دواین هەواڵ

ئەو پەیامەی کوردستانیان و هەمووان چاوەرێی بوون

‌فرسەت سەید شوكر

5 رۆژ پێش ئێستا

ڕۆژی یەکشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، هەولێر میوانداری دەستپێکی بانگەشەی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمین خولی پەرلەمانی عێراق. ئەوەی کە زێدەتر جێگەی بایەخ و باسە، پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بوو لەم کەرنەڤاڵەدا، وتارەکە نەک تەنیا بۆ لایەنگرانی پارتی، بەڵکو بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق، پڕ بوو لە ڕاستی و ئومێد.
سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا، جەختی لە چەند خاڵێکی گرنگ کردەوە کە تایبەت بوون بە ڕەوشی ئێستای عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەروەها داهاتووی وڵات. یەکێک لە خاڵە هەرە سەرەکییەکان بریتی بوو لە گرنگیدانی بە هەڵبژاردن وەک کایەیەکی دیموکراسی. ئەو وتی: "هەموو هەڵبژاردنێک گرنگە، لەبەر ئەوە ناتوانم بڵێم ئەم هەڵبژاردنە زۆر زۆر گرنگە، هەر هەڵبژاردنێک لە هەلومەرجێکی جیاوازدا دێت." ئەم لێدوانە، نیشانەی باوەڕی قووڵی سەرۆک بارزانییە بە پرۆسەی دیموکراسی وەک تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دابینکردنی مافەکان.

گرنگترین بەشی قسەکانی سەرۆک بارزانی، بریتی بوو لە باسکردنی مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و ئەو پێشێلکارییانەی کە بەرامبەر بە گەلی کوردستان کراون. ئەو بە ڕاشکاوی وتی: "دەوڵەتی عێراق کە دامەزرا دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، لەسەر ئەو بنەمایە دامەزرا کە کورد و عەرەب هاوبەشن لەم وڵاتەدا." بەڵام بە داخەوە، وەک سەرۆک بارزانی ئاماژەی پێدا، ئەم بنەمایە پێشێل کرا و گەلی کورد نەک هەر نەبووە شەریک، بەڵکوو مافی هاووڵاتیبوون و ژیانیشی لێ زەوت کرا. ئەنفال، کیمیاباران، وێرانکردنی گوندەکان و بڕینی مووچەی کەسوکاری قوربانیان، بەڵگەی زیندوون لەسەر ئەو ناعداڵییانەی کراون.
لێرەوە گرنگی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دێتە ئاراوە: ئەو بە ڕاشکاوی ڕاستییەکانی مێژووی خستەڕوو، ئەمەش بۆ ئەوە بوو کە هەڵەکانی ڕابردوو نەبنە هۆکار بۆ دووبارەبوونەوەیان لە داهاتوودا. ئەو ئومێدێکی گەورەی دەربڕی کە "ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی دیکە بۆ هەموو عێراق بێنێتە پێش و ئیتر ئەو هەڵانەی کە کراون دووبارە نەبنەوە." ئەمە پەیامێکی گرنگ بوو بۆ دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەموو پێکهاتەکان، کە دەبێت وانە لە مێژوو وەربگیرێت و هەوڵ بدرێت بۆ بنیادنانی پەیوەندییەکی تەندروست و یەکسان لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا.
سەرۆک بارزانی بە ڕوونی ئاماژەی بەوەدا کە دیموکراسی ڕاستەقینە، تاکە ڕێگەیە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان بۆ هەموو لایەک. دروشمی شۆڕشی ئەیلوول (دیموکراسی بۆ عێراق، ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان) سەلماندی کە تێگەیشتنی پارتی لەو کاتەشدا دروست بووە، چونکە "ئەگەر دیموکراتی لە عێراق نەبێ، نە کورد و نە عەرەب و نە تورکمان و نە هیچ دین و مەزهەبێک و ناتوانێت بە مافی خۆی بگات." ئەمە پەیامێکی گشتگیرە کە دیموکراسی بە تاکە چارەسەر دەزانێت بۆ هەموو کێشەکانی عێراق. عێراق پێویستە گەشە بە بنەماکانی دیموکراسی بدات، بە تایبەتی لەسەر ئاستی جێبەجێکردنی دەستوور و ئەو مافانەی کە بۆ پێکهاتەکان دابین کراون. پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێکردنی ماددەکانی، کلیلە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیهێنانی سەقامگیری.

قسەکانی سەرۆک بارزانی لەم قۆناغەدا زۆر گرنگ بوون، چونکە:

1. سەرۆک بارزانی وەک سەرکردەیەکی مێژوویی و خاوەنی ئەزموونێکی زۆر، ڕاستییەکانی مێژووی خستەڕوو. ئەمە یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشەی کێشەکانی عێراق و نیشاندانی ئەوەی کە گەلی کوردستان هەمیشە هەوڵی ئاشتی و پێکەوەژیانی داوە.
2. بانگەشەکەی پارتی، نیشانەی یەکڕیزی ناوخۆیی و فراوانبوونی بنکەی جەماوەریی پارتی بوو. سەرۆک بارزانی بە خۆشحاڵییەوە ئاماژەی بە بوونی عەرەب و تورکمان لە لیستی 275ـی پارتیدا دا، کە نیشانەی گەشەکردنی بنەماکانی حزب و نیشاندانی نەهجی ڕاستەقینەی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
3. سەرۆک بارزانی داوای لە کاندیدەکانی پارتی کرد کە یەک دەست کار بکەن بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان و مافی هەر تاکێکی عێراقی، خۆیان بە نوێنەرێک بزانن بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق نەوەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان. ئەمە پەیامێکی ڕوون بوو کە نوێنەرانی پارتی لە بەغدا، نوێنەری هەموو عێراق دەبن.

4. سەرەڕای ئەو زوڵم و زۆردارییەی بەرامبەر بە گەلی کوردستان کراوە، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە کورد لە هەر دەرفەتێک بۆ ئاشتی، دەستی نەپاراستووە. بەنموونە هێنانی ڕەفتاری مرۆڤدۆستانەی پێشمەرگە لە ساڵی 1991 بەرامبەر بە سەربازانی سوپای عێراق، پەیامێکی بەهێز بوو بۆ ئەوەی کە گەلی کوردستان هەمیشە باوەڕی بە پێکەوەژیان و لێبوردەیی هەبووە.
پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ خەڵکی عێراق و پێکهاتەکان زۆر گرنگ بوو. ئەو بە ڕوونی ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە دیموکراسییەکی ڕاستەقینە هەبێت و هەموو لایەک پێکەوە کار بکەن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان. ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە نوێنەرانی پارتی لە بەغدا، نوێنەرایەتی مافی هەموو عێراقییەکان دەکەن و تەنیا سنووردار نابن بە مافەکانی کورد. ئەمە پەیامێکی ئاشتەوایی و پێکەوەژیانە کە دەتوانێت ببێتە هۆکارێک بۆ پتەوکردنی برایەتی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و دروستکردنی متمانە.

لە کۆتایشدا ئەوەی پەیامەی بۆ ئەو لایەنانە نارد کە دژایەتی هەرێمیان کردووە و گووتی: ئەگەر بیربکەنەوە بەهاوپەیمانی لەبەغدا هەرێم و پارتی بشکێنن ئەوە دڵنیابن نە هەرێم و نە پارتی بەئێوە ناشکێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP