دواین هەواڵ

خوێندنەوەیك بۆ سیاسەتی نوێی ترامپ لە بواری بازرگانی نێودەوڵەتیدا

‌كاوە محمود

پێش 4 هەفتە

بەشی دووەم/

بنەمای سەرەكی سیاسەتی نوێی ترامپ لە بواری بازرگانی نێودەوڵەتی ‌و گۆڕانكارییەكانی سیاسەتی ئابووری گشتیدا، پشت بە چەمكی "پارێزەری" دەبەستێت، وەك ڕاوەستان‌ و ڕاگیرییەك لە ئاراستەی بەخوڕی بەردەوامبوونی جیهانگیری، ئەمەش بەمەبەستی ئەنجامدانی باكێجێكە، كە كۆمەڵێك بابەت لەخۆدەگرێت گوایە دەبێتە هۆی هاندان‌ و بووژاندنەوەی كەرتی پیشەسازی لە ئەمەریكا ‌و بەدەمهاتنەوەی پێداویستییەكانی كەرتی پیشەسازی ‌و بواری كشتوكاڵی، كە وەبەرهێنانی ئەو بوارانە زۆربەیان دانیشتووی ئەو ویلایەتانەن دەنگیان بە ترامپ‌ و كۆمارییەكان داوە. شایانی باسە بەشێكی ئەو دەنگدەرانە لە كاتی ململانێ ‌و شەڕی زیادكردنی گومرگ لە ساڵانی پێشتر، 70% هەناردەیان لە بەرهەمی سۆیا بۆ چین كەمیكردەوە.

بەشێكی دیكەی ئامانجەكان لەو سیاسەتە بریتین لە زیادكردنی نرخی كاڵای هاوردە ‌و نزمكردنەوەیەكی ڕێژەیی نرخی دۆلار‌ و زیادكردنی داهاتی گومرگ، كە لەژێر كۆنتڕۆڵ‌ و ئیدارەكردنی خودی ترامپ دەبێت گوایە ترامپ بۆ زیانكەوتووەكان لە قۆناغی گواستنەوە لە جێبەجێكردنی ئەم سیاسەتە نوێیەی بەكاریدەهێنێت ‌و لە ماوەی ڕاگوزاریشدا پرۆژە پیشەسازییەكان، كە پێشتر لە ئاكامی جیهانگیری ‌و هەرزانی هێزی كار لە دەرەوی ئەمەریكا وەبەرهێنانیان كردووە بەهۆی زیادكردنی گومرگ لەسەر كاڵای هاوردە بۆ ئەمەریكا، ناچاردەبن بۆ ئەمەریكا بگەڕێنەوە.

هەنگاوی دیكەی ئەم سیاسەتە، كەمكردنەوەی خەرجی گشتییە لە بواری بیمەی تەندروستی كە گەیشتۆتە 800 ملیار دۆلار لە كاتێكدا 71 ملیۆن هاووڵاتی ئەمەریكی سوود لەو بیمەیە وەردەگرن.
بەم جۆرە ستراتیجی سیاسەتی ئابووری نوێی ئەمەریكا جۆرێكە لە دیواردروستكردن لەدەوری ئابووری ئەمەریكا بەو نیازەی هەژموونی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ڕێگای گۆڕانكاری لە ڕۆڵی ئابووری لە سیاسەتدا لە هێزێكی نەرم ‌و سۆفتەوە بۆ هێزێكی توند ‌و گرژ، كە بێگومان ئاكامەكەی بەشێوەیەكی كردەیی بۆتە هۆی بەرپاكردنی شەڕی بازرگانی.

وردەكارییەكانی شەڕی بازرگانی لەو هەڵبەز ‌و دابەزەدا دەردەكەوێت، كە ترامپ لە بواری نرخی گومرگ پەیڕەوی دەكات. دوای بڕیاردانی ڕێژەی 10% بۆ زیادكردنی گومرگ لەسەر كاڵای هاوردە لە زۆربەی وڵاتان ‌و زیادكردنی ئەو ڕێژەیە لەسەر چین كە سەرەتا گەیشتە 54%، ترامپ هەنگاوەكانی خۆی بۆ سەرجەم وڵاتان جگە لە چین بۆ ماوەی 90 ڕۆژ ڕاگرت. لە بەرامبەر ئەمەشدا چین گومرگی لەسەر كاڵای هاوردەی لە ئەمەریكاوە زیادكرد تا ڕێژەی 34%. لە شەڕی زیادكردنی هەردوو لادا، گومرگ لەسەر كاڵای چینی گەیشتە 145%‌و كومرگ لەسەر كاڵای ئەمەریكا گەیشتە 125%.

