1- 3
وزە، ئاو وئاسایش
تورکیا و عێراق ناکۆکیان لەسەر (ئاو) ، (وزە - قەرەبو) و ئاسایش هەیە، بۆیە چاوەڕوانییەکان بۆ سەردانەکەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق زۆرن، بەتایبەتی ئەگەر نیشانەی ئەرێنی هەبێت سەبارەت بە پێدان یان لێخۆشبوونی ملیارو نیوو دۆلار بۆ عێراق، ئەمەش هەنگاوێکی کۆنکرێتی دەبێت بەرەو هاوکاری نێوان هەردوو وڵات و ئەگەری سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق زیاتر دەکات.
ئەمە یەکەم سەردانی هاکان فیدانە بۆ عێراق دوای ئەوەی لە ئاسایشەوە بۆ وەزیری دەرەوە کارەکەی گۆڕاوە و دوای ئەوەی سودانی فۆرمی کابینە وزارییەکەی کردووە. سەردانەکە لە نێوان ٢٢ بۆ ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣ ئەنجام دەدرێت و چاڵاکییەکانی بەغدا و هەولێریش دەگرێتەوە.ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەم سەردانە دەستپێکی کردەوەی دیپلۆماسی زیاتری نێوان هەردوو وڵات دەبێت، بەتایبەتی کە میدیاکانی عێراق و تورکیا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق دەکەن کە پلانی بۆ دانراوە.
هەروەک پێشتر شرۆڤەمکردووە کە لە هاوینی 2008 لە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا کە ئەوسا سەرۆک وەزیران بوو، 48 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن واژۆ کران وئەنجوومەنێکی هاریکاری ستراتیژیی باڵا لە نێوان هەردووحکومەتدا دروستکرا. دواتر دەوڵەتی تورکیا بێ گەڕانەوە بۆ سەروەری دەوڵەت لە بەغداد نەوتی هەرێمی کوردستانی هەناردە دەکرد ئەمەو بابەتی ئاسایش دوو پرس بوون کە دەرفەتیان بە هەردوولا نەدا ٤٨ یاداشتەکە جێبەجێبکەن.
تورکیا دەیەوێت عێراق بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە، بەڵام وەک عێراقێکی سوننە یان لانی کەم وەک عێراقێکی هاوبەش بۆ سوننە وشیعە، نەک وەک ئەوەی ئێستا لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵکراوە. تورکیا خاوەنی سنوورێکی 378 کیلۆمەترە لەگەڵ هەرێمی کوردستان. بە واتایەکی تر ئەو دوو وڵاتە پەیوەندییەکی سروشتی دراوسێیەتییان هەیە. لە ئەنجامدا هەر ڕووداوێک لەو ناوچەیە بە تایبەتی لە عێراق ڕووبدات، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر تورکیا وهەرێمی کوردستان دەبێت. تورکەکان خواستێکی بەهێزیان دەبێت بۆ سەقامگیرکردنی ئیدارەی سودانی لە عێراق بە ڕازیکردنی سوننە و ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ داخستنی بۆشایی ئەمنی و کەمکردنەوەی مەترسی لەسەر تورکیا.
عێراق زیاتر هەستیارە بەرامبەر بە کێشەی نەوتی هەرێمی کوردستان وهەناردەکردنی لەرێگەی تورکیاوە، لەکاتیکدا زیانەکانی عێراق لە بەنداوەکانی تورکیا بۆ ئاسایشی کشتوکاڵ، خۆراک، ژینگە، تەندروستی وبەرهەمی ساڵانە بۆ سەر عێراق زیاترو درێژخایەنترن لە زیانەکانی دیکە.(لەبەشی دوەمی ئەم بابەتەدا بەوردی باسی پرسی ئاودەکەم) لەڕاستیدا سکاڵای عێراق لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی دژی تورکیا بەهۆی بەستنی ڕێککەوتنێکی ڕاستەوخۆی فرۆشتنی نەوت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، هەروەها سزای قەرەبووکردنەوە کە لە ئەنجامی ئەم سکاڵایەدا بەسەر تورکیادا سەپێنراوە، گرژییەکانی نێوان تورکیا وعێراقی زیاتر کرد.
تورکیا لە دۆخێکی سەختی ئابووریدایە کە خەریکە هاوڵاتیانی تورکیا قەیرانی ئابووریی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوویان بیردێتەوە، بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە دەتوانرێت ڕێککەوتنێکی هاوبەش بکرێت سەبارەت بەبازاڕکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی تورکیاوە، پێشبینیش دەکرێت لە کاتی دانوستانەکاندا، کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا باس بکرێت و باسێش لە کردنەوەی دەروازە ئابوری و مرۆییەکان بکرێت، مەترسی گەورەی تێدایە ئەگەر تورکیا وعێراق کردنەوەی دەروازەی ئاڤاکۆیی وەک جێگرەوەی دەروازەی فیشخابور بخەنە بەرباس، کە من پێم وانییە تەنیا باس لە دەروازەکانی سنوری هەکاری بکەن.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش سەبارەت بە سەردانەکەی هاکان فیدان لێدوانێکی دا. "وەزیر فیدان لە ٢٢-٢٤ی ئابی ٢٠٢٣ سەردانێکی فەرمی بۆ عێراق دەکات و لەو ماوەیەدا پەیوەندیی ئاست بەرز لە بەغدا و هەولێر ئەنجام دەدات. بە بۆنەی سەردانەکەوە دەرفەتەکان بۆ زیاتر بەرزکردنەوەی هاوکاریمان لەگەڵ عێراق لە هەموو بوارەکاندا لەسەر بنەمای کارنامەیەکی ئەرێنی تاوتوێ دەکرێن؛ بیروڕا لەبارەی پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئاڵوگۆڕ دەکرێت".
شکستی عێراق لە چیدایە؟
(لە چەند ساڵی داهاتودا ناوەندی پەیوەندییەکانی عێراق وتورکیا پرسی ئاو وگۆڕانی کەش وهەوا دەبێت، بەڵام تا ئەوکاتە عێراق لەئاست هەوڵە ناوچەیی ونێودەوڵەتییەکاندا زۆر دوادەکەوێت).
ڕاستە، سەردانەکەی وەزیر فیدان زەمینەیەکی دیپلۆماسی هەیە کە بە شێوەیەکی دانەبڕاو پەیوەستە بە ڕووداوەکانی ئەم دواییە، بەتایبەتی لە کەرتی وزەدا. دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی پاریس لە 23-25ی ئازاردا بە قازانجی بەغدا بڕیاریدا ودووپاتی کردەوە کە ئەنقەرە ڕێککەوتنی بۆری ساڵی 1973ی پێشێلکردووە وڕێگەی بە هەرێمی کوردستان داوە لەساڵی ٢٠١٤-٢٠١٨ بەشێوەیەکی سەربەخۆ نەوت هەناردە بکات، پرسەکە تەنیا ئەمە نییە بەڵکو حکومەتی تائیفی عێراق هەوڵی تێکدانی بوونی هەرێمی کوردستان دەدات. سەرەتا بە دابڕینی زۆربەی ناوچەکە لە هەرێمی کوردستان بە کەرکوکیشەوە دەستی پێکرد.
دەنا گەورەترین شکستی حکومەتی عێراق لە بواری ئاودا بووە نەک وزە. عێراقییەکانی دەسەڵاتدار وهەروەها نوخبەی ڕۆشنبیریش خۆیان لەو ڕاستییە لادەدەن کە مەترسییەکی گەورەتر لەسەر عێراق هەیە لەوەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە هەستی پێدەکەن.
لە ئێستادا ئاسایشی ئاوی عێراق لە مەترسیدایە، لە کاتێکدا عێراق سەرقاڵی دوو بابەتە کە هیچ خزمەتێک بە ئەمڕۆو داهاتوەکەی ناکەن، ئەوانیش ئەنجامدانی شەڕ وململانێکانی بە وەکالەت وهەوڵدان بۆ بچوککردنەوەی هەرێمی کوردستان.
لە کاتێکدا تورکیا بەرە بەرە زیاتر ئاوی دیجلەو فورات بەکاردەهێنێت وعێراق دووچاری بەبیابان بوون دەکات. عێراقیش ستراتیژییەکی هەمەلایەنەی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانی نییە وڕووبەڕووی کێشەکانی ئاسایشی خۆراک دەبێتەوە، کەمیی ئاو کاریگەری لەسەر هەردوو جۆری وبڕی سامانی ساڵانەی عێراق هەیە.
تورکیا ئەمڕۆ لە زیاتر لە نیوەی ئاوی دیجلەو فورات کەڵک وەردەگرێت وئەم ڕێژەیەش بەم نزیکانە بەرز دەبێتەوە بۆ ٨٠%.
لەم پێودانگەیەوە، هەروەک چۆن پڕۆژەی بەنداوی تەبقا لە سوریا زیانی بەرچاوی بەرکەوت، بەنداوی موسڵ وحەدیسە لە عێراق زیانێکی بەرچاویان پێدەگات، لەکاتێکدا کارەبای بەغدادی پایتەخت بە زۆری پشتیان پێدەبەستێت.
تورکیا ئاو وەک سەروەت وسامانێکی نیشتیمانی دەزانێت ودەڵێ عێراق نەوتی هەیە وتورکیاش ئاوی هەیە، سلێمان دێمریل لەساڵی ١٩٩٢ ئاماژەی پێدا کە عێراق وسورییە ناتوانن داوای ئاوەکانی تورکیا بکەن. لە بەر ئەم دیدە درێژ خایەنەی تورکەکانە لە ساڵی ١٩٤٦ەوە بابەتەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە یەکلایی نەکراوەتەوە، سەرەڕای ١٣ پەیماننامە ولێکتێگەیشتن.
تورکیا بێ ئەوەی بۆ عێراق بگەڕێتەوە، ٢٢ بەنداو و١٩ وێستگەی کارەبای لەسەر ڕووبارەکان بونیاد ناوە.
بەبیابانبوون، داڕمانی کەرتی کشتوکاڵ وئاژەڵداری عێراق، هەروەها گۆڕانی کەشوهەوا، گۆڕانی کاتی بارانبارین، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، شەپۆلی گەرمای درێژخایەن، گەشەسەندنی شارەکانی عێراق بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی گەشەی دانیشتوان لەسەر بنەمای کولتووری فرەژنی وفرەمنداڵی کە پێویستی بە ئاو چەند قات زیادی کردووە.
عێراق هەوڵدەدات خۆی بخەڵەتێنێت لەبەرامبەر فشاری ئاو وەک گەورەترین هەڕەشە لەسەری. بەپێی هەڵسەنگاندنێکی ساڵی ٢٠١٨ی عێراق خۆیی، بەردەستبوونی ئاو لە عێراق لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٣٠% دابەزیوە، دواتر بە ڕێژەی ٥٠%، ئێستاش بە ڕێژەی ٨٠٪ لە کاتێکدا ئاو ٪٧٥ی وزەی عێراق دابین دەکات، وڵاتەکە لە نزیکبوونەوەی پچڕانی گەورەی کارەبادایە. سەبەتەی خۆراکی عێراق ناوەڕاست وباشوورە کە ڕێژەی 50% زیانی پێگەیشتووە. لە چەند ساڵی داهاتودا ناوەندی پەیوەندییەکانی عێراق وتورکیا پرسی ئاو وگۆڕانی کەش وهەوا دەبێت، بەڵام تا ئەوکاتە عێراق لەئاست هەوڵە ناوچەیی ونێودەوڵەتییەکاندا زۆر دوادەکەوێت.
عێراق کاتیک دەتوانێت ئاوی پێویستی پێبگات کە پرسی کوردو ئاسایش ووزە بە هەرێمی کوردستانیشەوە تێکەڵ بە پرسی ئاو دەبن، بۆیە لەو حاڵەتەدا دوو مەترسی لە سەر هەرێمی کوردستان دەبن، یەکەم: لێشاوی کۆچبەری ناوەراست وباشوری عێراق بۆ هەرێمی کوردستان کە ئاوێکی باشتری لە عێراق دەبێت. دووەم: هەریم دەبێتە کارتی مامەلە لە نێوان تورکیا وعێراقدا.
ڕۆڵی ئێران
تورکیا نایەوێت لە ئێستادا تا دەتوانێت باس لە کارتی ئاو بکات بەو پێیەی لە ساتێکی زۆر ناسکدا سوودی لێ وەردەگیرێت، بەڵام هەناردەکردنی وزەی تورکیا و ئاسایش و بوونی پەکەکە وەک کارتی تێچووی تورکیا لە عێراقدا لەبەر باس دەبێت. وەزیرە نوییەکەی دەرەوەی تورکیا خاوەنی دەوڵەمەندی شارەزایی ئەمنییە.
لەگەڵ فوئاد حسێن کۆدەبێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە شکڵی دەبێت بەو پێیەی ئەو بابەتانەی فیدان دەیەوێت لەسەریان ئەنجامەکانی بەدیبهێنێت نەک بە وەزیرە کوردەکەیی عێراق یەکلایی ناکرێنەوە، تەنانەت لە کێشەی نەوتی هەرێمدا ناتوانێت رۆڵی هەبێت، لە هەمان کاتدا چارەسەرکردنی گرنگترین فایلەکان وجەختکردنەوە لە سەر نیگەرانییەکان . بە فلتەری ئێراندا دەرباز دەبن، بۆیە ئەم جارە فیدان بێ چارەسەری کۆتایی دەگەڕێتەوە تورکیا و هیچ ئەنجامێکی بەرجەستەی نابیت، مەگەر لە سەردانەکەی ئەم دواییەی قائانیدا رەزامەندی لە ئێران وەرگیرابێت بەتایبەت سەبارەت بە وزەی کوردستان.
هەرچەندە ڕێکەوتنێکی ئێرانی و تورکیا هەیە لەسەر ڕۆڵ و بەشیان لە عێراقدا کە جۆرێکە لە ڕێسای واقیع، عێراق بازاڕێکە بۆ تورکیا بۆهەناردەکردنی کاڵاکانی و دەرگایەک بۆ ئێران بۆهەناردەکردنی شۆڕش بەئاڕاستەی کەنداودا.
لە دوو دەیەی ڕابردوودا مەرجەکان لە ڕووی بازرگانی و بازاڕەوە لە بەرژەوەندی تورکیا بووە. تەنانەت لە ساڵی ٢٠٢٢یشدا تورکیا ١٤ ملیار دۆلار هەناردەکردن بۆعێراق هەبووە.
هاکان فیدان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، هەردوولا بەدواداچوون بۆ دینامیکی سیاسی ناوچەکە دەکەن. سەرەڕای پرسی وزە، پەکەکە و سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە ئاستێکی بەرزی کارنامەکەدا دەبێت.
ماویەتی...