سبەینێ لە سان-فرانسیسکۆ جۆن بایدن و شی ژین-پینگ یەکتر دەبینین لە میانەی کۆبونەوەکانی ئاپیک، کە تایبەتە بە ٢٢ وڵاتی ئاسیا و پاسفیک یان زەریای هێمن.
دیدارەکە گرنگە چونکە دونیا لە ساتەوەختێکی تایبەتدا دەژی لە میانەی هەڵکشانی چین و لاوازبونی ئەمریکا. لە خوارەوە بە کورتی چەند سەرنجێکی خۆم دەخەمە بەرچاو.
یەکەم، لە دواین کتێبیدا نوسەری لوبنانی فەرەنسی ئەمین مەعلوف باس لە وونبون یان چونە ناو پێچاوپێچی (لابرییث) شکستخواردوان دەکات. مەعلوف خوێندنەوەیەک بۆ هەڵکشانی چین دەکات لە میانەی مێژودا. بە دیدی ئەو چی سێیەم هێزە کە ڕوبەڕوی ڕۆژئاوا دەبێتەوە، پێشتر هەردوو ژاپۆن و سۆڤیەت ڕوبەڕوی ڕۆژئاوا بونەوە، بەڵام ڕۆژئاوا سەرکەوت. ئایا ئەمجارە چۆن دەبێت؟ ئەو ئاڵنگارییەی چین بۆ ڕۆژئاوای دروست دەکات جیاوازە.
دوو، چەند ڕۆژێک لەمەوپێش گوێم لە د. ئێرک لی دەگرت کە بیرمەندێکی سیاسیە لە زانکۆی فودان. بەلای ئێریکەوە، جیهانگیریی لە سەر بنەمای کرۆک و پەراوێز ڕێکخراوبوو، چین ڕۆڵی پەراوێزی دەبینی بۆ کرۆک، بەڵام چیدی چین بەم پێگەیە ڕازی نیە. ئێستا چین دەیەوێت لە پێگەی پەراوێزی جیهانگریی بێتە دەرەوە بۆ ئەوەی ببێت بە کرۆکێکی تر، ڕۆژئاوا ئەمە بە مەترسی دەزانێت.
هەردوو مەعلوف و لی گرژی و ڕوبەڕوبونەوە بە دوو ناگرن.
سێیەم، ڕۆژئاوا نەک لە ئاستی ئابوری و زانستی و مرۆیی لە قەیراندایە، بەڵکو حەکایەتی ڕۆژئاوا، کە لە سەر بنەمای مرۆڤبونی ڕۆژئاوا و مرۆڤنەبونی ئەوانیتر دروست بووبوو، وەک لە غەزە دەیبینین لە قەیراندایە. ئەم پرسە دێمەوە سەری لە ڕوی فەلسەفیەوە، چۆن لە دونیادا مردنی کێ مردنەکی مرۆییە و کێ تەنها وەک ژمارەیەک دەمرێت.
چوار، نارونی لە ئامانجی هێزەکاندا دەبێتە خەسلەتی سەرەکی دونیا. بۆ نمونە سەیری هیند بکە، لە کاتێکدا نایەوێت وەک جاران بێت، لە هەمانکاتدا نایەوێت چین بەهێز بێت، بەڵام هەروەها نایەوێت ڕۆژئاواش بەهێزبێتەوە، خۆشی ناتوانێت ببێتە هەژەمون. یان تەماشای ڕوسیا بکە، چونکە ناتوانێت دونیا کۆنترۆڵ بکات، دەیەوێت پشێوی هەبێت، لە هەمانکاتدا دەیەوێت دۆستی چین بێت، بەڵام چین دەیەوێت پشێوی نەبێت چونکە سودمەندە لە نیزامی ئەمڕۆ.
بایدن و شی باسی زۆر شتی تر دەکەن، لە شارێکدا کە زیاتر لە حەوت هەزار کەس برسی و بێماڵە، کە خەسڵەتێکی سەرەکی سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئابوریی ئەمڕۆی ئەمریکایە.