دواین هەواڵ

سەبارەت بە بایەخی دووبارە بەنیشتیمانیکردنەوەی یاد و بۆنە نیشتیمانییەکان

‌ئەبوبەكر كاروانی

16/03/2023

کۆمەڵگەی ئێمە بەدۆخی لەخود نامۆبوونێکی تاڵ و نەخوازراودا دەڕوات و تێدەپەڕێت! شتەکان بەجۆرێکی خراپ لە زەینی بەشێکی زۆرماندا تێکەڵاوو و تێکچوون.

ڕەفتاری بەشێکمان بەجۆرێکە، وەك ئەوەی کورد و گەلی کوردستانی باشور، لە گەلبوون کەوتبێت، مێژووی بەھەڵم بووبێت و یاداوەریی دەستەجەمعیمان وێران بووبێت و ئومێد بۆ ھەڵسانەوەو ڕاستکردنەوە، چ جای سەرکەوتن و دەستپێشخەری بەدەستەوە گرتنەوە، لەئارادا نەمابێت!

بۆنە نیشتیمانییەکانمان، بەھۆی ناکۆکی وگەندەڵی و بەرزنەبوونەوە بۆ ئاستی خەمە نیشتیمانییەکان، لە پاڵ پۆپۆلیزمێکی تایبەتی کوردی، کاڵکراونەتەوەو ەو کەم ڕۆڵ کراون! وەك ئەوەی پێویستە بۆنەی نیشتیمانی نەماون، بۆیە دەبێت دووبارە بیر لە بەنیشتیمانیکردنەوەیان بکرێتەوە! چونکە ناتوانن لە ڕۆژێکیشدا بێت ھەموومان پێکەوە کۆبکەنەوەو ھەستێکی ھاوبەشمان پێببەخشن، ئەو بیرکردنەوەمان لا قوڵبکەنەوە کە: ئێمە خاوەنی مێژوو ئازار و کارەسات و یاداوەری و خەمی ھاوبەشین. ھەربۆیە دەبێت خاوەن ئێستاو ئاییندەیەکی ھاوبەشیش بین. لەبەرئەوەی نەگونجاوەو ناگونجێت، میللەتێك میللەت بێت، کەچی لەگەڵ ئەوشدا ڕۆڵەکانی لەسەر ھەموو شتێك جیاواز و ناکۆك بن. ڕەمز و بۆنەو دامەزراوەو یاداوەری ھاوبەشیان نەبێت، یاخود بەشێواوی ھەیانبێت، لەپێناو شانازی پێوە کردن و خەمڵاندنی ناسنامەیەکی یەکگرتوو کۆکەرەوە.

پشت بەستن بە ڕەوایەتی مێژوویی و ھەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەیەکی کڵێشەیی بۆنەو یادەکان، لێپرسراوی لەئەستۆنەگرتنی پێویست بەرامبەر داواکاری وچاوەڕوانییەکان، لەلایەن نوخبەی دەسەڵاتدارەوە، لەگەڵ بەکارھێنانێکی ئامرازانەی نادروستیان وەك کەرەسەی نارەزایەتی دەربڕین، لەلایەن بەشێکی بەرچاو لە ھێز و خەڵکە ناڕەازییەکە، پێکەوە کارێکیان کردووە، کە لەم بۆنانەدا، لەجیاتی ئەوەی مێژوو ئازاری ھاوبەش، بمانخەنە سەر بیرکردنەوەو کەڵکەڵەی نوێ لەپێناو دیاریکردنی ئەرکە ھاوبەشەکان و بەعەقڵانیکردنی جیاوازییەکان، بۆ دەستپێکردنەوەی وەرزێکی نوێی بەخۆدا چوونەوەو بەکارھێنانی تواناکان لەپێناو باشترکردنی ئێستاو ئاییندەی گەل ووڵات و ھاووڵاتیاندا، بەداخەوە، بە شێوەیەکی گشتی کراونەتە بۆنەیەك بۆ لەبیربردنەوەی ڕابردووە ھاوبەشە نیشتیمانییەکە وزەقکردنەوەی پێکەوە ھەڵنەکردن و زیاتر نائومێد کردنی کۆمەڵگەیەکی لە بنەرەتدا زۆرینە نائومێد!!

بۆیە پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە نەماوە کێ ئەنفالی کردوو ھەڵەبجەی کۆمەڵکوژکردووە ؟ پاڵنەر و ئامانجی پشتیان چی بوو؟ دەبێت ئێمە چۆن لەیاداوەریماندا بەزیندوویی بیانھێڵینەوەو تەوزیفێکی نیشتیمانی و نەتەوەییان بکەین؟ بەڵکو زیاتر بۆتە ئەوەی: کێ لێپرسراوە لە باش خزمەتکردنەکردنی کەس و کاری قوربانیانی جینۆسایدی گەلی ئێمەو بەدینەھێنانی چاوەروانییەکان و ئاوەداننەکردنەوەی باشتری شار و ناوچەکان و کەمی خزمەتگوزارییەکان!

وەك ئەوەی زەمەنی کوردیی لەوڕۆژو بۆنانەدا کورتکرابێتەوە ؟

ئەمەش بەڵگەیە لە شێواویەکی گەورە لە ھوشیاری نیشتیمانیی ئێمەدا. چونکە بوونی نیشتیمانی و نەتەوەیی ئێمەو کێشەو ئازارەکانمان، ڕەھەندی و جودی و مێژوویی و ئەخلاقی و نێو خۆیی و نێودەوڵەتیان ھەیە، ئەوەش دەخوازێت لەھەر ھەوڵێکدا بۆ فشار خستنەسەر دەسەڵاتداران بە مەبەستی کۆتاییھێنان بە کەمتەرخەمییەکانیان، ئەو ڕەھەندانەو مەزنیی مەسەلەکەو گەورەیی قوربانییەکانمان لەبەرچاوبێت.

نوخبەی دەسەڵاتدار ئەگەر پێیوابێت تەنھا بەزیندووکردنەوەیەکی کڵێشەیی یادو بۆنەکان لەسایەی ئەو ناڕەزایەتی و دۆخەی دەیبینین و ئەوقەیرانی ڕەوایەتیە فرە رەھەندەی بەدەستیەوە دەناڵێنێت، دەتوانێ لێپرسراوێتی بەرامبەر گەلی کوردستان و ناوچە کارەساتبارەکان و شەھید و قوربانییەکان، لەئەستۆی خۆی بکاتەوە، بەقووڵی بەھەڵەداچووە، چونکە باری ئەو لێپرسراوێتیە زۆر لەوە گرانترە کەئەوان وێنای دەکەن، بۆیە گەر زۆر وریا نەبن لێپرسراوێتی نوێیشان دەخاتە ئەستۆ، ھەروەك بەو جۆرەشی لێھاتووە.

بۆیە واباشترە یادەکان ئەگەر نەتوانرا بە شکۆو خۆبەخاوەنکردنی زۆرینەی زۆرەوە بکرێنەوە، ئەو ڕۆڵە دەروونی و سیاسی و نیشتیمانییە نەگێرن، کە پێویستە بۆنەیەکی نیشتیمانی بیگێڕێت، بۆماوەیەك یادکردنەوەی فەرمیان وازی لێبھێنرێت. یاخود لانی کەم شێوازەکەی بگۆڕدرێت، بۆئەوەی چیتر لە بەھای بۆنەکان و شکۆو گەورەیی قوربانییەکان کەم نەکرێتەوە.

لایەنی بەرامبەریش دەبێت، ڕازی نەبێت، کاڵکردنەوەی بۆنەکان بکاتە ئامرازی ئیدانەکردنی دەسەڵات. چونکە جگە لەوەی پێچەوانەی ئەرکە نیشتیمانییەکانییەتی، لەڕووی ستراتیژیشەوە دەبێتە خاڵێکی لاوازی و لەبەدیھێنانی ئامانجەکانی دووری دەخاتەوە، بەحوکمی ئەوەی، ئۆپۆزیسیۆنی یاسایی تەنھا لە کۆمەڵگەیەکدا شانسی گەورە بوون و سەرکەوتنی ھەیە کە تاکەکانی ھووشیاری ھاونیشتیمانێتیان ھەبێت، کە ئەوەش گیانی نیشتیمانپەروەری و ھاوبەشی نیشتیمانێتی دەخوازێت. بۆیە دەبێت لەپاڵ ئەرکە ڕیفۆرم وگۆڕانخوازەکانی، خاوەندارێتی لە یاد و بۆنەو پرسە نیشتیمانییەکان بکات. ھەوڵدات شکۆی زۆرتریان پێببەخشێتەوە. لێرەشەوە بەشکۆ ڕاگرتنی یادەکان و وروژاندنی پرسەکان بکاتە کەرەسەی رەخنەگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینی خۆی دژ بەو نوخبانەی تواناکانی نیشتیمانیان وەك ئەوەی پێویستە لە خزمەت چاکەی گشتی و نیشتیماندا بەکارنەھێناوە.

مامەڵەکردن لەگەڵ بۆنە نیشتیمانییەکاندا وەک ئەوەی موڵکی پارتی و یەکێتی بن، لە ھەردوو ڕووی نیشتیمانی و ئۆپۆزیسیۆنبوونەوە کارەساتە! بەشێ لە لێپرسراوێتی بێبەھاکردنیشیان دەخاتە ئەستۆ.

گوتاری یان ئەوان و یان ئێمەش، لەڕابردوودا سەلماوە، لەسایەی دۆخ و ھاوکێشەکانی ئێستای کوردستاندا، ھەندێ کەس سوودی لێدەکەن، بەڵام نائومێدی و پەرش و بڵاوی زیاتری ڕیزەکانی خەڵکی ناڕازی لێکەوتۆتەوە.

کاتێك ھەردوولامان واتە خەڵكی ناڕازی و ئۆپۆزیسیۆن لە دۆخی ئێستادا، لەگەڵ دوو ھێزە حوکمڕانەکە، پێکەوە یادێ دەکەینەوە، واتای ئەوە ناگەیەنێت بە کارنامەی یەکتر ڕازین، یاخود ئەستۆپاکی بەوان دەبەخشین، بەڵکو بیری ھەردووکمان دێنێتەوە، کە سەرەڕای ھەموو جیاوازی و ململانێکانی ئێستا لەگەڵ یەکتردا، ھەردووکمان بەحوکمی ئەوەی بەشێ لە جەستەی گەلی کوردستان پێکدەھێنین و خاوەنی مێژوو و خاکێکی ھاوبەشین، کۆمەڵێ ھاوبەشمان ھەن و دەبێت ھوشیاربین پێیان و سوودیشیان لێوەربگرین، دەبێت جۆری مامەڵەکردنمان لەگەڵ یەكتردا، مومارەسەکردنی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بوونمان نیشتیمانی بێت، چونکە لەبنەرەتدا دوژمنی یەکتر نین بەڵکو ڕەخنەگر و ناڕازی و چاودێرو ڕکابەری سیاسی و مەدەنی یەکترین، بەو واتایەی دەبێت لەم چوار چێوەدا چەسپاوە نیشتیمانییەکانمان تێنەپەڕێنین.

بەدەر لەوە، ھەرێم دەگۆڕێت بە ئۆردووگا، (کە بەداخەوە لە ھەندێ ڕووەوە ھەندێ سیمای ئۆردووگای وەرگرتووە)،

لە ئۆردووگاشدا ئەوەی ئاڕاستە بە بیرکردنەوەو سیاسەت دەدات، دەستکەوتە ھەنووکەییەکانە، نەك مێژوو و ئاییندە، چونکە ئۆردووگا زۆر بە کورتی بە واتا نیشتیمانییەکەی بێ مێژوو و بێ ئاییندەیە، ئەگەر باس لە مێژوو و ئاییندەیەکیش لەسۆنگەی زۆر مانەوەوە بێتە گۆڕێ، مێژوو و ئاییندەی ئۆردوگاو ئۆردووگانشینانە نەك نیشتیمان و ھاونیشتیمانیان.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP