دواین هەواڵ

رەمەزانی ژینگەیی: رێگرتن لە بەفیڕۆدانی خواردەمەنی

‌ عەبدولرەحمان صدیق

03/04/2022

ساڵانێكە بەیاننامەیەك لەدوای یەكەكانی پرۆگرامی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ژینگە، بەمەبەستی كەمكردنەوەی خاشاك، ئاماژە بە ئامارەكانی رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵ (فاو) دەكەن كە نزیكەی (1.3) ملیار تۆن لە خۆراكی جیهان بەفیڕۆ دەروات لە ئەنجامی فڕێدانی زیادەی خۆراكەوەو، هەروەها نزیكەی (1) ملیار مرۆڤ لەكۆی دانیشتوانی جیهان برسین و، ئەمە جگە لەوەی كە رۆژانە هەزاران منداڵ لەبەر برسێتی دەمرن لە جیهانداو، هەروەها ساڵانە نزیكەی (3/1) سێیەكی خۆراكی بەرهەمهێنراوی جیهان بەهۆی زیادەڕەویی لە بەكارهێناندا بەفیڕۆ دەچێت، بۆیە ساڵانێكە داوا لە تاك و كۆی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەكات كە لەڕێگەی كەمپینی دەستگرتن بە خۆراكەوە دەستپێبكەن و، لە ماڵی خۆبانەوە و لەو شوێنەی خۆیان خاوەن بڕیارن تێیدا.

ئێستا ئەگەر یەكێك وەك تاكێكی نێو كۆمەڵگە لێت بپرسێت ئەو لەنێو ماڵی خۆیدا دەتوانێت چی بكات؟ لە وەڵامدا دەتوانیت پێی بڵێیت: 

یەكەم: ئەو بڕە خۆراكەی كە بۆ رۆژێك یان هەفتەیەك پاشەكەوتت كردووە لە ماڵەوەدا، بەكاری بهێنە بەتەواوی، ئنجا بڕە خۆراكی دیكە بكڕە.

دووەم: ئەوەندە خواردن لێبنێ كە زیاتر نەبێت لەژ مارەی ئەندامانی خێزانەكەت و ئامادەبووانی سەر سفرەوخوان.

سێیەم: هیچ پاشماوەیەكی خۆراك مەهێڵەوە بۆ فڕێدان.

چوارەم: بۆ هەر كەسە و بەقەدەر پێویستیی خۆی خواردن بكەرە قاپەكەیەوە.

پێنجەم: شیرو چایو قاوەی ساردەوەبوو فرێ مەدە، بەڵكو پاش تێكەڵكردنیان بەبڕێك لە ئاو، بیانكەرە ژێر درەخت و روەكەكانەوە.

شەشەم: لەژەمەكاندا پێكەوە دابنیشن بۆ خواردن لە یەك كاتدا نەك هەر یەكە و بە تەنها، چونكە بەهەر جارە و گەرمكردنەوەیەكی دیكەی خواردنەكە، وزەی كارەباو غازی زیاتر لە دەست دەدرێت.

حەوتەم: ئەگەر پاشماوەی خۆراكت هەبوو ، بیكە بە پەینی سروشتی بۆ باخچەكەت.

هەشتەم: ئەو میوەیەی كە ئارەزووی خواردنی ناكەیت، فرێی مەدە، بیكە بە مرەبا.

نۆیەم : ئەگەر خۆراك و میوەی زیاد لە پێویستیی خۆت هەبوو دەشزانیت نایخۆن، هەر لە سەرەتاوە بیكە بە دیاری بۆ خزمێك یان دراوسێیەك، نەك دواتر فڕێی بدەیت پاش تێكچوونی.

دەیەم: كە خواردن بە دیلیڤەری داوا دەكەیت، داوای زۆر مەكە، بەڵكو بەقەدەر پێویستیی خۆت داوا بكە.

یازدەهەم : هەندێك لەو سەوزانەی دەمێننەوە، دەتوانیت وشكیان بكەیتەوە بۆ وەرزێكی دیكە.

دوازدەهەم: وردە نانی زیادە و تڵپەچا و توێكڵی میوەكان بكەرە ژێر خۆڵی باخچە و رووەكەكانی ماڵەوە.

سێزدەهەم: توێكڵی زۆری میوە قەبارە گەورەكانی وەك شووتی و كاڵەك بخەرە بەر هەتاو بۆ كەمبوونەوەی كێش و لە دەستدانی بڕی ئاوەكەی، بەمەش بارستەی تەنەكە خۆڵەكەت سووكتر دەبێت، بارستەیەكی تەڕ و قورس ناخەیتە حاویەی خاشاك كۆكەرەوەكانەوە.

چواردەهەم: بزانە كە لەڕووی ئایینییەوە ئەوە فەرمانی خودایە كە فەرموویەتی : بخۆن و بخۆنەوەو زیادە مەسرەفیی مەكەن.

پازدەهەم: ئەوەش بزانە كە زۆر خواردن لەم سەردەمی دانیشتن و كەم جووڵەییەدا زیانی تەندروستی زۆری بەدواوەیە.

شازدەهەم: دەكرێت ئەگەر خواردنت مایەوە بیخەیتە بەردەمی ئەو ئاژەڵ و پەلەوەرانەی كە خۆت هەتە لە ماڵەوە یان هی كەسێكی نزیكتن. 

حەڤدەهەم: بەشداربە بەهەر هۆكارێك بۆ رێگرتن لە برسێتیی.

هەژدەهەم: ئەوە بزانە كە ئاسایشی خۆراك، كلیلی ئاسایشی سیاسیی و كۆمەڵایەتیشە.

نۆزدەهەم : ئەمە دروشمت بێت لە ژیاندا: حەزم لە خوان و نانە، رقم لە بەفێرۆدانە.

بیستەم: بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بیت لە پاراستنی ژینگەدا، هەمیشە بیربكەرەوە پێش ئەوەی بخۆیت

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP