لە ڕۆژانی ڕابوردودا چەند ڕوداوێک ڕویاندا کە چەندین مانا و کاریگەری جیاوازی هەیە. هاتنەوەی ترەمپ و ساردی و هەتا هەڕەشەش لە عێراق. سەردانی سودانی بۆ لەندەن، واژۆی گرێبەستی کۆمپانیای نەوتی بی پی بۆ نەوتی کەرکوک، لە گەڵ هاتنەوەی کازمی بۆ عێراق؟
لە ئەنجامی هاتنەوەی ترەمپ و هەڵاتنی ئەسەد و توڕەیی ئیسرائیل و دۆخی ئێران، نوخبەی سیاسی شیعەی عێراقی لە ژێر فشاردان. بۆیە هەوڵدەدەن کە مامەڵە لە گەڵ ئەم فشارەدا بکەن بە شێوازی جیاواز.
یەکەم هەنگاو هەوڵدانی نوخبەی عێراقییە بۆ گەیشتن بە ئیدارەی نوێ، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. کاتێک وڵاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکەوتوو نابێت لە گەیشتن لە بە کۆشکی سپی، ئەوا هەوڵدەدەن لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە بیکەن، بەڵام عێراق ناتوانێت ئەمە بکات.
کاتێک عێراق ئەم بژاردەیەی نیە، هەوڵدەدات لە ڕێگای بەریتانیاوە ئەم کارە بکات، چونکە نوخبەی سیاسی عێراقی هێشتا تەقلیدییانە بیردەکەنەوە کە گوایە پەیوەندییەکی سپێشاڵ یان تەیبەت هەیە لە نێوان بەریتانیا و ئەمریکادا. ناونانی ئەم پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ چرچڵ، بەڵام بەریتانیا وەک جاران نیە. بایدن پەیوەندییەکەی ساردبوو، بەڵام ئیدارەی ترەمپ دژە. کییەر ستامەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، پیتەر ماندڵسنی دەستنیشانکردوە بۆ باڵوێزی بەریتانیا لە واشنتۆن. بەڵام یەکەم وەڵالم لە واشنتۆنەوە ئەوەبوو کە با ماندڵسن لە ماڵەوە بمێنێتەوە. دیارە ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئەو قسەیەی زۆر بە بازاڕیی کردوە.
بەریتانییەکان بە سودانییان نەگوت کە ناتوانین هیچ بکەین، بەڵکو هەوڵیاندا کە زۆرترین سود لەم لاوازییەی عێراق ببینن. بە تایبەتی کە ئابوری بەریتانیا خراپە و بەرەو لاوازی دەڕوات. نوخبەی عێراقی وەک بیرکردنەوەی تەقلیدی پەنایان بۆ نەوت برد وەک ئامرازی دیپلۆماسی. گرێبەستی کەرکوک بی پی لەم چوارچێوەدایە.
بەریتانییەکان دەرزییان بۆ عێراقییەکانیان کردوە، وەک لە بازاڕی سلێمانی دەڵێن. مەبەست ئەوەیە ئەوەی داوایان کردوە بۆیان کراوە، چونکە ئامانجی عێراق سیاسی و دیپلۆماسیە نەک ئابوری. بۆ نمونە گرێبەستەکە بۆ ماوەی پەنجا ساڵە، بەرمیلی بە ١٧ دۆلار. ئەمە لە کاتێکدا کە نەوتی کەرکوک هیچ ڕسکێکی تیادا نیە، چونکە دڵنیای کە نەوت هەیە، هەروەها تێچونی دەرهێنانی زۆر کەمە.
بەڵام بەریتانیا ناتوانێت هیچ بکات بۆ عێراق چونکە کێشەی هەرە گەورەی بەریتانیا، هەمان کێشەی ئەوروپایە کە ئەمریکا دەستبەرداریان دەبێت. وەک دەڵێن بەریتانیا ناتوانێ کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات، لێگەڕێ کێشەی عێراق.
تیمی کازمی وەک کەسێک ڕۆژانی ڕابوردوو لە خانەیەکی بیری بەریتانی پێی گوتم، زۆر شپرزە و فرە ئەجیندایە. ئامانجی سەرەکییان نمایشی میدیاییە نەک دەستکەوتی ڕاستەقینە.
هاتنەوەی کازمی بە هەمانشێوە دەچێت خانەی ئەو هەوڵانەی نوخبەی عێراقی بۆ کردنەوەی کەناڵێک.