گەلی قارەمانی ئۆكراینا، ساڵێك بەرەنگاری تێپەڕاند. روسیاش بەردەوامە لە هێرش. رۆژئاواش بێدرێغ، پەیتا پەیتا هاوكاریەكانیان بۆ جەنگاوەرانی ئۆكراینا، دەنێرن.
هێشتا جەنگەكە درێژەی كێشاوەو لە رێڕەوی جەنگەكەشدا، فاكتەرو روداوگەلی جیاواز، هاتونەتە ئاراوە. وەكو:
- سویدو فینلەند، داوای ئەندامەتی ناتۆ دەكەنو توركیا، دوای كێشمەكێشێكی زۆر، تەنها ئەندامەتی فینلەندی پەسەند كرد. هۆكارەكەشی باكوری كوردستانو چالاكیەكانی (P.K.K)یە.
- هەنگاریا، پێچەوانەی یەكێتی ئۆروپاو ناتۆ، دژی یارمەتیدانی ئۆكراینایە.
- چین، هەر لەسەرەتاوە، بێلایەنی هەڵبژاردو داوای ئاشتی دەكرد. بەڵام هەفتەی رابوردوو، لەم گەرمەی جەنگدا، سەرۆكی چین سەردانی روسیای كردو بۆ روسیاو جیهانیش، سەردانێكی مێژووییە!
- هەر چین بوو، بە خانەخوێی ئاشتەوایی ئێران-سعودیە. ئەمەش سەبارەت بە ئەمریكاو ناتۆ، پار چاوەڕوان نەكراو بوو. بەڵكو كاریگەری لەسەر كۆی هاوكێشە سیاسیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست-كەنداو، دەبێ. بە ململانێ لەگەڵ ئیسرائیلیشدا!!
- سەرۆكی فەرەنساو ئەمینداری ناتۆ، بەم نزیكانە سەردانی پەكین دەكەن.
- لە سەردانەكەی سەرۆكی چینەوە، بەریتانیا، بڕیاری داوە چەكی ئاخێنراو بە ئەتۆمی خۆشەكراو، بداتە ئۆكراینا.
- ئەمریكا لە دەریای باشوری چینو بۆ بەرگری لە تایوان، بێپەروایە.
- خەریكە جەنگەكە، دەگاتە ئاستی بەكارهێنانی چەكی ئاسمانیو زەمینی قورستر.. جگە لە هەڕەشەی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی. بۆیە، رۆژئاوا، بڕیاریان داوە فڕۆكەی جەنگی پێشكەوتوو، لەگەڵ تانكی هێرشبەر، بدەنە ئۆكراینا.
- چین پرۆژەی ئاشتەوایی لە ئۆكراینادا هەیەو رۆژئاوا رەتیانكردەوە.
- سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا، لایەنگری پرۆژەی ئاشتەوایی چینە.
ئەم سیاسەتەی روسیا-چین،و رێكەوتنی سعودیە-ئێران، بڕێكی زۆری لێكدانەوە سیاسیەكانی جیهانو ناوچەكەی، خستۆتە سەر نەخشەڕێگایەكی نوێی سیاسی-ژیوپۆلیتیكی (جوگرافی-سیاسی). بگرە، پیاچونەوە بە سیاسەتەكانی ساڵانی پێشوو، سەبارەت بە وڵاتانی گەورەو ناوچەییش، ئەگەرێكی چاوەڕوانكراوە!
سەرۆكی چین لەكاتی خواحافیزیدا، بە سەرۆكی روسیای ووت: "خەمت نەبێ سیاسەتی جیهان دەگۆڕین".
ئەمەش، ئاماژەیەكی هەرە بەهێزە بۆ سیناریۆی زلهێزێكی وەكو چین، كە هەوڵدەدەن لەگەڵا روسیاو دۆستەكانیان پاشەكشە بە ئەمریكاو ناتۆ بكەن!
لەلایەكەوە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێی ناوەتە قۆناغێكی سیاسی نوێباو. لەلایەكی دیكەشەوە، بەپێی ستراتیژی چین-روسیا بێ، سەراپای هاوكێشە جیهانیەكان روو لە گۆڕانكارین.
پێش رودانی هەر گۆڕانكاریەك، سەردانەكەی سەرۆكی چین بۆ روسیا، لە دونیای گەیاند كەوا: بناغەی سیاسەتی فرەجەمسەری نێونەتەوەیی دانرا. هەر ئێستا:
- جەمسەری ئەمریكاو دۆستەكانی، وەكو دوای جەنگی سارد، ناتوانن تاك جەمسەر بنو لە دونیادا تەراتێنی نێونەتەوەیی لە باری سیاسیو ئابوریو عەسكەری بكەن. بەڵكو كاریگەری لەسەر دراوی دۆلارو بازاڕی نەوتو گازیش دەبێ!
- یەكێتی ئۆروپا، جەمسەرێكە، سەرەڕای ئەوەی لەڕووی ئەمنیو عەسكەریەوە، لەگەڵ ئەمریكا لە ناتۆدان.. بەڵام لەڕووی سیاسیو ئابورییەوە، لە دۆخە مەترسیدارەكە تێدەگەنو ناتوانن لەبەرامبەر جەمسەری چین-روسیاو دۆستەكانی بێباك بن.
ئەم سێ جەمسەرە: ئەمریكاو دۆستەكانی؛ چینو روسیاو دۆستەكانی؛ یەكێتی ئۆروپاو دۆستەكانی.. وردە وردە دەبنە دیفاكتۆی سیاسەتی جیهانی. بەدوری نازانم جەمسەری دیكەش پەیدا ببن.
وەكو هیندستانو بەرزایلو باشوری ئەفریقیاو چەند وڵاتێكی باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیاشو هی دیكەش!!
بەرەنجامی ئەو لێكدانەوەیەمان، لەوەدا هەڵدەهێنجین كە ئەو سیاسەتانە، چی لە ئێران دەكات؟ سعودیە بەرەو كوێ دەبات؟ عێراقو سوریاش چێ لێ دەكات؟ ئەی توركیا بەرەو كوێ؟
لە وەڵامدا دەڵێین: ئەگەر روسیا، لەڕووی عەسكەریو سیاسیەوە، نیمچە سەركەوتنیش لە جەنگی ئۆكراین بەدەست بهێنێ.. بێگومان جەمسەری چینو روسیا، هەژمونگەریان دەبێ لەسەر ئاستی جیهانو رۆژهەڵاتو كەنداویش بەتایبەتی.
سوریاو عێراقیش، رادەكێشرێنە ناو ئەو جەمسەرە. توركیاش وەكو سیاسەتی دوای جەنگی یەكەم تا هەنوكە، سود لە ناكۆكی جەمسەرەكانو دەوڵەتانی ئیقلیمی وەردەگرێ.
ئەمریكا، كاریگەریەكانی سەركەوتنی روسیا دوای جەنگی ئۆكراین لەسەر ئاستی جیهانو ناوچەكەش، باش دەزانێ. بۆیە، چارێك لەبەردەم ئەمریكاو ئیسرائیلو دۆستەكانیان نەماوە، دوو رێگا نەبێ:
یەكەمیان: هێندەی دەتوانن، ناهێڵن، روسیا لە ئۆكراینادا، سەركەوتنی ستراتیژی بەدەست بهێنێ.
بە نیمچە تێكشكاویش بێ، پاشەكشەی پێ بكەن.
دووەمیان: لەبەردەم هەموو ئەگەرەكاندا، سیاسەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەهەموو بارێكەوە توندتر دەبێو دوور نییە ببینە شایەتی ستراتیژی نوێی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. چ ستراتیژی عەسكەریو چ ئابوریو چ سیاسیش.
بەپێی هاوكێشە نێودەوڵەتییە نوێكان بێ، ئەمریكا، لێناگەڕێ چینو روسیا، جەنگی ئۆكراینیش ببەنەوەو دوایش، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بۆ خۆیان دابین بكەن. ئەم لێنەگەڕانە، هەتا ڕادەی جەنگی ترسناكیش لە ئاری سیاسەتی ئەمریكادا بەدوور نازانین!!ئیسرائیل كێشە ناوخۆییەكانی دڕدۆنگی كردووە.
ئەگینا ئێستا، هەلومەرجێكی بابەتی بۆی رەخساوە، ئەسپی هەڕەشەكانی تاو بدا. ناوبەناویش هەڵدەكوتێتە سەر بنكە سەربازیەكانی ئێرانو كاروانی كۆمەكەكانی لەسوریادا.
هەر بڕیارێكی چاوەڕوان نەكراوی ئەمریكاش لە ناوچەكەدا، زۆرتر دژی ئێران دەبێ.. ئەمەش بەبێ ئیسرائیل ناكرێ. رەنگە سعودیە ئەم راستییەی زانیبێ، بۆیە بە خانەخوێی چین لەگەڵ ئێراندا رێكەوتووە، هەتا لەبەرامبەر هەر ئەگەرێكی عەسكەری نەخوازراودا، لە دەرەوەی بازنەی ئاگرەكە چاودێر بێ.. نەك گڕی تێبەرببێ. بەتایبەتی، سعودیە، لەساڵانی رابوردودا، تێگەیشت، هەڕەشەكانی سەر ئاساییشی وڵاتەكەی لەلایەن ئێرانو دۆستەكانیەوە، بە ئەمریكاو ناتۆ نەڕەویەوە!! حوسیەكانو فشارە ئیقلیمیەكان، بەردەوام ئازاریان دەدا.
چ ئەمریكاو چ ئیسرائیل زیاتر لە هەموو وڵاتێكی دیكەی ناوچەكە، لە باری عەسكەریو ئەمنیەوە، حسابیان بۆ ئێران دەكردو دەكەن. ئێران بۆ ئەمریكاو ئیسرائیل بۆتە گرێكوێرەی چیوپۆلەتیكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەربۆیە، عەرەب، لەدوای ئەوەی لە ئیسرائیل نزیك دەكەوتنەوەو لەبەرامبەردا ئیرانیان دەكردە دوژمنی سەرەكی. بەڵام دوای رێكەوتنی سعودیە-ئێران، ئەو دوژمنایەتییە سەرەكیو ناكۆكیانە، دەگۆڕدرێ. ئێستا عێراق، سعودیە، سوریا، جەزائیر، ئیمارات، قەتەر، لوبنان، بەشێكی یەمەن، دۆستی ئێرانن. وڵاتانی دیكەی كەنداویش بایدەدەنەوە!
دەمێنێتەوە بڵێم:
لە هیچ سەركردەو گەورە بەرپرسێكی كوردستانم نەبیستووە، لەم چوارچێوەیەدا، لێكدانەوەی رەسمییان بۆ دۆخی گۆڕدراوی جیهانو ناوچەكە دوای ئەو روداوانە هەبێ.
یان توێژینەوەیەك لەمبارەوە گەڵاڵە كرابێ.
هەربۆیە، لە چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكاندا، بێباكیەك دەخوێنینەوە. ئەگەر هاتو زیاتر مەترسیەكانی جەنگی ئۆكرایناو لێكەوتەكانی لە دەووبەرمان دەربكەوێ، كورد بەم پەرتەوازەییە بمێنێتەوە. بەدڵنیاییەوە، كێشەكانی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی سەفەویو عوسمانی، لەم سەردەمەشدا، لەنێوان هەردوو كۆماری ئێرانو توركیادا، ئەگەر بە تراژیدیای عەسكەریش تەواو نەبێ، بە جۆرێك لە شكستی سیاسیو ئیداری ساغدەبێتەوە!! جیاوازیەكان تەنها لەوەدایە..
سەدەكانی رابوردوو، دوو ئیمپراتۆر، گەمەیان بە میرنشینو سەردارەكان دەكرد. لەم سەردەمەدا، دوو كۆمار، بڕیارە سیاسیەكانیان لەڕێی ناكۆكییە كودستانیەكانی حیزبەكانەوە، تێدەپەڕێنن.
ئەم وتارە بۆ مێژوو دەنوسم. مێژووی نزیكیش نەك دوور. خوێنەر شایەت بن!!