دواین هەواڵ

لە چارلی چاپلینەوە بۆ کۆمیدیاکەی ئۆجەلان لە ئیمرالییەوە

‌عادل مەریوانی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

چارلی چاپلین دەڵێت: ژیان لە نزیکەوە تراجیدیایە، بەڵام لە دوورەوە کۆمیدیایە. ئەوەی ئەمڕۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالییەوە دەرهێنەرییەتی، تراجیدیایەکی نەتەوەییە کە بۆ داگیرکەران بووەتە کۆمیدیایەکی سیاسی.

پیاوێک کە ڕۆژانێک بە دروشمی کوردستانی سەربەخۆ هەزاران گەنجی بەرەو مردن برد، ئێستا لەژێر سێبەری ئاڵای تورکیادا، خەریکی داڕشتنی فەنتازیایەکە کە تێیدا دەوڵەت شەیتانە و کۆیلایەتی لەناو داگیرکەردا ناوی نراوە دیموکراسی.

ئیمرالی: شانۆگەرییەک بۆ سڕکردنی ئیرادە ئۆجەلان لە ئیمرالییەوە، نەک وەک ڕێبەرێکی دیل، بەڵکو وەک داڕێژەری تیۆرییەکانی مانەوەی داگیرکەر دەردەکەوێت. ئەو کۆمیدیایەی کە ناوی نراوە کۆمۆنالیزمی دیموکراتیک، هیچ نییە جگە لە پاکانەکردن بۆ شکستێکی مێژوویی. ئۆجەلان دەیەوێت بە کورد بڵێت:

ئەو ٤٠ هەزار گەنجەی کوژران، بۆ ئەوە نەبوو ببینە خاوەن دەوڵەت، بەڵکو بۆ ئەوە بوو فێربین چۆن لەگەڵ تورک و فارس و عەرەب لەناو کۆمۆنەکاندا بە ئاشتی بژین. ئەمە سووکایەتیکردنە بە عەقڵی نەتەوەیەک کە سەدەیەکە خوێن بۆ سەروەری دەدات. تاقیگەی ڕۆژئاوا: دۆڕاندنی خاک بۆ وەهمی ئایدیۆلۆژی ئەوەی ئۆجەلان و پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامیان دا، مۆدێلێکە کە ئێستا دەیانەوێت بۆڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی بگوازنەوە.

لە ڕۆژئاوا، کورد تەنیا وەک پاسەوانی پڕۆژە نێودەوڵەتییەکان بەکارهێنرا. لە کاتێکدا دەکرا قەوارەیەکی نەتەوەیی سەربەخۆ بونیاد بنرێت، کەچی بە ناوی برایەتیی گەلان و نەتەوەی دیموکراتیک، عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی پێشکەشی داگیرکەر کران. کۆمیدیاکە لێرەدایە: پەکەکە ئاڵای وڵاتانی داگیرکەر دەپارێزێت و تێکۆشەرانی کوردیش بە ناوی تێرۆریست ڕادەستی ئەنقەرە و دیمەشق دەکات. هەناردەکردنی ڤایرۆسی ئیمرالی بۆ ڕۆژهەڵات ئێستا،

ئۆجەلان لە ڕێگەی پژاکەوە دەیەوێت هەمان شانۆگەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووبارە بکاتەوە. نامەکانی ئۆجەلان کە تێیدا جەخت لە یەکپارچەیی خاکی ئێران دەکاتەوە، گەورەترین خیانەتی سیاسییە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتدا. لە کاتێکدا خەڵکی ڕۆژهەڵات بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی سێدارە لە شەقامەکاندا خوێن دەدەن، ئۆجەلان لە ئیمرالییەوە پێشنیاری کۆماری دیموکراتی بۆ تاران دەکات.

ئەمە تەنیا کۆمیدیا نییە، بەڵکو پیلانێکی ترسناکە بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتیش وەک ڕۆژئاوا بکرێتە قوربانیی وەهمە ئایدیۆلۆژییەکان و بخرێتەوە ژێردەستی داگیرکەر بە ناوی مۆدێرنیتەوە. ئۆجەلان و چەواشەکردنی چەمکی دەوڵەت ئۆجەلان لە پەرتووکەکانیدا دەوڵەت-نەتەوە وەک سەرچاوەی هەموو خراپەکان وێنا دەکات.

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی ئەم تیۆرییە تەنیا بۆ کوردە؟

بۆچی تورک و فارس و عەرەب مافیان هەیە خاوەنی دەوڵەت و سوپا و ئابووریی خۆیان بن، بەڵام کورد دەبێت تەنیا خەریکی کۆمۆن و ئەنجومەنی گەڕەک بێت؟ ئەمە ئەو خاڵەیە کە کۆمیدیای ئیمرالی دەگاتە لوتکە؛ ئۆجەلان دەیەوێت کورد بکاتە نەتەوەیەکی بێ چنگ و ددان کە تەنیا بۆی هەبێت لەناو سنوورەکانی داگیرکەردا هەناسە بدات. ڕەتکردنەوەی شانۆگەریی شکست ڕۆژهەڵاتی کوردستان نابێت ببێتە قوربانیی ئەو دەردەی کە ڕۆژئاوای گرتەوە. کورد پێویستی بە دەوڵەتە، چونکە بەبێ دەوڵەت، مرۆڤی کورد هەمیشە وەک تێرۆریست یان پەنابەر دەبینرێت.

بزووتنەوەی ئایندە و هێزە ڕەسەنەکانی نەتەوەکەمان دەبێت ئەم کۆمیدیایە ڕەشە بوەستێنن. کاتی ئەوە هاتووە بڕیار لە ڕۆژهەڵاتەوە بدرێت، نەک لەژێر چاودێری میت و لە زیندانی ئیمرالییەوە. سەردەمی پیرۆزکردنی شکست و شاردنەوەی پاشەکشە لەژێر ناوی فەلسەفەی نوێ کۆتایی هاتووە. کورد پێویستی بە سەروەریی خاک هەیە، نەک کۆمۆنالیزاسیۆنی ژێردەستەیی.

ئەوەی ئۆجەلان دەیکات، کۆمیدیایەکی تراجیدییە کە تەنیا داگیرکەران پێی پێدەکەنن ، بەڵام بۆ کورد تەنیا هەژاری و سێدارە و وێرانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP