ئێران لە سەر ئاستی ناوخۆییەوە تووشی دابەشبوونێکی گەورە بووە سەبارەت بەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمریکا بکات. بەتایبەتی، لایەنە میرانەوەکان یان پراگماتیستەکان وەک مەسعود پەزیشکیان، عەباس عێراقچی، حەسەن رووحانی، جەواد زەریف و تەنانەت هەندێک جار ناوی قالیبافیش دەهێنرێت. ئەمانە پێیان وایە دەبێت بە شێوەیەکی عەقلانی مامەڵە لەگەڵ ئەمریکا بکرێت و بە هەر شێوەیەک بێت ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی شەڕ بگیرێت. بۆیە، ئەم لایەنە بەردەوام هەوڵ دەدەن پەیامەکانیان نەرم بن و هەوڵ دەدەن بگەنە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، تەنانەت ئەگەر پێویست بێت سازشێکی گەورە بکەن. تەنانەت کاتێک دونالد ترەمپ لە تویتەکانی باس لەوە دەکات کە زۆر نزیکن لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، مەبەستی زۆرجار ئەو بەرەیە کە پراگماتیستن و ئامادەن سازش بکەن، و پێدەچێت لە ژێرەوە زۆرێک لە داواکارییەکانی ئەمریکا پەسەند بکەن. بەلام دیارە ئەمانە ئێستا دەسەلاتیان نییە یان خود زۆر کاریگەرییان نییە لە سەر بریاری کوتایی ئیران سەبارەت بە جەنگ و دانوستاندنەکان
لە 17ی مانگدا، عەباس عێراقچی لە دەستپێشخەرییەکدا باسی ئەوەی کرد کە گەرووی هۆرموز بە کراوی دەمێنێتەوە و ڕێگە دەدرێت کەشتییەکان ئازادانە هاتووچۆ بکەن. لێرەدا، مەبەستی ئەم لایەنە کە بە پراگماتیزم ناسراونچەند خاڵێک بوو:
یەکەم، بۆ ئەوەی سیاسەت و هەڵوێستی ترەمپ بەرامبەر دانوستاندنەکان نەرم بکەن.دووەم، ڕێگە خۆش بکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، تەنانەت ئەگەر کاتیش بێت. سێیەم، ڕێگە بگرن لە دووبارە سەرهەڵدانی شەڕ، بە تایبەتی لە 22ی ئەو مانگە کە وادەی ئاگر بەست کۆتایی دێت. چوارەم، بەو هەنگاوە مەبەستیان بوو ئەمریکا هان بدەن بە هەمان شێوە هەنگاو بنێت و گەمارۆی سەر ناوچە ساحلییەکان کۆتایی پێبهێنێت.
بەڵام، لە بەرامبەردا، لایەنی توندڕەو هەن کە زۆر دژ بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکایە و هەڵوێستێکی زۆر توندیان هەیە. ئەم لایەنە جەخت لەسەر هەمان ڕێباز دەکەن کە خامنەیی دایناوە، و دەڵێن نابێت ئەو خاڵانەی لە سەردەمی خامنەیی سازش نەکراون، ئێستا سازش بۆ ترەمپ بکرێت. ئەم لایەنە زیاتر لە ناو سوپای پاسدارانن، بەتایبەتی ئەحمەد وەحیدی سەرۆکی سۆپای پاسداران، هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی زولقادیر ، و هەروەها بەپرسی دامەزراوەی خاتەم ئەنبیا عەلی عەبدولاهیی. هەر چەندە موجتەبا خامنەیی سەر بەو بەرەیە بەلام دیار نییە رولی جێیە بە هۆی دیار نەمانی. ئێستا زۆر بە روونی دیارە ئەمانە کۆنترۆڵی تەواوی بڕیارە سیاسی و سەربازییەکانی ئێرانیان کردووە، و لایەنە پراگماتیستەکان ناتوانن بە ئاسانی بڕیار بدەن.
بە تایبەتی وەک دیتمان لە دوای قسەکانی عەباس عێراقچی، تەنها یەک ڕۆژ دواتر، بە فەرمانی لایەنە توندڕەوەکان، گەرووی هۆرموز بە تەواوی داخرا و ڕێگە لە جوڵەی کەشتییە نەوتییەکان گیرا. ئەمەش چەند ئاماژەیەکی گرنگ هەبوو:یەکەم، بڕیاری یەکەم و کۆتایی بۆ هەر پرۆسەیەک لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە لە دەست سوپای پاسدارانە، نەک لایەنە پراگماتیستەکان. دووەم، ئەمانە دەیانەوێت فشار لەسەر ترەمپ دروست بکەن پێش دانوستاندنەکان بۆ سازشکردن. سێیەم، ئاماژەیەکە بەوەی ئامادە نین سازشێکی گەورە بۆ ئەمریکا بکەن.چوارەم، هەر دانوستاندن یان ڕێککەوتنێک دەبێت لە ڕێگەی ئەمانەوە بێت، نەک لایەنەکانی تر.