دوای ڕووداوەکانی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری خێرای جیۆپۆلیتیکی بەخۆوە بینی، لەم نێوەندەدا چەمکی ڕێڕەوی داوود وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژی سەری هەڵداوە کە ئەگەری هەیە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان هەبێت.
ئەم لێکۆڵینەوەییە تەنها هەڵسەنگاندنی زانستی بێلایەن بۆ ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم کۆریدۆرە دەکات، بەتایبەتی بۆ هەناردەکردنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بۆ دەریای ناوەڕاست، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای ناوچەکە و ڕۆڵی ئەکتەرە سەرەکییەکان وەک تورکیا، عێراق، ئێران، حکومەتی نوێی سووریا و هەرێمی ڕۆژهەڵاتی فورات هەسەدە و هەرێمی کوردستان.
کۆریدۆری داوود پڕۆژەیەکی ستراتیژی دوورمەودای ئیسرائیلییە کە ئامانجی دروستکردنی ڕێڕەوێکی وشکانییە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە بەناو باشووری سووریادا تێپەڕدەبێت و بەرەو ڕووباری فورات لە ڕۆژهەڵاتی سووریا دەڕوات و بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەگاتە ناوچە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان و تەنانەت هەرێمی کوردستان.
ئامانجەکانی ئەم کۆریدۆرە فرەلایەنن،
لە ڕووی ئاسایش و سەربازییەوە قووڵایی ستراتیژی بۆ ئیسرائیل دابین دەکات، ڕێڕەوە وشکانییەکانی ئێران بۆ حیزبوڵا دەپچڕێنێت.
لە ڕووی ئابووری و وزەوە یەکێک لە گرنگترین لایەنەکانی ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە ئەگەری دروستکردنی هێڵێکی نەوت لە هەرێمی کوردستان و کەرکووکەوە بۆ حەیفا لەسەر دەریای ناوەڕاست، ئەمەش ڕێگەی تورکیا لەکار دەخات و هەڕەشە دەریاییەکانی تورکیا بۆ هەناردەی نەوتی کورد لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان ناهێڵێت.
لە ڕووی سیاسییەوە ئەم پڕۆژەیە زۆر بەخراپی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و کورد دەشێوێنێ و سەروەریی سووریا و عێراقیش لاواز دەکات.
ڕێڕەوی داوود بەشێکە لە دیدگای فراوانکردنی کاریگەرییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا لە هەمان کاتدا پێ ئەچێت پێگەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەهێز بکات.
لە ئێستادا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەڕێگەی تورکیا لە ئاداری ٢٠٢٣ەوە وەستاوە ئەمەش دوای بڕیارێکی دادگای نێودەوڵەتیی ناوبژیوانی کە لە بەرژەوەندی بەغدا بوو ئەم وەستانە قەیرانێکی ئابووریی توندی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکردووە بە جۆرێک کە ٢.٨ ملیار دۆلار کورتهێنانی لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤دا هەبووە و زیاتر لە ٥ ملیار دۆلاری داهاتی لەدەستداوە، هەروەها تورکیا بڕیاریداوە گرێبەستە نەوتییەکەی ساڵی ١٩٧٣ لەگەڵ عێراق نوێ نەکاتەوە، کە بڕیارە لە ٢٧ی تەممووزی ٢٠٢٦ کۆتایی بێت، ئەمەش وا دەکات هەرێمی کوردستان پێویستی بە دۆزینەوەی ڕێگای هەناردەکردنی جێگرەوە هەبێت کە کۆریدۆری داوود یەکێکە لە ئەگەرەکان.
ڕووداوەکانی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر جیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو و هانی ئیسرائیلی داوە ستراتیژییەکی نوێ بگرێتەبەر بۆ لاوازکردنی نەیارەکانی و دامەزراندنی نەزمێکی نوێ لە ناوچەکەدا.
لە سووریا کشانەوەی هەژموونی هیلالی شیعە و گۆڕانکاری لە حکومەتدا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ و هاتنەسەرکاری حکومەتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، وەک گەورەترین کاریگەریی ڕووداوەکانی ٧ی تشرینی یەکەم و گورزێکی گەورە لە تەوەرەی بەرگری ئێران دادەنرێت.
ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە بۆشاییەکی سیاسیی دروستکردووە کە ئیسرائیل هەوڵی دەدات سوودی لێ ببینێت.
ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە زۆربەی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریایان گرتووەتە دەست، لەوانەش کێڵگە گەورەکانی وەک ئومەر و کۆنیکۆ، هەسەدە گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی Delta Crescent Energy LLC بۆ مۆدێرنکردنی ئەم کێڵگانە واژۆ کردووە، لەگەڵ هاتنەسەرکاری حکومەتی نوێی سووریا پرسی چارەنووسی کێڵگە نەوتی و گازییەکان و ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و ئەم حکومەتە نوێیە بۆ یەکخستنی دامەزراوەکان، لەوانەش گواستنەوەی سەرچاوەکانی وزە بۆ ژێر ئیدارەی دەوڵەت بووەتە پرسیارێکی سەرەکی.
کۆریدۆری داوود بەناو پارێزگای سوەیدادا تێپەڕدەبێت کە زۆرینەی دانیشتوانی دروزن گرژییەکان لە نێوان دروز و هۆزە بەدەوییەکانی سوننە لەوێ ڕوویانداوە.
ئیسرائیل وەک پشتگیریکارێکی سەرەکی بۆ دروزەکان دەردەکەوێت و نیگەرانیی خۆی لەسەر دۆخیان دەربڕیوە هەندێک گرووپی دروزیش بانگەشەی دەوڵەتێکی فیدراڵی دەکەن لە سووریا.
تورکیا بە توندی دژی پڕۆژەی کۆریدۆری داوود و هەر دابەشبوونێکی سووریایە، ئەمە بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی و هەوڵێک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی دەبینێت، تورکیا هەوڵی داوە هێزەکانی هەسەدە لە ناوچە نەوتدارەکان دووربخاتەوە، بۆیە کۆریدۆری داوود وەک نەخشەڕێگایەکی دوورمەودا تەمەشائەکات بۆ جێگرەوەی بۆریی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە
تورکیا پێی وایە وابەستەیی هەرێم بە تورکیا کەمدەکاتەوە و دەرفەتێکی هەناردەکردنی سەربەخۆ بۆ کورد دەڕەخسێنێت
ئیسرائیل وا خۆی دەرئەخات کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ کورد هەیە و بە هاوپەیمانێکی سروشتییان دەزانێت ، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە و ناجێگیریی دۆخی سووریا، کۆریدۆری داوود وەک دەروازەیەک بۆ هەناردەکردنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە ئایندەیەکی دووردا ئەبینێ.
ئەم ڕێگایە چەند گۆڕانکارییەکی چاوەڕوانکراو لە ناوچەکەدا دروست دەکات، وەک دابینکردنی دەروازەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ هەرێمی کوردستان هەتا سەر دەریای ناوەڕاست بەبێ وابەستەیی بە تورکیا، هەروەها گوشارە جوگرافییەکان لاواز دەکات و هەرێمی کوردستان لە گرتووخانەی جوگرافیایی ناوچەکە ڕزگار دەکات، کاریگەریی تورکیا و ئێران لەسەر ئابوورییەکەی کەمدەکاتەوە
کاریگەری لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە لە سووریاش دەبێت چونکە کۆریدۆرەکە بەناو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەڕوات، کە زۆرترین کێڵگە نەوتییەکانی سووریایان تێدایە، بۆیە دەتوانێت ئەم ناوچانەش بکاتە ئەکتەرێکی کاریگەر و ڕێڕەوێک بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەیان دابین بکات.
کردەیی بوونی کۆریدۆری داوود لە ئێستادا ئاڵۆزە و پەیوەستە بە چەند گۆڕانکارییەکی گەورەی جیۆپۆلیتیکی، کە هەندێکیان هێشتا لە قۆناغی گریمانەییدان، لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و هاتنەسەرکاری حکومەتی نوێی سووریا لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ دۆخەکە گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە، ئەمە لە لایەکەوە ڕێگرییەکی گەورەی لە بەردەم کۆریدۆرەکەدا نەهێشتووە، بەڵام لە لایەکی ترەوە پرسیاری نوێی دروست کردووە دەربارەی پەیوەندییەکانی حکومەتی نوێی سووریا لەگەڵ هەسەدە، ئیسرائیل و گرووپە هەرێمییەکانی تر، هەر ڕێڕەوێک بەناو خاکی سووریادا بڕوات پێویستی بە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی قووڵ لەگەڵ حکومەتی نوێ سوریا هەیە، کە ئەمە هێشتا نادیارە.
دژایەتی تورکیا و ئێران بەرامبەر ئەم پڕۆژەیە بەردەوام دەبێت، ئەم دوو وڵاتە دژی هەر پڕۆژەیەک دەبن کە کاریگەریی کورد بەهێز بکات یان ڕێڕەوی هەناردەکردنی نەوت بگوازێتەوە، تورکیا ئەمە بە هەڕەشەی جدی بۆ سەر ئاسایشی خۆی دەزانێت و ئێران دژایەتی هەر پڕۆژەیەک دەکات کە هیلالی شیعە و کاریگەرییەکانی لە ناوچەکەدا لاواز بکات.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداش هێشتا یەکلا نەبووەتەوە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی نەوت مەرجێکی سەرەکییە بۆ هەر پڕۆژەیەکی هەناردەکردن، هەرچەندە ڕێڕەوی داوود دەتوانێت وابەستەیی بە بەغدا کەم بکاتەوە، بەڵام هەرێم هێشتا پێویستی بە ڕێککەوتنێکی ناوخۆیی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی وزە، دروستکردنی ژێرخانی پێویستیش کە بریتییە لە هێڵێکی نەوتی نوێ لە ناوچەیەکی ناجێگیردا پێویستی بە سەرمایەگوزارییەکی .
زۆر و زەمینەیەکی ئارام هەیە بۆ جێبەجێکردن
دەرەنجام
بۆ هەرێمی کوردستان ئەکرێت کۆریدۆری داوود وەک دیدگایەکی
ستراتیژی لێی بڕوانیت بۆ ڕزگارکردنی هەرێم لە قەفەسی جوگرافی و دابینکردنی ڕێڕەوێکی سەربەخۆ بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە، بەتایبەتی لە دۆخێکدا کە هەناردەکردن نەوتی هەرێم بۆ تورکیا وەستاوە و گرێبەستە کۆنەکەش نوێ ناکرێتەوە،
بۆ ئیسرائیلیش ئەم کۆریدۆرە وەک پڕۆژەیەکی تەوراتی و مێژوویی تەماشا ئەکرێت، بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی خۆی و لاوازکردنی دژبەرەکانی و
فراوانکردنی کاریگەرییەکانی،
لە داهاتوویەکی نزیکدا دروستکردنی کۆریدۆری داوود وەک ڕێڕەوێکی گەورەی هەناردەکردنی نەوت هێشتا وەک پڕۆژەیەکی کردەیی ئاڵۆز و قورسە،
وەک ئامانجێکی ستراتیژیی درێژخایەنیش بۆ هەرێمی کوردستان، پەیوەستە بە هاوسەنگی هێزەکان و بەرقەرار بوونی ئارامییەکی سیاسیی دريژخایەن لە ناوچەکە،
وەهەروەها چارەسەرکردنی پرسی سووریا و ڕێککەوتنێکی ناوخۆیی لەسەر کۆنترۆڵی سەرچاوە سروشتییەکان، بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەش پێکەوە کارێکی قورسە، بۆیە کۆریدۆری داوود هێشتا زیاتر لە خەونێکی ستراتیژیی ئەچێت وەک لە واقیعێکی نزیک.