دواین هەواڵ

هۆی شکستی دانووستاندنی کورد لەگەڵ بەغداد

‌سه‌ردار عه‌بدوڵڵا

07/01/2022

سروشتی سیاسەت خۆی وایە کە لەسەر پەیوەندی نێوان بەرژەوەندی و هێز کار دەکات. واتا سیاسەت لەدواییدا بەکارهێنانی هێزە لەپێناو وەدەستهێنانی بەرژەوەندیدا.

چەمکی هێزیش لێرەدا فرەڕەهەند و فرەچەشنە. ڕێگاکانی بەکارهێنانیشی جیاجیان. لەوانەش جەنگ بە شێوە جیاوازەکانییەوە (سەربازی، ئابووری، کلتووری، گەمارۆ، میدیایی)، هەروەها دیپلۆماسی و دانووستاندن. دواپێوەری بڕیاردان لە بەکارهێنانی هەریەک لەو شێوازانە و تەوقیتی بەکارهێنانیشی بەندە بە تێڕوانینی ستراتیژیمان بۆ خودی ململانێکە، کە کۆتا ئامانجی پاراستن، یان وەدەستهێنانی بەرژەوەندییە. لێرەشدا دەبێ ئەوە ڕوون بێ کە مەبەست لە بەرژەوەندی، بەرژەوەندی نیشتمانی و ئاسایشی نەتەوەییە.

پەنابردن بۆ جەنگ بڕیارە هەرە سەختەکەی بەردەم سیاسییەکانە، چونکە پێداویستییەکانی هێندە گران و قورسن، کە دەگمەن نەبێت کارێکی هێندە ئاسان نابێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە مێژووی مرۆڤایەتی بەدیوێکیدا بریتییە لە مێژووی جەنگ. هەر بۆیە ڕێگە کراوەکەی بەردەم سیاسیی و دەوڵەتان دانووستاندن و بژاردەی دیپلۆماسییە، کە خۆی لەخۆیدا درێژەدانە بە جەنگ بە شێوە ساردەکەی. لە بەرامبەریشدا ئەو کاتەی دانوستاندن بە بنبەست دەگات، ئیدی جەنگ دەبێتە ئەگەری حەتمی و لێرەشەوە دەبێتە درێژەکێشانی دانوستاندن بەشێوە گەرمەکەی.

ئامانجی هەر ململانێیەک (سارد، یان گەرم) بریتیە لە پاراستن و وەدەستهێنانی بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی، ئەمەش لە ڕێگەی گەیشتنە ڕێککەوتن لەنێوان ناکۆکان، یان بەشەڕهاتووەکان دێتە دی. واتا ئامانجی هیچ جەنگێکی سەربازیش کوشتنی نەیار و دوژمنان نیە، بەڵکوو مەبەست لێی سەپاندنی ئیرادەی لایەنی براوەیە، کە خۆی لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتندا دەبینێتەوە. بەمەش گەیشتن بە ڕێککەوتنی گونجاو، یان مومکین، ئامانجی هەر دانوستاندنێکە، بەڵام...!

کێشەی بەشی هەرە زۆری سیاسی و میدیا و خەڵکیش ئەوەیە کە تا ئێرە و ئیدی دەوەستن. لای ئەو زۆربە هەرەزۆرە، یارییەکە لەگەڵ ئیمزاکردن و ڕاگەیاندنی ڕێککەوتندا کۆتایی دێت، لەکاتێکدا کە مەسەلەکە ڕێک پێچەوانەیە، چونکە یارییەکە ئەو کاتە دەکەوێتە بەردەم مەحەکی جیدییەت و ناجیدییەتەوە، کە ڕێککەوتنە ئیمزاکراوەکان جێبەجێ دەکرێن یان نا. مێژووش پڕە لە ڕێککەوتنە پێشێلکراوەکان.

لەدوا دەرەنجامدا ئێمە لە سیاسەتدا زۆر جار ناچار دەبین ڕێککەوتنێک قبووڵ و ئیمزا بکەین، بەڵام ئەو چرکە ساتەی ڕێککەوتنێکی ناچار ئیمزا دەکەین، تەنها بیر لەوە دەکەینەوە کە چۆن چۆنی هەڵیبوەشێنینەوە، یان لانیکەم لە کاتی جێبەجێکردنیدا لەناوەڕۆکی خۆی بەتاڵی بکەینەوە.

ئێمە تەنها بەهاوکێشەی هێز دەتوانین لایەنی بەرامبەر ناچار بکەین پابەند بێت و ڕێککەوتنەکەمان جێبەجێ بکات. ئەو کاتەشی کە ڕێککەوتنەکەمان بە ناچاری کردبێت ئەوا ئەو کاتەی هێزی وەدەست هێنایەوە، نەک هەر پابەندی نابین، بگرە خودی ڕێککەوتنەکەش پێشێل یان تەنانەت هەڵدەوەشێنینەوە.

لێرەوە ئیدی پرسیاری هەر پرۆسەیەکی دانووستاندن دابەش دەبێت بەسەر دوو لایەنی سەرەکیدا، یەکەمیان گەیشتنە بەڕێککەوتنێکی باش کە دەستکەوتە دڵخوازەکان مسۆگەر بکات. دووەمیشیان کە زۆر لە خودی ڕێککەوتنەکە گرنگترە، بریتیە لە چۆنێتی مسۆگەرکردنی ئیلتیزام و جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە، کە بەداخەوە ئەمەیان، زۆر زۆر دەگمەن نەبێت پرسیاری دانووستانکاری کورد نەبووە، چ لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا، و چ لە ناوخۆدا ئەو کاتەی لایەنە کوردستانییەکان لەنێوان خۆیاندا دەگەنە ڕێککەوتن، بۆیە دەبینین بەشی هەرە زۆری ئەو ڕێککەوتنانە، چ ئەوانەی لەناوەوە، یان ئەوانەی لەگەڵ حکوومەتەکانی عیراقدا ئیمزا کراون، پێشێل کراون و جێبەجێ نەکراون.

ئێستاش کە ئێمە لەپاش ڕووخانی سەدامەوە، بۆ چەندەهەمین جارە ڕێگەمان دەچێتەوە بەغداد، بۆ دانووستاندنی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عیراق. پێویستە ئەوە بزانین کە پرسیاری سەرەکی هەر ئەوە نیە کە چۆن دەگەیتە ڕێککەوینێکی باش، بەڵکوو ئەوەشە کە چۆن جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە مسۆگەر دەکەیت؟ چین ئەو کارتانەی لایەنی بەرامبەر ناچار دەکات، ئەو ڕێککەوتنەت لەگەڵدا ئیمزا بکات؟ چین ئەو کارتانەی ناچاری دەکەن کە ڕێککەوتنەکە پێشێل نەکات و ئیلتزامی پێوە بکات؟ ئەمانە و دەیان پرسیاری دیکە کە قسەی زۆر ورد و هەمەلایەنی پێویستە، ئێستا بە توندی بەرۆکیان گرتووین، بە تایبەتیش کە بەغداد هیچ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ کوردستاندا جێبەجێ نەکردووە.

بۆ ئەوەی بتوانی ڕێککەوتنی باش بسەپێنیت، دەبێ زۆر بە وردیی لە هاوکێشە هەمەلایەنە ناوەکی و دەرەکی و ئیقلیمییەکان گەیشتبیت، کارتەکانی هێز و لاوازی خۆت و بەرامبەرت زانیبێت، ئەمەیان بۆ قۆناغی یەکەم کە گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی باش.

ئینجا دەبێ بەر لە هەر دانووستاندنێک وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەیتەوە کە بەندن بە زامنکردنی ئیلتیزامی بەرامبەرەوە بەو ڕێککەوتنەوە، ئەگینا ئەمجارەش وەک هەموو جارانی رابردوو، دانووستاندن دەکەین، دێین و دەچین، چەندین جەولەی دانووستاندن بەڕێ دەکەین، لە دواییدا دەگەینە ئیمزاکردن و ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەوە، بەڵام وەک هەموو جارانی پێشووش بەغداد ڕێککەوتنەکان جێبەجێ ناکات، ئێمەش هیچمان بەدەستەوە نابێت تا ناچاریان بکەین بە ئیلتزام و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.

ئەم ئەنجامە کارەساتبارەی وەک تراژیدیایەکی ئەفسانەیی هەموو جارێک لەبەر ئەوە دووبارە نابێتەوە کە ئێمە کارتی پێویستمان نیە بۆ یاریکردن، بەڵکوو کێشەکە لە تێگەیشتندایە، لەوەدایە کە دانووستانکارێک خۆی کارتەکانی هێزی خۆی نەناسێت و بە باشی بەکاریان نەهێنێت. زۆر بە دڵنیاییشەوە لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا کورد ئەو کارتانەی هەیە، یان نا.

دەڵێم بەڵێ کارتی هەنووکەیی و کارتی هەمیشەییشی هەیە، بەڵام نەک هەر بەکاری نەهێناون، بەڵکوو زۆرجاریش هەر نەیناسیون و پێشی نەزانیون. ئیدی کاتی ئەوە هاتووە، ئەم تراژیدیایە کۆتایی بێت و زانستیانەتر و بابەتیانەتر بچینە سەر مێزی دانووستاندن لەگەڵ بەغداد، بە جۆرێک کە بتوانین ڕێککەوتنی باش مسۆگەر بکەین و زەمانەتی ئیلتزام و جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەش بسەپێنین. ئەمەشیان بابەتێکی دیکەی قسەکردنە..

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP