روونە پەژاك خۆی ئامادە كردووە، تا سوود لە كەوتنی رژێمی ئێران ببینێت و ئیدی لە رۆژهەڵاتی كوردستان خۆی دەربخات و بیخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە. لە بەرامبەردا پارتەكانی تری رۆژهەڵاتی كوردستان، كە دیارترینیان حیزبی دیموكراتە، یەكیان گرتووە و لە ئەگەری رووخانی ئێراندا، ئامادەكاری دەكەن تا رۆژهەڵاتی كوردستان بپارێزن.
ئەوەی مەترسییە بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان، بەریەككەوتنی ئەو دوو هێزەیە، چونكە ئاشكرایە پەژاك، ئایدۆلۆژیای پەكەكەی هەیە، ئەو ئایدۆلۆژیایەش بەهەموو شێوەیەك پارتەكانی تر رەتدەكاتەوە و دەیەوێت تەنیا خۆی لە مەیدانەكەدا بێت و بەناوی دیموكراتی گەلان و چەمكی برایەتی سیاسەت بكات، وەكوو ئەوەی لە باكوور و رۆژئاوای كوردستان پەیڕەو دەكرێت.
لەئێستاوە دەبێت بزانن، لە ئەگەری رووخانی رژێمی ئێراندا، ئەگەر پەژاك باڵادەست بێت، بیر لەوە مەكەنەوە رۆژهەڵاتی كوردستان فیدڕاڵی یان جیابوونەوەی بەخۆیەوە ببینێت، چونكە پەژاك بڕوای بەو چەمكانە نییە، بڕوای بە خودموختاری هەیە، ئەمەش دەرگای گرژییەكی گەورە بۆ كورد دەكاتەوە.
كورد دەبێت ستراتیژی هەبێت، ئیدی واز لەوە بێنێت تەنیا تەكنیكیانە سیاسەت بكات، لە رۆژئاوای كوردستان، چونكە ستراتیژمان نەبوو، بینیمان ئەگەر ئیرادەی گەل نەبایە، ئێستا شتێك نەمابوو بەناوی رۆژئاوای كوردستان، بۆیە دەبێت ئەمجارەیان لە رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەم هەڵەیە دووبارە نەكەینەوە و یەكگرتووانە سیاسەت بكەین بۆ داهاتووی كورد.
دەبێت بزانین، ئەوەی لە رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ كورد بەدەست بێت، بۆ باكووری كوردستانیش هەمان دەستكەوت بەدەست دێت، بۆیە هەر هەڵەیەكی ستراتیژی لەلایەن پەژاك و پارتەكانی ترەوە، چارەنووسی میللەتێك لەناو دەبات، گرنگە لەئێستاوە پلان و ستراتیژ ئامادە بكەن.
توركیا، ئەو ئەژدیهایەیە لە ئەگەری رووخانی رژێمی ئێراندا، دەستوەردان دەكات و ئەو ناوچەیەی ئازەرییەكانی لێیە، دەخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە و دەبێتە رێگرێكی گەورەش لەبەردەم كورد تا نەتوانن هیچ دەستكەوتێكیان هەبێت، وەكوو چۆن لە رۆژئاوای كوردستان كردی، بۆیە دەبێت هێزە كوردییەكان خۆیان بۆ بەریەككەوتن لەگەڵ توركیا ئامادە بكەن، ئەمەش بەوە نابێت پەژاك هەموو هێزەكانی تر رەتبكاتەوە، دیموكرات روحی رۆژهەڵاتی كوردستانە و نابێت پەژاك بیر لەوە بكاتەوە ئەو هێزە لەناو ببات.
ئەمە شڕۆڤەیەكی كورت و هۆشیارییەكە بۆ كورد، لە داهاتوو شڕۆڤەی ترمان دەبێت.