دواین هەواڵ

تا کوردستان خاوەن بارزانى و گەلێکى خۆڕاگر بێت ، سەرکەوتن چاوەروانێتى

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

23 کاتژمێر پێش ئێستا

زۆر لە مێژە نەک هەر ئێستا دوژمنان هەمیشە خەونى تێکشکاندن و لە ناوبردن و سڕینەوەى کوردوکوردستان و دۆزە رەواکەى دەبینن ، هیچ ڕێگەیەکى قێزەوەن و ستەمکارانە نەما لەگەڵ جاش و بەکرێگیراو و سیخور و دهۆڵ ژەن و کۆلوانە سوورى بەر سوپاى داگیرکەر بە شێوازى کۆن و نوێى دژ بە گەلێکى خۆڕاگر و چیا ئاسا تاقى نەکەنەوە .
هەر دوێنى بوو بەچەکى زیندەبەچاڵکردن و خنکاندن ووێرانکردنى گوند و کانیاو و ئابوورى کوردستان ویستیان خامۆش و بێدەنگمان بکەن و ساردمان بکەنەوە لەو ئامانجەرەوایانەى کە دەریاییەک خوێنمان بۆ ڕشتووە و هەزاران پێشمەرگە و رۆڵەى ئەم کوردستان گیانیان لە پێناو گەیشتن بەئازادى و ڕەتکردنەوەى ستەمکارى و داگیرکارى فیداکردووە.
لە مێژووى نوێشدا و بەتایبەتى لە سێ دەیەى رابردوو و بە ئێستاى حکومڕانى کوردستان بینیمان دوژمنان چیان بە سەر ئەم کوردستانە هێنابوو جگە لە تاڵانکردنى نەوت و سەروەتەکەى و بەکارهێنانەوەى دژى گەلى کورد و شۆڕشەکەى ، کوردستان لە شێوەی گوندێکى گەورەى لێهاتبوو ، بەڵام لە دواى ڕاپەرینەوە و تائێستا حکوومەتەکانى کوردستان سەرەڕاى هەموو گەمارۆ و ئاستەنگەکانى بەردەمى پێشکەوتن و گەشەسەندنى کوردستانیان گەیاندۆتە ئاستى وڵاتانى پێشکەوتووى ناوچەکە و دوونیا ،ئەوەش وایکردووە نەیارانى ئەم گەل و قەوارەیە تووشى هیستریا و قەڵسى بکاتەوە ، بۆیە چەند ساڵێکە بە خراپترین شێوە هەوڵى لاوازکردن و نەهێشتنى قەوارەى شەهیدان و پێشمەرگە دەدرێت و درێغیان نەکردووە لە بەکارهێنانى هەموو جۆرە چەک و پیلانگێرى وسیناریۆیەک .
ئەم 6 ساڵەى رابردوو بەتایبەتى لەماوەى کابینەى نۆیەمى حکوومەتى کوردستان , دوژمنانى گەلى کورد هەموو کارتە فشارەکانیان هەر لە سەربازى و سیاسى و دەروونى و ئابووررى و راگەیاندن چڕکردۆتەوە ، ئەمەو جگە لە بەکارهێنانى گارانێک پیرە جاش و فریکە جاش و مورتەزەقە کە هەموویان بوونەتە وەڕگێر و دەمڕاست و دهۆڵ ژەنى نەیارانى کوردستان و ئەوەى دوژمنان بوێریا ن نییە ئەوان دەیکەن و هەر چى درۆ و چەواشەکارییە دەرخواردنى خەڵکانێکى سادەى دەدەن ، بەشێوەیەک کاتێک ناحەزان درۆى جاشەکان دەبیسن ڕەنگە ئەوانیش باوەر نەکەن ، لەگەڵ ئەوەشدا خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن و خەمخۆرى خەڵک دەزانن بەڵام شەوورۆژیان خستۆتەسەر تا بەڵکو خەونى نەزۆکى دوژمنانى کوردستان بێنەدى .
ئەوەتا ئەگەر سەرنج لە سەر ئەو فشار و پەڵاماردانانەى فاشیزمەکان و جاشەکان بکەین هەموویان لە یەک کاتدا و بەیەک ئاراستەیە بۆ دژایەتیکردنى مافەرەواکانى گەلى کورد و لێدانى سەنگ وپێگەى هەرێمى کوردستان و هەماهەنگییەکى تەواویان هەیە بۆ پەڵاماردانى حکوومەتى کوردستان و سەروەرییەکانى ، لە کاتێکدا ئامادە نین بۆ یەک ووسەى باسى ئەو دۆخەى عێراقیدایە و رۆژ بەرۆژ بەرەو وێرانتر و پووکانەوە دەروات بکەن ، دەیانهەوێت گەندەڵى و تیرۆر و تاڵانکارى فاشیزمە حکوومڕانەکانى عێراق بەڕێگەى درۆ وچەواشەکار و تۆمەتى بێ بنەما بشارنەوە ، عێراقێک لە ڕووى خزمەتگوزارى و بێکارى و نەبوونى ئاوى خواردنەوە و هەژارى گەیشتۆتە خاڵێکى مەترسیدار و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ شەقامێکى کوردستان بەراوەرد ناکرێت و ناوچەکانى باشوور و ناوەڕاستین لە خراپترین دۆخى ژیاندان ئەوەش دروشم نییە بەڵکو خەڵکى ئەو ناوچانە خۆیان دەڵێن .
بەهەڵوەستەکردن لەسەر کاردانەوە و هەڵگرتنى ئەرک و بەرپرسیاریەتى بەرامبەر بە گەل و نیشتیمان و بەرژوەندییە باڵاکانى بۆمان دەردەکەوێت ، ئەوەى لە خەم و پەرۆشى ئەم گەل و نیشتیمانەیە تەنها سەرۆک بارزانی وپەیرەوانێتى  ، ئەوانەى تر تەنها لەخەمى بەژوەندى حزبى و کەسى و ملکەچکردنن بەرامبەر بە فاشیزمەکانى عێراقدا ، بەدرێژایی مێژوو دوێنى و ئێستاش هەر پارتى و حکوومەتى کوردستان هەرگیز بیریان لە پێشکەوتن و گەشەسەندن و ئاوەدانى وسەرمایەگوزارى و دروستکردنى ڕێگەى نێودەوڵەتى وڕێگەوبان بە شێوەیەکى مۆدێرن و بەنداو و گرنگیدان بەبوارى کشتوکاڵ و پیشە سازى نەکردۆتەوە ، بگرە زۆر لایەن هەمیشە بوونەتە  کۆسپ و ئاستەنگ و ناشیرینکردنى ئەم گەل و نیشتمانە و لە رۆژە سەختەکانیشدا بەرگریان لە خاک و نیشتیمانەکەیان نەکردووە و بە پێچەوانەوە پشتگیرى عێراق و ئەو دوژمنانە دەکەن جگە لە تاڵانکارى و وێرانکارى و میلیشیاگەرى و بازرگانى ماددەى هۆشبەرى بۆ خەڵکى خۆیان و مووشەکباران و درۆنبارانکردنى هەرێمى کوردستان هیچیان لە هەگبەدا نیی و بەکرێگیراو و مورتەزەقەکانیشیان پاساویان بۆ دێنەوە و دەیانهەوێت سیماى قێزەوەن و ڕەشیان بۆ خەڵکى کوردستان سپى بکەنەوە ،بەڵام خەڵکى کوردستان هوشیارە و ئەم دۆخەش تێدەپەڕێت و کوردستانیش بەرەو سەرکەوتن و گەشەسەندنە . بەدڵنییاییەوە دەڵێم ، تا کوردستان خاوەن بارزانى و گەلێکى خۆڕاگر بێت ، سەرکەوتن چاوەروانێتى وهیچ دوژمنێک ناتوانێ شکستى پێبێنێت .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP