دواین هەواڵ

یاسای ڕزگاربووانی ئافرەتانی ئێزدی؛ هەنگاوێكی درەنگ بەڵام گرنگ

‌بڕیار شێرکۆ بابان

27/03/2021

دوای نزیکەی حەوت ساڵ، لە ڕۆژی ١/٣/٢٠٢١ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی بە "یاسای ڕزگاربووانی ئافرەتانی ئێزدی" دا.

هەر لە هەمان ڕۆژدا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەموو فراکسيۆنەکانی پەرلەمانی عێراقی کرد و ئەم یاسایەی بە دەستپێکێکی گرنگ وەسف کرد بۆ قەرەبووکردنەوەی خوشك و برایانی ئێزدی و، بەڕێزیان داواکارە کە بە شێوەیەکی خێرا دەست بە جێبەجێکردنی هەموو خاڵەکانی ناو یاساکە بکرێت؛ ئەمەیش وەکوو ئاماژەیەکە کە ئەم بابەتە زۆر دوا کەوتووە. دواتر لە مەراسيمێکدا لە ڕۆژی ئافرەتانی جیهانی لە ٨/٣/٢٠٢١ سەرۆكکۆماری عێراق، بەڕێز بەرهەم ساڵح، واژووی لەسەر ئەم یاسایە کرد.

ئەم هەنگاوەی ئەنجومەنی نوێنەران زۆر دوا کەوت؛ هەر دەبووایە لە سەرەتای هێرشە تيرۆریستییەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ هاوشێوەی ئەم یاسایە هەبووایە، بەتایبەتی کاتێك زانرا و بيسترا کە چۆن چەكدارانی ئەم ڕێکخراوە تيرۆریستییە بە شێوەیەکی بەدڕەوشتییانە و دوور لە بەها مرۆیییەکان مامەڵەیان لەگەڵ پێکهاتەی ئێزیدی کرد و و ئافرەتەکانیان وەکوو کۆیله‌یەك بۆ تێركردنی حه‌زه‌ گڵاوە سێکسییەکانیان بەکاریان دەهێنان.  لە سەدەی ٢١، سەدەی پەیوەندییەکان و بچووکبوونەوەی جیهان، داعش گه‌وره‌ترین و گڵاوترین تاوانە نێودەوڵەتییەکان- تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جينۆساید-ی دەرهەق بە پێکهاتەی ئێزدی ئەنجام دا.

پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤وە هەستی بە زەروورەتێك كرد کە دەبێت بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ تاوانەکانی داعش بکرێت. لە ڕێکەوتی ٢٣/٩/٢٠١٤، پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەکی کاتیی بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ بەجينۆساید ناساندنی تاوانەکانی دژ بە پێکهاتەکان دامەزراند بەڵام ئەنجامێکی ئەوتۆی لێ نه‌كه‌وته‌وه‌؛ تاوەکوو لە ساڵی ٢٠١٩ لە خولی پێنجەمی پەرلەمان بە بڕیاری ژمارە (١١)ی ٣/٨/٢٠١٩، بڕیاری دیاریکردنی ڕۆژی (٣/٨/٢٠١٤) وەکوو ڕۆژی کۆمەڵکوژی (جينۆساید)ی ئێزدییەکان درا. ناوەڕۆكی بڕیارەکەی پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیە بوو:

"ئەو کوشتار و کۆمەڵکوژی (جينۆساید)ه‌ی دەرهەق بە ئێزدییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەلایەن ڕێکخراوی تيرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە "داعش" ئەنجام درا، خەسڵەتی تاوانەکانی جينۆساید و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ لەخۆ دەگرن کە تاوانی نێودەوڵەتین و، دەسەڵاتە دەستوورییەکانی کۆماری عێراق بەرپرسیارێتیی قەرەبووکردنەوە و دابينکردنی ماف و ئیمتیازاتی قوربانیان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە لە ئەستۆ دەگرن."

پەرلەمان بە شێوەیەکی گشتی ئاماژە بەو تاوانکارییانە دەدات بێ جیاکردنەوەی ئافرەتانی ئێزدی لە پیاوانی ئێزدی. لەبەر ئەوەیش كه‌ تاوانەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕوویان دابوو، کە ناچنە چوارچێوەی دەسەڵاتی شوێنی (الاختصاص المكاني)ی هەرێمی کوردستان، بۆیە پەرلەمانی کوردستان داوای لە عێراق کرد کە قوربانییەکان قەرەبوو بکاتەوە و ناوچەکانیان ئاوەدان بكاته‌وە.

هەروەها شایەنی گوتنە، لە ڕێکەوتی ٢٥/١١/٢٠١٤وە نووسینگەی تایبەتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی پێشووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی تایبەت بە کۆکردنەوە و بەدواداچوون بە ڕفاندنی ئێزدییەکانی پێك هێنا و، توانیویەتی تاوەکوو ئێستا (٣٥٤٥) ئافرەت و پياو و منداڵی ئێزدی ڕزگار بکات. ڕاستییه‌كه‌ی، ئەم نووسینگەیە ڕۆڵێکی کاریگەری بینیوه‌ لە دۆزینەوە و ڕزگارکردنی قوربانیانی وەحشیگەریی داعش. لە کۆی ئەم بابەتەدا، ئەو خاڵەی زۆر گرنگە بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستانیش ئەوەیە، ستراتیژیی ڕزگارکردنی مرۆڤ هەنگاوی یەکەم بووە و دواتر ڕزگاکردنی خاکیش، پێویستە ببێت بە خاڵی ستراتیژیی دووەم؛ مەبەستمان لە خاڵی دووەم، جێبەجێکردنی تەواوی ماددەی (١٤٠)ی دەستووری عێراقییە. واتا پێویستە ڕزگارکردنی مرۆڤ و ڕزگارکردنی خاک، لێك گرێ بدرێن.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێکەوتی ٢١/٩/٢٠١٧وە بە بڕیاری ژمارە (٢٣٧٩) کاركردن له‌سه‌ر ئەم بابەتەی دەست پێ کردووە. بۆ ئەم مەبەستە پارێزەری بریتانی، "کەریم ئەحمەد خان"ی ڕاسپارد كه‌ سەرپەرشتیی ئەم ئەرکە بكات لە عێراق. پرۆسەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر بەخاوی چۆتە پێش. بەڵام، لەگەڵ دامەزراندنی ئەم بەڕێزە وەکوو داوکاری گشتیی دادگه‌ی تاوانکاریی نێودەوڵەتی لە لاهای لە ١٢/٢/٢٠٢١، هەندێك بابەتی پەیوەندیدار بە تاوانکارییەکانی دژی ئێزیدییەکان خێرا کران؛ بۆ نموونە دەنگدان بە یاسای ڕزگاربووانی ئافرەتانی ئێزدی و، پرۆسەی دادگه‌یەكی تایبەت بە داعشیش وا لە ئەنجومەنی نوێنەران کاری لەسەر دەکرێت.    

بە هەر حاڵ پێویستە بڵێین هەرچەندە یاسای ڕزگاربووانی ئافرەتانی ئێزدی دوای حەوت ساڵ دەرچوو، بەڵام وەکوو دەڵێن "Better late than never" (درنگ بێت، باشترە لەوەی کە قەت نەیەت). وه‌ك چۆن چەندین یاسا و بڕیار هەیە کە دەبووایە بەپێی ماددە (١٣٢)ی دەستووری عێراقی بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی هەڵەبجە و ئەنفال و بارزانییەکان و قوربانیانی تری کوردستان دەرچووایە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٥ه‌وه‌ هەر دەرنەچوون؛ ترسەکە لەوەیە کە قەت دەرنەچن!


هەنگاوێکی گرنگ

لە ماوەی سەد ساڵ ژیانی دەوڵەتی عێراق، هەر سەردەمەو  دەستوورێك حوکمی کردووە کە ڕەنگدانەوەی بير و ئایديۆلۆژیای ئەو کەسانە بوون كه‌ لەسەر حوکم بوون. ئەگەر داڕێژەرانی یاسای بنەڕەتی (دەستوور)ی ساڵی ١٩٢٥، خۆیان بە بنیاتنەری دەوڵەتی پاشایه‌تی دەناساند، ئەوا داڕێژەرانی دەستووری ساڵی ١٩٥٨ خۆیان بە شۆڕشگێڕ و دژە-کۆلۆنیالیزم لەقەڵەم دەدا و، داڕێژەرە بەعسییەکانی دەستووری ساڵی ١٩٦٣ و دەستووری ساڵی ١٩٦٨ خۆیان بە شۆڕشگێڕ و نەتەوەگه‌رای عەرەبی و سۆسیالیست دەناساند. بەڵام دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ بە هەناسەیەك داڕێژراوە کە قوربانیان ئەو دەستووره‌یان نووسیوەتەوە. هەر لە ديباجەی دەستوورەکەوە هەست دەکەین کە کۆمارێکی عێراقی بۆ قوربانیانی ڕژێمەکانی پێشوو بنیات نراوە. هەر بۆ نموونە ماددەکانی (٩-هـ) و (١٨/ سێیەم/أ) و (٢٣) و (٤٣/یەکەم) و (٤٩/چوارەم) و (١٠٤) و (١١٢) و (١٣٢) و (١٣٨/سێیەم/د) و (١٤٠) هەموویان ئاماژەن کە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ بۆ قوربانیان و زیانلێکەوتوو و شەهیدان داڕێژراوە. بەڵام کە دێینە سەر مەیدانی کارکردنی حکوومەتەکانی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ ەوە بۆ ئێستا، دەبینین عێراق لە وڵاتی قوربانییەکانەوە بەرەو وڵاتی "چەکبەدەستەکان" و "مەزهەبییەکان" هەنگاو دەنێت.

لەناو ئەو دۆخە ناسەقامگيره‌ی عێراقدا دەرکردنی یاسایەك بۆ ئافرەتانی پێکهاتەیەکی زوڵملێکراو، بە کارێکی زۆر گرنگ دەزانین؛ بەتایبەتی ئەو پێناسەیەی کە بۆ ڕزگاربووی ئافرەت دانراوە، بێ سڵکردنەوە داڕێژراوە، کە بریتین لەو کچ و ئافرەتانەی کە لەلایەن ڕفێنەرەکەیانه‌وه‌ ڕووبەڕووی تاوانی دەستدرێژیی سێکسی بوونه‌ته‌وه‌ و هه‌روه‌ها، بەکۆیلەکردنی سێکسی و فرۆشتنی لە بازاڕەکانی نیخاسە (کۆيلەکان) و، جیاکردنەوەیان لە کەسوکاریان و گۆڕینی ئایینەکەیان بەزۆری، یاخود بەزۆر هاوسەرگيریكردن له‌گه‌ڵیان و، دووگیانکردن و لەباربردنی بەزۆر، یان ئازاردانی لەش و دەروونیان لەلایەن ڕێکخراوی داعش و، دواتر ئەم قوربانیانە ڕزگاریان بووە. جێی سەرنجە بەزۆر گۆڕينی ئایین و بەزۆر هاوسەرگيریکردن، بە تاوان هەژمار کراوە، لە کاتێکدا كه‌ ئەمانە لە یاسای سزادانی بەرکاری عێراقدا تاوان نین. هه‌ر بۆیه‌ ئەم بەتاوانکردنە، بە پێشکەوتنێکی یاسایی دادەنرێت. 

بەڕێوبەرایەتییەکی گشتی بۆ چاودێریکردنی کاروباری ڕزگاربووان دامەزراوە و، بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی فیدراڵییه‌وه‌ لکێنراوە و، بارەگای سەرەکیی لە پارێزگای مووسڵ دەبێت نەك لە بەغدا. ئەم بەڕێوبەرایەتییە چەندین ئەرکی پێ سپێردراوە وه‌ك: سەرژمێریکردنی ڕزگاربووان و پشتگيریکردنیان و سەرپەرشتیکردنیان و چارسەرکردنیان و گەڕان بەدوای ئەوانەی کە هێشتا ڕزگار نەبوونە و کۆکردنەوەی بەڵگەنامە پێویستەکان و پێشکەشکردنیان بە دادگه‌کان و هتد.
لە هەمان کاتدا، ئەم یاسایە چەندین ماف و جياوك (امتياز) پێشکەشی ئەو ڕزگاربووانە دەکات، بۆ نموونە مووچەیەکی مانگانە و پارچە زەوییه‌ك و پێدانی پێشینە و ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندن و کار و دامەزراندن و هتد. ئەو لیژنەیەی کە ده‌ست ده‌كا بە دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی ئەم مافانەیان هەیە، لە (٨) ئەندام پێک هاتوون و نوێنەری هەرێمی کوردستانیش ئەندامی ئه‌و لیژنەیەیه‌.  

ئەم یاسایە زۆر بەڕوونی تاوانەکانی دژی ئێزیدییەکان و پێکهاتەکانی تر بە تاوانی جينۆساید و تاوانی دژەمرۆڤایەتی لەقەڵەم دەدات. سەبارەت بەم خاڵە، پێویستە بگوترێت کە ئەنجومەنی نوێنەران-هەروەکوو پەرلەمانی کوردستان- لە بڕیاری ژمارە (١١)ی ٣/٨/٢٠١٩ ڕاستەوخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ دادگه‌کان ئەم تاوانانەیان بە تاوانی نێودەوڵەتی لەقەڵەم داوە، کە ئەمەیش لە ڕووی نێودەوڵەتی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە کارێکی باشە. بەڵام لە ڕووی یاسایییه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ورد، سەرەڕای ئەو ماف و جیاوکەکانەی کە لەم یاسایه‌ی ڕزگاربووانی ئافرەتی ئێزدی داڕێژراوە، پێویستە جينۆساید و تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژەمرۆڤایەتی ئاوێتەی یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێن و، ببن بە بەشێک لە یاسای سزادان و، تاوانباران دادگه‌یی بکرێن و تاوانلێکراوەکان لە پێش دادگه‌کان مافی خۆیان وەرگرنەوە. واتا دەرچوواندنی ئەم یاسایە، نەبێت بە پاساوێك بۆ دادگه‌یینەکردنی تاوانبارانی داعش.

ئەی قوربانیانی تر؟

هەرچەندە ناونیشانی ئەم  یاسایە، ڕزگاربووانی ئافرەتانی ئێزدییه‌ (الناجيات الايزديات)، به‌ڵام شایەنی ئاماژەپێکردنە ئەم یاسایە ئەو ناونیشانەی وەکوو سیمبولێك وەرگرتووە. ماددە (٢)ی ئەم یاسایە، پێکهاتەکانی تریش دەگرێتەوە لە تورکمان و مەسیحی و شەبەك، کە هەمان ئەو دەستدرێژییە سێکسییانەی باسمان کرد کراوەتە سەریان. هەروەها ئەو منداڵە ئێزیدییانەیش دەگرێتەوە کە لە کاتی ڕفاندنیان تەمەنیان نەگەیشتبووە (١٨) ساڵ. پێویستە تیشك بخەینە سەر ئەوەی کە پیاوانی ئێزدی و تورکمان و مەسیحی و شەبەکی ڕزگاربوو لە کوشتن و لەناوبردنی بەکۆمەڵ، هەمان یاسا دەیانگرێتەوە. ئەم یاسایە ئافرەتی ئێزدیی ڕزگاربووی، کردۆتە دەروازەیەك و لەژێر ئەو ناونیشانەیشدا پیاوی ئێزدی و ئافرەت و پیاوی پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی و شەبەك بە هەمان شێوەی ئافرەتی ئێزدی لەم یاسایە سوودمەند دەبن. زۆر دەگمەنە لە داڕشتنی یاسایەك ئافرەت وەکوو بنەڕەت وەربگيرێت و دواتر دەقەکە پیاویش بگرێتەوە. بە واتایەکی تر، ئەگەر دەقێکی یاسایی بە عەرەبی – یان بە زمانێکی تر بنووسرێت کە نێر و مێ جیا دەکاتەوە -  ڕستەکە ئاراستەی نێر دەکرێت بەڵام لە ڕاستیدا وەکوو یەک ئاراستەی هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ کراوە. زۆربەی جار لە جێبەجێکردنی دەقێکی یاساییدا ئافرەت و پیاو لێك جیا ناکرێتەوە. لە یاسای ڕزگاربووانی ئافرەتانی ئێزیدیدا جۆرە تایبەتمەندییەکی تێدایە کە ئەم یاسایە لە بنەڕەتدا بۆ ئافرەتانی ئێزدییە.

بەڵام دوو خاڵ ماون کە هێشتا لە یاسایەدا چارەسەر نەبوونە: یەکەم، چۆن چەکدارانی تيرۆریستی داعش دادگه‌یی بکرێن؟ بە یاسای تيرۆر؟ یان بە یاسای سزادانی عێراقی؟ یان بە تاوانی جينۆساید و تاوانەکانی دژەمرۆڤایەتی؟ کە تاوەکوو ئێستا ئەم تاوانانە نەخراونەتە ناو یاسای سزادانی عێراقی. دووەم: چارەنووسی ئەو منداڵانەی کە بەرهەمی دەستدرێژیی سێکسی بوون لەسەر ئافرەتانی ئێزدی، دیاری نەکراوە. ئەم پرسە هەستیارە بەم یاسایە چارەسەر نەبووە، لەبەر ئەوەی ڕەهەندی ئایینی و کۆمەڵایەتیی قووڵی هەیە و پرسەکانیش لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکی زۆر جیاوازن و پێویستی بە چارەسەری ئایینی و دەروونی و کۆمەڵایەتی هەیە، پێش چارەسەری یاسایی. 

لە کۆتاییدا، دەستووری ئێستای عێراق دەستووری قوربانییەکانە. ماددە (١٣٢)ی دەستوور زۆر بەڕوونی پێمان دەڵێت کە، دەوڵەتی عێراق بەگوێرەی یاسایەك، پێویستە قەرەبوو و سەرپەرشتیی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و زیانلێکەوتووەکان و بریندارەکانی ڕژێمی ديکتاتۆری پێشوو و کرده‌وه‌ تيرۆریستییەکان بگرێته‌ ئه‌ستۆ. بەڵام تا ئێستا لە ئاستی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ قوربانیانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی ئيدارەی هەرێم بۆ قوربانیان هەر لە ساڵی ١٩٦٨ەوە تاوەکوو ئێستا، هەنگاوێكی ئەوتۆ نەنراوە. ئێمە یاسای ڕزگاربووانی ئافرەتانی ئێزدی بەباش دەزانین و هاوشێوەی ئەو یاسایەیش، پێویستە بۆ قوربانیانی هەڵەبجە ئەنفال و بارزانییەکان و فەیلییەکان و هەموو قوربانیانی دەستی ڕژێمی ديکتاتۆری بەعس و کرده‌وه‌ تيرۆریستییەکانی ڕێکخراوی داعش و هەموو ڕێکخراوە تيرۆریستییەکانی تریش، دەربچێت.  


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP