دواین هەواڵ

ئایا پازڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چین درووست دەبێ؟

‌فەرەیدوون پەروازە

13/03/2023

چین وەک جەمسەرێکی ئابووری بە تەمای داڕشتنەوەی سیاسەتی نوێی جیهانییە بە قازانجی خۆی. ئەو زلهێزە جیهانییە توانی رێکەوتنی عەرەبستان و ئێران لە دوای حەوت ساڵ دابڕان، بە ئەنجام بگەیەنێ و هانیان بدات رێکەوتنامەی هاوکاری واژۆ بکەن. دوو دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی و عەرەبستان وەک دوو رێبەری مەزهەبی دژ بە یەکی ناوچەکە لە مێژ ساڵە بە شێوازی سەخت و نەرم لە ململانێ و شەڕدان. درووستکردنی متمانە و ڕەواندنەوەی مەترسییەکان لە نێوان دوو دوژمندا بە یەک شەو و یەک مانگ و یەکساڵ پێک نایەت. ئاسایکردنەوەی پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵات بەشێکی پێوەندی بە خۆیانەوە نیە و دەستانێکی دیکەش لەو پرسەدا دەتوانێ بە قازانج یا زەرەری رێکەوتننامەکە لە داهاتودا دەخیل بێت. بەگشتی ئەو رێکەوتننامە هندێک خاڵی بەهێز و لاواز و ئەگەر و ئاستەنگی تێدایە کە لێرەدا بە وردی ئاماژەی پێدەکرێ. 

ــ وڵاتی چین و هندێک وڵاتی دیکە هۆکاری سەرەکی ئەو  رێکەوتنەن کە چین لە ئاستی ناوخۆدا دیکتاتۆرترین دەوڵەتە و هیچ پێوەرێکی دیموکراتیکی پێوە دیار نیە و هەروەها خاوەن هیچ وێژمان(دیسکۆرس) و وتارێکی دیموکراتیک نیە  هەتا بتوانێ وەک پێخۆرێکی جیاواز لە دنیای دیمۆکراسی رۆژئاوا دەرخواردی وڵاتانی عەرەبی و ئێرانی بدات.چین لە گەل ئەحزابی ئازادیخواز و ئەپوزسیۆنی وڵاتاندا دانیشتن ناکات بەڵکوو مامەڵەی چین لە گەل ئەکتەری سیاسی وڵات واتە دەوڵەتانە . 

ــ ئەو رێکەوتنە لە کارنامەی دەوڵەتی بایدندا وەک خاڵێکی لاواز تۆمار دەکرێ و شایەد بە قازانجی کۆماریخوازەکان بێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا. 

ــ ئەگەر ئەو ڕێکەوتننامە سەر بگرێت و دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە ئەوا هەموو رێکەوتن و هاوپەیمانییە ناوچەییەکانی وەک رێکەوتنی ئیبراهیم، ناوەندی هاوکاری وڵاتانی کەنداو و،،، بەتاڵ و کەمڕەنگ دەبێتەوە. 

ــ پرۆژە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی و عەرەبستان یەکێ لە هۆکارە سەرەکییەکانی دوژمنایەتی دوو وڵاتە، ئایا ئەو رێکەوتننامە دەتوانێ ئەو پرۆژە و گەڵاڵە ناوچەییانەی ئێران و عەرەبستان لە سوریا، عێراق، یەمەن، ئەفغانستان و ،،، بە ناتەواوی و نیوەچڵ کۆتایی پێ بێنێت؟ 

ــ کاکڵە و ناوەرۆکی ئەو رێکەوتنە پرسی ئاسایشە. پرسی ئاسایش لای عەرەبستان پرسی ئەتۆمی و مووشەکی کۆماری ئیسلامییە. پێدەچێ دوو رێکار و پرس لەو بوارەدا بێتە ئاراوە، یا کۆماری ئیسلامی دەبێ لە گەل ئاژانس و رۆژئاوادا رێکەوتن بکات یا عەرەبستانیش دەبێ ببێتە خاوەن تیکنۆلۆژی ئەتۆمی و ،،، . 

بارودۆخی ناوچەیی و ناوخۆیی دوو وڵات لەو قۆناخەی مێژوودا رووبەرووی هندێک ئاڵوگۆڕ بۆتەوە.  هەر دوو وڵات لە بەخێوکردنی میلیشیاکان ماندوو بوون، عەرەبستان وەک سەرۆکی بەرەی عەرەبی لە لایەن وڵاتانی شێخ نشینی عەرەبییەوە لە ژێر گوشاردایە و تەنانەت لە چاو ئەوان بە جێماوە.

شەڕی میلیشیاکان تا سەد ساڵی دیکە بەردەوام بێت هیچ گۆڕانکارییەک لە ناوچەکەدا درووست ناکات و تەنیا تێچووەکەی بۆ ئێران و عەرەبستان دەمێنێتەوە. رێکەوتنی کۆماری ئیسلامی و عەرەبستان  رێکەوتنی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراستە، هەر بۆیە مەوادی ئەو رێکەوتنە بەو ئاسانییەش جێبەجێ نابێ. هەڵگیرسانی شەڕێکی مەزهەبی لە وڵاتێکدا یا هێرشێکی درۆن و مووشەکی بۆ سەر کەشتییەکی بارهەڵگر لە کەنداو و،،، دەتوانێ ریسەکە بکاتەوە بە خوری. 

وڵاتی چین بۆ راگرتنی باڵانس لە نێوان دو وڵاتدا مەجبوورە کڕینی نەوت و گاز لە نێوان دوو وڵاتدا وەکوو یەک دابەش بکات و فەزڵی هیچکامیان نەخات بە سەر ئەویترا.

لە سیاسەتدا ئەگەرەکان زۆرن و هەروەها سیاسەتی دەوڵەتی بایدن نەهێنی و  جێی گوومانە. 

دەوڵەتی بایدن سەرەڕای بایکوتەکانی سەر کۆماری ئیسلامی، دیسانەوە درگای وتووێژ و رێکەوتنی ئەتۆمی دانەخستووە و هەروەها لە گەل وڵاتی چیندا گەورەترین هاوردە و هەناردەی بازرگانیان هەیە. عەرەبستان هاوپەیمانی لە مێژینە و ستراتیژیکی ئەمریکا و رۆژئاوایە. جا کەوایە پێدەچێ ئەو رێکەوتنە ئاگاداری و راوێژی ئەمریکای لە سەر بووبێت و ئەمریکا بیهەوێ لە کاناڵی چین و عەرەبستانەوە، کۆماری ئیسلامی ملکەجی وتووێژ و دانیشتنەکان بکات. 

کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکی دژواری ئابووری و سیاسیی دایە و بۆ خۆی دەزانێ کە پرسی ئەتۆمی و مووشەکی خەریکە بەرەو ئیکسپایر بوون دەچێ، چوونکا ناتوانێ شەڕی شەقامی لە گەل خەڵکدا پێبکات.رێکەوتنی ئەپوزسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات و تێچووی زۆرێک لە میدیاکان لە سەر حەسابی عەرەبستانە. لە لایەکی دیکەوە  غوروری سیاسی و  مەترسییەکان دانیشتنی راستەوخۆی کۆماری ئیسلامی لە گەل ئەمریکادا دژوار کردوە چوونکا بە هۆی ئیسرایلی بوونی ئەمریکاوە، کۆماری ئیسلامی لە لایەن بیروڕای گشتی دەسەڵاتی پاوانخواز و سپای پاسدارانەوە دەچێتە ژێر پرسیارەوە. 

روسیا لە لایەکەوە خۆشحاڵە کە عەرەبستانیش هاتۆتە نێو بەرەی رۆژهەڵاتەوە و لە لایەک پێی ناخۆشە کە ئێران و عەرەبستان پێکەوە دەبنە جێگرەوەی هەناردەی وزە بۆ چین. سەرکەوتن و پەرەسەندنی ئەو رێکەوتنە، رێکەوتن و ئاشتی روسیا و ئۆکراینی بە دواوە دەبێت.

لەو نێوەدا بیروڕای گشتی کورد بێجگە لە هندێک لایەنی میلیشیا،  بە زۆری بەلای بەرەی عەرەبستان و ئەمریکادایە. وڵاتی عەرەبستان هیچ پێوەندییەکی جوغرافیایی بە کوردستانەوە نیە و لە لای بیروڕای کوردیدا لە چاو کۆماری ئیسلامی دەوڵەتێکی کراوەترە و هەڵوێستە سیاسییەکانی وانیشان ئەدات فرە بە مەزهەبەوە نەسووتابێت.

پشتیوانی عەرەبستان بۆ کوردستان تەنیا بە هۆی دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامییە. 

سێ دەوڵەتی چین، ئێران و عەرەبستان تایبەتمەندی سیاسی هاوبەشیان زۆرە. هەر سێ وڵات رێبەری هەتاهەتاییان هەیە، هەر سێ وڵات لە ئێعدامەکاندا سێ پلەی یەکەم تا سێهەمیان بۆ خۆیان تەرخانکردووە.

لە هەر سێ وڵاتدا مافی کەمینەکان پێشێل کراوە و،،،تاد

زۆرێک لە دەوڵەتان خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەو ڕێکەوتنە دەربڕیوە بەڵام بۆ هندێک لە وڵاتانی ناوچەکە وەک تورکیا، ئازەربایجان، ئیسرایل و هەرێمی کوردستان بە هۆی لێکەوتەی سیاسی و ئاڵوگۆڕ لە هەناردەی ئینرژی و وزەدا جێی دڵخۆشی نەبێ.

کۆتا وتە ئەوەیە کە چین باوڕی قووڵی بە دۆخی هەنووکەیی وڵاتان واتە ریئال پۆلیتیک هەیە و مەبەستی  پشتیوانی لە رێکەوتنی عەرەبستان و کۆماری ئیسلامی پشتگرییە لە ئاسایشی ناوچەیی بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە سەرچاوەی دابینکردنی وزەی ئەو وڵاتەیە. سیاسەتی دەرەوەی چین ئەوەیە کە سەرهەڵدانی ئاڵۆزی لە ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی سیاسی و ئابووری ئەو وڵاتە. لە ئەگەری دابەشبوونی وڵاتانی ناوچەکەدا وڵاتی چین دەبێتە کاندید و بەربژێری دابەشبوون.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP