دواین هەواڵ

ھەڵبژاردنەكانی عێراق لە نێوان ئەجێندا و گەمە سیاسییە ھاودژەكاندا

‌نەوزاد هێتوتی

13/06/2021

لە 10ی ئۆكتۆبەری 2021 بریاڕ وایە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوە بچێت؛ ھەرچەندە ئێستایشی لەگەڵدا بێت بەتەواوەتی یەكلا نەبووەوە كە ئایا ئەم ھەڵبژاردنە لەو ڕێكه‌وتەدا دەكرێت یان دوا دەخرێت بۆ ساڵی داھاتوو؟ لەبەر ئەوەی گوشاری زۆر ھەیە لەلایەن ھه‌ندێك لایەنەوەوە بۆ ئەوەی ئەم ھەڵبژاردنە نەكرێت. ھۆكاری ھاتنەپێشەوەی پڕسی ھەڵبژاردنی پێشوەختە  بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە  كە، لە ساڵی 2019وە خۆپیشاندانی گەورە لە عێراق، بەتایبەت لەناوچە شيعەكان بەڕێوە دەچن و یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكان ئەوە بووە كە دەبێت ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراقدا بكرێت. بەتایبەت شەقام لە ئەدای دەسەڵاتدارانی بەغدا ڕازین نەبوون و، پێیان وایە نەیانتوانیوه‌ لە ڕووی سیاسی و ئابووری و ڕەوشی ئەمنیییەوە ھەنگاوی بەرچاو بهاوێژن و، هه‌روه‌ها بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پڕسی گەندەڵی و نەھێشتنی بێكاری، پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتایییەكان، ڕێگەگرتن لە دەستێوەردانی دەوڵەتانی ھەرێمی و سنووردانان بۆ میلیشیا چەكدارەكان كە بوونەتە ھەڕەشەیەكی گەورە لەسەر ژیانی ھاووڵاتیان.

لەم ھەڵبژاردنەدا زۆر كیان و حزب و ھێزی سیاسی بەشدار دەبن، بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگەی پڕسیارە ئەوەیە كه‌، ئەو ھەڵبژاردنە دەتوانێت چی بكات؟ ئایا دەتوانێت بارودۆخی عێراق بە ئاراستەیەكی باشتر بگۆڕێت؟ ئایا دەتوانێت نەخشەی سیاسیی عێراق بە ئاراستەیەكی تازە ببات كە جیاواز بێت لەوەی ئێستا ھەیە؟ ئایا چاوەڕێی ئەوە دەكرێت دەسته‌بژێرێكی سیاسیی نۆی لە ھەڵبژاردنەكاندا سەركەوتن بەدەست بهێنێت كە جیاواز بێت لەو دەموچاوانەی كە 18 ساڵە لە عێراق فەرمانڕەوایی دەكەن؟ ئایا ئەم ھەڵبژاردنە دەبێتە سەرەتایەك بۆ كۆتاییهێنان بە دەستێوەردانی ھەرێمی یان سنووردانان بۆ میلیشیا چەكدارەكان یان نەھێشتنی گەندەڵی؟

لە ڕاستیدا چاوەڕێ ناكرێت ئەم ھەڵبژاردنە گۆڕانكاریی گەورە بەسەر نەخشەی سیاسیی عێراقدا بهێنێت یان عێراق بە ئاراستەیەكی باشتر ببات، ئه‌وه‌یش لەبەر زۆر ھۆكار؛
یەكەم، زۆربەی حزبه‌ بەھێزەكانی ئەم جارەیش كە بریاڕە بەشداری له‌ پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان بكەن، ھەمان ئەو لیست و قەوارانەن كە لە ماوەی 18 ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە.
 دووەم،  ھیچ ھێزێكی نوێ كە خودان بەرنامە و بۆچوونێكی نوێ بێت و لەسەرووی تائیفه‌گه‌ری و نەتەوەگه‌ری بێت یان خودان پێگەیەكی گەورە بێت، لەم ھەڵبژاردنانەدا بوونی نییە. ھەموو چاوەكان لەسەر "كازمی" بوون كە گوایە لیستێك دروست دەكات و كورد و "سوننە"یش لەخۆ دەگرێت؛ بەتایبەت باسی ئەوەیان دەكرد لەوانەیە "دكتۆر بەرھەم"یش لەناو ئەو لیستەدا بێت. بەڵام ئەمەیش ڕاست دەرنەچوو. 
سێیەم، بەھۆی ناڕه‌زایه‌تیی شەقام، بەتایبەت لەناو پێكهاتەی شيعەدا، زۆرێك لە چاودێران پێیان وابوو ئەم جارە ھێز و قەوارەی تازە لەناو ھێزە شیعەكان بەشداریی ھەڵبژاردنەكان دەكەن؛ بەتایبەت ئەوانەی پێیان دەگوترا بزووتنەوەی تشرین. بەڵام سەرەڕای خۆپیشاندانەكان و تووڕه‌ییی شەقام، كەس نەبوو سەركردایەتیی ئەم ناڕەزایه‌تییه‌ی خەڵك بكات و لە چوارچێوەی لیستێكی سەربەخۆ، یان تازەدا، كە دوور بێت لە دەسته‌بژێری تەقلیدیی شيعەكان، كۆ بكاتەوە و بەشداریی ھەڵبژاردنەكان بكەن. 
چوارەم، شێوەی فرەبازنەییی ئەم ھەڵبژاردنانە دیسان ھۆكاریكی دیكەیە كە لە بەرژەوەندیی لیستە بەھێز و تەقلیدییەكاندایە. پێم وایە ھێزە شيعەكان ھەستیان بەو مەترسییە كرد كە لەوانەیە لە ھەڵبژاردنەكان ڕووبەڕووی ببنەوە. بۆیە بە شێوەیەكی بەرنامەبۆداڕێژراو شێوازی فرەبازنەیییان بە شێوەیەك داڕشت كە ھیچ ھێز و لیسیتێكی سەربەخۆ، یان تازە نەتوانێت دەنگێكی باش بهێنێت.
سەرەڕای ئەمەیش، دەكرێت ئاماژە بەوە بكەین لەناو ھێزە تەقلیدییەكاندا لەسەر ئاستی ھەر سێ پێكهاتەی شيعە و سوننە و كورد، ھەندێ گۆڕانكاری ڕوووی داوە و لەوانەیە كاریگەریی ھەبێت لەسەر پێگەی جەماوەری و شێوازی ھاوپەیمانێتییەكان و چۆنێتیی پێكهێنانی حكوومەتی داھاتووی عێراق. بە شێوەكی گشتی، نەخشەی ھاوپەیمانی و تەحالفات لە عێراقدا، دەكرێت لە چوارچێوەی خوارەوەدا كورت بكەینەوە.

ھێزو و لایەنە شيعەكان:
كشانەوەی كازمی:
مستەفا كازمی، سەرۆكی حكوومەت، كە چاوەڕێ دەكرا لەژێر ناوی ته‌یاری "المرحلة والازدهار" بەشداری له‌ ھەڵبژاردنەكان بكات، بەڵام بە شێویەكی لەناكاو لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان كشایەوە. لێرەدا زۆر بۆچوون و شیكردنەوه‌ ھەن سەبارەت بەوەی، بۆچی كازمی ئەم ھەنگاوەی ھاوێشت.
 یەكەم، ھەندێك بۆچوون ئاماژە بەوە دەكەن كە كازمی لە سەرەتای ھاتنی بۆ سەر دەسەڵات، ڕای گەیاندووە كە بێلایەن دەبێت و بۆ ھەڵبژاردنەكان لیستی نابێت. بۆیە ئەمە جۆرێكە لە پابەندبوون بەو بەڵێنانەی پێشتر داویەتی. تەنانەت مستەفا كازمیش لە چەندین بۆنەدا ئاماژەی بەو خاڵە كردووە. 
دووەم، بۆچوونێكی تر ھەیە پێی وایە كازمی لەوانه‌یە ڕێككەوتنێكی ژێربەژێری لەگەڵ "موقتەدا سەدر" ھەبێت و لە بەرژەوەندیی ئەو كشابێتەوە بۆ ئەوەی تەیاری سەدری زۆرترین دەنگ بهێنێت. بەتایبەت ھه‌ندێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن كە سەدر بەڵێنی بە كازمی داوە، كە دووبارە پاڵپشتیی بكات بۆ ئەوەی ببێتەوه‌ به‌ سەرۆكوەزیران.
 سێیەم،  ھه‌ندێك ئاماژە بەوە دەكەن كە  ھەر لە بنەڕەتەدا كازمی دەزانێت ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمان ئەمساڵ بەڕێوە ناچن، بۆیە ئەو ھەنگاوەی ھاوێشتووە.
 چوارم، لەوانەیە كازمی خۆیشی ترسی لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان ھەبێت؛ بەتایبەت كازمی دەزانێت كە شتیكی ئەوتۆی لەسەر ئەرزی واقع نەكردووە كە باوەڕی و متمانەی خەڵك بۆ لای خۆی ڕابكێشێت. بۆیە خۆی كشاندۆته‌وه‌ بۆ ئەوەی لە ڕێگەی سەدر یان لە ڕێگەی پێكهاتەی شيعەوە دووبارە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران كاندید بكرێت.

لیستە بەھێزەكانی شيعە:
ئەوەی ئێستا دەبینرێت لەسەر ئاستی شەقامی شیعە، سەرەڕای ئەوەی زۆر كیان، ھێزی سیاسی و كەسایەتیی سەربەخۆ بەشداری له‌ ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا دەكەن، بەڵام نەخشەی ھاوپەیمانییەكان لە نێوان شيعەكاندا بەسەر 3 لایەنی سەرەكی دابەش بووە و، پێدەچیت لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا زۆرترین دەنگ بهێنن. 
یەكەم، ھاوپەیمانیی نەسر و حكمە (تحالف قوى الدولة) كە لەلایەن "عەمار حەكیم" و "حەیدەر عەبادی" سەركردایەتی دەكرێت. سەبارەت بەم ھاوپەیمانییە ھیچ ھێزێكی سوننی یان كوردیی تێدا نییە؛ تەنانەت ھێزە میانڕەوە شيعەكانیش لەخۆ ناگرێت. بەشێك لە كەسەكانی بەشدار لەو ھاوپەیمانییەدا، لە لیستی تیرۆری ئه‌مریكادان. بۆیە چاودێران باسی ئەوە دەكەن ھاوپەیمانیی قوى الدولة زۆر بەھێز و یەكگرتوو نییە؛ لە لایەكی تریشەوە لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەكە پاڵپشتی ناكرێت. ھەروەھا پێكهێنانی ئەو ھاوپەیمانییە لەسەر بنەما و بەرنامەیەكی ھاوبەش نەبووە، بەڵكوو زیاتر بەھۆی لاوازبوونیان بووە بەرامبەر دوو ھاوپەیمانیی تری شیعە و، ترسی ئەوەیان ھەبووە لە ھەڵبژاردنەكاندا تووشی شكستی گەورە ببن. بۆیە ئەگەری زۆر ھەیە لە دوای ھەڵبژاردنەكان ئەو ھاوپەیمانییە ھەڵوەشێته‌وه‌؛ بەتایبەت لە ڕێگەی پێدانی پلە و پۆست بە ھه‌ندێك كەسایەتیی ناو  ئەو ھاوپەیمانییە.

دووەم، ھاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆكایەتیی "ھادی عامری". ئەم ھاوپەیمانێتییە لەلایەن گرووپەكانی حەشدی شەعبییەوە پاڵپشتی دەكرێت، بەتایبەت ئەوانەی لە ئێرانەوە ئاراستە دەكرێن. ئەم ھاوپەیمانییه‌ وەك جاران لە ڕووی جەماوه‌رییەوە پێگەیەكی بەھێزی نییە و كێشە و ناكۆكیی زۆر لە نێوانیاندا ھەیە؛ بەتایبەت گرووپە میلیشیاكان لە دوای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان لە مانگی ئۆكتۆبەری 2019، دەستیان كرد بە گرتن و كوشتنی چالاكڤانان و كەسایەتییە ئەكادیمییەكان. بۆیە لەسەر ئاستی شەقام ناڕەزاییی توند لە دژیان ھەیە و پێناچێت ئەگەر ھەڵبژاردنەكان شەفاف و پاك بن، وەك 2018 دەنگ بهێنن، بەڵام دەبێت لەبیرمان بێت كە چەند فاكتەرێك ھەیە وا دەكات لەوانەیە فەتح پێگەی خۆی بپارێزێت یان ببنە ھۆكارێك بۆ ئەوەی له‌ ھەڵبژاردنەكاندا تووشی شكست نەبن.
 یەكەم، ئەم ھاوپەیمانێتییە ڕاستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتێكی گەورەی وەك وەك ئێران پاڵپشتی دەكرێت. 
دووەم، لە ڕووی سیاسی، ئابووری و سەربازییەوە زۆر بەھێزن و تەنانەت دەكرێت بڵێین، وەك دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا كار دەكەن. 
سێیەم ئەمانە خاوەن دەیان گرووپی میلیشیایین كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت كار دەكەن و، دەكرێت لە ڕێگەی ترساندن و تەزویر دەنگێكی زۆر بۆ خۆیان كۆ بكەنەوە؛ بەتایبەت ئەگەر بێت و لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سەرپەرشتیی ھەڵبژاردنەكان نەكرێت، یان ڕێوشوێنی توند بۆ پاراستنی پرۆسەی ھەڵبژاردن نه‌گیرێته‌ به‌ر.
 چوارەم، ھاوپەیمانیی فەتح  خاوەن پارە و سەرچاوەی داھاتی نایاساییی یەكجار زۆرن و ئەمە بێ گومان لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەكاندا  بەكار دێت بۆ ئەوەی دەنگی خەڵك و سەرۆكهۆزەكان بكڕن.

سێیەم تەیاری سەدری؛ ئەم تەیارە ھاوپەیمانیی ھیچ لایەنێكی نەكردووە، بەڵام پێگەی جەماوه‌ریی بەھێزی ھەیە و خاوەن مەركەزییەتی بەھێزه‌ و، پێدەچێت تەیاری سەدری لە ھەڵبژاردنەكاندا دەنگی خۆیان بهێنن. خاڵی گرنگ كە ئەم جارە سەدرییەكان جەختی لەسەر دەكەنه‌وه‌ ئەوەیە، دەبێت پۆستی سەرۆكوەزیران بۆ خۆیان بێت. تەیاری سەدری وا پیشان دەدەن كە زیاتر ڕوانگەی نەتەوەیی و عروبی بەسەریاندا زاڵە و جەخت لەسەر سەروەری و سیادەی عێراق دەكەنه‌وه‌. زیاتر ھەوڵ دەدەن سنوورێك بۆ دەستێوەردانی دەوڵەتانی ناوچەكە دابنێن. تەنانەت یەكێك لە سەركردەكانی ئەو تەیارە باسی ئەوەی دەكرد كە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیران لەلایەن ئەو تەیارەوە بە مانای سەركەوتن دێت بەسەر ئیمارات، سعوودیا و ئێراندا. بەدڵنیایییەوە تەیاری سەدری ژمارەیەكی گەورە دەبێت لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەكاندا، بەڵام بۆ ئەوەی حكوومەت پێك بهێنێت پێویستی بە دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی دەبێت لەگەڵ كورد و سوننە.

ھەرچەندە دەبێت ئەو خاڵەیش لەبەرچاو بێت كە خودی سەدریش سیاسەتێكی جێگیری نییە و بەئاسانی ھەڵوێست و سیاسەتەكانی خۆی دەگۆڕێت. بۆیە ئەمە وا دەكات، سەخت بێت پێشبینی بكەین سیاسەت و ڕوانگەی سەدر بۆ دوای ھەڵبژاردنەكان چۆن دەبێت، بەتایبەت لە زۆر حاڵەتدا سەدر لە كۆتاییدا چووه‌تە ژێر باری داواكارییەكانی ئێران. بۆیە ھیچ گه‌ره‌نتییەك نییە سەدر درێژە بە ھەمان سیاسەت نەدات بەرامبەر پێدانی ئیمتیازات لەلایەن ئێرانەوە. لە ساڵی 2018 تەیاری سەدر لەژێر كاریگەریی ئێراندا لەگەڵ فه‌تح ھاوپەیمانیی پێكهێنا بۆ دروستكردنی حكوومەت. بۆیە لەوانەیە ئەگەر پێگەی دۆستەكانی ئێران لاواز ببێت، سەدر دووەم به‌دیلیان بێت. بەڵام دەبێت ئەو خاڵەمان لەبیر بێت كە تەیاری سەدری لە پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكوەزیران لە دوای ساڵی 2005 ڕۆڵێكی یەكلاكەرەوەیان گێڕاوە.

ھێزە سوننەكان:
سەبارەت بە ھێزه‌ سوننەكان، وێڕای ئەوەی زۆر حزب، لایەن و كەسایەتی، خۆیان ئامادە كردووە بۆ ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو، بەڵام 3 ھاوپەیمانیی سەرەكی ھەن كە پێدەچێت زۆرترین دەنگی شەقامی عەرەبی سوننی بەدەست بهێنن. یەكەم، بریتییە لە ھاوپەیمانیی "العزم" كە لەلایەن "خەمیس خەنجەر" سەرپەرشتی دەكرێت. ئەم ھاوپەیەمانێتییە زیاتر لە دەوڵەتی قەتەر و ئێرانەوە نزیكە و پاڵپشتی دەكرێت. خەمیس خەنجەر یەكێكە لەو كەسایەتییانەی كە لەلایەن ئەمریكاوە خراوه‌تە لیستی سزادراوەكانەوە. 

ھاوپەیمانیی دووەم، خۆی لە ھاوپەیمانیی "تقدم" دەبینێتەوە كە لەلایەن "محه‌مه‌د حه‌لبووسی"یەوە سەركردایەتی دەكرێت. ھه‌ندێك لە سەرچاوەكان باسی ئەوە دەكەن كە ئەم ھاوپەیمانێتییە زیاتر لەلایەن دەوڵەتی عەرەبستانی سعوودییەوە پاڵپشتی دەكرێت.

 سێیەم، پرۆژەی ڕزگاریی نیشتمانی كە لەلایەن "ئوسامە نوجەیفی"یەوە سەركردایەتی دەكرێت، كە زیاتر لەلایەن توركیاوە پاڵپشتی دەكرێت.

دیارە زۆر ڕەخنە ئاراستەی ھێز و لایەنە سوننەكان دەكرێت بەوەی كە نەیانتوانیوە وەك پێویست پاریزگاری لە بەرژەوەندی و پێگەی عەرەبە سوننەكان بكەن و زۆربەیان بەدوای بەرژەوەندیی حزبایه‌تی و كەسیدان. لێرەدا ئەوەی سەبارەت ئەو ھاوپەیمانێتییانه‌ گرنگە بیڵێین ئەوەیە؛

 یەكەم، ھاوپەیمانێتییه‌كان پێمان دەڵێن كە  دابه‌شبوونێكی گەورە لەنێو شەقامی عەرەبی سوننەدا ھەیە و ھیچ پلان و بەرنامەیەكی ھاوبەشیان نییە بۆ ئەوەی لە ڕوانگەەكی بەھێزەوە بەرگری لە داواكارییەكانی عەرەبی سوننە بكەن.
 دووەم، ھەر یەك لەو ھاوپەیمانانە لەلایەن دەوڵەتە جیاوازەكانی ناوچەكەوە پاڵپشتی دەكرێن. واتە ھەر لیستێك سەر بە جەمسەرێكی ھەرێمیی جیاوازە.

سێیەم، ئێستایشی لەگەڵدا بێت سوننەكان فیگەر یان ڕەمزێكی بەھێزیان نییە كە جێگەی متمانەی ھەموو پێكهاتەی سوننە بێت، بەڵكوو دابەشبوونی ناوچەگەری و شارچێتی بەسەریاندا زاڵە؛ بۆ نموونە لیستەكەی حەلبووسی زیاتر جەماوەرەكەی لە پارێزگای ئەنبارە، لە كاتێكدا نوجەیفی زیاتر لە مووسڵ پێگەی بەھێزە. 
چوارەم، زۆربەی چاودێران پێیان وایە كە تەنانەت ئەو ھاوپەیمانێتییانه‌ی لە نێوان ھێزە سوننەكاندا دروست بوونە،  تەكتیكین و لە دوای ھەڵبژاردنەكان پێدەچێت ناكۆكی و لێكترازانی زیاتر بكەوێتە نێوانیان بەھۆی گەڕان بەدوای پلە و پۆستدا.

ھەرێمی كوردستان:
لەسەر ئاستی ھەرێم گۆڕانكارییەكی گەورە ڕووی نەداوە و دوو ھێزی سەرەكی لە كوردستان ھەن كە بریتین لە "پارتی" و "یەكێتی" و، چاوەڕێ دەكرێت زۆرترین دەنگ لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا بەدەست بهێنن. ڕاستە ھەندێك لیستی تریش بەشدار دەبن، بەڵام ھیچ لە ھاوكێشە سیاسییەكان ناگۆڕن. ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە، ئەم جارە یەكێتی لەگەڵ گۆڕان ھاوپەیمانیی كوردستانیی پێكهێناوە و پێكەوە بەشداریی ھەڵبژاردنەكان دەكەن. بە ھەمان ئاراستەیش لەگەڵ "یەكگرتوو" و "كۆمه‌ڵ"یشدا لێكتیگەیشتن و ھاوپەیمانیی نافەرمی ھەیە. لە ڕاستیدا دەكرێت ئاماژە بەو خاڵە بكەین كە پاڵنەر و ھۆكارەكانی دروستكردنی ئەو ھاپەیمانێتییه‌ بۆ ھەر یەك لەو ھێزانە جیاوازە؛ بۆ گۆڕان و یەكگرتوو زیاتر ترسە لە پرۆسەی دەنگدان و كەمبوونەوەی دەنگەكانیان؛ بەتایبەت بەھۆی سیسته‌می ھەڵبژاردنەوە نەك ھەر ناتوانن  پاریزگاری لە پێگەكەی خۆیان بكەن بەڵكوو ئەگەر بەتەنیا بەشداریی ھەڵبژاردنەكانیان بكردایە، ئەگەری زۆرە تووشی شكستێكی گەورە دەبوون.
بەڵام لە ڕوانگەی یەكێتییەوە ھۆكار و پاڵنەرەكانی چوونە ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كان تەواو جیاوازن كە لێرەدا دەكرێت ئاماژە بەو خاڵانە بكەم:

یەكەم، لە ڕێگەی ئەو ھاوپەیمانێتییەوە یەكێتی دەیەوێت لەسەر ئاستی كوردستان ببێتە ھێزی یەكەم و وا پیشانی ڕای ناوخۆیی، عێراقی و دەرەكی بدات كە چیتر پارتی لەسەر ئاستی كوردستان ھێزی یه‌كه‌م نییە. 
دووەم، یەكێتی ئەگەر بۆی بچێتە سەر، دەیەوێت مەودای ئەو ھاوپەیمانێتییە درێژ بكات تاكوو لە ھەڵبژاردنەكانی كوردستانیش ئەو جۆرە ھاوپەیمانێتییە ھەبێت كە مەبەست لێی- وەك خۆیان دەڵێن- ڕاستكردنەوەی ھاوسەنگیی ھێزە یان گۆڕینی ھاوسەنگیی ھێزە لە دژی پارتی. 
سێیەم، ئێران ڕۆڵێكی سەرەكیی ھەبووە لەوەی ئەو ھاوپەیمانەنێتییه‌ لەسەر ئاستی كوردستان ھەبێت و، ھەروەھا ھانی یەكێتیی داوە كە لەسەر ئاستی عێراقیش زیاتر لە ھاوپەیمانەكانی نزیك ببێتەوە.
چوارەم، یەكێتی ئەم جارە ترسی لەوە ھەیە كە پۆستی سەرۆككۆمار لەدەست بدات یان ھەڕەشه‌ی له‌سه‌ر بێت؛ بۆیە ھەموو ھەوڵێك دەدات نەك ھەر لەسەر ئاستی كوردستان، بەڵكوو لەسەر ئاستی عێراقیش پێگەكەی بەھێز بكات تاكوو پارێزگاری لە پۆستەكانی بكات. لەم ڕووەوە، لەسەر ئاستی عێراقیش بو دوای ھەڵبژاردنەكان خەریكی ھاوپەیمانێتییە لەگەڵ ئەو ھێزانەی سەر بە ئێرانن یان بەرنامە و ئەجێندای ئێران پراكتیزە دەكەن، بەتایبەت لیستی فەتح سەر بە میلیشیا شيعەكان، نووری مالیكی و ھاوپەیمانیی ئەلعزە سەر بە خەمیس خەنجەر.

لە ڕاستیدا ترسی یەكێتی لە ئەگەری لەدەستدانی پۆستی سەرۆككۆمار، خۆی لە چەند فاكتەرێكدا دەبینێتەوە: 
یەكەم، بەشداریی دژەتیرۆری یەكێتی لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریكا بۆ كوشتنی قاسم سوله‌یمانی.
 دووەم، ناڕەزایەتیی ئێران و میلیشیاكان لە ئەدای دكتۆر بەرھەم وەك سەرۆككۆمار؛ بەتایبەت لە ماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا دكتۆر بەرھەم زیاتر بە لای ئەمریكادا شكاندوویه‌تییه‌وه‌. 
سێیەم، ھەوڵەكانی عەرەبە سوننەكان، بەتایبەت لیستی حەلبووسی، بۆ ئەوەی دووبارە پۆستی سەرۆككۆمار بۆ عەرەبە سوننەكان بێت. 
چوارەم، لاوازیی ھاوپەیمانەكانی ئێران لە ڕووی پێگەی جەماوەرییەوە؛ بەتایبەت ئەگەر ھەڵبژاردنی پاك و بێ تەزویر لە عێراقدا ئەنجام بدرێت، ھێزەكانی سەر بە ئێران وەك جاران دەنگ بەدەست ناهێنن. ئەمەیش وا دەكات ئێران لەوانەیە بۆ پاراستنی پێگەكەی سازش بۆ لایەنە سوننەكان بكات و یەكێتی بكاتە قوربانی.
پێنجەم، لەوانەیە ھەوڵەكانی پارتییش كاریگەریی خۆی ھەبێت لەسەر كەمكردنەوەی شانسی یەكێتی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەتایبەت ئەگەر لێكتێگەیشتن لە نێوانیان دروست نەبێت.
بەتایبەت ئەم جارە پارتی لە دوای ھەڵبژاردنەكان لەوانەیە بۆ بەھێزكردنی پێگەكەی، ھاوپەیمانی لەگەڵ ڕەوتی سەدر و ھەندێك لە ھێزە سوننەكان پێك بهێنێ؛ لەوانەیش ھاوپەیمانیی پرۆژەی نیشتمانی كە سەر بە ئوسامە نوجەیفییە و، ھەروەھا لیستی تەقەدم، سەر بە حەلبووسی. ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە وەك لە پێشوودا ئاماژەوەمان پێ كرد ئەوەیە، سەدرییەكان ئەم جارە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنه‌وه‌ كە سەرۆكوەزیران لە خۆیان دەبێت. بەڵام ئەوەی ئاشكرایە سەدرییەكان زۆر جێگەی متمانە نین و بەردەوام سیسەتەكانیان لە گۆڕاندایە؛ واتە تەیاری سەدری بەوە ناسراوە كە سیاسەتێكی جێگیری نییە. ئەمەیش وا دەكات سەخت بێت پێشبینی ئەوە بكرێت دوای ھەڵبژاردنەكان سەدرییەكان چی دەكەن.

ھەروەھا خاڵێكی دیكەیش كە گرنگە ئاماژەی پێ بكەین ئەوەیە كه‌، ئەم جارە ئەمریكا لیستێكی دیاریكراوەی نییە لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەكاندا پاڵپشتیی بكات. لە دوای 2003 ئەمریكا بەئاشكرا چەند لایەنێكی ھەبووە، بەتایبەت لەناو پێكهاتەی شيعەكاندا، كه‌ لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەكاندا پاڵپشتیی كردوون؛ بەڵام ئەم جارە لیستێكی دیاریكراو نییە لەلایەن ئەمریكاوە پاڵپشتی بكرێت.
ئەمە لە لایەك ھۆكارەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ھیچ لیستێكی بەھێز لەناو پێكهاتەی شيعەدا نییە كە ئەمریكا متمانەی پێ ھەبێت. لە لایەكی تریشەوە، لەوانەیە ئەم جارە ئەمریكا سیاسەتی خۆی گۆڕیبێت و، زیاتر لە قۆناغی دووەمدا كە ئەویش پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتە، بێتە ناو گەمەكەوە و ھەوڵ بدات حكوومەتێك دروست بێت، لە ئەمریكا نزیك بێت یان بە لایەنی كەمەوە لەژێر كاریگەریی ئێراندا نەبێت. بۆ ئەمەیش ئەمریكا كارتی لەبەردەستە؛ دەكرێت زیاتر لە ڕێگەی سەدرییەكان، پارتی و ھه‌ندێك ھێزی سوننی، كار بكات بۆ ئەوەی كەسێكی میانڕەو و سیكۆلار- ھاوشێوەی كازمی- پۆستی سەرۆكوەزیران وەربگرێت. بەڵام ھەموو ئەو گریمانانەیش كە باس كراون، لەسەر ئەوە دەمێنێته‌وه‌ كامە لسیت و قەوارە دەتوانێت زۆرترین كورسی دەستەبەر بكات؛ چونكە ئەمە كاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ئاراستەی ھاوپەیمانێتییەكان و شێوازی دروستكردنی حكوومەتی داھاتوو لە عێراقدا.

* دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرانبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر. مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP