دواین هەواڵ

دوای هەشت ساڵ دەمیرتاش روو لە ئەردۆغان دەكات؟

‌كارزان گلی

19/03/2024

دوای هەڵبژاردنی 14ی ئایار و سەركەوتنی رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەسەر ئۆپۆزسیۆنی توركیا، سەلاحەدین دەمیرتاش، بڕیاریدا بۆ ماوەیەك واز لە سیاسەت دەهێنێت و ئیدی لە گرتووخانەی ئێدیرنەوە هیچ پەیامێكی سیاسی نابێت. بەڵام بەر لە نەورۆز و هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، دەمیرتاش، لە پەیامێكی تەواو سیاسیدا، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئەگەر بیانەوێت پرسی چارەسەری لە توركیا بگاتە ئەنجام، گرنگە لەسەر مێزی دانوستاندن، ئەردۆغان و عەبدوڵا ئۆجەلان بوونیان هەبێت و پێیوایە پرسی چارەسەری بەبێ ئەردۆغان ناگاتە ئەنجام.

دەمیرتاش لە كاتێكی زۆر هەستیاردا ئەو پەیامەی بڵاوكردووەتەوە، لەلایەك موراد قەرەیلان، دەڵێت موژدەمان بۆ گەلەكەمان پێیە، لەلایەكی تر دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، فشارەكانی بۆ سەر توركیا دەستپێكردووە بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش، هەروەها توركیا لە چەند رۆژی داهاتوو دەچێتە ناو هەڵبژاردنی شارەوانییەكان.

پێشتر دەمیرتاش، بەهەموو شێوەیەك ئەردۆغانی رەتدەكردەوە، بە كەسێكی تاكڕەو ناوی دەبرد، تەنانەت لە وتارێكدا وەكوو هیتلەر ناوی دەهێنێت، بەڵام چی بوو وای كرد كە بۆچوونی دەمیرتاش بگۆڕێت و ئەمجارەیان قسە لەبەرژەوەندی ئەردۆغان بكات؟

ئەگەر بەشێوەیەكی سیاسییانە پەیامەكەی دەمیرتاش شی بكەینەوە، ئەو بەئاشكرا دەڵێت، پێویست دەكات ئەردۆغان بەهێز بێت، هەروەها لەسەر كورسی دەسەڵاتیش بمێنێتەوە تا لەو رێگەیەوە پرسی كورد چارەسەر بكرێت.
با پەیامەكەی دەمیرتاش زیاتر شی بكەینەوە:

ئاشكرایە ئەردۆغان هەمیشە ویستویەتی پیاوی یەكەمی وڵات بێت، كاتێك لە 2003 بووە سەرۆك وەزیرانی توركیا، چەند كەسایەتییەكی زۆر گرنگ و زیرەكی لەگەڵدا بوو، ئەو ویستی ئەو كەسایەتییانە كۆنتڕۆڵ بكات و بیانخاتە ژێر هەیمەنە و دەسەڵاتی خۆی، بەڵام بۆی نەكرا، بۆیە بەشێكی زۆری ئەو كەسایەتییانە پشتیان لە ئەردۆغان كرد، لەوانە (ئەحمەد داودئۆغڵو، عەبدوڵا گویل، بولەنت ئارینج) چونكە بەهیچ شێوەیەك قبوڵیان نەبووە لەژێر فەرمانی ئەردۆغان سیاسەت بكەن، دەبوایە ئەردۆغان ئەوان بەتەواوی پەك بخات و كۆتایی بە ژیانی سیاسیان بهێنێت، تا بۆ خۆی پیاوی یەكەمی توركیا بێت و هەرواشی كرد.

دەمیرتاش، هەستی بەوە كردووە كە خۆری ئەردۆغان ئەگەر بەرەو ئاوابوونیش نەچێت، بەرەو لاوازی چووە، دوای ئەردۆغانیش، بەئەگەرێكی زۆرەوە دەسەڵاتی توركیا دەكەوێتە دەستی جەهەپە، ئەو پارتەی بەدرێژایی مێژوو دەستی بەخوێنی كورد سوورە و پرسی چارەسەری كوردیان هەرگیز لەبەرنامەدا نییە.

بەهۆی ئەوەی ئێستا قسەی یەكەم و كۆتایی لە توركیا ئەردۆغان دەیكات، هەر بڕیارێكیش بیدات ئەوانەی دەورووبەری ناتوانن تانەی لێبدەن، بۆیە ئەمە هەلێكی گرنگە كورد لە توركیا بیقۆزێتەوە و بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاریبهێنێت، هەر ئەوەشە وای لە دەمیرتاش كردووە بگاتە ئەو بڕوایەی روو لە ئاكەپە بكرێت و ئەردۆغان بەهێز بكرێت.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، دەمیرتاش لە نامەیەكدا داوای لە كوردانی ئیستانبۆڵ كرد، پشتگیری لە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە بكەن بۆ ئیستانبۆڵ، بەڵام ئۆجەلان، بەپێچەوانەوە گوتی پشتگیری لە بیناڵی یڵدرم، بەربژێری ئاكەپە بكەن، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 31ی3ی2024، دەمیرتاش بۆچوونی تەواو گۆڕاوە و ئەمجارەیان گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی دەبێت ئەردۆغان بەهێز بێت، بەو واتایەی شارەوانیی ئیستانبۆڵ بباتەوە، لەو بردنەوەیەشدا كورد رۆڵی تێیدا هەبێت.

روونە دەمیرتاش بە ئەنقەست بە باشاكی هاوسەری گوتبوو، لە ئیستانبۆڵ خۆت بەربژێر بكە لەسەر لیستی دەم پارتی، چونكە ئەگەر باشاك بەربژێر بوایە، كوردانی ئیستانبۆڵ پێشوازی زۆریان لێی دەكرد و پێشبینی دەكرا 10%ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، ئەمەش لەبەرژەوەندی موراد كوڕووم، بەربژێری ئاكەپە دەبوو، بەڵام دەم پارتی لەبری باشاك، مەڕاڵ دانش بێشتاشی بەربژێر كرد، كە بەربژێرێكی لاوازە و 4%ی دەنگەكان زیاتر ناهێنێت، دەنگی دەم پارتی بەشێكی زۆری بۆ ئیمامئۆغڵو دەچێت.

دەمیرتاش، ویستی لەرێگەی باشاكەوە خزمەتی ئاكەپە و ئەردۆغان بكات، تا قەرەبووی هەڵبژاردنی 2019ی بۆ بكاتەوە، لەورێگەیەشەوە پرسی چارەسەری بهێنرێتەوە بەرباس و پرسی كورد لەسەر دەستی ئەردۆغان چارەسەر بكرێت، چونكە ئەویش گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی، ئەگەر ئەردۆغان ئەو پرسە چارەسەر نەكات، كە پیاوی یەكەمی توركیایە، لەدوای ئەو، بەخەیاڵیش پرسی چارەسەری نایەتەوە بەرباس.
رەنگە پەیامی دەمیرتاش بەلای ئەردۆغانەوە بەهەند وەربگیرێت، چونكە دەنگدەری كورد لە ئیستانبۆڵ، خۆشەویستییەكی زۆریان بۆ دەمیرتاش هەیە، بەم پەیامە رەنگە روو لە بەربژێری ئاكەپە بكەن و شانسی بردنەوەی كوڕووم زیاتر بێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP