ئەمڕۆ پەنجا و نۆ ساڵ بەسەر ڕەشترین ڕۆژی مێژووی عێراق و کوردستانی باشووردا، تێدەپەڕێت. ئەم ڕۆژە کودەتاچییەکان کارەساتێکی خوێناویان بەسەر گەلی عێراقدا هێنا، چارەنووسی گەلانی عێراقیان خستە دۆزەخی ڕۆژگارەوە، دۆزەخێك کە هەتا ئێستەیش، بۆکرۆزی لوتی شەڕی مەزهەبی ، نەتەوەیی و نیشتیمانی دەچووزێنێتەوە، ڕێگەیان بۆ ڕق و کینە و دوژمنایەتی ڕەگەزی و ئاینی و نیشتیمانی خۆش کرد، ئەمەیش ئاسانکاری کرد بۆ داگیرکەران، کە وڵات تاڵان و بەش بەش و بێخاوەن بکەن، بکوژ و خوێنڕێژ لە نموونەی حەجاجی یوسفی سەقەفی و جەنگیز خان و هۆلاکۆ دووبارە ببنەوە.
من قەت ڕۆژی هەشتی شوباتی ١٩٦٣ لە یاد ناکەم، لەم ڕۆژەدا لە هەڵەبجە لە ماڵی مامۆستا (مەحموود هەلاج) کۆبوونەوەی لیژنەی قەزای هەڵەبجەی حیزبی شیوعیمان هەبوو، ئێمە لە گەرمەی قسە و باسی ئەوەدا بوین، کە ئەگەر کودەتا ڕووی دا چی بکەین؟ ئایا هێزی چەکدار ڕێك بخەین و بەرخۆدان بکەین؟ یان خۆمان بشارینەوە و دەست بکەین بە چپە چپ و خەباتی سیاسی؟ لەم کاتەدا هاوڕێی خاوەن ماڵ بەخۆی و ڕادیۆیەكەوە خۆی کرد بە ژوورداو گووتی؟ کۆبوونەوەی چی دەکەن زەعیم کوژرا، کە گوێمان لەمە بوو، بەرپرسەکەمان یەکسەر ڕووخا و گووتی: کۆبوونەوە تەواو و چووە دەرەوە، ئەو هەرچەندە تێکۆشەرێکی دێرین بوو، بەڵام پیاوێکی ترسنۆك و ڕاڕاو بێتەگبیر بوو، ئیتر ئێمە بە لای ڕادێۆکەوە دانیشتبووین گوێمان لێ بوو ناوی سەرکردەکانی حیزبی دەخۆێندەوە، کە یەکە یەکە لە سێدارە دراون، لە لیژنەکەماندا چەند کەسێکی شۆڕشگێڕ و ئازای تێدا بوو، کەوتینە کۆکردنەوەی چەك و پێكهێنانی شانەی چەکدار و کردنەوەی بنکەی سەربازی لە چەند شۆێنێکی قەزاکە.
ئاخر چەند ڕۆژێك پێشتر هاوڕێ (کەریم ئەحمەد) کە ئێستاش لەژیاندا ماوە کۆبونەوەی پێ کردین و گووتی: کودەتا دەبێت، ئێمەش گووتمان ئەگەر ڕووی دا چی بکەین؟ گووتی: وێنەی زەعیم بەرزدەکەینەوە و جەماوەر لە خۆمان کۆدەکەینەوە و بەرەنگاریان دەبینەوە (هەرواش بوو لە بەغدا و شارە گەورەکانی تری عێراق میللەت بە دەستبەتاڵی بەرانبەر بە تانکەکان وەستان، ئەوانیش گولە بارانیان کردن)
لەو ڕۆژەوە عێراق بووە بە گۆڕەپانی تۆپ تۆپێنی دەوڵەتانی وەکوو ئێران، تورکیا و دەوڵەتانی زلهێز، کوردیش بوو بە یاریکەری ناو مەیدانەکە و جار جاریش ئەگەر گۆڵێکیان پێ بکردینایە لە لایەك، لاکەی تر بە دوو گۆڵ تۆڵەی لێ دەکردینەوە. ئیتر لەو ڕۆژەوە کوردستانی باشوور بووین بەیاریکەری دەوڵەتانی داگیرکەر، هەندێ جاریش هەرخۆمان تۆپەکەین و یاریکەریشین..!
بۆیە داوا لە خوا دەکەین بەڵکو دوو گۆڵچی لێزان و شارەزامان بۆ بنێرێ هەتا ئەوەندە یارییمان پێنەکەن.