دواین هەواڵ

ئاكەپە بۆچی بە رووحییەتی 1994 دەچێتە ناو هەڵبژاردنی شارەوانییەكان

‌كارزان گلی

28/03/2024

ئاكەپە بە ستراتیژییەتی 30 ساڵ بەر لە ئێستا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی ئیستانبۆڵ

ئاكەپە و خودی رەجەب تەییب ئەردۆغان، داوا لە دەنگدەری خۆیان دەكەن، بە رووحییەتی 1994 بچنە ناو هەڵبژاردنی شارەوانییەكانەوە، چونكە لەو ساڵەدا شارەوانیی ئیستانبۆڵ لەدەستی سیكۆلاریزمەكان دەرهێنرا و ئەردۆغان كلیلی سەرۆكی شارەوانیی وەرگرت و لاپەڕیەكی تازەی ئاوەدانیی و خزمەتگوزاری لەو شارەدا كردەوە.
ئەردۆغان، شانازی بەو مێژووە دەكات، چونكە وەكوو بەربژێری پارتی رەفاح، كە ئەوكات نەجمەدین ئەربەكان سەرۆكی پارت بوو، توانی شارەوانیی ئیستانبۆڵ بباتەوە و لەوێشەوە خۆری ئەردۆغان درەوشایەوە و بووە ئەو كەسایەتییەی ئێستا.

بۆچی هەڵبژاردنی 1994 گرنگە و باسی دەكرێت

لە 1989، پارتی گەلی سۆسیال دیمورات (SHP)، توانی سەركەوتنێكی گەورە لە هەڵبژاردنەكاندا بەدەست بهێنێت و شارەوانیی ئیستانبۆڵ و ئەنكەرای بردەوە. بەڵام بەرپرسانی ئەو پارتە لە شارەوانییەكاندا، گەندەڵییەكی زۆر گەورەیان ئەنجامدا و بەجۆرێك دەستیان چووە دزینی پارەی شارەوانییەكان، هاووڵاتی توركیا، لە میدیاكان و شەقامەكاندا نەفرەتیان لەو پارتە و بەرپرسانی دەكرد.

ئەمە هەلێكی باش بوو بۆ پارتی رەفاح، تا بتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا شارەوانییە گەورەكان بباتەوە، دەكرێت بڵێین خۆری پارتی رەفاح لەو ساڵەدا گەشایەوە، واتە گەندەڵی بەرپرسانی (SHP)، دەرگای بەڕووی پارتی رەفاح كردەوە تا دەسەڵاتی سیاسی لە توركیا وەربگرن.

لەو ساڵانەی شارەوانیی ئیستانبۆڵ و چەند شارەوانییەكی تر لە دەستی SHP بوو، هاووڵاتیان دووچاری قەیرانێكی سەختی دارایی ببوونەوە، هەروەها لە باكووری كوردستان، رێژەی هەژاری زۆر بەرز بووەوە و نەژادپەرستیش بەرامبەر بە كورد گەیشتە ئاستێكی بەرز.

ئەگەر سەیری ئەو مێژووە بكەین، دەبینین كە ئەردۆغان، چۆن لە ئیستانبۆڵ دەچێتە ماڵەكان و لەگەڵ هاووڵاتیاندا قسە دەكات و لە نزیكەوە گوێیان لێدەگرێت.

روحییەتی 1994، بەو مانایە دێت، كە چۆن لە سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، ماڵە هەژارەكانیان بەسەر دەكردەوە و داواكانیان جێبەجێ دەكرد، ئەردۆغان و تیمەكەشی لە رەفاح، بەهەمان رێگەدا رۆیشتن، ئەمەش لەسەر داوای ئەربەكان بوو، كە پێیانی گوتبوو، دەبێت وەكوو پێغەمبەر و هاوەڵانی بەپیل خەڵكدا بچین.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 1994 چی روویدا؟

پارتی رەفاح، بە گڕوتینەوە هاتە ناو هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 1994، بەڵام میدیای ئەوكاتی توركیا، شانسی بەو پارتە نەدەدا وەكوو پێویست پروپاگندە بكات، چونكە بە پارتێكی ئیسلامی و دژە سیكۆلار ناویان دەبرد.
سەرەڕای هەموو ئەو فشارانە، پارتی رەفاح توانی لە هەڵبژاردنەكاندا 19.1% بەدەست بهێنێت و بووە سێیەم گەورەترین پارتی توركیا. ئەوەی ئەوان خەونیان پێوە دەبینی روویدا، ئەویش بردنەوەی شارەوانیی ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا بوو. لە گەورە شارەوانییەكانی تریشدا، توانیان لە ئەنجوومەنی شارەوانیی، بە بەربژێرە موحافیزكارەكانیان ركابەرییەكی سەختی بەربژێرە سیكۆلارەكان بكەن و رێژەیەكی باشی دەنگیان بەدەست هێنا.
بەگوێرەی گوتەی بەرپرسانی پارتی رەفاح، لەو سەردەمەدا رەفاحییەكان، بەڕوحییەتێكی زۆر گەورە كاریان دەكرد، ئەوان تەنیا بۆ ئەنجامی هەڵبژاردن كاریان نەدەكرد، بەڵكوو دەیانگوت ئێمە لەپێناو خودادا كار دەكەین، چونكە نەجمەدین ئەربەكان پێیانی گوتبوو، ئەوەی لە هەڵبژاردندا كار بۆ رەفاح بكات، وەكوو جیهاد وایە.

كاتێك شارەوانیی ئیستانبۆڵ كەوتە دەستی ئەردۆغان، ئەو توانی خزمەتێكی گەورەی ئەو شارە بكات، ئەو تیمەشی لەگەڵیدا بوو كە سەر بە پارتی رەفاح بوون، بە رووحیەتێكی زۆر گەورە و جیدی كاریان لەگەڵیدا دەكرد و رێژەی گەندەڵی بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كرد.

ئاكەپە و ئەردۆغان، بۆیە دەڵێن بە رووحییەتی 1994، چونكە لەو ساڵانەی شارەوانیی لە دەستی ئەردۆغان بوو، جیا لەوەی شارەكە گەشایەوە و خزمەتێكی گەورە كرا، لە هەمان كاتدا بەرپرسی گەندەڵیان لە شوێنە هەستیارەكان دانەنا و تا ئاستێكی زۆر گەورە، گەندەڵی لە شارەوانیی ئیستانبۆڵ كەمی كرد، ئەمەش هاووڵاتیانی دڵخۆش كرد و متمانەیان بە ئەردۆغان زیاتر بوو و هەر ئەوەش بوو وای لە ئەردۆغان كرد، بیر لەوە بكاتەوە لە داهاتوودا ببێت بە سەرۆك وەزیرانی توركیا و دەسەڵاتی تەواوی توركیای بكەوێتە ژێر دەست.

بەڵام هەندێك لە بەرپرسانی پارتی رەفاح، پێیانوایە زوڵم لەو بەرپرسانەی تری پارتی رەفاح دەكرێت، كاتێك سەركەوتنی شارەوانیی ئیستانبۆڵ لە 1994 تەنیا بە ئەردۆغان دەبەستنەوە و ئەوان دەڵێن، ئەگەر ئەو تیمەی لەگەڵ ئەردۆغان بوو، دڵسۆز نەبوایە، ئەو بەو شێوەیە سەركەوتوو نەدەبوو، بۆیە سەركەوتنی ئەردۆغان تەنیا خۆی نییە، بەڵكوو ئەو تیمە گەورەیە بوو كە بە دەستێكی پاك و دڵسۆزانە كاریان لەگەڵدا كردووە.

ئایە دەنگدەر متمانەی بە ئاكەپە هەیە وەكوو سەردەمی 1994

ئەگەر سەیری ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2023 بكەین، دەبینین ئاكەپە 10%ی دەنگەكانی كەمی كردووە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، دەنگدەر لە بەرپرسانی ئاكەپە ناڕازییە.

ئەردۆغان، بۆ خۆی لە وتارێكدا باسی لەوە كرد، دەبێت پارتەكەی و شارەوانییەكان لە گەندەڵكاران پاك بكاتەوە، بەڵام لەوەیاندا سەركەوتوو نەبوو، چونكە رێژەی گەندەڵی لەو شارەوانییانەی لەدەستی ئاكەپەیە زیادی كردووە.
دەكرێت بڵێین، لە 2015، كاتێك بولەنت ئارینج، كە ئەوكات وتەبێژی حكوومەت بوو، لە میدیاكانەوە هێرشی كردە سەر مەلیح گۆكچەك، سەرۆكی شارەوانیی ئەنكەرا لەسەر لیستی ئاكەپە و بە گەندەڵ ناوی برد و گوتی، ئەنكەرای فرۆشت و بەئاشكرا كار بۆ دەوڵەمەندەكان دەكات، ئەمە كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر دەنگدەر و ئاكەپە دروست كرد و لەو بەروارەوە ئاكەپە لە شارەوانییەكاندا بەرەو لاوازی رۆیشت.

ئەردۆغان، لەوكاتەوە ئارینجی دوور خستووەتەوە و هیچ پۆستێكی پێی نەداوە، راستە لە سەرۆكایەتیی كۆمار راوێژكارە، بەڵام هیچ رۆڵێكی نییە و بایكۆت كراوە.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، دەنگدەر پشتی لە ئاكەپە كرد، بەتایبەت دەنگدەری ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا، بەوەی دەنگیان بە ئۆپۆزسیۆندا و شارەوانیی ئیستانبۆڵ و ئەنكەرایان لە ئاكەپە وەرگرتەوە، ئەمەش گورزێكی گەورە بوو بۆ ئەردۆغان و ئاكەپە و هەستیان كرد، ئەو كەسانەی بەرپرسیارییەتیان هەیە، وەكوو پێویست نەبوونە و گەندەڵییان كردووە و میللەت هەستی پێیكردووە و ئاكەپەی سزا داوە.

ئەردۆغان، بۆیە دەڵێت بە رووحییەتی 1994 دەچینە ناو هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 31ی3ی2024، واتە بە میللەتی توركیا دەڵێت، شارەوانییەكانمان رادەست بكەن، تا بتوانین وەكوو ئەو سەردەمە خزمەتتان بكەین و كەسانی دەستپاكیش بكەینە سەرۆكی شارەوانیی، بەڵام ئایە دەنگدەر متمانەی بە ئاكەپە ماوە؟

وەڵامی ئەو پرسیارە سێ رۆژی تر دەدرێتەوە.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP