دواین هەواڵ

كورد لە دیدی سەركردە دیارەكانی توركیا

‌كارزان گلی

پێش 2 هەفتە

ئێڤرەن بە كوردی گوتووە كوردی كلكدار و باخچەلیش توركی شاخاوی

زۆر لە سەرۆكەكانی توركیا سووكایەتیان بە كورد كردووە، ئەگەر بتەوێت لەوڕووەوە وتارێك بنووسیت، پێویستت بەوەیە لێكۆڵینەوەی ورد بكەیت، بەڵام لەسەر زاری پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، باس لەو سووكایەتییە دەكەین، كە كەنان ئێڤرەن، سەركۆماری پێشووی توركیا بە كوردی كردووە.

بوڵدان، لە تازەترین دیمانەیەدا باس لە هەڵوێستێكی ئێڤرەن دەكات بەرامبەر بە كورد، كە تاوەكوو ئێستاش بەشێك لە توركەكان هەمان بۆچوونیان هەیە.

بوڵدان، ئەوكاتەی قوتابی ناوەندی بووە، رۆژێك داوا كراوە لە هەر شارێكی توركیا، دوو قوتابی زیرەك و جوان هەڵبژێرن تا بەشداری بكەن لە رێوڕەسمێكی گەورە لە ئەنكەرا، كە ئەندازیاری كودەتای 1980، كەنان ئێڤرەن ئامادەی ئەو رێوڕەسمە دەبێت.

وەكوو ئەوەی بوڵدان باسی دەكات، ئێڤرەن كاتێك هاتووەتە لای ئەوان، كە لە هەكارییەوە هاتوون، پێیانی گوتووە ئێوە لە كام شارەوە هاتوون؟ بوڵدانیش گوتویەتی لە هەكاری، ئێڤرەنیش بێشەرمانە گوتوویەتی ”كەواتە ئێوە كوردی كلكدارن؟“ بوڵدان وەڵامی نەداوەتەوە.

كوردی كلدار وشەیەكە بەشێكی تورك بۆ سووكایەتی بە كورد بەكاری دەهێنێت، واتە كورد مرۆڤێكی كلكدارە و هەر لە شاخدا لەگەڵ ئاژەڵدا ژیاون و ناگەن بە شارستانییەت.

جا وەرە لەگەڵ سەرۆكێكی لەو شێوەیە باس لە مافی كورد بكە، ئاخر ئەو جارێ كوردی پێ مرۆڤ نییە، ئیتر چۆن دەتوانرێت گفتوگۆی لەگەڵدا بكەیت.

هەر بۆ زانیاریتان، كورد كاتی خۆی بەرێككەوتنێك توركی هێناوەتە ناوچەی ئەنادۆڵ، چونكە لە ناوەڕاستی ئاسیا، كاتێك وشكە ساڵی روویداوە، ئەوان لەبەر بێئاوی هاتوون بۆ ئەنادۆڵ و كوردیش جێی بۆ كردووەتەوە، ئێستاش بە ئێمە دەڵێن كوردی كلكدار.

هەروەها جیا لە ئێڤرەن، جەمال گورسەل، سەركۆماری پێشووی توركیا، لە وتارێكدا لە ئامەد، گوتویەتی: ”لەم وڵاتەدا تەنیا نەتەوەی تورك بوونی هەیە، ئەگەر كەسێك هات و گوتی كوردم، تفێك بكەنە رووی“
عیسمەت ئینۆنوو، كە بۆ خۆی كوردە، بەڵام وەكوو نەژادپەرستێكی تورك مامەڵەی كردووە و لە سەردەمی ئەتاتورك سەرۆك وەزیران بووە و پاشان بە پۆستی سەركۆماری توركیا و هەروەها بەیەكێك لە سەركردە هەرە گەورەكانی توركیا دادەنرێت لەدوای ئەتاتورك، ئەویش زۆر سووكایەتی بە كورد كردووە، لە زۆر شوێندا گوتویەتی، شتێك نییە بەناوی كورد و ئەوەی هەیە توركە، هەروەها دەستێكی باڵای هەبووە لە كوشتنی كورد و ئاسیمیلاسیۆنكردنی كورد.

زۆرجار دەوڵەت باخچەلی و هاوشێوەكانی، كورد بە توركی شاخاوی دەچوێنن و دەڵێن، لە بنەڕەتدا كورد بوونی نییە، ئەوان توركن، بەڵام نەگەیشتوونەتە مەدەنییەت و پێیان دەڵێن توركی شاخاوی.
دەیان گوتەی تری سەركردەكانی توركیا بوونی هەیە كە سووكایەتییان بە كورد كردووە، ئەمەش لە كاتێكدا كە هەرچی كەسایەتی گەورەیە و ناوبانگی جیهانی هەیە لە توركیا، لە بنەڕەتدا كوردن نەك تورك، دەكرێت نموونەی هەندێكیان بهێنینەوە.

_ یەشار كەمال، گەورەترین رۆماننووسی توركیایە، لە بنەڕەتدا كوردە.

_ جەمال سوورەیا، بەیەكێك لە شاعیرە هەرە گەورەكانی توركیا دادەنرێت و بۆ خۆیان دەڵێن، هیچ شاعیرێك نەبووە لە توركیا سوورەیا تێپەڕێنێت، ئەویش لە دایك و باوكەوە كوردە.

_ یڵماز گونای، گەورەترین سینەماكاری توركیایە، ئەویش كوردە.

_ ئەحمەد كایا، سومبولی گۆرانی توركیایە و شانازییەكی گەورەی پێوە دەكەن، ئەویش كوردە و كوردبوونی خۆشی نەشاردەوە.

_ ئەگەر باس لە سیاسییەكان بكەین، دەیان سەركردە دەبینین كە كوردن، نموونە، عیسمەت ئینۆنوو، تورگوت ئۆزەل، بولەنت ئەجەویت، جەمال سوورەیا و زۆری تر.

_ هەروەها سەدان گۆرانیبێژ و ئەكتەر و دەرهێنەر هەن لە توركیا كوردن، جیا لەوەش دەیان نووسەر و ئەدیب و رۆماننوس و سیاسی هەن، دەستێكی باڵایان هەیە لە پێشوەچوونی توركیا، كەچی ئەوانیش كورد بە نەتەوە دانانێن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP