دواین هەواڵ

کۆتایی ڕۆشنبیران

‌د.سەردار عەزیز

9 کاتژمێر پێش ئێستا

لە شەڕی سوریا، پاشان لە ئێستای ئێراندا، دیاردەیەک زۆر زەق بوو، ئەویش دەرکەوتنی ڕەنگی ڕاستەقینەی توێژی ڕۆشنبیرانی ئەو گەلانە. لە دۆخی سوریادا چونکە گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی هەبوو، ژمارەیەکی زۆر لە کرێگرتەی ئەمریکی و ئەوروپی و ئینگلیزیش هەبوون، کە بە زۆری لە بەرەی چەپ بوون.

ئەمڕۆش هەمان شت لە دۆخی ئێراندا هەست پێدەکەین. 
وەک هاوڕێم کاک د. کامەران پاڵانی ئاماژەی پێدا، ئەوانەی کە لە سەردەمی ئەسەددا باسی کوشتوکوشتاری دەوڵەتیان دەکرد، کاتێک دەوڵەت بوو بە دەوڵەتی تایفەکەیان، خێرا بوون بە هەڵگری هەمان دیدی دەوڵەتگەرا. کە یانی دەوڵەتی مافی کوشتنی نەیارانی هەیە و هەروەها بۆی هەیە هەموو هێزێک بەکاربهێنێت لە پانتایی قەڵەمڕەوی خۆیدا. 
ئێستا هەمانشت لە ئێران دەبینین. لە پڕ ئەو ئێرانیانەی کە نەیاری ڕژێمی کۆماری ئەسلامی بوون لە پڕ بوون بە ناسیونالیستی عەیار ٢٤ی فارسی و دژ بە هەموو  پێکهاتەکانی ناو ئێران. 
ئەم دیاردەیە لە چەندا ئاستێکدا ترسناکە:
یەکەم، زەقترین نیشانەیە کە ئەوەی دێت لەوەی ئێستا باشتر نیە ئەگەر خراپ نەبێت.  
دووەم، نەمانی تەواوتی ئەخلاق لای ڕۆشنبیران. چیدی ئەم توێژە دژ بە زوڵم و چەوساندنەوە نین، بەڵکو تەنها دژ بە زوڵم چەوساندنەوەی ئەویترن لە خۆیان، بەڵام بەهانەسازن بۆ زوڵمی خۆیان.
سێیەم، کۆتایی کەلتور و گۆڕینی بۆ پڕوپاگەندە. لە دۆخێکی وەهادا، درۆ، تاوانپۆشین، هەڵبەستنی حەکایەتی شەڕخوازیی و چاوپۆسی لە کۆمەڵکوژی، وەها دەکات ڕۆشنبیران لە بڕی دروستکردنی سیستەمێکی جیاواز لەوەی هەیە، ببنە بۆیاغکەر و پاساوهێنەری ئەو دڕندەییەی کە هەیە.
چوارهەم، لە کۆتاییدا هەموو سیستەمێک هەڵێنجراوی کەلتورەکەیەتی. بۆیە ئەوەی لە ئێران چاوەڕوان دەکرێت، کۆتایی دڕندەیی نیە، بەڵکو گۆڕینی جلوبەرگیەتی.
پێنجەم، ڕۆشنبیران جیاوازترنین لە خەڵکە عەوامەکە. ئەوەی کاک بەختیار عەلی باس دەکات کە نزیکەی چوار دەیە لەمەوپێش لە تاران شۆفێرێکی تاکسی بچکۆلەی توڕەی دیوە، زۆر توند و ڕوون دژ بە ئاخوندەکانی ناو دەوڵەت بوو، بەڵام کە هاتە سەر کورد، ئاخوندێکی بچوک لە ناخیدا بوو نەیدەتوانی تێیپەڕێنێت. 
هەبونی ئەم دووفاقییە، لە کاتێکدا دژ بە زوڵمیت و دۆستی زوڵمیت ڕەنگە بۆ کەسێکی عەوام ئاسایی بێت، بەڵام کاتێک بەناو ڕۆشنبیرێک پیادە دەکات، دەرخەری ئەوەیە کە ئەوەی پێی دەوترێت دونیای ڕۆشنبیریی بیابانێکی زۆر وشکە. ئەگەر ڕۆشنبیران ئەوەندە ئاگاییان نەبێت کە بپرسن بۆچی بەکەوتنی دیکتاتۆرەکان، کێشەکان کۆتایی نایەت، زۆر ساویلکە ترن لەوەی کە بتوانن قسە لە سەر ئەم دونیایە بکەن.
شەشەم، ئەم دیاردەیە دەبێت ساتەوختێکی دابڕان بێت. کە لاوبووم، هەمیشە دەیانگوت دونیای عەرەبی و کولتوری فارسی و تورکی، بەڵام کاتێک کە دێیتە ناو کەلتوری جیهانییەوە، زوو هەستدەکەیت چەند پەراوێزی و لاواز و پڕ لە گرێ و ساویلکەییە ئەم دونیایە. دیارە هەوڵی زۆر هەیە بۆ دروستکردنی هەژەمۆنیەتی کەلتوریی لە لایەن ئەم گەلانەوە و خەڵکانێکی داماوی کوردیش کڕیاریەتی. کەمنین عاشقانی کەلتور و بەناو ئەدەبیاتی فارسی لە باشور. 
حەوتەم، ئەوەی بۆ ئێمەی کورد سەختە کە ئێمە ناتوانین لەم دونیایە داببڕێین، ئێمە ئەو جەستەیەین کە ئاغایەتی ئەم گەلانە لە سەر جەستەمان پیادەدەکرێت. 
دەبێت ئەو ئامۆژگارییەی نیتچە لە یاد نەکەین کە لە ململانێی وەحشدا نەبین بە وەحش. بەڵام بێئاگانەبین لە ماسکە زۆرەکانی وەحش.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP