خیانەت بریتییە لەوەی، کە دوو کەس یان دوو لایەن، هاوڕێ و هاوپەیمان بن و بە متمانەیەکی قووڵەوە پێکەوە گرێدراوبن. لە دۆخێکی وادا، هەر لایەنێک، چ بە ئاشکرا و چ بە نهێنی لەگەڵ دوژمنێکی هاوبەشیان بەبێ ئەوی تر رێککەوتن ئەنجامبدات، ئەمە دەبێتە خیانەت. بابێین پێناسەی خیانەت لە سەر هەردوو دۆخی 31ی ئاب و 16ی ئۆکتۆبەر جێبەجێ بکەین، ئەوجا دەردەکەوێت کامیان خیانەتە!.
لە دۆخی یەکەم، ئێمە و ئەوان، نەک هەر دۆست و هاوپەیمان نەبووین، بەڵکو شەڕێکی گەورەی خوێناویشمان لە نێوان دابوو، بەسەتان کەس لەنێوان هەردوولاماندا تیاچوون، هەر لایەنێک دەیویست خۆی لەشەڕەکە سەرکەوێت و لایەنی بەرامبەر بسڕێتەوە، نەک هەر بەهێز و توانای خۆی، بەڵکو بەهەر هێزێک بۆی رەخسابێت، سەرەتاش یەکێتی هەڵگیرسێنەری شەڕ بووە، دواتریش بە هێزی ئێران پاڵپشتی کراوە و تەنانەت هێزەکانی ئێران هاتن بۆ کۆیە و خەلیفان و سپیلک. ویستییان لە رێگای حاجی ئۆمەرانەوە بگەڕێنەوە، بەڵام پارتی ڕێگای پێنەدان و لە سپیلک، هەر لەوێ فەرماندەکەیان هەڕەشەی کرد و گوتی: ئەمەتان بەسەردا ناچێت. ئیدی لە دوای ئەو رۆژەوە، رووداوەکان گۆڕانێکی دراماتیکییان بەسەرداهات و یەکێتی نەک هەر شەڕی نەوەستاند و دۆخی هەولێری ئاسایی نەکردەوە، بەڵکو هەوڵی لەناوبردنی تەواوی پارتی داو بە پاڵپشتی ئێران، نەخشەی هێرشێکی بەربڵاو و فراوانی کێشا. سەرەتا لە قەسرێ دەستی پێکرد، لەو شەوەی پارتی ئاهەنگی بەبۆنەی پەنجا ساڵەی لە دایکبوونی خۆیەوە دەگێڕا.
باشە لە دۆخێکی وادا پارتی دەبێت چ بکات؟، ئایا دەستەوەستان بووەستێ تا لەناوی ببەن و بەدیار مەرگیەوە بووەستێ؟، یان دەبێت کارێک بکات خۆی رزگار بکات؟. بەدڵنیاییەوە پێویستە خۆی رزگار بکات، جا بەهەر نرخێک بێت.
بۆیە پێموایە لەو کاتەدا پارتی بڕیارێکی باش و دروستی دا و هەولێری بە هاوکاری هێزەکانی عیراق وەرگرتەوە و چارەنووسی خۆیشی لە دۆخێکی وا ترسناک رزگار کرد.
با بێینە سەر دۆخی 16ی ئۆکتۆبەر، لەو بەروارە پارتی و یەکێتی نەک هەر لەشەڕدا نەبوون، بگرە دوو دۆست و دوو هاوپەیمانی زۆر نزیکی یەکتری بوون. ساڵانێک ئاشتی و رێککەوتنیان لەنێواندا بوو، لە حکومەتی هەرێم و بەغدا پێکەوەبوون و هەردوو سەرۆک، مەسعود بارزانی و مامجەلال تاڵەبانی، لە هاوپەیمانییەتێکی قووڵ دابوون، مامجەلال کۆڵان بەکۆڵان و شاربەشار بۆ هەڵبژاردنەوەی سەرۆک بارزانی دەگەڕاو ئاخاوتنە بەناوبانگەکەی هێشتا ماوە، کە دەڵێت: بەکوێرایی چاوی دوژمنان، ئەو خولەو خولی داهاتووش، بارزانی هەر سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بەهەمان شێوەش، سەرۆک بارزانی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی مامجەلال بەسەرۆک کۆماری عیراق، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ناچارکرد، رازی ببن بەهەڵبژاردنەوەی مامجەلال وەک سەرۆککۆمار، ئیدی نموونەی پێکەوەبوونی پارتی و یەکێتی گەلێک زۆرن، چونکە لە زۆر وێستگەی تردا پارتی و سەرۆک بارزانی، سەرۆک مامجەلال و یەکێتییان هەڵساندۆتەوە، بەشێکی رقی کاک نەوشیروان لەم دواییەدا لە پارتی، لەسەر هەڵوێستی پشتگیری پارتی بوو لە یەکێتی، دوای بردنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردن، کاک نەوشیروان خۆی بۆی باس کردم، گوتی: کاتێک یەکێتی ئەو هەموو خەڵکەی گۆڕانی نانبڕاو کرد و خێزانەکانیان هاتنە لام و هیچم بۆ پێنەکران، داوام لە کاک مەسعود و پارتی کرد، کە ئەو هەموو مووچەخۆرە لای خۆتان بن و مووچەیان بۆ دابین بکەن، چونکە خێزان و کەسوکاریان بە ملی منەوە ماون، بەڵام لەبەر خاتری مامجەلال و یەکێتی، نەتان کرد، ئێستا من چۆن هاوکاربم لەگەڵ ئێوە؟.
پێمگوت: کاک نەوشیروان، جەنابت شارەزایی سرووشت و هەڵوێستی کاک مەسعودی، ئەو ناتوانێت لەگەڵ کەسێک هاوپەیمان بێت، خیلافی لەگەڵ بکات و لە دۆخی لاوازیدا بەجێی بهێڵێت، حەقە جەنابت ئەو هەڵوێستەی سەرۆک بارزانی وەک خۆی وەربگری. دیار بوو بەهۆی ئەو هەڵوێستەوە زۆر بریندار ببوو.
بۆیە ئەو دۆخەی لە 16ی ئۆکتۆبەر یەکێتی دروستی کرد و تاسەر لەگەڵ هاوپەیمانەکەی نەک هەر نەمایەوە، بەڵکو لەگەڵ دوژمنەکەیان، دژی هاوپەیمانەکەی رێککەوتنی ئەنجامدا و کەرکووکی خستەوە ناو چنگیان.
ئێستا بابزانین پێناسەی خیانەت لەم هەردوو دۆخەدا کێ دەگرێتەوە؟، یان بڵێین کامیان خیانەتە! 31ی ئاب یان 16 ی ئۆکتۆبەر؟.
جگە لەوەش، با سەیری هۆکار و دەرەنجامەکانی هەردوو رووداوەکە بکەین، بزانین کامیان زیاتر خزمەتی ئاشتی و خەڵکی کوردستانی کردووە؟.
دوای 31ی ئاب، ئاشتی لە کوردستان چەسپا و شەڕی ناوخۆ نەما و خەڵکی هەولێریش لەهەموو روویەکەوە بووژایەوەو رێککەوتنی واشنتۆنیش بەرهەمهات و پێکەوەبوونی پارتی و یەکێتیش زیاتر چەسپاو دوو حکومەتی خزمەتگوزار لە هەولێر و سلێمانی دروست بوون و دواتر لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی عیراقی پێکەوە کاریان کرد بۆ رووخانی بەعس و حکومەتی هاوبەش و پەرلەمان دروست بوون، هێزەکانی عیراقیش تەنها دوو رۆژ لە هەولێر مانەوە و ئیدی هیچ حوکم و خۆسەپاندنێکی حکومەتی عیراقی نەمایەوە و پەرلەمان بەشێوەیەکی یاسایی درێژەی بەکارەکانی خۆی دا و حکومەت پێکهات. ئەتوانین بڵێین، رووداوی 31ی ئاب خزمەتێکی زۆری گەیاندە خەڵکی کوردستان، چونکە ئاشتی و ئاوەدانی لە هەرێمی کوردستان چەسپان.
بەڵام لە دۆخ، یان لەرووداوی 16ی ئۆکتۆبەردا، بەهەزاران کەس لە خەڵکی کەرکووک و دووبز ئاوارەبوون و هەندێکیان گیانیان لەدەستدا. لە خورما توو سێ هەزار ماڵ و دوکانی خەڵک سووتێنران، تەنانەت ژن و خێزانی کورد هەتک کران، هاوپەیمانی چەند ساڵەی پارتی و یەکێتی تێکچوو، خەڵک لە کوردستان چەندین ساڵە بەهۆی ئەو رووداوەوە بێ مووچە کران، حکومەتی عیراق رۆژ لە دوای رۆژ هەژموونی زیاتر دەبێت و هەرێمیش لاوازتر دەبێت، ئەمە هەموو بەرەنجامی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەرە.