دواین هەواڵ

دۆزى کورد ، خاک، نەتەوە، دەوڵەتبوونە ،، ئەوى دیکە بێهودە و سیاسەتى بەلاڕێدا بردنە

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

22 کاتژمێر پێش ئێستا

گەلى کورد ، وەک نەتەوەیەکى ڕەسەنى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، ژمارەى دانیشتیوانى لەسەرووى 50 ملیۆن کوردەوەیە ، لە هەمانکاتیشدا ئەم نەتەوەیە خاوەن مێژووییەکى دوور و درێژن ، لە دێر زەمانەوە لە سەر زێدى باب و باپیرانیان ژیاون و خاوەن فەرهەنگ و شارستانییەکى مەزنن ، کەچى تا بە ئێستا وەک گەورەترین گەل لە دەوڵەتى نەتەوەیی و سەربەخۆیی خۆیان بێبەشکراون ، هەندێک جاریش لە سەرەتایترین مافە نەتەوایەتییەکان و مرۆییەکان بەردەوام  بێ بەش دەکرێن  . خاک و سەر زەووى و ژێر زەووى کوردستان بە پیت و دەوڵەمەند و ستراتیژییە ، کە تا بە ئەمڕۆ لە نێوان چوار دەوڵەتى وەک عێراق، ئێران،تورکیا و سووریادا دابەش و بەزۆر و دوور لەویستى گەلى کورد پێیان لکێتراوە ، ئەو دابەشکردنەش بە شێوەیەکى کۆڵۆنیالیزى نێودەوڵەتى  بوو ، وێراى ئەو دابەشکردنە داگیرکارانەیە ، گەلى کورد ، توانیوێتى بەرگرى لە مافەرەواکانى خۆى بکات و شوناس و مێژوو و بوونى خۆى پاراستووە 
دۆزى کورد، پرسێکى سادەى پێکهاتەیەکى نەتەوەیی و کێشەیەکى فەرهەنگیی و هاووڵاتیبوون نییە بەتەنها ، بەڵکو پرس و دۆزێکى رەواى نەتەوە و خاک و نیشتیمانێکى داگیرکراوە و بەزۆر دابەشکراو و لکێنراوە بە چوار دەوڵەوە ، هەر چەندە داگیرکەرانى کوردستان بەردەوام ڕێگربوونە لە ئازادى نەتەوەیی و پێشکەوتنى گەلى کورد ، بەڵام بزاڤ و تێکۆشانى ئازادیخوازى گەلى کورد لە خەبات و بەرخودان نەکەوتووە وخاوەن مێژووییەکى دوور و درێژە لە خەباتى نەتەوەیی بە ڕێگە وشێوازى جیاواز لە پێناو ئازادى نەتەوەیی و پێشکەوتنى کۆمەڵگەى کورددا بەردەوام بووە ، لەو پێناوەشدا دەریاییەک خوێنى ڕشتووە . 
ئەوەى گرنگە بزانین ، ئازادى نەتەوەیی و پێشکەوتن و گەشەسەندنى گەلى کورد پەیوەستە بە هەموونى قەوارە و دەوڵەتێکى کوردى ، بەڵام جێگەى داخە ، هەتا ئێستا کرۆکى کێشەکە لەوە دایە ، کە چۆن بتوانێت بە مافى دەوڵەتبوون و سەربەخۆیی بگات ، هەر بۆیە ئەوە پرسە بۆتە جێگەى ململانێى هزرى و سیاسى لە بزاڤى رزگاریخوازى کوردى دا . ئەوەش ڕاستە ، دروستکردنى دەوڵەتێکى یەکگرتوویی کوردى بۆ هەموو بەشەکان ، ڕەنگە لە هەڵومەرجى ئەمڕۆى ناوچەکە ، جیهاندا ، کەمێک ئاستەنگ و کێشەیە ، بەڵام ئەوەش بەو واتایە نایەت ، کە کورد هەر بەشێک خەبات بۆ مافە نەتەوەییەکانى خۆى و دەوڵەتبوونى نەکات ، هەر نەبێت بۆ گەیشتن بە شێوازێکى فیدڕاڵى و کۆنفیدڕاڵى ، بەڵام جەوهەورى بەردەم چارەسەرى دۆزى کورد لەو راستییەدایە ، کە ناوەندەکانى بڕیارى سیاسى دیموکراسى قبوڵ ناکەن و درێژە بە شێوازى دیکتاتۆرى و سیاسەتى تاکڕەوانە و فاشیزمى خۆیان دەدەن ، هەر ئەوەشە وایکردووە ، هزرو سیاسەتى سەد ساڵى ڕابردووى  ڕێککەوتننامەى شوومى سایکس پیکۆ شکستى هێناوە و ناوچەکە پێوەستى بە شێوەیەکى نوێی سیاسى و ڕێکخستن هەیە ، کە مافەکانى گەلى کوردى تێیدا پارێزراو بێت .
لە بارودۆخى نوێی ئێستا ناوچەکە و نێودەوڵەتییدا ، گەلى کورد و بزاڤى سیاسى کورد پێوستە بەشێوەیەکى زۆر وردبینانە و راستییانە و تەبایی و یەکڕیزى مامەڵە بکات و وانە لە مێژوویی خۆى وەربگرێت و ئەم دەرفەتە نوێ و مێژووییە لە دەست نەدات ، ئەگینا ناچار دەبێت تا سەد ساڵى دیکەش بەهەمان دەرد و ئازارەوە بناڵێنێت . بزاڤى سیاسى گەلى کورد دەبێت تەنها بیر لە بەرژوەندییە نەتەوەییەکانى خۆى بکاتەوە و نەبێتە ئامرازێک بۆ پاراستنى بەرژوەندى داگیرکەر و زڵهێزە جیهانییەکان و بەتایبەت لە هەلومەرجێکى وەک ئێستادا ، کە بەرژوەندى و باڵادەستى لە پێش هەموو شتێکەوەیە 
هەر بۆیە ، دروستنەبوونى دەوڵەتى کورد بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە ، یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکان ناتەبایی و پەرتەوازەیی نێوماڵى کوردە ، جۆرى بیرکردنەوە و خەباتى خۆمان دەگەڕێتەوە ، سەربازى نەبوونى ستراتیژییەکى نەتەوەیی هاوبەش دەگەڕێتەوە . بەتایبەتى لە رەوشێکى وەها ى ئاڵۆزى وەک ئەمڕۆدا گەلى کورد پێوستە پرۆژەیەکى نەتەوەیی هاوبەشى هەبێ و دەبێت داوکارى مافەکانى گەلى کورد بەرز بکرێتەوە ، بۆیە گرنگە سوود لەو گۆڕانکارى و دەرفەتە مێژووییە وەربگرێت , بەدڵنییاییەوە بە قازانج و بەرژوەندى گەلى کورد تەواو دەبێت ، لەهەمانکاتیشدا پارێزگاریکردن لە دەستکەوتە نەتەوەییەکان و قەوارەى هەرێمى کوردستان  ئەرکێکى هەموو لایەیە و وڵاتپارێزێکى کوردستانییە ، چونکە بێ دەوڵەتى و نەبوونى سەربەخۆیی سەنگ و پێگەى کورد لاواز و نێوماڵەکەشى پەرتەوازە دەکات ، زێهینەیەت وسیاسەتى داگیرکەرانى کوردستانیش هەر هەمان هزر و سیاسەتى سەدەى رابردوو ، زۆر جاریش دڕندەتر و ستەمکارترن ، چونکە باش لەو راستییە گەیشتوون گەلى کورد دەستبەردارى ماف و خاک و سەربەخۆیی نابێت و جیهانیش بەرەو گۆڕانکارییە و گەلى کوردیش زیاتر لە جاران هوشیارتر وبە ئاگاترن

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP