ڕێکەوتنی کۆماری ئیسلامی و عەرەبستان لە کورت ماوەدا گەشەی بەربڵاوی کردووە و تەنانەت وڵاتانی دیکەشی گرتۆتەوە.
راگەیاندنی یەک رۆژ وەک سەرەتای رەمەزان و پیرۆزبایی دوو دەوڵەت لە یەکتر بڕیاری کردنەوەی باڵوێزخانە لە سوریا و تاران و ریاز دژایەتی و خۆدەربازکردنی وڵاتانی عەرەبی لە رێکەوتنی ئیبراهیم
راوەستاندنی فیلمی مەعاویە لە مانگی رەمەزاندا لە عەرەبستان و ،،،تاد نموونەی هەنگاوەکانی دوو دەوڵەتی ئێران و عەرەبستانە بۆ بە دەستهێنانی متمانەی یەکتری.
دیارە قەیرانی سیاسی و ئابووری دوو وڵات لە ناوخۆدا گەیشتووە بە ئاستێک کە ئامادەن هەموو دژایەتییەکان وەلا بنێن و پێوەندییەکان ئاسایی بکەنەوە. دیارە ئەو رێکەوتنە بۆ ئیسرایل، ئەمریکا و هاوپەیمانان خۆش نیە، چوونکا یەکەم پێگەی چین و روسیا لە ناوچەکەدا بەهێز دەکات و دوهەم هەموو تێچووەکانی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بەفیرۆ ئەدات.
چین و روسیا تەنیا حکومەتەکانی ناوچەکە بە ڕەوا دەزانن و لە گەلیان پێوەندییان هەیە بەڵام دنیای رۆژئاوا بێجگە لە دەوڵەتانی ناوچەکە لە گەل ئەحزاب و رێخراوە ئازادیخوازەکانیشدا پێوەندییان هەیە و پشتیوانیان دەکەن. ئەگەر دەوڵەتانی ناوچەکە هۆگرییان بەلای روسیا و چیندا هەیە تەنیا بە بۆنەی ئەوەیە کە ئەو دوو زلهێزە پرسی مافی مرۆڤ و دیمۆکراسی و ،،، بەلایانەوە گرنگ نیە و تەنیا جەخت لە سەر پێوەندی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان دەکەن لە گەل ئەکتەری هێز و دەسەڵاتدا کە ئەویش حکوومەتەکانە.
دنیای رۆژئاوا لە شێوازی بەرەو پێشچوونی ئەو رێکەوتنە تووشی شۆک و تەزووییەکی گەورە بوونەوە، لەو بارودۆخە ناسکەی ناوچەکەدا هەڵسوکەوتی سارد وسڕی وڵاتانی عەرەبی لەگەل ئیسرایلدا، هەڵوێستی رۆژئاوای بە تەواوی گۆڕی چوونکا لێکەوتەی سیاسی و ئابووری رێکەوتنەکە زیاتر لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی دایە تا عەرەبستان و بەرەی سونە مەزهەب.
دەوڵەتی بایدن پێشتر ئاگاداری رێکەوتنەکە بوو و پێی وابوو لە کاناڵی عەرەبستان و چینەوە دەتوانێ کۆماری ئیسلامی ملکەچی پرسی ئەتۆمی و مووشەکی بکات و لە لایەن چین و وڵاتانی عەرەبییەوە ئیلتیماتۆمی سیاسی ئاراستەی کۆماری ئیسلامی بکات، بەڵام وادیارە بابەتەکە پێچەوانە بۆتەوە و کۆماری ئیسلامی هەم خەریکە لە بایکوت و قەیرانە ئابوورییەکان دەربازی دەبێ و هەم سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی و مووشەکی رژدتر و قایمتر لە جاران بڕیار دەدات. لەو رێکەوتنەدا هیچ هاوکێشییەک درووست نابێ بەڵکوو قورساییەکان زیاتر بە لای کۆماری ئیسلامی دایە.
پاشای عەرەبستان لەوەبەدوا بۆ دنێای رۆژئاوا ئیتر پاشاکەی جاران نیە و شایەد لە داهاتووشدا پلان و بەرنامەی تایبەت لە دژی محمد بن سەلمان بێتە ئاراوە. لەو بارودۆخەدا ئیسرایل و دنیای رۆژئاوا مەجبوورن بۆ گەڕانەوەی بارودۆخی پێش رێکەوتنەکە سیناریۆ و پلانی تایبەتیان ببێت. سەرهەڵدانی ئاڵۆزی و بشێویی لە عێراق و سوریا فازی یەکەمی پیلانەکەیە. هێرشی ئیسرایل و ئەمریکا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە پێناو تۆڵە کردنەوەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامییدا لە حەوتوویەدا گەیی بە لوتکە.
شایەد کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندییەکانی ئاگاداری هێرشە درۆنییەکانی سەر کەمپەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان نەبن و تەنانەت لەو کاتە هەستیارەی رێکەوتندا دژی هەر جۆرە هێرش و هەڕەشەیەک بن بەڵام رابردووی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا وایکردووە کە هەموو تاوان و بۆختانێکی بە ئاسانی پێدا بچەسپێ. کۆماری ئیسلامی و هێزە میلیشیاکانی نە هێرشە درۆنییەکانیان وەئەستۆ گرتووە و نە رەدیان کردۆتەوە. ئەڵبەت ئەوەش بگوترێ کە لەو کاتەدا هیچ کەس و لایەنێک باوڕ بە حاشای میلیشیاکان ناکات. لە فازی دوهەمدا ئەمریکا لە دژی رێکەوتننامەی ئێران و عەرەبستان جوڵە و چالاکییەکانی داعش لە عێراق و سوریادا، ئازاد دەکات و بەرپەرچیان نابێتەوە، چوونکا ئەمریکا قەت قەبووڵی ناکات ڕاوی داعشی پێبکەن و بە ئەندازەی چین و روسیاش لە ناوچەکەدا بایەخ و گرنگی نەبێت.
ئەگەر ئەو رەوتە دژە ئیسرایلی و ئەمریکاییە درێژە بکێشێ ئەوا هێرش بۆ سەر ئارامکۆ لە عەرەبستان و حەوسییەکان لە یەمەن فازی سێهەم و یەکلایی کەرەوەی رێکەوتنەکە دەبێت.
کۆتا وتە ئەوەیە کە زلهێزە ناوچەییەکان بە چین و روسیاشەوە ناتوانن دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ رابردوو بگەڕێننەوە.
دۆخی سیاسی دەوڵەتانی ناوچەکە بەردەوام لە دابەزین دایە. پرسی دیموکراسی، مۆدێڕنیزاسیۆن بوون، پرسی ژن ،ژینگە و ،،،تاد ئاستەنگی بۆ سیاسەتی دواکەوتوانە و کلاسیکی دەوڵەتانی ناوچەکە درووست کردووە.
لەو بارودۆخەدا پێویستە کورد بزانێ لە بەرەی کام لایەندا خۆی ببینێتەوە و چۆن مامەڵە لە گەل یار و نەیاردا بکات. هەر لایەنێکی کوردی لە گەل هەر بەرەیەکدا بێت چارەنووسی گرێ ئەدرێت بەو لایەنەوە.