگرتووەكاندا بەگوێی دونیایدا بدەیت، بەڵام سەبارەت بەوەی ئەردۆغان كوردی كۆمەڵكوژ كردبێت، ئەوە لێكۆڵینەوەی دەوێت و هەروا ئاسان نییە.

ئەگەر بێت و نەتانیاهۆ سەركەوتوو بێت لە دادگای سزا نێودەوڵەتییەكان و ئەردۆغان لەسەر دۆسییەی كورد و حەماس سزا بدرێت، ئەوكات دەكرێت بڵێین نەتانیاهۆ راستگۆیە و پرسی كورد هەنگاوی گەورە دەهاوێت، بەڵام وەكوو خۆم پێموانییە ئەو داوایە هیچی لێ شین ببێت.

نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دیزاین دەكرێتەوە، كورد لەكوێی ئەو دیزاینەدایە ئەوە نازانم؟ تەنیا ئەوە دەزانم رەوتێكی گەورەی ناسیۆنالیستی كوردی لەم سەدەیە لەدایك بووە و هەرگیز قبوڵیان نییە لۆزانێكی تر بەسەر كوردا بێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP