کوردو تۆم بەراک و فرۆمکین
ئەو شەوەی وەفدی لایەنە کوردستانییەکان لە گردی زەرگەتە لە کۆبونەوەدا بوون، کەچی لە بەغدا بەبێ حزوور و بەشداریی فراکسیۆن و پەرلەمانتارە کوردەکان، دەنگ بە کابینەکەی عیبادیی درا. ئەو شەوە ئەوەم ناو نا یەکەمین شکست، کە بەدوای خۆیدا زنجیرە شکستێکی نەبڕاوە دێنێت. ڕاستە داماویی و دەستەپاچەیی پەرلەمانتارەکانی ئێمە کە بەناو پەرلەماندا دەسووڕانەوە ونەیاندەزانی چی بکەن، هۆیەکی ئەو شکستە گەورەیە بوو، بەڵام هۆی سەرەکی فشارەکانی برێت مەکگۆرک بوو. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ئەو شەوە یەک تاکە پەرلەمانتاری ورد و شارەزا و ئازای کوردی لێ بایە، دەیتوانی هاوکێشەکە بگۆڕێت، چونکە ئەو عیبادیی و مەکگۆرک بوون لەژێر فشاری کاتدا بوون نەک ئێمە. هاوکاتیش نەیارە شیعەکانی عیبادیی لەسەرپێ بوون بۆ پەکخستنی دانیشتنەکە.
کە باسی ڕۆڵی خراپی مەکگۆرکمان لە (سەودا) ڕادەستکردنی کەرکوک بە قاسم سلێمانی دەکرد، ئێرانچییەکان دووچاری هیستیریا دەبوون. بەڵام ئەوە یەکەم گورزی مەکگۆرک نەبوو کە بۆ بەرژەوەندی ئێران لە کوردی بدات. فشارەکانی بۆ دەنگدان بە کابینەکەی عیبادیی بەڵگەیەکی زۆر زەقە کە ئەسڵەن ٣ ساڵ پێش ڕادستکردنی کەرکوک بوو بە قاسم سلێمانی. ئێستاش تۆم بەراک هاتوە کە سەد هێندەی مەکگۆرک ترسناکە.
مەکگۆرک و بەراک هەروکیان لەسەردەمی ئیدارەی ترامپدا هاتن. هەردوکیان زیانی گەورەیان بەبەرژەوەندییە هاوبەشەکانی کورد و ئەمریکا گەیاندوە. زیانی گەورەتریش هێشتا لە ڕێیە، ئەگەر فریا نەکەوین!
بنێرن بۆ سەرۆکی ئەمریکا، تێبینیی و ناڕەزایەتییەکانی خۆیانی تێدا ڕوون بکەنەوە، داوای ڕوونیش بخەنە ڕوو.
هەموو مامەڵەیەک لەگەڵ بەراکدا ڕابگرن. لەکوردستاندا نە لە ئاستی ڕەسمی دەسەڵاتی هەرێم و نە لە ئاستی حیزبیدا پێشوازیی نەکەن. و هیچ لایەکیش بەتەنها لەگەڵ دانەنیشێت.
هەموو نوێنەرانی کورد لە سەرۆک کۆمارەوە تا دەگاتە وەزیر و پەرلەمانتار و بچوکترین پلەی تایبەتی ناو حکومەتی فیدرالی عیراق مامەڵەی لەگەڵ نەکەن.
هاوکاتیش لۆبییەکی زۆر بەهێز لە واشنتن دەست پێ بکەن بۆ ئەوەی ئەم سیاسەتە ڕوون بکەنەوە، پیشانی سەرۆک و ئیدارەی ئەمریکا و میدیای ئەمریکای بدەن کە ئەم سیاسەتانەی تۆم بەراک زیانی گەورە و بونیادی بە دەستکەوت و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و کورد دەگەینن.
تۆم بەراک لە مەنتیقی مێژوو ناگات، ڕەنگە بەلاشیەوە گرنگ نەبێت. ئەو زۆر خراپ لە کتێبە هەرە نایابەکەی دەیڤید فرۆمکین گەیشتوە. فرۆمکین پیشانی دەدات کە چۆن ئاشتییەکەی پاش یەکەمین جەنگی جیهان، کۆتایی بە هەموو ئاشتییەک هێنا. لەمەدا فرۆمکین باس لەوە ناکات کە دۆخی پێش کەوتنی دەوڵەتی عوسمانی باش بوو، ئەو داوای گەڕانەوە بۆ پێش دابەشکردنی ناکات. بەڵکو ئەو ڕاستییە تاڵەمان وەبیر دێنێتەوە کە ئەم دابەشکردنە ناڕەوایە، بەجۆرێک هەڵە بوو، کە هیچ دەرفەتێکی ئاشتیی نەهێشتەوە.
ئەم دابەشکردنە تۆم بەراک گوتەنیی (سایکس پیکۆ)، کە خەونی ئاشتی پایداری ئیمانوێل کانت و ودرۆ ویڵسنی کرد بە مۆتەکە، لەبەر ئێوە نیە دۆخی پێش سایکس پیکۆ زۆر باش بوو، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە دابەشکردنی ناڕەوای سایکس پیکۆ هەڵە و کارەساتاویی بوو، کەچی تۆم بەراک دەیەوێت، مێژوو بەرەو دواوە بگەڕێنێتەوە و نەتەوەکەمان دوچاری ئەنفال و قڕکردن بکاتەوە.
کە پێشوەخت و دواتریش باسی ڕۆڵی ترسناکی مەکگۆرکمان، ئێرانچییەکان تووشی هیستیریا دەبوون، هەندێک ڕۆشنبیرییش کە دەیانناسی ڕاپۆرتیان بۆ دەنووسی و هەڵوێستەکانی ئێمەیان بۆ وەردەگێڕا. دواتریش هەندێکیان بە کیسەنجەریان دەشوبهاند. مەکگۆرک ڕۆیی و ئێمە باجەکەمان دا. ئەو کاتە هیچم لەگەڵ مەکگۆرک نەبوو، ئێستاش هیچم لەگەڵ تۆم بەراک نیە، بەڵام ئەو کاتە و ئێستا و تا ئەو چرکەیەی خودا ئەمانەتەکەی دەباتەوە، ڕووبەڕووی هەر کەس و دەوڵەتێک دەبمەوە کە ژیان بەبەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و نەتەوەکەم بگەیەنێت. ئینجا ئەوە ئێرانی بێت یان تۆران. ڕۆم بێت یان عەجەم، یان تەنانەت ئەمریکی.
ساڵی پار بەبێ ئیمکانیات توانیمان کەمێک تۆم بەراک ڕابگرین، بەڵام کە تەسلیمی بووین خەریک بوو ڕۆژئاوا دڵمان لە لێدان بخات. ئێستاش کە ئەگەر ئیمکانیات و سیاسەتی ژیرانە هەبایە هەرگیز ئەو کارەساتانەی ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویان نەدەدا. ئێستاش بۆ ئەوەی کارەساتی ترسناکترمان تووش نەبێت، دەبێت ژیرانە و ئازایانە ڕووبەڕووی سیاسەتە خراپەکانی بەراک ببینەوە. ئەگەر وا بکەین دڵنیا بن سەر دەکەوین.
دوا پەیامم ڕوو لە سەرۆک ترامپە، بەڕێز جەنابی سەرۆک، ڕۆڵەی ئێمە و ئێوە پێکەوە لەسەنگەری ئازادیدی خوێنیان تێکەڵ نەبوو تاکو لە دواییدا تۆم بەراک، بمانگەڕێنێتەوە سەردەمی جینۆساید و قوربانیدانی ئێوە یەکسان بە سفر بکاتەوە. پێکەوە ئەفسانەی داعشمان تێکنەشکاند تاکو برێت مەکگۆرک لە دواییدا ڕادەستی قاسم سلێمانی و ئێرانی بکات.
جەنابی سەرۆک
ئەگەر دەڵاڵیی تۆم بەراک بۆ سیاسەتەکانی ئەردۆغان نەبایە، دەمێک بوو خەڵکی سەربەرزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپەڕیبوون، ئەمەش خۆی دەبووە ئیلهمابەخشی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، کە ئەنجامەکەی کەوتنی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی دەبوو کە دوژمنی هاوبەشی ئێوە و ئێمەشە. تۆم بەراک جەنابتی لە تۆمارکردنی گەورەترین و گەشترین سەرکەوتنی مێژوو بێبەش کرد. ئەو بەشدار بوو لە لەباربردنی سەرکەوتنێک کە دەبوە تاجی سەرکەوتنەکانی ئێوە و ئێمە و هەموو گەلانی ناوچەکە. حیکمەت و ئازایەتیی ئێوە وامان لێدەکات، بە ئومێدەوە چاوەڕێی بڕیاری خێرای حەکیمانە و ئازایانەتان بکەین.