سەرۆك سەلماندی رەگەزپەرستەكان برایەتی كورد و توركیان وەكوو برایەتی قابیل و هابیل دەوێت
كارزان گلی
میدیای توركیا، زۆر زیرەك و ئاستبەرزن لەوەی بیانەوێت شەڕی دەروونی لەگەڵ بەرامبەرەكەیاندا بكەن، چۆنی بیانەوێت بەو شێوەیە رای گشتی وڵاتی خۆیان دەجولێنن، دوای بەیاننامەكەی دەزگای بارزانیش لەبارەی دەوڵەت باخچەلییەوە، شەڕێكی دەروونی زۆر خراپ و پڕ درۆ و دەلەسەیان لەگەڵ پارتی و هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، دەبێت وریا بین و بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو شەڕە دەروونییەدا دەكەین.
لە ٢٠١٦، ئەوكاتەی توركیا فڕۆكەیەكی جەنگی رووسیای خستە خوارەوە، نێوانی توركیا و رووسیا زۆر تێكچوو و تەنانەت گەیشتە ئەوەی هێز بەرامبەر بە یەكتری بجولێنن، هەرچەندە بەدرێژایی مێژوو، ١٢ جار توركیا و رووسیا كەوتوونەتە شەڕ لەگەڵ یەكتری و هەر ١٢ جاری توركیا دۆڕاوە، بەڵام توركیا هەمیشە لەڕووی میدیاییەوە لەپێش رووسیا بووە، بەتایبەت لە شەڕی دەروونی میدیاییدا.
میدیای توركیا، نەیاندەتوانی خەڵكی خۆیان تێبگەیەنن توركیا لە رووسیا بەهێزترە، چونكە گەلی توركیا دەیانزانی ئەمە درۆیە و توركیا هەرگیز ناتوانێت بەرامبەر بە رووسیا بوەستێتەوە، بۆیە رێگەیەكی تریان گرتەبەر، ئەویش شەڕێكی سەختی دەروونی بوو لەگەڵ رووسیا و رای گشتی ئەو وڵاتە. بۆ نموونە راپۆرتی درێژیان لە میدیاكانیانەوە لەسەر ڤلادیمیر پوتین بڵاودەكردەوە و دەچوونە ناو ژیانی تایبەتی و دەیانگوت پوتین ژیانی شاراوەیە و كەس نازانێت دایكی كێیە؟ لەشوێنێكی تر باسیان لەوە دەكرد، پوتین دایكی لە شوێنێك شاردوەتەوە و نایەڵێت كەس بیبینێت.
میدیای توركیا سەركەوتوو بون لەوەی شەڕێكی سەختی دەروونی لەگەڵ رووسیادا بكەن، ئەوەی تێبینیم كرد، نووسەرانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن و ئەوانەی دوژمنی سەرسەختی ئاكەپە بوون، بەهەمان شێوە دژی رووسیا قسەیان دەكرد و لەبەر چاوی میللەتی توركیا روسیایان سووك كردبوو، دەیانگوت بۆ بەرگری لە سەروەری وڵاتمان دەبێت لە پشت حكوومەت و ئەردۆغان بین.
رووسیا زیرەكانە مامەڵەی كرد، یەك رێگەی گرتە بەر بۆ لێدان لە توركیا، ئەویش بایكۆتكردنی هەموو كەلوپەلێكی توركی بوو، بەتایبەت بەرهەمی كشتوكاڵی، هەروەها گەلی رووسیاش بایكۆتی كەرتی گەشتیاری توركیایان كرد، بەمەش كەرتی كشتوكاڵ و گەشتیاری توركیا دووچاری داڕمانێكی گەورە بوو و بە ملیارات دۆلار زیانیان پێگەیشت. لە ئەنتاڵیا بەهۆی نەهاتنی گەشتیاری رووسی، هۆتێل و رێستوڕانتەكان چۆڵ بوون و بەشێكی زۆریشیان دایانخست، بۆیە ئەردۆغان ناچار بوو بۆ خۆی بچێتە رووسیا و داوای لێبوردنی لە پوتین كرد.
بەهۆی ئەو بەیاننامەی دەزگای بارزانی، كە وەڵامی لێدوانەكەی باخچەلی داوەتەوە، كاتێك گوتبووی بوونی پێشمەرگە لە جەزیرێ شەرمەزارییە و پێشێلی سەروەری توركیایە، میدیای توركیا شەڕێكی سەختی دەروونیان دژی هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانی دەستپێكردووە، تەنانەت ئۆپۆزسیۆن و نەیارانی ئاكەپە و مەهەپەش، هاتوونەتە ریزی ئەوان دژی بارزانی و هەرێمی كوردستان قسەی بێبنەما و درۆی شاخدار بەگوێی رای گشتی توركیادا دەدەن.
نەدیم شەنەر، لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی حوریەتی توركی بڵاوی كردووەتەوە، بارزانی بەپیاوی رووسیا و ئەمریكا و ئیسرائیل ناو دەبات، پێیوایە سەرەكیترین هاوپەیمانیی ئەو سێ وڵاتە بارزانییە، دڵنیام سەرنووسەری رۆژنامەی حوریەتیش كاتێك وتارەكەی خوێندوەتەوە پێكەنینی پێهاتووە و بڕوای بەو درۆیانە نەكردووە.
عەبدوڵا ئاغار، شارەزای سەربازی توركیا و لێكۆڵەر لەو بوارە، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا دەڵێت، بارزانی ویستویەتی بە توركیا و دەوڵەت بڵێت، ئەگەر بمەوێت باكووری كوردستانتان لێ داببڕم، دەتوانم و پێمدەكرێت.
یڵماز ئۆزدیل، كە نووسینەكانی دژە ئاكەپە و خودی ئەردۆغانە، كەچی هاتووەتە ئەو بەرەیە و لەبارەی بارزانی كۆمەڵێك درۆی ریز كردووە و بەرای گشتی توركیا دەفرۆشێتەوە. ئەو ئۆزدیلە، ئەوەندە دژە كوردە، چەندین جار سووكایەتی بە ناوی پێشمەرگە و ئاڵای كوردستان كردووە.
ئیسماعیل سایماز، پێموایە رۆژنامەنووسێكی هەرە بوێر و راستگۆیە لە توركیا، دەڵێت بۆچی درۆ لەگەڵ خۆمان بكەین، هاتنی بارزانی و بوونی پێشمەرگە بۆ پاراستنی، پەیوەندی بە وەزارەتی ناوەخۆ و پرۆتۆكۆلەوە هەیە، توركیا بۆ خۆی رێگەی داوە و ئیتر بۆچی ئەو هەرایەتان دروست كردووە، بڕۆن لەگەڵ وەزارەتی ناوەخۆ قسە بكەن.
بیرم كردەوە و گەیشتمە ئەو بڕوایە، بارزانی بەچوونی بۆ جەزیرێ، رووی راستەقینەی رەگەزپەرستەكانی نیشانی دونیادا، بە كوردی گوت، دەبێت وریا بن بەرامبەر بە رەگەزپەرستەكان و كاتێك باسی برایەتی كورد و تورك دەكەن، ئەو برایەتییەیان دەوێت كە قابیل و هابیل هەیانبوو، نەك برایەتییەكی ئەبەدی و یەكسان لە میراتدا.
دەبێت میدیای كوردی زۆر هەستیارانە بەرامبەر بەو شەڕە دەروونییە هەڵسوكەوت بكات، نابێت هەرچی ئەو نووسەر و میدیایانەی توركیا لەسەر كورد و هەرێم و بارزانی گوتیان، ئێمەش بیگوازینەوە و بیكەین بەهەواڵ، نەخێر دەبێت فەرامۆشی بكەین و خۆمان نەخەینە ناو ئەو شەڕە دەروونییە، چونكە لەشەڕی دەروونی میدیاییدا لە توركیا نابەینەوە.
رەنگە چەندین كەناڵ و پەیج هەبن دژی پارتی بن، بەڵام بۆ ئەم پرسە نابێت حیزبیانە بیر بكەنەوە، دەبێت نەتەوەییانە بیر بكەنەوە، چونكە بارزانی بە نیشاندانی پێشمەرگە و ئاڵای كوردستان، ئەوانی شڵەقاندووە، نەك وەكوو سەرۆكی حیزبێك، بۆیە تكایە هەرشتێكی خراپ لەسەر بارزانی یان هەرێمی كوردستان نووسرا، مەیگوازنەوە و گرنگی پێمەدەن.
دەمەوێت باس لە بابەتێكی گرنگ بكەم، ئێستا ئاكەپە و جەهەپە، شەڕێكی سەختیان دەستپێكردووە لەگەڵ یەكتریدا بەوەی كامیان جەلادی كورد بوونە و یەكتری بەجەلادی كورد تۆمەتبار دەكەن و بۆ ئەمەش بەڵگە دەهێننەوە، لێیان گەڕێن با بگەنە رێككەوتنێكی كۆتایی لەسەر ئەوەی كامیان جەلادی كورد بوونە، با فۆكەس بخەبینە سەر ئەو لایەنە و رای گشتی توركیا و كورد بجولێنین، چونكە ئەمە یەكمجارە لە نێوان خۆیان راستییەكان دەڵێن و دانی پێدا دەنێن جەلادی بەرامبەر بە كورد كراوە، هەر ئەوە خۆی راستی بەیاننامەكەی دەزگای بارزانی دەردەخات، گورگن لەژێر پێستی مەڕدا.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، گرنگە پەیوەندییەكانی هەرێم و توركیا تێكنەچێت و برەوی زیاتر پێ بدرێت، چونكە لەبەرژەوەندی هەردوولایە و ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییەی لە نێوان هەردوولادا هەیە، ئەوەندە گرنگە، باكوورییەكان پێی حەساونەتەوە، با لە شەڕی میدیای توركیا خۆمان بەدوور بگرین و هەموو كەناڵەكانی دیبلۆماسیش بەكاربێنین بۆ هێوربوونەوەی دۆخەكە.