حكومەتی چین لە ڕاگەیاندنی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە سەرجەم هەنگاوەكان لە سیاسەتی نوێی ئەمەریكا ئاماژەی بەوە كرد، كە ڕەوشی بازرگانی ‌و ئابووری پەیوەندی بە یاسا ئابوورییەكانەوە هەیە‌ و كورتهێنان لە ئەمەریكا پەیوەندی بە سیاسەتی چینەوە نییە، بەڵكو ڕەنگدانەوە ئەنجامێكی حەتمی گرفتە بنیاتگەرییەكانی ئابووری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە، كە لە ساڵانی ڕابووردووش چەندین جار شەڕی بازرگانی ‌و زیادكردنی گومرگی كردووە، بەڵام سیاسەتمەدارانی ئەمەریكا ئەو پرسیارە لە خۆیان ناكەن، ئاكامی ئەو شەڕە كە پێشتر كردوویانە چی بووە؟ ئایا كورتهێنان زیادیكردووە یان كەمبۆتەوە ‌و ئایا توانای ئەمەریكا لە پێشبڕكێی بواری پیشەسازی بەرزبۆتەوە یا دابەزیوە ؟ ئایا هەڵئاوسان چارەسەركرا یان بەرزتربۆتەوە؟

هەڵبەتە هەروەك ڕاگەیاندنەكەی حكومەتی چین دەڵێت ئەو هەنگاوە نوێیانە باری گوزەران‌ و ژیانی خەڵك لە ئەمەریكا دژوارتر دەكات ‌و ئاسۆیەكی كراوە بۆ پیشەسازی ئەمەریكا دابینناكات ‌و ئەو هەنگاوانە زیانگەیاندنە بە ئابووری چین ‌و حكومەتی چین ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەیە ‌و بە سیاسەتی فشار ‌و هەڕەشە قایل نابێت.

دوور لە تێڕوانینی فەرمی حكومەتی چین سەبارەت بە هەنگاوەكانی ترامپ‌ و سیاسەتی بازرگانی نوێی ئەمەریكا، ئەگەر بەوردی پێناسە ‌و هەڵسەنگاندنی هۆكاری ڕاستەقینەی ئەم سیاسەتە نوێیەی ئەمەریكا بكەین، ئەوا ناكرێ لە دەرەوەی قەیرانی سەرمایەداری‌ و پەنابردنەبەر شەڕی بازرگانی بۆ چارەسەركردنی تەماشابكرێت‌ و ئەمەش دابڕاونییە لەو گۆڕانكارییانەی لەسەرجەم جیهان ڕوودەدات‌ و هەنگاوەكان بەرەو گۆڕانكاری تەرازووی هێز و هاوسەنگی نوێ ‌و فرەجەمسەری لە سیاسەتی نێودەوڵەتی دەڕوات.

گومان لەوەدا نییە لە هەر شەڕێكدا زیان بە سەرجەم لایەنەكان دەكەوێت، بەتایبەتی وڵاتە هەژار ‌و تازەپێگەیشتووەكان، كە بەداخەوە هەندێ لە ئابووریناسانی ئەو وڵاتانە پێیانوایە ئەگەر كۆمپانیاكانی پیشەسازی لە چین بە هۆی زیادبوونی كومرگ بكشێنەوە، ئەوا ڕوو لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات دەكەن، بێ ئەوەی ڕچاوی نەبوونی زەمینەی لەباری وەبەرهێنان لەو وڵاتانەدا بكەن، بەڵام هەڵەی كوشندەتر كە بانگەشكەرانی ئەم سیاسەتە دەیكەن، ئەو هەڵە زەقەیە، كە گوایە بەم شەڕە ئابوورییە قەیرانی كورتهێنان ‌و قەرز لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، كە لە ناوەڕۆكدا قەیرانی سەرمایەداری دارایی ‌و نیولیبرالیزمە، چارەسەر دەبێت.

داڕێژەرانی ئەم سیاسەتە كاردانەوەكانی چینیان بەباشی دراسەت نەكردووە. بۆ نموونە هەر دوای ئەم هەنگاوانەی ئەمەریكا نزیكبوونەوەیەك نێوان چین ‌و یەكێتی ئەوروپا هەیە كە بەنیازن لە تەمووزی ئایندە كۆبوونەوەی باڵا ببەستن، جگە لە سەردانی سەرۆكی چین بۆ ڤێتنام ‌و كەمبۆدیا ‌و مالیزیا كە بەم سیاسەتەی ئەمەریكا زیانلێكەوتوون.

لە هەمان كاتدا چین كۆمەڵێك توانای جۆراوجۆی لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم سیاسەتە هەیە، لەوانە كەمكردنەوەی بەهای دراوی چین واتە یوان، كە ئەم هەنگاوە بەئاسانی بەنكی ناوەندی چین دەتوانێ ئەنجامیبدات وەك هەنگاوێك بۆ قەرەبووكردنەوەی زیادبوونی گومرگ ‌و بەم جۆرە نرخی هەناردەكانی چین دادەبەزێت ‌و كومرگیش لەسەری كەمتر دەبێت ‌و لە بازاڕدا ئاڵوگۆڕی پێدەكرێت.
یەكێك لە چەكە گرنگەكان، چین دەتوانێ بەكاربهێنێت بابەتی سەنەدەكانی گەنجینەی ئەمەریكایە، كە بریتییە لە قەرزی ئەمەریكا‌ و شێوازێكە لە چارەسەركردنی كورتهێنان لە بودجە بەكارهاتووە‌ و بەشێكی زۆری ئەو سەنەدانە كە بەهاكەی دەگاتە 29 ترلیۆن دولار حكومەتەكان ‌و بانك ‌و كۆمپانیاكان دەیكڕن ‌و چین زۆری لەو سەنەدانە كڕیوە‌ و توانای هەیە بەشێوەیەكی بەرفراوان ئەو سەنەدانە بفرۆشێت، كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی بەهاكەی لەگەڵ هەر زیادبوونێك لە فرۆشتنیدا.

یەكێك لەو چەكانەی چین بەكاریدەهێنێت، بەكارهێنانی یەدەگی زێڕە كە چین ساڵ بەساڵ یەدەگەكەی زیاددەكات، بۆ نموونە لە ساڵی 2021 یەدەگی چین 1948 تەن زێر بوو، لە ساڵی 2024 گەیشتۆتە 2268 تەن زێر، كە ئەمەش شوێنگرەوەی دۆلارە لە بواری توانستی ئابووریدا كە نرخەكەی لەم ساڵدا 5% دابەزیوە.

لە هەمان كاتدا چین خاوەنی چەكی بوونی كانزا دەگمەنەكانە، كە 70% ئەو كانزایانەی لە پیشەسازی گرنگ ‌و تایبەتدا بەكاردێت، لە چینە.

ئەگەر بەكۆكراوەیی ئاماژە بۆ ئاكامی ئەو سیاسەتە نوێیە بكەین، دەرئەنجامی سەرەكیمان لەم خاڵانەدایە:

ـ ئەم سیاسەتە هەوڵێكی سەرنەكەوتووە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سەرمایەداری هاوچەرخ.

ـ خەمۆكی یان كەسادی ئابووری سەرمایەداری لە ناوەندی سەرمایەداری (ئەمەریكا)دا بەردەوام دەبێت ‌و كارتێكردنی لەسەر بەردەوامبوونی قەیرانی سەرجەم وڵاتانی سەرمایەدارییە.

ـ لە ئاكامی ئەم سیاسەتەدا، كورتهێنان ‌و قەرز‌ و هەڵئاوسانی ئابووری چارەسەرناكرێت.

ـ قورسایی ‌و لێكەوتەی نەرێنی‌ و فشاری ئابووری ‌و قەیرانی وڵاتە تازەپێكەیشتووەكان زیاتر دەبێت.

ـ ئەم سیاسەتە نوێیەی ئەمەریكا لە زیادكردنی گومرك فراوانترە‌ و پەیوەندی بە سیستمی دراو و سیاسەتی نێودەوڵەتی ‌و ڕەوشی جیوسیاسی جیهانەوە هەیە، كە لە لێواری داڕماندایە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP