سێ ڕۆژێك بەرلە ئێستا بڕیارێکی دوو خاڵی بافڵ تاڵەبانیم بینی، لە خاڵی یەکەمدا رێگری لە بەکارهێنانی ناو نیشان و پێگەی حیزبی و ئیداری دەکات بۆ بەرژەوەند و دەستکەوتی تایبەتی، لە خاڵی دوەمدا تائکید لە سزادانی سەرپێچی کار دەکاتەوە.
تا ئێرە ئاساییە، من دەمەوێ بۆ یەکجاریشبێ گومانی باش بە بڕیارەکە بەرم و بەشێك لەو بەرپرسارێتیە ئەگرمە ئەستۆی خۆم
لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕاپۆرتێکی تێرو تەسەل و پڕلە زانیاری بۆ بافڵ تاڵەبانی دەنوسم و تیایدا بە وردی هەموو ئەو کەس و کۆمپانیایانە دەستنیشان دەکەم کە نەک تەنها پێگەی حیزب و ئیداریان بەکار هێناوە بۆ خۆ کردنە ملیاردلير، بەڵکو نەفەسیان بۆ هیچ بوارێك نەهێشتۆتەوە و ئیحتیکاری تەواوی جومگەکانیان کردوە.
بەوردی سەرپێچی کار و دەڵاڵەکانی زەوی و زار بژار دەکەم، کە لە لوتکەی دەسەڵاتی یەکێتیدا خەریکی چین!.
زۆر ورد ڕۆڵی شارەوانی و وەبەر هێنان و دەوروبەرەکانیان و ئیدارەی گشتی و گیرفانە شەخسیەکانی تەنیشت ئیدارەی گشتی روون دەکەمەوە، لە فرۆشتنی زەوی گرانبەهاو تۆمار کردنی چەندین کۆمپانیاو سود مەندبونیان بە چەندین ناوی جیاواز و کەسانی نزیکیانەوە.
ڕوونی دەکەمەوە چۆن بە نایاسایی نەخشەی بنەڕەتیەکانی پڕۆژەکانی نیشتەجێیەکان دەگۆڕن و پڕۆژەی بازرگانیان بۆ زیاد دەکەن، لە بەرامبەر سەدان دەفتەر دۆلاردا، تەنها بونی نەخشەی بنەڕەتی پڕۆژەکانی ڕابردوو ( دانیا، ئابوری ناسان، چەند پرۆژەیەکی پشت زانکۆی سلێمانی و پشت گاردن و نزیك هەواری شار بەسە بۆ ئەم نمونانە، یان چۆن هەندێك تاوەریان لە نیشتەجێکردنەوە گۆڕیوە بۆ (بازرگانی و نیشتەجێ بوون)، چۆن لە هەندێك پڕۆژەدا بەرپرسانی حکومی و حیزبی یەکێتی پشکیان هەیە.
ئەمەوێ خۆم ماندوو بکەم و ڕاپۆرتێکی ورد لەسەر زۆربەی ئەو دەستدرێژیانەی دەکرێنە سەر زەوی و موڵکی سلێمانی بنوسم، بۆم گرنگ نیە بافڵ تالەبانی چەندیان دەزانێ و چی نازانێ.
#ڕاپۆرتەکە وەردەگێڕمە سەر زمانی ئینگلیزی تا لە نێوان ڕاستیەکان و بافڵ تاڵەبانیا هیچ نێوەندگیرێك نەبێت و گرفتی خوێندنەوەی نەبێت، لانیکەم بۆ ئەوەی بزانێ کە ئێمە و خەڵکیش ئەزانین ئێستا سلێمانی بە قۆناغی تاڵانکاریدا تێدەپەڕێت، هەموو ئەوەی ئەکرێت بە ناوی یەکێتی و بۆ یەکێتیە کە من پێموایە تەنانەت لە پشکەکەی یەکێتیشدا تاڵانکاری هەیە.