دواین هەواڵ

ئەوەی لە ئەڤغانستان ڕوویدا، لە کوردستان دووبارە نابێتەوە!

‌محەممەد ئەمین پێنجوێنی

16/08/2021

ئەو کاتەی کە (زەڵمای خەلیلزاد)، باڵێۆزی ئەمەریکا بوو، لە عێراق، تەقینەوە، تیرۆرکردن و ئاژاوەی سیاسی لە عێراقدا زۆر بوو، هەموو هێزە ئەمەریکییەکان و دەزگا هەواڵگرییەکان بۆ سەرچاوەی ئەو پەشێویی و لە گرێژنەچوونەی عێڕاق دەگەڕان، کە بزانن سەرچاوەکەی لە کوێوەیە؟

سەرکردەیەکی دەستڕۆیشتووی کورد پێی گوتم: بۆمان ئاشکرا بووە، کە هەموو ئەم کارانە دەوڵەتی ئێران لەپشتیەوەیەتی. هەر ئەو سەرکردە کوردە گوتی: زەڵمای خەلیلزاد داوای لێ کردووم کە هەوڵ بدەم دیدارێكی لەگەڵ باڵێۆزی ئێراندا بۆ بسازێنم. لەو دیدارەدا خەلیلزاد بە باڵێۆزی ئێرانی گوتبوو: ئێوە بۆ ئەم تەقینەوانە لە عێراقدا دەکەن، بۆ شیعەو سونەمان لێ هان دەدەن؟ ئێمە سەدام و تاڵیبانمان ڕووخاند، کە دوو دوژمنی سەرسەختی ئێوە بوون، واتا ئێمە خزمەتێکی گەورەمان بەدەوڵەتی ئێران و گەلی ئێران کردووە، وامان لێ مەکەن لەو کارە پەشیمان ببینەوە .!!

وادیارە ئێستا لە پشتیوانی حکوومەتی ئەڤگانستان پەشیمان بوونەتەوە، هەرچەندە ماوەی دوو ساڵە لە قەتەر، ئەمەریکاو تاڵیبان لە گفتوگۆ دابوون بە ئامانجی ڕێکەوتن و هەندێ خاڵی نهێنی نێوانیان.

وەکوو دەبینین ئەمریکا پاشەکشێی کرد، سەرەڕای ئەوەی ماوەی بیست ساڵە ڕاهێنان بە سووپای ئەفغانستان دەکەن و پڕ چەکیان دەکەن و بە دەیان و سەتان ملیارد دۆلاریان تێدا خەرج کردن، حکوومەتیان بۆ دروست کردن و لەم پێناوەدا سەدان سەربازی ئەمریکیان بە کوشت دا، بەڵام لە ئاکامدا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئەم حکوومەتە هەر خەریکی گەندەڵییەو سووپاکەشیان نەبوو بە سووپایەکی نیشتیمانی، هەر عەقڵیەتی میلیشیایی، خێڵەکایەتی و حیزبایەتی زاڵ بوو بەسەریدا. بە چۆڵکردن و پاشەکشێی هێزەکانی ئەمەریکا بۆشاییەکی گەورە دروست بوو،

تاڵیبان وەکوو هێزێکی گەورەی ڕێکخراوی عەقائیدی کە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دەسەڵاتیان هەبوو، بۆشاییەکەی زوو پڕ کردەوە، ئەمەریکا ئومێدێکی گەورەی بە تاڵیبان هەیە، بۆ ئەوەی بیکا بە دژ ئێرانداو کێشە لە سنوورەکانیدا بۆ دروست بکات، لە لایەکی تریشەوە (ئیگۆر)ەکانی چین کە هەزاران چەکدارن لەسوریا، لەڕێگەی تورکیاوە بیان گێڕنەوە بۆ سەر سنووری چین، بۆ ئەوەی کێشە بۆ چینیش دروست بکەن، چونکە ئەمڕۆ چین و ئێران دوو نەیاری سەرسەختی ئەمەریکان، ئەمەریکاش بەتەمایە ئەم کارتانە لە ڕێگەی تاڵیبانەوە بەکاربهێنێ.

بۆیە ئەڵێم ئەگەر ئەمەریکا بەتەواوی کوردستان بە جێ بهێڵێ، ئەو بۆشاییە دروست نابێ و پرۆسەی سیاسی کوردستان تێك ناچێت، چونکە ڕاستییەکەی تورکیا بەشێکی زۆری لە هەرێمی کوردستان داگیر کردوەو هەشتاو دوو سەربازگەی تیا داناوە، ئێرانیش هەژموونی خۆی لە بەشێکی تری هەرێم دا باڵا دەست کردووە، ئەم دوو دەوڵەتە، لەم قۆناغەدا نایانەوێت پرۆسەی سیاسیی هەرێم تێك بچێت، هەر چەندە ئەمەریکاو هاوپەیمانان گلەییان زۆرە لە حکوومەتی هەرێم، چونکە دە ساڵە دەیانەوێت هێزی پێشمەرگە یەکبخەن و بیکەن بە سووپایەکی نیشتیمانیی بەڵام منافەسەی حیزبی و عەقڵیەتی کێ هێزی یەکەم بێت، ڕێگر بووە لەم کارەو گلەییشیان لەحکومەت هەیە کە گەندەڵەو مەودای ئازادییشی تەسك کردووەتەوە.

بەڵام ئەمە مانای وا نییە کە هەتاهەتایە دەستمان لێ بەرنادەن، ئەگەر چاکسازیی لە کۆی سیستەمی حوکمڕانیی نەکرێت، ئەوا ڕوژێک هەر دێت، وەکوو ئەڤگانستان، دەستمان لێ بەر بدەن، بۆیە دەڵێم پەند لەو کارەساتەی ئەڤگانستان وەربگیرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP