وا بڕیارە مانگی داهاتوو لە 11/11 دا لە عێراق هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، دیارە بڕیاری ئەو هەڵبژاردنەش هەروا لە خۆڕاو خوڕسکی نەبو، بەڵکو لە ئەنجامی ناڕەزایی شەقامی عێراقی و خۆپیشاندانەکان بوو بەرامبەر نادادی و گەندەڵی لە سەرجەم جومگەکانی دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی و کابینە یەک لەدوای یەکەکان وبەردەوامی ئەو گەندەڵیە تا سەر ئێسقان،بۆیە لە زۆربەی شارەکانی عێراق بە بەغدای پایتەختیشەوە ناڕەزایەتیەکی زۆر شەقامی گرتەوەو خەڵکێکی زۆری ناڕازی خوێنیان لەو پێناوەدا ڕژا و لە بەردەوامی ناڕازایەتیەکان کەداوای هەڵوەشانەوەی حکومەت و پەڕلەمان دەکرا،بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە کەوتە ئەو ڕێکەوتەوە،کە عێراقیەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە،لە ئامادەسازین بۆ هەڵبژاردن و خۆتاقی کردنەوە لە بەردەم سەنگی مەحەکی سندوقەکانی دەنگدان.
بەڵام ئەوەی جێگای هەڵوەستە لەسەر کردنە هەڵبژاردنی ئەم جارەیە کە زۆر جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر،پێشتر سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە یەک بازنەی هەڵبژاردن بوو،واتا کەسێک بۆ نمونە لە بەسرە ئەیتوانی دەنگ بە کاندیدێکی خۆی لە هەولێر یان بەغدا بدات،یان لە سلێمانی دەنگدەرێک دەنگ بە کاندیدەکەی لە بەغدا بدات،بەڵام ئەمجارە شێوەی فرەبازنەی ئەو هەڵەی لەبار بردوەو دەنگدەر دەبێت لە سنوری جوگرافیایی خۆی دەنگ بدات ،ئەمەش مەترسی لەسەر قەوارە کوردیەکان دروست دەکات بەتایبەت لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، لەبەر ئەوەی ئێمەی کوردو هەرێمی کوردستان وەک دەستور سەر بە عێراقی فیدڕاڵین و چارەنوسمان بە عێراقی پڕلە ئاڵۆزیەوە گرێ دراوە،بۆیە سەرەڕای تێبینیمان لە شێوەی هەڵبژاردنی ئەمجارەو فرەبازنەییەکەی، کورد دەبێت بە سەرجەم چین و توێژەکانیەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەن و سندوقەکانی دەنگدان بکەنە مەحەک بۆ بەدیهێنانی خەونی شەهیدەکانمان، لەبەر ئەوەی عێراق و دەسەڵاتدارانی عێراق تا خۆیان ڕێک نەخسبوەوە پێویستیان بە کورد و هەرێمی کوردستان هەبوو،بە شێوەی تەوافق کورد دەیتوانی مافە دەستوریەکانی بەدەست بهێنێت و شەڕی کێشەکانی لە گەڵ حکومەتی ناوەند بکات،وەک پێشتر هەموو بڕیارە سیاسی و دامەزراندنی کابینەکانی عێراق لە هەولێر و بە ڕاوێژی کورد دادەمەزرا،بەڵام ئێستا وەک دەبینین ئەو هەڵە پێچەوانە بونەتەوە و ئێستا لە جێگای ئەوەی وەک پێشتر کابینەی حکومەت لە هەولێر پێکبهێنرێت، حکومەت و دەسەڵاتدارانی عێراق کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکەن وەک بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و شایستە دارایەکانی و زۆر شتی تر.
بۆیە دەبێت ئەمجارەو لەم هەڵبژاردنەدا بە تایبەت کورد و پارتی ،لەبەر ئەوەی هەر پارتیە دەتوانێت کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان بگەڕێنێتەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و کۆتایی بە داگیرکاری و پێشێلکردن و تەعریب بهێنێت، کەواتە با دەنگمان دەنگی کاندیدانی پارتی بێت.