دواین هەواڵ

قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا

‌محەمەد سالار (پاشا)

22/11/2021

چیرۆکەکە بە کورتی
   لە پاش ساڵی (2006) و بەرەوپێشچوونی دۆخی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان، هەروەها دەرچوونی یاسای وەبەرهێنان ژمارە (4)ی ساڵی (2006) بوژانەوەیەکی بەرچاوی لە کەرتی تایبەت هێنایە کایەوە، ئەمەش هانی وەبەرهێنەرو بازرگانانی دا بە وەرگرتنی ئاسانکاری بانکی (تسهيلات مصرفية) لە بانکە حکومییەکان بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆژەکانیان.
کۆمپانیای نالیا بۆ وەبەرهێنان
لە هەردوو رێکەوتی (12/10/2010) هەروەها (5/6/2011)، کۆمپانیای نالیا  دوو گرێبەستی واژوو کردووە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری سەبارەت بە پێدانی ئاسانکاری بانکی "قەرز" بە بری (43.750.000.000 ملیار دینار) بۆ ماوەی دوو ساڵ، وە ئامانج لە پێدانی ئەو قەرزە دروستکردنی پرۆژەی چاڤی گەشتیاری بووە، سوودی بانکی ئەم قەرزەش بە پێی گرێبەستی نێوانیان بە (7.5. ٪) دیاریکراوە.
لە بەرامبەر ئەم قەرزەدا کۆمپانیای ناوبراو هەستاوە بە رەهن کردنی (153) موڵک کە بریتیە لە شوقەکانی کۆمپانیای نالیا "گوندی ئەڵمانی / 2" و بە بەهای (55.000.000.000 پەنجا و پێنج ملیار دینار) خەملێندراوە، دواتر لەسەر داواکاری کۆمپانیای نالیا، وەزارەتی دارایی و ئابوری پاڵپشت بە رەزامەندی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندییان داوە بە گۆڕینی زەمانەتی قەرزەکان لە موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا "گوندی ئەڵمانی / 2 بۆ (4) موڵک کە تۆمارن بە ناوی کۆمپانیای (چاڤی) و بریتیە لە شاری گەشتیاری چاڤی لاند.
ماوەی قەرزەکان
پاڵپشت بە گرێبەستی واژووکراو لە نێوان کۆمپانیای نالیا و وەزارەتی دارایی، ماوەی پێدانی قەرزەکان بۆ (2) ساڵ بووە، بە سوودی بانکی (7.5 ٪) دواتر لە ساڵی (2014) و پاڵپشت بە فەرمانێکی وەزاری لە رێکەوتی (2/2/2014) ماوەی قەرزەکەی  درێژکراوەتەوە بۆ دوو ساڵ و نیوی دیکە کە لە رێکەوتی شایستەبوونی گێڕانەوەی قەرزەکە دەست پێ دەکات، وە رێژەی سوودی بانکی زیادکراوە بۆ رێژەی (8.5٪).
وە لە پاش ساڵی (2015)ەوە رێژەی سوودی بانکی بەرزبوەتەوە بۆ (11٪).
پاشان وەزارەتی دارایی لە ساڵی (2014) بە دواوە تا ساڵی (2020) چەندین جار ئاگادارکردنەوەی ئاراستەی کۆمپانیای نالیا کردووە بە مەبەستی گێڕانەوەی بری قەرز هاوتا لە‌گەڵ سوودی بانکی، بەڵام بێ سوود بووە، بۆ هەمان مەبەست چەند جارێک نووسراوی ئاراستەی بەرێوبەرایەتی تۆماری خانووبەرەی سلێمانی کردووە بە مەبەستی ئەنجامدانی رێکاری یاسایی بە مەبەستی فرۆشتنی زەمانەتی قەرزەکان و وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکانی میری، بەڵام چەند قۆناغێکی بریوە و پاشان رێکارەکان وەستاون.
داوای یاسایی
کۆمپانیای نالیا لە مانگی (2 / 2015) داوایەکی یاسایی تۆمارکردووە دژ بە وەزارەتی دارایی و بانکی سلێمانی / 1 بە مەبەستی وەستاندنی سوودی بانکی لەسەر کۆی قەرزەکەیان پاڵپشت بە مادەی (146) لە یاسای شارستانی.
ئەم داوایە سەرجەم قۆناغەکانی دادگایی کردنی بڕیوە، لەپاش قۆناغی بەرایی، تێهەڵچوونەوە، پێداچوونەوە، ڕاستکردنەوەی پێداچوونەوە، دواتر سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بە بریاریان ژمارە (90/2021) دەرچوو لە رێکەوتی (25/10/2021) بریاری داوە لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی و ئابوری.
ماددەی (146)
ماددەی (146) لە یاسای شارستانی ژمارە (40)ی سالی (1951) لە دوو برگە پێک دێت، برگەی (2) باس لەوە دەکات ئەگەر دۆخی"استثناء" هاتە پێشەوە و نەدەگونجا پێشبینی بکرێت وە بوو بەهۆی زیانگەیاندن بە لایەنێک لە لایەنەکانی گرێبەستەکە، دادگا بریار بدات بە کەمکردنەوەی ئەو بەرپرسیارێتیە لە پاش راگرتنی بەرژەوەندی هەردوو لایەن.
کۆمپانیای نالیا هەر یەک لە خراپی دۆخی دارایی و قەیرانی مووچە و جەنگی داعش و نەهاتنی گەشتیاری عەرەب دانا بوو بە دۆخێکی نەخوازراو و داوای کردبوو لە دادگا بریار بدات یان بە وەستاندنی سوودی بانکی ئەسڵی قەرزەکە یان بە کەمکردنەوەی.
وەرگرتنەوەی قەرزەکان
حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند جارێک بە شێوەیەکی جددی کاری کردووە لەسەر وەرگرتنەوەی قەرزەکانی، نە بەتەنها لەسەر کۆمپانیای نالیا، بەڵکو سەرجەم سەوداکارانی بانکی کە قەرزیان وەرگرتووە لە حکومەت، جاری یەکەم لە ساڵی (2014)، دووەمیان لە ساڵی (2016) و تیایدا وەزارەتی دارایی بریاری دا بە رێگەدان بە دانەوەی قەرزەکان لە رێگەی چەکی بانکی، دواجاریشیان لە رێکەوتی (15/6/2020) بەرێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان سەر بە وەزارەتی دارایی نووسراوێکیان ئاراستەی سەرجەم بانکە بازرگانییەکان کردووە بە مەبەستی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەسەر سەوداکارانە، پاڵپشت بە سێ یاسا، ئەوانیش:
یاسای وەرگرتنەوەی قەرزە حکومییەکان ژمارە (56)ی ساڵی (1977).
یاسای تۆمارکردنی خانووبەرە ژمارە (43)ی ساڵی (1971).
یاسای جێبەجێ کردن ژمارە (45)ی ساڵی (1980).
بەڵام ئەم هەوڵەش لە پاش چەند قۆناغێکی سەرەتایی وەستا.
لە ئێستادا و بە پێی دواین داتای حکومەت ژوروو (750.000.000.000 ملیار دینار) قەرز لای وەبەرهێن و کۆمپانیاکانە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP