دواین هەواڵ

هۆكار و ئاكامەكانی رووداوەكانی 11ی سێپتەمبەر

‌بورهان شێخ رەوف

14/09/2021

رووداوەكانی 11 سێپتەمبەری 2001 و ئەو جەنگانەی ئەمریكا وەكو كاردانەوە بەرپای كرد لە جیهاندا، ئەو رووداو و گۆڕانكارییانەی بە دوای خۆیدا هێنا لە جیهانی ئیسلامی، ئاكامی ئەو جەنگەیە كە دواتر بە شەڕی دژ بە تیرۆر ناسرا.

كشانەوەی شپرزانەی ئەمریكا لەئەفغانستان

ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕامان بوو لە یادی بیست ساڵەی ئەو رووداوەدا هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان بەخێرایی و بێ‌ بەرنامە و بە شپرزەیی كشایەوە، تەنانەت فریای ئەوەش نەكەوتن دۆكۆمینت و كارمەندانی باڵوێزخانە و هاوكارە ئەفغانیەكانیشیان دەرباز بكەن لەو وڵاتە، كشانەوە و لە كاتێكی ئێجگار كورتدا كە چاوەڕوان نەكراوبوو وایكرد بزوتنەوەی تالیبان وڵاتەكە بەخێرایی كۆنترۆڵ بكات.

ئەو پەلامارە چاوەڕوان نەكراوەی كە رێكخراوی ئەلقاعیدە لە 11 سێپتەمبەری 2001 كردیە سەر هەردوو تاوەری بازرگانی جیهانی لە نیویۆرك كە دوو پێگە و وێستگەی گرنگی كۆمەڵگەو حكومەتی ئەمریكاش بوون،پاساوی ئەوەبوو كە ئەمریكا ئەفغانستان داگیربكات، بەڵام دوای بیست ساڵ لەو رووداوە و هەزاران قوربانی و تریلیۆنەها دۆلار خەرجی، سەرۆك بایدن بڕیارێكی راست و دروستیدا بە كۆتایی هێنانی بەو جەنگ و سەركێشییە لە ئەفغانستان هەروەكو لەڕاپۆرتی پەیمانگای (BROOKINGS) ئەمریكی دا هاتووە.
هەڵەی مانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان

بڕیاری ئەوكاتەی سەرۆكی ئەمریكا (بوشی كوڕ) بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی 11 سپتەمبەر، سووربوون لەسەر لەناوبردنی رێكخراوی ئەلقاعیدەو بزوتنەوەی تالیبان كە خانەخوێی بوو، بڕیارێكی لە جێی خۆیدابوو، تاڕادەیەك و هەموو ئەمریكییەكان پشتیوانی بوون، بەڵام بڕیاری مانەوە لە ئەفغانستان و هەوڵدان بۆ دروستكردنی حكومەتێكی خۆجێی ئەفغانی بەهیزو بە توانا، یەكەم هەڵەی گەورەی ئەمریكا بوو كە سیاسەتی خۆی دواتر لەسەر بنیاتنا دوای 11 سێپتەمبەر ، بەڵام لەوەیە ئەم هەنگاوەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە پاشەكشەی ئەو دەمەی ئەمریكا دۆخی ئەفغانستان دەگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم .

بەڵام دوای بیست ساڵ ئەو راستیە زیاتر دەركەوت كە مەحاڵە، بتوانرێت دەوڵەتی دیموكراسی و نەتەوەیی بۆ ئەفغانستان بە دەستی دەرەكی و بە لوولەی چەك و تانك و زریپۆشی ئەمریكی دابمەزرێت، ئاكامەكەشی شكست و داڕمانە، تەنانەت بۆ وڵاتانی تریش لە نموونەی عیراق .

هەر لە دوای ئەو كارداناوانەی 11 سێپتەمبەری 2001، ئەمریكا عیراقیشی داگیركرد لە 9/4/2003 بە پاساوی بوونی چەكی كۆكوژو (كە پێشتر دژی خەڵكی كوردستان لە ساڵی 1988 لە هەڵەبجە و شوێنی تر بەكاری هێنابوو) پەیوەندی لە گەڵ رێكخراوی ئەلقاعیدە، پاڵنەری سەرەكی ئەو بڕیارە بوو كە هەر سێ‌ كەسی داڕێژەری سیاسەتەكە (سەرۆك جۆرج دەبلیو بۆشی كوڕ و دیك چینی جێگری و دۆناڵد ڕامسفێڵدی وەزیری بەرگری) بوون، لەو بڕوایەدا بوون ئەو گورزەی كە لە قاعیدە و هاوپەیمانەكانی دران لە ئەفغانستان بەتەنها بەس نیە بۆ تۆڵەكردنەوەی پەلامارەكانی نیویۆرك و پەنتاگۆن و پێویستە كۆتایی بەڕژێمی (سەدام حسین) و حزبی بەعیش بێنن، بەڵكو كۆمەڵێك گۆڕانكاری ئەرێنی لە ناوچەكەدا بێتە كایەوە، بەڵام ئاكامەكان تا ئێستا نە قازانجی ئەمریكا و نە گەلانی ناوچەكەش بووە .

سوودمەندانی ئەو كاردانەوانە ئەمریكا

ئێستا ئەمریكییەكان و عەرەبەكانیش بە تایبەتی سعودیە هەستیان كردووە كە سوودمەندی یەكەم لەو جەنگانە بەتایبەتی جەنگی عیراق ئێرانییەكانن، چونكە دوژمنی لە مێژینەیان سەدام حسێن لە ناوچوو و دەرگایان بۆ كرایەوە بۆ دەرخستنی هێزوتوانایان و هەژموونیان لەناوچەكە و بەسەر وڵاتانی تردا، هەر لە شامەوە تاوەكو یەمەن، ئەمە جگە لەخۆ گەیاندن بە دەریای سپی ناوەڕاست .

قاعیدە بۆ پەلاماری خۆرئاواییەكان و ئەمریكای دەدا؟

قاعیدە و هەموو رێكخراوە توندئاژۆكان شكستیان هێنابوو لەبەگژاچوونەوەی رژێمە دكتاتۆری و شموولییەكانی ناوچەكە، بۆیە لە بری ئەوە پەلاماری بەرژەوندی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیان دەدا، چونكە ئەوانیان بە پاڵپشت و هاریكاری ئەو رژێمانە ناوچەكە دەزانی .

سەرهەڵدانی داعش

لەدوای رووداوەكانی بەهاری عەرەبی و شەڕی ناوخۆیی لە سوریا و جێگیر نەبوونی دۆخی عیراق بە تایبەتی هەردوو دیوی سنووری عیراق و سوریا، زەمینە لەباربوو بۆ سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق وشام (داعش)، كە لەوێوە هەڕەشە لە ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری ئەوروپا و ئەمریكا و جیهان و تا ئۆقیانووسەكانی ئەتڵەسی و هیندیش بكەن .
هەرچەندە هاوپەیمانیتییەكی نێودەوڵەتی پێكهێنرا بۆ بەگژاچوونەوە و لە ناوبردنی داعش لەجیهاندا، تاڕادەیەكی باش كار و چالاكیان سنوورداركرا، بەڵام تا ئێستا دوای بیست ساڵ لە رووداوەكانی 11 سێپتەمبەر قاعیدە و هەروەها داعش هەرماون و زیندوون و چەكدار و هەروەها شانەی نوستوویان ماوە، دواكردەوەی تیرۆریستیشیان لە 26 ئابی 2021 لە نزیك فڕۆكەخانەی كابول بوو كە چەندین هاوڵاتی سڤیلی ئەفغانی و هێزەكانی ئەمریكا بوونە قوربانی .

لەكۆتایدا دەڵێم ئەوەی گرنگە، ئەوەیە كە رەوتی جیهادی، ئاكامی سیاسەتی خۆرئاوا نییە، بەڵكو زادەی قەیرانە كۆمەڵایەتییەكان و هەژاری و نەبوونی خزمەتگوزاری و گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنە لەم ناوچەیەدا، لەبەر ئەوە چاكسازی لەناوەوە دەكرێت نەك لە دەرەوە هاوردە بكرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP