دواین هەواڵ

هێز و هیوای سەرۆكوەزیران و پەیامەكانی ئەمریكا

‌ئەسرین عاسی شوانی

29/02/2024

لە هەموو هەنگاو و وتە و جووڵەکانی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستاندا، ئەوە دەبینین کە دیدێكی ورد و رژدی هەیە بۆ حوكمڕانی و پلانی هەیە و بەڵێن دەدات و كار دەكات و جێبەجێی دەكات.

لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە، هێز و هیوای تیا دەبینرێت، قەیران و تەنگژەی جۆراوجۆر، كە هەندێكیان بە ئەنقەسد بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ حكوومەت دروست دەكرێن، دێنە ئارا، بەڵام سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە ئارامییەكی كەموێنە و بە رژدیەكی زۆر و بە ورە و ئیرادەیەكی بەهێز و پتەوەوە رووبەڕوویان دەبێتەوە.

بۆیە دەبینین لەم كابینەیەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تەگەرە و لەمپەری زۆری دەرەكی و ناوخۆیی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست كران، بەڵام بینیشیمان كە بەدەم رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو لەمپەر و قەیرانانەوە، بە هەزاران پرۆژەی گرنگ لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا جێبەجێ كران و هێشتا هەزاران پرۆژەی دیكەی گەورە و مامناوەندیش، وا كاریان تێدا دەكرێ.

لەم رۆژانەشدا دەبینین، بانگهێشتكردنی بەڕێز مەسرور بارزانی لەلایەن ئەمریكا و سەردانە فەرمیەكەی و كۆبوونەوە و دیدارە گرنگەكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و ناوەندە گرنگ و هەستیارەكانی، چۆن نەیاران و دوژمنان و ناحەزانی كورد و كوردستان و میدیاكانیانی تووشی شۆك و هیستریا و دڵەڕاوكە كردووە. لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەسەر گرنگیی سەردانی سەرۆكوزەیرانی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیی نێوان هەردوو لا و هەروەها گرنگیی پێگەی هەرێمی كوردستان، ناحەزانی كوردستانی تەنگەتاو كردووە، ئەو بایەخە زۆرەی میدیای ئەمریكی و جیهانی و تەنانەت عەرەبییش بەو سەردانەیان داوە، دوژمنانی كوردستان و جاش و خۆفرۆشانی نیگەران كردووە، هەر ئەم چالاكییانەی سەرۆكوەزیرانیشە كە هیوا و هێز بە كوردستانپەروەران دەبەخشێت.

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە هێزە ملیشیاییەكانی عێراق داوای وەدەرنانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی دژ بە داعش دەکەن، لە كاتێكدایە كە دەسەڵاتدارانی عێراق و ئێرانی سپۆنسەریان، لە رێی دادگا و دەزگاكانی تری عێراقەوە، تەنانەت لەڕێی درۆن و مووشەكیشەوە، فشاری زۆر دەخەنە سەر هەرێمی كوردستان و خواستیانە لاوازی بكەن و نەیهێڵن.

بۆیە بە دڵنیاییەوە كە ئەمریكا لەم كاتەدا بانگهێشتی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێ: ”ئێمە هاوبەشین و پشتیوانیی هەرێمی كوردستان دەكەین و دەبێ بە بەهێزی بمێنێتەوە“ ئیتر پێویستە دۆست و دوژمن و باش و جاش لەو راستیە تێبگەن، كە هەرێمی كوردستان هەم سەرۆكوزیرانێكی بەهێز و خەمخۆر و دڵسۆزی هەیە، هەم وەك سەرۆك مەسعود بارزانییش فەرمووی: جگە لە چیاكان، ئێستا دۆستیشمان لە جیهان زۆرە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP