سەردانی گەڕووسی بۆ تاران سەردانێکی پڕ لە راز و نەهێنی و نەهێنییەکانە. لێدوانی دژ بە یەک و ناڕوونی لایەنی ئێرانی و گەرووسی سەری لە شرۆڤەکارانی سیاسی شێواندوە. کۆماری ئیسلامی دەڵێ هیچ رێکەوتنێک رووی نەداوە و تەنانەت دەڵێ گەرووسی سیخۆری ئیسرایلە، لە لایەکی دیکەوە گەرووسی جارێک دەڵێ رێکەوتووین و جارێک دەڵێ نە گەشبینم و نە رەشبین. سەردانی گەرووسی لە دوای چەن مانگ بەتاڵهێشتنەوەی کۆبوونەوەکانی بەرجام لە بارودۆخێک دایە کە ئاقار رووداوەکانی ناوچەکە و کۆماری ئیسلامی بەرەو باریکایی دەروات.
پێش لە هەر وتەیەک دەبێ بگوترێ کە رێکەوتنی ئەتۆمی ئێران پرسێکی زیاتر لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامییە و ئەو وڵاتە بە بێ بڕیاری روسیا ناتوانێ رێکەوتنی هەمیشەیی بکات. لەو بارودۆخەشدا هەم روسیا لە شەڕێکی سەختدایە و هەم بارودۆخی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی باش و لەبار نیە. جا کە وایە پێدەچێ ئەو سەفەرەی گەرووسی بە نێونجێتی و دەستپێشخەری هەر لایەک بووبێت ،ئەو ئامانجانەی خوارەوەی لە پشتە.
ــ تیکنۆلۆژی ناوکی ئێران پێوەندی راستەوخۆی بە روسیاوە هەیە و ئەو دو وڵاتە بە شێوازی کردەیی لە بەرەیەکی هاوبەش لە دژی رۆژئاوادا کۆبوونەتەوە. دەنگۆی بڵاوبوونەوەی پیتاندنی ئۆرانیۆمی ۸٤٪ کۆماری ئیسلامی پێدەچێ هۆشداری روسیا بێت لە دژی رۆژئاوا کە ئێوە تەنیا لە گەل روسیا رووبەروو نین بەڵکوو کۆماری ئیسلامیش لە حاڵی تەیار بوونە بە چەکی ناوکی.بە گشتی ئەو سناریۆییە لە مانۆڕی روسیا دەچێ لە نێو خاکی کۆماری ئیسلامییدا.
ــ لەو بارودۆخەدا کە باری ئابووری کۆماری ئیسلامی شپرزەیە و هەموو کامێراکان زۆمیان کردۆتە سەر ئێران و ،،، سەردانی گەرووسی دەتوانێ هەم هەڵوێستی تووندی ئوروپا و بیروڕای گشتی دەرەوە هێور بکاتەوە و هەم باردۆخی دراو و پارە بە قازانجی خۆی بشکێنێتەوە. دابەزینی دولار لە ٦۰هەزارەوە بۆ ٤۷ تمەن بە بێ هیچ رێکەوتنێک نیشانەی ئەوەیە کە پرسی ئابووری بە رێکەوتنی ئەتۆمی چارەسەر دەبێت.
ــ ئەگەر تەشەنەی وردیلەی ۸٤٪ ئۆرانیۆم لە بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ راست بێت، سروشتی و ئاساییە، چوونکا پرسی ئەتۆمی بۆ ئێران تێچووییەکی زۆری ماڵی بەدواوە بووە و بابەتێکی حەیاتییە .
پرسی ئەتۆمی ئاشیخوازانە بە مەبەستی دابینکردنی وزەی سەوز هەر لە سەرەتاوە تا ئیستە بۆ کۆماری ئیسلامی نیازێکی فرە پێویست نەبووە و نیە، بەڵکوو مەبەستی سەرەکی دەسپێڕاگەیشتن بە پێشکەوتووترین چەک واتە چەکی ئەتۆمییە لە دژی دژبەرە خۆسازەکان. کۆماری ئیسلامی ویستی بە گەرووسی بسەلمێنێ کە لەو کاتەوە (دوای شۆرشی ژینا ) کە ئوروپا پرسی ئەتۆمی ئێرانی لە بیری خۆی بردۆتەوە، ئەوا ئێمە ئەو پێشکەوتنانەمان بە دەستهێناوە و لە نزیکبوونەوە و درووستکردنی چەکی ئەتۆمیی داین.
چەندین جار کۆماری ئیسڵامی رایگەیاندوە کە درووستکردنی چەکی کۆکوژ و ئەتۆمی حەرامە و لە گەل بنەماکانی دیندا یەک ناگرێتەوە. ئەو وتە بۆ هەموو لایەک گاڵتەیە بەڵام پێدەچێ بۆ بەشێک لە بەدەنەی دەسەڵات راست بێ و درووستکردنی چەکی ئەتۆمی بە پێویست و بە ڕەوا نەزانن. کۆماری ئیسلامی لە پرسی ئەتۆمییدا ناتوانێ سەربەخۆ ببێتەوە و دەستی لە دەستی رووسیا ببێتەوە. لە لایەکی دیکەوە روسیا بۆ کۆماری ئیسلامی ۱۰۰٪ جێی متمانە نیە و مێژووی دووسەد ساڵی پێوەندی ئەو دوو وڵاتە پڕە لە کێشە و دەردیسەری و دابڕانی خاکی ئێران بە قازانجی روسیا.
دوا وتە ئەوەیە کە نە ئاژانسی ئەتۆمی، نە دەوڵەتی بایدن و نە وڵاتانی ئوروپایی، هیچکامیان بە تەنیا توانایی چارەسەری پرسی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامییان نیە و ئەو پرسە گرێدراوە بە روسیا، شەڕی ئۆکراین، ناتۆ و ئیسرایلەوە. چەندین ساڵە هەموو رۆژئاوا یەکدەنگ لە سەر ئەوە رێکەوتن کە بە دانیشتنەکان پرسی ئەتۆمی یەکلایی بکەنەوە و تەنانەت ئیستەش هەر ئەو کۆدەنگییە بێ خەش و درۆ بەردەوامە ،بەڵام وادیارە هەڵپەسێرانی ئەو پرسە و دانیشتنە نیوەچڵ و بێ ئاکامەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، وەکوو جاران مەبەستی چاوترساندن و باج وەرگرتنی لە وڵاتانی رۆژئاوایی لە پشت بێ.
کۆماری ئیسلامی بە بێ پرسی مووشەکی و ئەتۆمی وەک سەربازێکی بێ چەک وایە لە مەیدانی شەڕدا ، ئوروپاش وەک نێوبژیوانکەرێکی دڵ ئاوەڵا لە هەوڵدایە شەڕ و ململانییەکان لە گەل ئەو وڵاتەدا لە کاناڵی دیالۆگ و وتووێژەوە کۆتایی پێبهێنێت بەڵام ئەو بژاردەیە و دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی داد (شورای حکام ) لە مێژە بۆ کۆماری ئیسلامی وەکوو گەمەی منداڵانەیە. یەکێتی ئوروپا وەک ناوەندی برۆکراتیکی جیهانی هیچ رێکار و ستراتیژییەکی لە هەمبەر کۆماری ئیسلامییدا بە دەستەوە نەماوە و ئەو رازەش بۆ ئێران دەرکەوتووە هەر بۆیە پێدەچێ بژاردەی دیکە لە لایەنی دیکەوە بێتە ئاراوە.