دواین هەواڵ

سەدر سەرکردەیەکی غایب, بەڵام ئامادەترین یاریزانی گۆڕەپانە سیاسیەکە

‌بەھرۆز عزەت

18 کاتژمێر پێش ئێستا

سەید موقتەدا سەدر هەموو جۆرە کردەوەیەکی سیاسی تاقیکردۆتەوە: بەشداریکردن لە پەرلەمان و کشانەوە لێی، بەشداریکردن لە حکومەت و کشانەوە لێی، ئۆپۆزسیۆنی شەقام، هەڵكوتانە سەر ناوچەی سەوز . دواین جار سەدر لەم ساڵەدا چەند هۆشداریکی دا و بایکۆتی هەڵبژاردنی مانگی داهاتووی کرد. سەدر لەم باریەوە ووتی: من بەشداری لە پڕۆسەیەکی هەڵبژاردنی چەقبەستوودا ناکەم . چ سوودێک لە بەشداریکردنی گەندەڵ و ملکەچکاران چاوەڕوان دەکرێت، لە کاتێکدا زلهێزە بیانییەکان و هێزەکانی دەوڵەتی قووڵ زاڵن بەسەر هەموو لایەنەکانی وڵاتدا. هەروەها پێ وایە هێزە سیاسییەکان بەردەوامن لە پەیڕەوکردنی سیستەمی دابەشکاری کە ڕێگری لە هەر گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە دەکات.

 چەندین لێکدانەوە و گریمانی جیاواز هەن بۆ ئەوەی کە ئایا بۆچی موقتەدا سەدر  هەڵبژاردنی ئەوجارەی  بایکۆت کرد ئایا پاڵنەر و هۆکارەکان  چین؟. ئایا بایکۆت کردن و کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی ئەم جارە جیاوازترە لە جارەکانی تر!؟. ئایا بە جددی موقتەدا بەرچاو ڕوونە دەزانێت چی ڕوودەدات؟!.بۆیە دەزانێت چی دەکات؟. یا سەدر  زانیاریی و شیکارییەکی وەها وردی لایە کە لایەنە ناڕوونەکانی سیاسەتی عێراقیان بۆ ئاشکراکردوە؟.یاخۆد سیاسەتی کشانەوەی سەدر لە نێوان ستراتیژی مانەوە و نکۆڵی لە بەرپرسیارێتی کردنە. هەندێک جار وا دەردەکەویت کە ئەمە بەتەواوی بۆ موقتەدا سەدر گوتراوە. شۆڕشگێڕێکی بێ شۆڕش، سەرکردەیەک کە چاوەڕوانی دەرفەت دەکات. یا ئامادەنەبویک کە هەمووان چاوەڕێی دەکەن!. 

 وا دەردەکەوێت کە کشانەوە و بایکۆتکردنی ئەوجارە پەیوەندییەکی نزیکی بە گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە بەردەوامەکانی دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەروە هەیە. بەتایبەت تر کێبڕکێی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئیسرائیل. ئەمەش لە هۆشداری و نیگەرانییەکانی سەدر سەبارەت بە دەرئەنجامی پێشهاتەکانی ناوچەکە و ترسی پەرەسەندن و گەیشتنیان بۆ ناوخۆیی عێراق بەڕوونی دەرکەوت وەک ئەوەی کە ووتی “عێراق دوایین هەناسەی خۆی هەڵدەکێشێت “.

سەدر نایەوێت پەلە بکات  لەم دۆخە ناڕوونە ، پێدەچیت سەدر چاوەریی دۆخەکە بکات تا بەتەواوی ڕوون دەبێتەوە!. گۆرپانەکەی بۆ ئەوانەی تر بەجێهێشتووە. سەدر نایەوێت ببێتە بەشێک لە ململانەکان بۆیە هەم خۆی لە ئێران و هەم لە ئەمريکا بەدوور گرتووە ، چەندین جار ڕەتی کردوتەوە لەگەڵ فەرماندەی سوپای قودس قائانی کۆببێتەوە. سەدر بەوە ناسراوە ھەڵویستی بەرانبەر نەیارەکان رۆشنە وە بەرامبەر دەوڵەتانی ئیقلیمی رۆشنترە.

کەوایە بەپێ هوشداری و نیگەرانیەکانی سەدر بێت، پێشبینی دەکات عێراق ڕووبەڕووی مەترسیکی گەورە دەبێتەوە!.  بۆ نموونە دەوترێت سەدر زوو هەستی بە مەترسی گۆڕانکارییە ناوچەییەکان و کاریگەرییان بۆ سەر عێراق کردوە و  لە هەر ساتێکدا، کە ڕەنگە ببێتە هۆی تەقینەوەی دۆخەکە و دواخستنی هەڵبژاردنەکان. ئەگەرچی تا ئێستا شتێکی ڕوون دیارنیە بەڵام دەکرێت ئەو  دیدگایە لە  داهاتودا  ببێتە واقیع ئەگەرچی وا دەردەکەوێت کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆی ئەنجام دەدرێت و پێ ناچیت شتێکی وا ڕووبدات. چونکە عێراق لەو چەند ساڵە لە باشترین دۆخی ئەمنی خۆیدایە بە بەراورد بە بیست ساڵی ڕابردوو، بەڵام هەر ڕوداویکی نائەمنی یا هەر مەترسیکی دەرەکی یا ناوخۆیی ئەگەری ئەوە هەیە هەتا هەڵبژاردنیش دووابخات.

هەروەها بۆچوونیکی تر هەیە کە دەڵێن لای سەدر بڕیاری هەڵبژاردن تەنها بابەتی ئیرادەی سیاسی نییە، بەڵکو بابەتی حیساباتی ستراتیژییە. گۆڕانکاری لە سیستمی هەڵبژاردندا، دووبارەکردنەوەی سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی پێشووی قورس کردوە. بۆیە سەدرییەکان داوای گەڕاندنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١ی دەکرد وەک مەرجێک بۆ بەشداریکردن. هەروەها دەوترێت ڕکابەرەکانی سەدر  کە بەهۆی سود وەرگرتن لە دەسەڵاتەوە سامانیکی زۆریان کۆکردوتەوە  بەهێزتر بوونە. بوویە سەدر و بزووتنەوەکەی نەیان دەتوانی لەو هەڵبژاردنە سەرکەوتنی ساڵی ٢٠٢١ دووبارەبکەنەوە.

بۆچوونیکی تر هەیە کە پێیان وایە ململانێی بنچینەیی لەنێوان سەدڕ و ئەوانەی تر لەسەر گەندەڵی و نشتیمان، هەژموونی وڵاتانی تر نییە، بەڵکو  لەسەر دەسەڵاتە. بۆ نموونە سەدر  لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ ناو پرۆسەی سیاسی ناوی ڕەوتەکەی گۆڕی بووە  "بزووتنەوەی نیشتمانی شیعە". ئەم گۆڕانکارییە ئاماژە بوو بۆ نیازی سەدر  بۆ فراوانکردنی کاریگەریی سیاسی خۆی لەناو شیعەدا،جەختکردنەوە لەسەر لایەنی تائیفی بزووتنەوەکە بە پلەی یەکەم وەک ستراتیژیک دەردەکەوێت بۆ تێپەڕاندنی ڕکابەرە شیعەکانی کە کێبڕکە لەسەر سەرکردایەتی دەکەن. 

لەکاتێکدا کە ناونیشانی هەڵبژێردراوی بزووتنەوەکە گرنگی بە ڕاکێشانی غەیرە شیعە نادات. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە سەدر ستراتیژی پێشووی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی بنکەیەکی بەهێزی پشتیوانی شیعە دووبارە دەکاتەوە،لەکاتێکدا کە بزوتنەوەکە بواری فراوان بوونی زۆر زیاتری هەیە دەتوانێت ئەوانی تریش لە خۆبگرێت.هەروەها خۆشی دەتوانێت وەک سەرکردەیەکی نشتیمانی خۆی نەماش بکات بەڵام هیچ کامیانی نەکردوە ئەمە لەلایەک، وە لە لایەکی تر موقتەدا سەدر هەموو جۆرە کردەوەیەکی سیاسی تاقیکردۆتەوە: بەشداربووە لە پەرلەمان، بەشداربووە لە حکومەت ، زۆربەی پێیان وایە ، کە ئەمەی سەدر دەیکات مەبەستی گۆڕانکاریی نییە ، چوون هیچ پڕۆژەیکی سیاسی نشتیمانیی ڕووشنی نییە کە هەوڵی جیبەجێکردنی  بدات، ئەوەی دەیکات ململانیە لەسەر دەسەڵات. 

سەدر دەیەوێت سیستەمێک دروست بێت  لەگەڵ دیدگای خۆیدا هاوتەریببێت، ئەمەش لە عێراقی نوێ ئەستەمە، چوون ئەمە قەبول کراو نییە هەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەمیش لەلایەن ئاکتەر کاریگەرەکان کە هەژمونیان هەیە بەسەر عێراقدا. بۆیە بەگشتی ئەو بۆچوونە کشانەوەی سەدر  وەک فێڵێکی ستراتیژی دەبینن بۆ خۆدزینەوە لە هەندێک بەرپرسیارێتی لە کاتە هەستیار و گرینگەکاندا. بۆیە پێیان وایە  سەدر چاوەڕێی ئەو ساتەوەختە گونجاوە دەکات بۆ ئەوەی دوبارە بگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسی و سەرمایەگوزاری لەو زەمینەیە بکات.ئەمەش ئەوە دەردەخات کە سەدر بە شێوەیەکی ستراتیژی کاتی گەڕانەوەی بۆ گۆڕەپانی سیاسی دیاری کردوە.

هەروەها بۆچوونیکی تر هەیە پێیان وایە ئەم بڕیارەی سەدر چانسی بلۆکی شیعە بۆ بەدەستهێنانی کورسی زیادە لە ناوچە تێکەڵاوەکاندا کەمدەکاتەوە و کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی گشتیی هەڵبژاردنەکە دەبێت. زیاتر لە ملیۆنێک دەنگ لە سیستەمەکە کەم دەکاتەوە. ڕێژەی بەشداریکردن بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە، و متمانەی هەڵبژاردنەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. هەروەها  ترس و نیگەرانی  هەیە لە  دووبار دەست پێ کردنەوەی ناڕەزایەتی، مانۆڕی سیاسی و پێکدادانەکانی نێوان سەدرییەکان و نەیارەکانیان، کە دەبێتە هۆکاری تێکدانی سەقامگیری سیاسی و دامەزراوە دەستوورییەکانی عێراق. لەبەرامبەردا بۆچوونیکی تر هەیە کە پێیان وایە  بڕیارەکەی سەدر کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر دۆخی گشتی سیاسی و ئەمنی یان بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نابێت .

لەکۆتاییدا دەتوانێن بلێن سەدر بە ئەزموونی سیاسی خۆی، توانای دروستکردنی ئەلتەرناتیڤ و بەردەوامبوونی هەیە لە داڕشتنی سیاسەت لە ڕێگەی هەنگاوە پێشبینینەکراوەکانیەوە. بۆیە لای سەدرییەکان، ئامرازەکانی ئاراستەکردنی سیاسەت تەنیا لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن یان بایکۆتکردنیدا سنووردار نین. بۆ نموونە هەڵكوتانە سەر ناوچەی سەوز لەڵایەن لایەنگرانی سەدر پێمان دەڵێت بە بێ رەزامەندی موقتەدا سەدر هیچ گۆڕانکاریک و هیچ شتێک لە كایەی سیاسی لە عێراق ناکرێت!.بوویە  ئەستەمە پێشبینی هەنگاوی داهاتووی سەدر بکرێت!. وەک یاریزانێکی دەرەکی دەمێنێتەوە کە هەنگاوەکانی داهاتووی پێشبینی نەکراون!. بۆیە سیاسەت و هەڵبژاردن لە عێراق بەبێ موقتەدا سەدر، پیاوی ژمارە یەکی عێراق، وەک گریمانە و  کارەسات خۆی نەمایش دەکات.

بەهرۆز عزەت

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP