باسکردنی کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگە لە ناو پاڕکێکی پاریس، عاتیفیانە و سیاسیانە باسکرا و وەک هەموو بابەتێکی دیکە، لە دژایەتی حیزبایەتی و یەکتر شکاندن گچکە کرایەوە، بەداخەوە.
کەس هزری لۆ ئەوە نەچوو، لە ناو هەڵکشانی هەست و گوتاری ڕکوکینە بەرامبەر خەڵکی ناو ئەوروپایی، بە تایبەتی میللەتانی ‘ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست’ کارێکی لەو شێوەیە لە یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین پایتەختی جیهان، ئەگەر تەنها ‘ڕێزلێنان’یش بێت بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەک بەرپرسانی فەڕەنسی ڕایانگەیاند:”دانپێدانانی فەرمیییە بە هاوبەشی و هاوخەباتی گەلی فەڕەنسا و گەلی کوردستان”. نیشانە و ئاماژەییەکی یەکجار گرنگە لە بەر ئەو چەند خاڵە:
- جیاکردنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە هەموو ئەو هێز و سوپایانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە مێژوو و ناوبانگێکی ناپەسندیان هەیە.
- داننان بەوەی گەلی کوردستان و پێشمەرگەکانی بە نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە دیموکراسی و ئاشتیخوازەکانی جیهان، شەڕی تیرۆریان کردووە.
- هەڵکشانی ئاستی پەیوەندییەکانی قەوارەی دەستوری کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا، بۆ ئاستی هاوپەیمانێتی ستراتیژی.
- جیاکردنەوەی گەلی کوردستان، لەوانەی دیکە کە وەک سەرچاوەی بەرهەمهێنانی توندڕەوی تەماشایان دەکرێت.
خاڵێکی دیکە، کە ‘کۆمۆجیدیاییە’ لە یەک کاتدا مڕۆڤ پێکەنین و گریانی دێت، لەوەی کە سەرۆک شارەوانی پاریس لە بۆنەکە ئامادە بووە، و لە پێشوازی جەنابی سەرۆک بارزانی بووە، لەو دوو خاڵە بۆچوونی خۆم لەوبارەیەوە کورت دەکەمەوە:
- سەرۆکی شارەوانی پاریس، سەرۆکی حکومەتی خۆجێییە و نوێنەرایەتی کۆماری فەڕەنسا دەکا، خاوەنی پێگەیەکی باڵاییە و زۆر لە سەرۆک وڵاتانی گەورە خۆشحاڵ دەبن ئەو خاتوونە پێشوازیان بکات.
- سەرۆک بارزانی، تەنها بۆ ڕێزگرتن لە ناو و مێژوو و قوربانییانی پێشمەرگە، وەک پێشمەرگەییەک لەوێ بوو، نەک بۆ کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە.
*کۆمۆجیدیا، لێکدراوی کۆمیدیا و تراجیدیاییە.