دواین هەواڵ

لە غەززەوە بۆ دۆحە، چۆن ئیسرائیل نەخشەی ململانێکانی کێشایەوە

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

3 کاتژمێر پێش ئێستا

دەگوترێت ئیسڕائیل  پلە و هەڵەی کرد، ئەمەش بە یەکەم شکستی هەواڵگیری دوای سەرکەوتنەکانی لەدوای حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 دادەنێن، هەرچەندە هێشتا بانگەشەی ئەوە دەکات، کە سەرکردەکانی حەماسی لە ٩ی ئەیلولی ٢٠٢٥، لە دەوحە کردۆتە ئامانج.

گوایە ئەم هەنگاوە کاردانەوەی دیپلۆماسی توندی بەدوای خۆیدا هێناوە، پرسیاری جددی لەبارەی سەروەری و پەرەسەندن و داهاتووی نێوەندگیری لە ململانێی غەززە وروژاندووە. 
ڕەنگە ڕای من لە هەندێک لە شرۆڤەکارانی دیکە جیاواز بێت! و پێم وایە، قوڵکردنەوەی قەیرانەکە تێکدانی هەوڵەکانی ئاشتی ئامانجی هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر قەتەر بوو، چونکە ئاشتی بۆ ئیسڕائیل تەنیا لەم کاتەدا مانای هەیە کە سەرکەوتوو بێت لە سڕینەوەی حەماس و عەرەب لە غەززە و ئەگەر دەرفەتی هەبێت ئەم دەرفەتەیش هەرگیز لەدەست نادات. 

بۆ دوکتورینی ئاسایشی ئیسڕائیل سەختە لەگەڵ ئێران بەڕاستەوخۆیی و لەگەڵ پڕۆکسییەکان لە یەمەن و عێراق و لەهەموویان هەستیارتر لەگەڵ غەزرە لەناوخۆیدا لە نادڵنیایی ستراتیژی ئاسایشدا بژێت. چونکە هێشتا ئیسڕائیل لە جوگرافیا لاوازەکەی کە بە دووژمنی دنیا و قیامەتی دەورە دراوە دڵنیایی ستراتیژی ئاسایشی بەدەست نەهێناوە.حکومەتی قەتەر بە توندی ئیدانەی دەستدرێژییەکەی کرد و بە "هێرشی ترسنۆکانە" ناوی برد، ڕایگەیاند پێشێلکردنی بێباکانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەرییە و هەڕەشەیە بۆ سەر هەوڵەکانی نێوەنگیری ئاشتی. 

کاتێک شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە ڕایگەیاند، هێرشەکە ئومێد بۆ دانوستان یان ئازادکردنی بارمتەکان تێکدەدات. 
کۆدەکە لێرەیە، ئیسڕائیل دەیەوێت دانوستاندن و ئاشتی نەبێتە گرفتی بەردەم ئامانجەکەی، دەیەوێت ئەگەر بە دابڕانێکی دیپلۆماسی کاتیش بێت ئامانجە ستراتیژییەکانی بەدیبێنێت، بۆیەش بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیران بەرگری لە ئۆپەراسیۆنەکە کرد.  ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئەو گەلانەی سەرکردایەتی تیرۆریان لەخۆگرتووە، دەبێ لە نێوان دەرکردنیان یان ڕووبەڕووبوونەوەی دەرئەنجامەکان یەکێک هەڵبژێرن. هەروەها ناتانیاهۆ هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر دەوڵەتان بەرپرسانی حەماس لە خاکەکانیان یان پەناگە ئارامەکان دوور نەخرێنەوە، ئەگەری هەیە هێرشی هاوشێوە ڕووبدات. ئەمەش تورکیایی هێجگار وروژاندووە و دوور نییە لە تەدابیری دیپلۆماسی نهێنیدا بێت لەگەڵ ئەمریکا، تا ناتانیاهۆ تورکیا نەکاتە ئامانج. 

سەرکردەکانی ئیمارات، سعودیە، کوەیت، ئوردن، تورکیا، ئێران و هتد، هێرشەکەیان بە پێشێلکردنی سەروەری و یاسا نێودەوڵەتییەکان ناساند و لەنا ئەوانەی ناوم بردن چوار دەوڵەتیان لەناکۆکیدان لەگەڵ قەتەر، ئیسڕائیلیش باش دەزانێت، کە "ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی" وەک گەورەترین ڕلکخراوی دوای نەتەوەیەکگرتووەکان و "ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو" ٫ "ڕێکخراوی مەغریبی عەرەبی" و تەنانەت "کۆمکاری عەرەبی"یش چەندە  دابەشبوون، بۆیە دەزانێت هەوڵی عەرەب تەنیا بەیانێکی لێ شین دەبێتەوە و هیچی دیکە ڕوونادات. 

دیتمان  قەتەر لوتکەی سەرکردە عەرەبی و ئیسلامییەکانی بانگهێشت کرد بۆ داڕشتنی وەڵامدانەوە بەڵێ تەنیا داڕشتنێک،  لە بەیاننامەکەدا داوای دووبارە پیاچوونەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان لەگەڵ ئیسرائیل کراوە، هەروەها داوای ڕێوشوێنی هاوبەش دەکات، لەکاتێدا لەم دابەشبوونەی ئێستە لە نێویاندا هەیە،ئەم داوایانە هەگیز بەدینایەن.

ئەنتۆنێۆ گۆتیرس و یەکێتی ئەوروپا و دەوڵەتانی، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا و هتد هێرشەکەیان ئیدانە کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە سەروەری قەتەر پێشێل دەکات و سەقامگیری ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە. ئەوە لەکاتێک دا نوقورچەیەکی ستراتیژی ڕووس لەهەمانکاتدا لە ڕۆمانیا ئەوروپییەکانی بردەوە شەرقی یەکێتییەکەیان و سەرنجەکانی لەسەر قەتەر لادا.

خەریکە ئیسڕائیل وەک هێزی خاوەن هەژموونی یەکەم لە ناوچەکە جێگیر دەبێت و ڕۆڵە گەورەکەی دەبێتە واقیع، ئەمەیش لەگەڵ سترتیژیەتی ئەمریکاو ویستی سیستەمی زاڵی خۆرئاوا جووت دێتەوە. لەوانەیە لێکەوتەی نزیک و گەرماوگەرم و مەترسیداری ئەوەبێت کە ئیدی لەشوێنی  دیپلۆماسی سروشتی و ئاسایی چەکی زیرەک و باڵادەستی سەربازی بڕشتی دەبێت.

هەندێک لە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا بە ڕێک و پێکی پێشوەختە ئاگادار نەکراوەتەوە، یان لانیکەم هۆشدارییەکان بەپێی پێویست نەبوون.  بەرپرسانی ئەمەریکا بە ئاشکرا ئیدانەی ئیسرائیل ناکەن، بەڵکو نیگەرانی خۆیان لە سودمەندبوونی ئێران دەردەبڕن. هێرشەکە سنووری کاریگەرییەکانی ئەمریکا لەسەر هاوپەیمانە نزیکەکەی و پرسی دڵنیاکردنەوەی ئەمریکا بۆ قەتەر و کەنداو دەخاتە ژێر پرسیارەوە، هەرچەند پێم وایە لەحاڵەتی هەڕەشەی ئیسڕائیل کەنداوییەکان پتر خۆیان لە ئەمریکا نزیک دەکەنەوە نەک ئێران و ڕوس و چین، چونکە دوکۆرینی ئاسایشی ئیسڕائیل خاتری چایناو ڕوس ناگرێت و ئەمانیش نایانەوێت تێوە بگلین...

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP