دواین هەواڵ

جیهان لە سەردەمێكی نوێی گەڵاڵەنەبوو!

‌كاوە محمود

26/03/2025

بەشی دووەم‌و كۆتایی/ پێداچوونەوە بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەكان

هەرچۆن باس لەوە دەكرێت، كە مێژووی دەستپێكی سەدەی بیستەم لە شۆڕشی ئۆكتۆبەری ڕووسیا ساڵی 1917وە، وەك سەرەتایەكی گۆڕانكاری چلۆنایەتی جیهانی، دەستیپێكردوە‌و، بە هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەتیش لە 1991، كە ئەویش گۆڕانكاری چلۆنایەتی بوو، سەدەی بیستویەكەم دەستیپێكرد. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا تا كۆتایهاتنی چارەكی یەكەمی ئەم سەدەیە‌و، بە مەبەستی پاراستنی هەژموونی نێودەوڵەتی خۆی سیاسەتەكانی لە بازنەی بەكارهێنانی هێزی سەربازی، یان هەڕەشەكردن بە بەكارهێنانی تەنانەت دوور لە ڕەچاوكردنی ئەوەی پێی دەڵێن شەرعیەتی نێودەوڵەتی لە بازنەی تاكە جەمسەریدا پەیڕەوكردووە.

سەرەتای گۆڕانكاری لەم سیاسەتە لە دووەمین خولی سەرۆكایەتی ترامپ پەیتا پەیتا وەك پرۆسەیەكی سیاسی نوێ، كە پشت بە هەڵسەنگاندنی سیاسەتی ئەمەریكا لە 35 ساڵی ڕابووردوو دەبەستێت، دەردەكەوێت.

ئەمەریكا لە شەڕی عێڕاق زیاتر لە چوار هەزار كوژرا‌و، 20 ملیار دولار زیانی پێگەیشتووە، بەڵام لە كۆتاییدا نە عێڕاق سەقامگیر بووە‌و، نە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پارێزرا‌و، نە ئاسایش لە جیهاندا بە دیدی ئەمەریكا سەقامگیر بوو، تەنانەت بە پێچەوانەوە عێڕاق بوو بە گۆڕەپانێكی دیكە ناكۆكی ‌و ململانێ لەگەڵ ئێراندا‌و، ئەم بابەتەش دوای شەڕی غەزە بە تەواوی دەركەوت. ئەم ڕەوشە هاوكاتە لەگەڵ ماوەنەدان بە وەبەرهێنانی كۆمپانیا ئەمەریكایەكان لە عێڕاقدا.

جگە لە بابەتی شەڕی ئەفغانستان‌و قایلبوونی ئەمەریكا بە كشانەوە لەو وڵاتە و جێهێشتنی بۆ تاڵەبان، كە لە لیستی تیرۆری نێودەڵەتیدا بوو، شەڕی ئۆكرانیا نموونەیەكی دیكەی تیوەگلانی ئەمەریكا بوو لەو ئاراستە سیاسیەی كە لە ماوەی ئەم 35 ساڵەدا پەیڕەوی دەكرد.

ئاستەنگەكان لە سیاسەتی نێودەوڵەتی‌و قوڵبوونەوەی قەیرانی سەرمایەداری هاوچەرخ‌و كارتێكردنی نەرێنی لەسەر ڕەوشی ناوخۆیی ئەمەریكا‌و دەوڵەتانی ناوەندی سەرمایەداری، گرفت‌و ناكۆكی سەبارەت بە ئاراستەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمەڵێك بابەتی چارەنووساز لە بازنەی بژاردەی خودی سەرمایەداری هاوچەرخی هێناوەتەكایەوە. ناكۆكییەك تەنیا پەیوەندی بە شەڕی ئۆكرانیاوە نییە، كە یەكێتی ئەوروپا كار بۆ بەردەوامبوونی دەكات‌و لە ماوەی چەند مانگی ڕابووردوودا پروپاگندەكانی ناوەندی دەسەڵات لە یەكێتی ئەوروپا ئاراستەی ئامادەكردنی ڕەوشێك بوو، كە لە خەڵكی تێدەگەیاند لەوانەیە دووچاری هێرشی ڕووسا ببنەوە‌و، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین ڕێنمایی خۆپارێزی‌و ئامادەبوون بۆ مامەڵەكردن لە كاتی چەنگدا لە سوئید‌و هۆڵەند‌و ئەڵمانیا بە هاووڵاتیان درا‌و، بانگەشەی ماكرۆن‌و ڕاوێژكاری ئەڵمانیا كە سەرۆكی سۆشیال دیموكراتە، بۆ بژاردەی بەردەوامبوونی شەڕی ئۆكرانیا‌و پشتگیری زیلینسكی بوو.

بە پێچەوانەی ئەم بژاردەیەوە باس لە ئاراستەی ترامپ دەكرێت كە كۆتایهاتنە بە شەڕی ئۆكرانیا وەك ڕێگایەك بۆ پاراستنی تاكە هەژموونی ولایەتە یەكگرتووەكان ئەمەریكا لە چوارچێوەی چەمكی " ئاشتی لە ڕێگای هێزەوە"، بەڵام چ جۆرە هێزێك؟!

ئەو هێزەی كە ترامپ باسی دەكات لە چوارچێوەی ئابووری بازاڕی سەرمایەداری‌و بەپلەی یەكەم گرتنبەری بژاردەی شەڕی بازرگانیە، كە وابەستە بە هەنگاونان بۆ سیاسەتی خۆپارێزی‌و ڕاگرتنی بەشداری دارایی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان‌و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان‌و كشانەوە لە هەندێكیان‌و، ڕاگرتنی كۆمەكی نێودەوڵەتی لە هەندێ لە دۆستانی‌و، جەختكردن لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە نزیك‌و زیندووكانی ئەمەریكا، كە ترامپ وەك بازرگانێك ئەمە لە زیادكردنی باج لەسەر كاڵای هاوردە لە كەندا‌و مەكسیك‌و چین‌و كۆڵۆمبیا دەبینێتەوە‌و، لە چوارچێوەی پاراستنی ئەم بەرژەوەندییانە باس لە داگیركردنی گرینلاند‌و كەنداوی بەنەما‌و ڕاگرتنی شەڕ لە ئۆكرانیا‌و غەزە دەكات.

بیرۆكەی ترامپ بۆ شەڕ لە ئۆكرانیا لەوەدایە، هەر لەسەرەتاوە ئەو شەڕە نەدەبوا هەڵبگیرسایە‌و نەدەبوو زیلینسكی خۆی دووچاری شەڕ بكات، چونكە ڕوسیا تانك‌و زریپۆشی زیاتری هەیە‌و، هەر لەم ڕوانگەیەوە بەشێك لە سیاسەتمەدارانی نزیك ترامپ ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە داگیركردنی دونباس‌و نیمچەدورگەی قرم مەترسی بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا نییە.

ئەم جۆرە بیركردنەوەیە لە سیاسەتی دەرەكی ئەمەریكا ئاماژەیە بە دانپێنانی ئەمەریكا كە بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانی تایبەت بە خۆی و بواری هەژموونی تایبەت بەخۆی هەیە، كە بە شێوازی پێشوتر لە سەردەمی حوكمی كۆماری و دیموكراتەكان لە ساڵانی پێشتر نەدەپارێزرا‌و، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە كە پرسیاری هاوكاری سەربازی ئەمەریكا بۆ تایوان لە ترامپ كرا، وتی: تایوان 9500 میل لە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دوورە‌و، تایوان تەنیا 68 میل لە چینەوە دوورە، بۆیە پشتگیریكردنی تایوان‌و كۆمەككردنی زۆر لەسەر ئەمەریكا دەكەوەێ‌و پارە‌و خەرجی زۆری تێئەچێت‌و، بەرامبەر ئەمەش هیچمان دەسناكەوێت.

سەرەڕای ئەم بۆچوونەی ترامپ بەشێك لە كاربەدەستانی ئیدارەی ترامپ چین بە ڕكابەری ئابووری‌و بەشێكی دیكە بە ڕكابەری سەربازی دەزانن.

ناوەندە سەرمایەدارییە دەسەڵاتدارەكان بەردەوام كار بۆ ئەوە دەكەن، ڕای گشتی جیهان وا حاڵیكەن، كە وێنەی سیاسەتەكانی ترامپ بریتین لە شوناس‌و سروشتی سیاسەتی تاكەكەسی‌و عەقلیەتی بازرگانێك كە سیاسەت دەكات‌و، ئەمەش بیانوویەكە بۆ پەیڕەوكردن‌و ئەنجامدانی شەڕی بازرگانی، كە گوایە شەڕی ترامپە، بەڵام لە واقیعدا شەڕی سەرمایەداری ئۆلیگارشی دەسەڵاتداری فیعلی ناوەندە سەرمایەدارەكانە، كە هاوكات لەگەڵ شەڕی سەربازیدا بە پێی پێویستی پاراستنی بەرژەوەندییەكان شەڕی ئابووری دەكەن.

نەخشەی نوێی شەڕی ئابووری كە بەناوی ترامپەوە ئەنجام دەدرێت بریتییە لە دانانی گومرگ بەڕێژەی 25% لەسەر سەرجەم كاڵای هاوردە لە كەندا‌و مەكسیك‌و زیادكردنی 10% لەسەر كاڵای هاوردە لە چینەوە‌و، ئەم كاڵایانە بواری پیشەسازی ئەلیكرتۆنی‌و ئامێری زیرەكی دەستكرد‌و ئۆتۆمۆبیل‌و نەوت‌و پلاستیك دەگرێتەوە.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە قورسایی ئەم زیادەیە دەكەوێتە سەر شانی كێ؟

بە پێی هەندێ توێژینەوە ساڵانە هەر خێزانێكی ئەمەریكا بە هۆی زیادبوونی باجی گومرگەوە 2600 دولار دەكەوێتە ئەستۆییەوە‌و، هاوكات نرخی دولار لە كەمبووندایە.

لە لایەكی دیكەوە ڕاپۆرتی سەندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بە هۆی زیادكردنی گومرگەوە بەهای كەرەستەی خاو 12% زیادی كردووە‌و بەم جۆرە تێچووی بەرهەمهێنان لە هەندێ دەوڵەتی خاوەن داهاتی كەم، زیادیكردووە.

ڕاپۆرتی بانكی نێودەوڵەتی ئاماژە بۆ كەمبوونی هەناردەی ئەو دەوڵەتانە بە ڕێژەی 8% دەكات.

سیاسەتەكانی ئیمپریالزمی جیهانی سەرەڕای ململانێی نێوخودی ناوندە سەرمایەدارەكان ئەمڕٍۆ ترامپ نوێنەرایەتی دەكات‌و لە ڕەوشێكی جیهانیە، كە سەرەتاكانی وەدەركەوتووە، بەڵام جارێ دەڵەمەیە‌و بەتەواوی گەڵاڵە‌و پەیت نەبووە.

سەرەتای پێشهاتەكان بریتین لە نینۆككردنی هەردوو جەمسەری ئێران‌و توركیا‌و وەكیلەكانیان بە شێوازی جۆراجۆر‌و، لەمەشدا پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل پێوەری ئەم هەنگاوانەیە.

هاوكات هەنگاوەكان بەرەوە كۆتایهاتنی شەڕ لە ئۆكرانیا بە بەرژەوەندی رووسیا دەچێت، بێ ئەوەی ئەم بابەتە بە هیچ شێوەیك مانای ڕەوابوون بەم شەڕە بدات، كە لە ناوەڕۆكدا شەڕی جینی كرێكارو مرۆڤایەتی پیَِشكەوتنخواز نییە.

كۆتایهاتنی شەڕ بە بەرژەوەندی ڕوسیا مانای پاشەكشەكردنی یەكێتی ئەوروپا‌و زیادبوونی ڕەوتی ڕاستەڕەوە لەو وڵاتانەدا‌و، لە كۆتایشدا ناچارن بە فشارەكانی ئەمەریكا قایلبن.

ناكۆكی‌و ململانییە نوێكان ژانی لەدایكبوونی ڕەوشێكی نوێیە كە سیمای فرەجەمسەری پێوەدیارە، بەڵام تا ئێستا ئەم ئاراستەیە تەمومژاویەو لێڵە‌و گۆڕانكارییەكانیش هاوسەنگی ماتماتیكی نییە، بەڵكو لە ئاكامی یاساكانی ململانێ گۆڕانكارییەكان بە ئەرێنی یان نەرێنی لە دایك دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP