لە شەڕی ٤٠–ڕۆژەی ئێران و ئەمریکا—ئیسرائیل، کاتێک باس لە پێوەندی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ئیسرائیل هاتە بەرباس، بابەتێک کە سەرنجی نەخرایە سەر، ئەوە بوو کە ئیسرائیل نەک هیچ دانیشتن و پێوەندییەکی لەگەڵ پژاک نەکرد، تەنانەت ڕێگریی کرد لە گەیاندنی یارمەتی بە پژاک.
ئەم هەڵوێستەی ئیسرائیل، پژاکی خستە جموجۆڵێکی سەیر؛ پژاک پێیوابوو کە لە گۆڕانکارییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاوت کراوە، بۆیە پەلەپەل بەشداری لە کۆنگرەی ئازادی ئێران کرد و نووسینێکی واژۆ کرد کە تێیدا باسی لە «دژایەتی دەستێوەردانی دەرەکی لە ئێران» و سەرکۆنەکردنی هێرشی ئیسرائیل لە دژی ئێران دەکرد.
پژاک بۆ ئەوەی بتوانێت وێنەیەکی چالاکتر لەخۆی دەرخات، بۆ یەکەمجار لە مێژووی پەکەکەدا، پۆستی «گوتەبێژ»ی دیاری کرد و گۆڕانکاریی لە پێکهاتەی نەریتی خۆیدا کرد. تەنانەت پژاک ڕێککەوتنێکی نهێنی و ژێربەژێری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کرد، بۆ ئەوەی هێزەکەی خۆی لەژێر ناوی «پێشمەرگە»ی ئەو حیزبە، بباتەوە ڕۆژهەڵات؛ ئەگەر پژاک یەک لە سەد گومانی هەبووایە کە خۆی بێ کێشە دەتوانێت بچێتەوە ڕۆژهەڵات، قەت نەدەچووە ژێرباری ئەو ڕێککەوتنە، هەمووی لەترسی ئەوە بوو کە لە ڕۆژهەڵات ڕێگای نەکرێتەوە.
تەنانەت پژاک ئەوەندە ترسی لەو ئاوت بوونە هەبوو، کە پردەکانی پێوەندی خۆی و پەهلەوی چالاک کردەوە، بەڵام ئەوانیش نەیانویست وەک ساڵانی ڕابردوو، لەگەڵ پژاک دانیشن؛ ساڵانی ڕابردوو و بەتایبەت لەکاتی حاجی ئەحمەدیدا، پژاک چەندین دانیشتنی لەگەڵ جەماعەتی پاشاخواز—پەهلەوی هەبوو، بەڵام قەت نەیدەویست ئەو پردە ئاشکرا بکرێت، تا ئەوەی کە حاجی ئەحمەدی لە چاوپێکەوتنێکدا بەوردی باسی پێوەندی پژاک و پەهلەوی دەکات.
ڕەنگە بۆ زۆر کەس سەیر بێت کە بۆچی ئیسرائیلییەکان نەک یارمەتی پژاکیان نەدا، تەنانەت هۆشداریان دا بە پژاک. جەمیل بایک چەند ساڵ پێش لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێکی سویدی دەڵێت «ئێمە لە شەڕی دژ بە داگیرکاری ئیسرائیل، هاوشانی گەلی فەلەستین، ١٥ شەهیدمان داوە. ئەو خوێنەی ئێمە بۆ گەلی فەلەستین دامان، پردێکی بتەوی لەنێوان گەلی کورد و گەلی فەلەستین دروست کردووە». ئەم تێڕوانینەی جەمیل بایک، یەکێک لە بناغەی سەرەکیەکانی بازنەی ئاپۆیزمە، واتە دژایەتی ئیسرائیل. بۆیە هەرکەسێک لە کادیر و لایەنگری ئاپۆیزم پێچەوانەی ئەمەی وت، یان لە ئاپۆیزم تێنەگەیشتووە، یان چەواشەکارە.
بۆیە ئەگەر ئێستا بەرپرسانی پژاک باسی «دژایەتی دەستێوەردانی دەرەکی» لە ئێران دەکەن، بۆ ئەوە نییە کە دەستێوەردانی دەرەکیان پێ خراپ بێت (ئەو هێزەی ئەوان بەرهەمی دەستێوەردانی دەرەکی ئەمریکا لە سووریایە)، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە پێیان وایە کە ئەو دەستێوەردانە لە لایەن ئیسرائیلیەوە دەکرێت و ئەو ئیسرائیلەش لە ڕۆژەی یەکەمی جەنگی خۆی لەگەڵ ئێران، بە پژاکی وتی «نا».
هەوڵی پژاک بۆ ئەوەی بتوانێت لە ناو ئێرانییەکان جێگەیەک بۆخۆی بدۆزێتەوە، هیچ کێشەیەکی تیۆری لەگەڵ بناغەی فیکری ئاپۆیزم نییە، ئەساسەن باشترین گۆڕەپان بۆ پژاک، شوێنێک وەک کۆنگرەی ئازادی ئێرانە. بەڵام ئەوەی کە حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات پێیانوابێت ئەوانیش دەبێت لەو گۆڕەپانەدا یاری بکەن، ئەنجامی خوێندنەوەیەکی هەڵەیە لە تێکەڵاوکردنی دوو گۆڕەپانی جیاواز.