دواین هەواڵ

دەنکی (خورما)کە لە گیرفانی کێدایە؟!

‌شیروان تاڵیب

1 رۆژ پێش ئێستا

بۆ بیست ساڵ و شتێک زیاتریش ئەچێ، هەر ئیش و کار و پرۆسەیەک کە بۆنی ئاشتی لێ بێ، یان هەر گرژی و ئاڵۆزی و ململانێیەک کە بە ئاشتی تەواو بووبێ، جا لە هەر ئاستێک و بە هەر نەوعێک و لە هەر کوێیەک و لە بەینی هەر کێ و کێیەکدا بووبێ، بەس ئەوەندە سووچێکی بە هەرێمی کوردستان و قەزییەی کوردەوە گرێدرابێ، ئیتر یان بە دەستپێشخەریی نێچیرڤان بارزانی بووە، یان دەستێکی ئەوی بە ئاشکرا بووبێ یان لە پشت پەردەوە، تێدا بووە! 
برین ناکولێنمەوە، بەڵام ئەو لەوکاتەی کە پێویست بوو هەڵۆ بێ، هەڵۆیەکی چنگ بە گڕی مەیدانەکە بووە و هەرکاتێکیش پێویست بێ (کە ئیشاڵا پێویست نابێ) ئەو هەر وا ئەبێ، بەڵام ئەو چونکە دەمێکە ئەزانێ کە چی بە دەوورماندا ئەگوزەرێ، ئیتر زۆر دەمێکیشە هەر ئەڵێ: ئیتر بەسە ململانێ! 
ئەو کە بۆ وەزعی ناوخۆمان ئەیووت بەسە ململانێ، بۆ (موجامەلە) ی ئەم و ئەوی نەبوو، بەڵکوو خەمی بوو ململانێکان بە حەددێک تیژ ببن، شتهایەکی ببڕن و پەتی کورتی تەحەموولی ئەهلی کەتن و موغامەرات بپسێنێ و ئیتر بەرەو بەزاندنی خەتە سوورەکانیان ببا و ئێ خەمەکیشی ڕێک لەجێی خۆیدا بوو، چونکە وا دەرچوو!
ئەو کە ئەیووت ئیتر بەسە ململانێ، خۆ لە ململانێ نەئەترسا، بەڵکوو لەو ڕۆژە ئەترسا کە ململانێکانی ئێرە، کێشەکان لێرەوە بەرەو جێی تر بەرێ و ئینجا خەڵکی تر، بە (کلمة الحق یراد بها باطل) بۆی بێنە سەرخەت و جگە لە فەرزکردنی قەرار و ئیرادەی خۆیان، جێیەک لەناوماندا بۆ ئەجینداکانیشیان بکەنەوە و بەداخەوە ئیشەکەش هەر وا کەوتەوە! 
ئەو ئەزانێ زرووفێک تێکەوتووین، هەر جۆرە ململانێیەک شەرت نیە گەورە و گرنگ بێ، بگرە چەند بچووک و خۆیی و چەند لابەلاش بێ، زۆرن ئەوانەی کە بۆ فووتێکردنی، بۆ گەورەکردنی، بۆ بەکارهێنانی وەک وەسیلە بۆ لێدانمان، لە کەمین دان و ئیشی تێدا ئەکەن!
ئەو لەیەککاتدا، بە نەهێشتنی ململانێی پارتی و یەکێتی و هەولێر و بەغداوە، بە هی قەندیل و ئەنقەرە و قامیشلۆ و شامەوە و بگرە بە هی هەرکی و گۆرانیشەوە، مەشغووڵە، چونکە ناوکی ئەو خورمایەی کە خەڵکی تر ئەیخۆن، یان ئەیانەوێ بیخۆن، لە گیرفانی ئەم دایە و ئەمیش هەرچییەکی پێ کرا کردی و هەرچییەکەیشی پێ بکرێ ئەیکا، تا بەڵکوو یان لە بینیان بگیرێ، یان ڕێ نەدا بە ئیسراحەت بچێتە خوارێ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP