دواین هەواڵ

زمانی کوردی، شوناس و فەرهەنگە

‌ئەسرین عاسی شوانی

28/02/2023

زمان بە پێناسە و بنەمای سەرەکیی هەر نەتەوەیەک دادەنرێت و یەکێکە لە پایەکانی پەیژەی ناسینی نەتەوە، بە جۆرێک، لە ڕێگای زمانەوە، كولتوور و فەرهەنگ و شوناسی نەتەوەکان لە جیهاندا دەناسرێتەوە.

ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێ پۆلیسی پاکستان بە فەرمانی دەوڵەت لە 21ی شوباتی 1952، تەقەیان لە ژمارەیەک قوتابیی مانگرتووی زانکۆی بەڕەگەز بەنگلادیشی کرد، لە کاتی مانگرتنیان و داواکارییان بۆ بەکارهێنانی زمانی بەنگلادیشی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی پاکستان، بەهۆی ڕێزنەگرتن لە داواکاری‌ و خۆپیشاندانەکەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە، چەندین قوتابی گیانیان لەدەست دا.

بۆیە لەلایەن ڕێکخراوی كولتووریی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) 21ی شوباتی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک دەستنیشان کرا، وەک ڕێزێک بۆ سەرجەم زمانەکانی جیهان. بەهۆی ئەو ڕووداوەوە ساڵی 1999، بە مەبەستی ڕێزگرتن و نرخ بەخشین بە سەرجەم زمانەکانی نەتەوەکانی جیهان، (یونسکۆ) ڕۆژی 21 شوباتی وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکی دەستنیشان کرد.

بەگشتی، زانایانی بواری زمان، زمان بەو دیاردەیە شرۆڤە دەکەن و وەک ئامرازێک بۆ پەیوەندگرتن و لێکگەیشتن بەکار دەهێنرێت، بە ڕەگەزێکی سەرەکیی ڕۆشنبیری ناوی دەبەن، بۆ پاراستنی كولتووری نەتەوەکان و گواستنەوەی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیكە.

بەپێی دوا زانیارییەکان بێت، لە جیهاندا نزیکەی شەش هەزار و حەوت سەد زمان لە جیهاندا هەن، مەترسیی لەناوچوونی زمانیش بەردەوامیی هەیە و بەپێی دوا ئامارەکان، لە ساڵی 1950وە نزیکەی 200 زمان لەناو چوون، پسپۆڕان و شارەزایانی بواری زمان پێیان وایە، لە سەد ساڵی داهاتوودا نیوەی زمانەکانی جیهان لە لێواری لەناوچوون و هەڕەشەی نەماندان، چونکە ئێستا لە 184 زمان لە جیهاندا کەمتر لە 10 کەس بەکاری دەهێنن.

سەبارەت بە زمانی کوردی، هەرچەندە زمانێکی دەوڵەمەندە و چەندین زاراوە و دیالێکتیکی جیاوازی هەیە، بەڵام جێگای داخە تا ئێستا كورد خاوەنی زمانێکی ستانداردی یەکگرتوو نییە، هەرچەندە سەرەڕای هەڕەشە و قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە پارچەکانی کوردستان، زمانی کوردی کاڵ نەبووەتەوە و لە بەرەوپێشچوونە و لەلایەن ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و خوێندەوارانەوە زمانی کوردی پەرەی پێ دراوە و بە زیندوویی هێڵدراوەتەوە.

وەک ئاماژەمان پێ دا، زمانی کوردی لە چەندین زاراوە و دیلێکتیک پێک هاتووە، کورد لە کوردستان بە چوار زاراوەی سەرەکی قسە دەکەن، وەک:
٭ زاراوەی کرمانجی باکوور (کرمانجی): بایەزیدی، بۆتانی، هەکاری، بادینانی، شەمدینانی، زاراوەی ڕۆژئاوا.
٭ زاراوەی کرمانجی ناوەڕاست (سۆرانی): موکریانی، سۆرانی، سلێمانی، گەرمیانی.
٭ زاراوەی کرمانجی خواروو (لوڕ): لوڕی ڕەسەن، بەختیاری، مامەسێنی، کۆهگڵۆ، لەک و کەڵهوڕ.
٭ زاراوەی گۆران: گۆرانی ڕەسەن، هەورامانی، باجەلانی و زازا.

سەرەڕای دیاریکردنی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لەلایەن ڕێکخراوی كولتووریی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە، زمانی کوردی لەسەر ئاستی رەسمی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەدەغەیە و مافی كولتووری و خوێندنیان بە زمانی کوردی وەک پێویست دەستەبەر نەکراوە، جگە لە هەرێمی کوردستان كە زمانی کوردی لەپاڵ زمانی عەرەبی، زمانی فەرمی و ڕێگەپێدراوە، پێکهاتەکانی دیكە ڕێگەیان پێ دراوە، بە زمانی خۆیان بخوێنن و قسەی پێ بکەن، بەبێ هیچ ڕێگرییەک.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP