دواین هەواڵ

پایەكانی دەستەڵات و كارتێكەرەكانی سیاسەت لە عێراق

‌یاسین تەها

پێش 1 هەفتە

لە دەستووری هەمیشەیی 2005 دا، عێراق دەوڵەتێكی فیدراڵی یەكگرتووی سەربەخۆی خاوەن سەروەری تەواوە، سیستمی حوكمڕانییەكەشی كۆماری پەرلەمانی دیموكراسییە (مادەی 1)، بەڵام ئەوانەی ئاراستەی سیاسەتەكان دەكەن لەنێو ئەم دەوڵەتەدا و كاریگەرییان لەسەر بڕیارەكانی هەیە تەنیا پەرلەمان و سەرۆكایەتییەكان نین و لە پەنا دەزگا فەرمییەكانی دەوڵەتدا چەند كارتێكەرێكی تری سیاسی هەن و سەرجەم ئەو جومگە و دەزگایانەشی لە درووستكردنی بڕیاری سیاسیدا ڕۆڵ و كاریگەرییان هەیە دەكرێت بەمجۆرە پۆلێن بكرێن:

یەكەم: دەزگا فەرمییەکانی دەوڵەت:
ئەنجومەنی نوێنەران:

 بەوپێیەی عێراقی نوێ، بە پێی دەستوور وڵاتێكی پەرلەمانییە (مادەی 1)، دەسەڵاتێكی زۆری بڕیاردان لە دەستی پەرلەماندا كۆكراوەتەوە (مادەی 61). گرنگترین ئەو دەسەڵاتانەش ئەمانەن: داڕشتن و دەركردنی یاسا فیدراڵییەكان، چاودێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن كە دەكاتە حكومەت، هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، ڕەزامەندیدان لەسەر دانانی سەرۆكی دادگای فیدراڵی و سەرۆكی دەستە قەزاییەكان لەگەڵ باڵیۆزەكان و سەرۆكئەركانی سوپا و ئەوانەی لە پلەی فەرماندەی فیرقە و بەرەو سەر دان لەبەر ڕۆشنایی پێشنیاری ئەنجوومەنی وەزیران.

 

پەرلەمان دەسەڵاتی لێپرسینەوەی لە سەرۆككۆمار هەیە و دەتوانێت بە زۆرینە لە پۆستەكەی بیبەخشێت، ئەگەر دادگا ئیدانەی كرد بە پێشێلكردنی دەستوور.

بەپێی دەسەڵاتەكانی دەسەڵاتی یاسادانان، ئەندامانی پەرلەمان دەتوانن پرسیار ئاراستەی سەرۆكوەزیران و وەزیرەكان بكەن، 25 ئەندام دەتوانن داوای خستنەبەرباسی بابەتێك بكەن لەناو پەرلەمان لەبارەی كاری حكومەت، هەر ئەم ژمارەیەش دەتوانن پرساندن (استجواب)ی سەرۆكوەزیران و وەزیرەكان بكەن، بە زۆرینەش دەتوانن متمانە لە سەرۆکوەزیران و وەزیرەكان وەربگرنەوە بەپێی وردەكاری و ڕێوشوێنێك كە دەستوور دیاریكردووە.

هەروەها پەرلەمان دەسەڵاتی پەسەندكردنی ڕاگەیاندنی جەنگ و باری نائاسایی پێدراوە لەسەر داوایەكی هاوبەشی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران.

یەكێكی تر لە دەسەڵاتە گرنگەكانی پەرلەمان پەسەندكردنی بودجەی گشتییە، لەمیانەی تاوتوێكردنیشدا مافی گواستنەوەی گوژمە پارەی هەیە لە نێوان بەشەكان و كەموزیادكردنی بڕی پارەكان لە ڕێگای پێشنیاركردن بۆ ئەنجومەنی وەزیران.

پەرلەمانتار پارێزبەندیی هەیە و ناكرێت لەكاتی وەرزی یاساداناندا دەستگیربكرێت مەگەر تاوانی ئەنجامدابێت و بە ڕەزامەندی زۆرینەی ڕەهای پەرلەمانتاران، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی دەبێت كە یان دەبێت 1/ 3 داوای بكەن، یان سەرۆكوەزیران بەڕەزامەندی سەرۆككۆمار داوا پێشكەش بكات، ئەوكاتیش سەرۆككۆمار لەماوەی 60 ڕۆژدا بانگەواز دەكات بۆ هەڵبژاردن[1]، ئەمەش لە سەردەمی حكومەتی كازمیدا ڕوویدا و بەپێی بڕیاری پەرلەمانتاران ئەنجومەنی نوێنەران لە 7ی تشرینی یەكەمی 2021 و لە ساڵی سێیەمی تەمەنیشدا هەڵوەشایەوە[2]، كە سێ ڕۆژ بەر لە سازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو كە ئەم خولەی ئێستا (پێنجەمی) لێكەوتەوە.

سەرۆكایەتی كۆمار:

 بەپێی دەستوری 2005 و بەپێی مادەی 67، پۆستی سەرۆككۆمار باڵاترین پۆستە لە وڵاتدا و هێمای یەكێتی وڵات و نیشتمانە. سەرۆكایەتی كۆمار، نوێنەرایەتی سەروەری وڵات دەكات و شەونخونی دەكێشێت بۆ مسۆگەركردنی پابەندی بە دەستوور و پاراستنی یەكێتی عێراق و سەروەری و یەكێتی و سەلامەتی خاكەكەی، هەر بەپێی دەستووریش سەرۆك بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران هەڵدەبژێردرێت[3].

دەسەڵاتەكانی سەرۆككۆمار لە مادەی 73ی دەستووردا بە چەند خاڵێك دیاریكراون، كە سەرەكییەكانیان بریتین لە: پێشنیاركردنی پرۆژە یاسا، راسپاردنی كاندیدی لیستی براوەی زۆرینە بۆ پێكهێنانی حكومەت، پێشكەشكردنی داوا بە پەرلەمان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیران، دەركردنی لێبوردن لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكوەزیران، پەسەندكردنی یاسا دەركراوەكانی پەرلەمان و پەیماننامە و ڕێككەوتنە نێودەوڵەتییە پەسەندكراوەكان لە پەرلەمان، ئەگەر نەشیكات پاش 15 رۆژ خۆی بە پەسەندكراو دادەنرێت. بانگەوازكردن بۆ گرێدانی كۆبوونەوەی پەرلەمان لە ماوەی دوو هەفتە لە بەرواری پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، پەسەندكردنی حوكمەكانی لەسێدارەدانی دەرچوو لە دادگا تایبەتمەندەكان، فەرماندەییكردنی هێزە چەكدارەكان لە ئاهەنگ و بۆنە تەشریفاتییەكان، دەركردنی مەرسومی كۆماری و پیادەكردنی هەر دەسەڵاتێكی تر كە لە دەستووردا هاتبێت.

دەشێت سەرۆككۆمار لەكاتی گرفت و كێشەو بە بۆشایی مانەوەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیراندا سەرۆكایەتی حكومەت بكات[4].

بەڕای شارەزایان پێگەی سەرۆكایەتی كۆمار لە دەستوری عێراقدا مامناوەندە لە نێوان پرۆتۆكۆلی و تەشریفایەتی لەلایەك و پێدانی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ لەلاكەی تر[5]،  بەڵام هەندێك دەسەڵاتی سەرۆككۆمار هەن، ڕووننەكراونەتەوە و میكانیزمەكانی دیارنین لە چەشنی “شەونخونی بۆ جێبەجێكردنی دەستوور”، هەروەها هەندێك دەسەڵاتیشی هەیە كردەیی نین وەك بەرزكردنەوەی داوای وەرگرتنەوەی متمانە لەسەرۆك وەزیران، چونكە بەدیهاتنی ئەمە ملكەچە بۆ زۆرینەی ناو پەرلەمان و ئەگەر زۆینە پەسەندی نەكەن هیچ مانایەك بۆ داواكەی سەرۆككۆمار نامێنێتەوە.

بەپێی ئەزموونی خولەكانی ڕابردوو كە سەرۆككۆمار بەدەست پێكهاتەی كوردییەوە بووە، هێز و پێگەی ئەم پۆستە لە تواناو لێوەشاوەیی كەسایەتییەكان و دواتریش پاڵپشتی فراكسیۆنە كوردستانییەكان و دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە و لەو كاتانەی هەلومەرج و بارودۆخ شڵەژاو و نوێنەرایەتی كوردی لە بەغداد لە حاڵەتی بەریەككەوتندا بووە لەسەر ئاستی ناوخۆ و لەگەڵ پێكهاتەی شیعی پۆستی سەرۆككۆماریش زیاتر تەشریفاتی و بێڕۆڵ بووە، بەپێچەوانەشەوە لە هەندێك جومگەی وەك ڕاسپاردنی سەرۆكوەزیراندا بایەخ و گرنگی پەیداكردووە.

سەرۆكایەتی وەزیران

 لە دەستوری عێراقیدا مادەی 80، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی بەرپرسە لە پلاندانان و داڕشتنی سیاسەتی گشتی دەوڵەت و سەرپەرشتیكردنی كاری وەزارەتەكان و دەستەكان، بەپێی ئەم تەفسیرەش دەبێتە كەسایەتی یەكەمی وڵات. بەپێی پێناسەی دەستوور مادەی 78، سەرۆكوەزیران “بەرپرسی جێبەجێكاری راستەوخۆیە لە سیاسەتە گشتییەكانی دەوڵەت” و “فەرماندەی گشتی هێزە چەكدەركانە و كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوە دەبات”.

ئەنجوومەنی وەزیران كە سەرۆكوەزیران كەسی یەكەمیەتی دەسەڵاتگەلێكی فراوانی هەیە وەك: بەرزكردنەوەی پرۆژە یاسا بۆ پەرلەمان، دەركردنی پەیڕەو و ڕێنمایی بۆ جێبەجێكردنی یاساكان، ئامادەكردنی پرۆژەی بودجەی گشتی و حیساباتی كۆتایی و پلانەكانی پەرەپێدان.

ئەنجوومنی وەزیران ڕاسپاردە بۆ پەرلەمان بەرز دەكاتەوە لەبارەی دامەزراندنی بریكارانی وەزارتەكان و باڵیۆزەكان و خاوەن پلە تایبەتەكان لەگەڵ سەرۆكئەركانی سوپا و جێگرەكانی، لەگەڵ ئەوانەی لە پلەی فەرماندەی فیرقە و بەرەو سەرەوەدان بەتایبەت سەرۆكی دەزگای هەواڵگری و سەرۆكی دەزگا ئەمنییەكان.

هەروەها ئەنجوومەن دەسەڵاتی دانوستانكردنی هەیە لەبارەی پەیماننامە و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان و ئیمزاكردنیان[6].

بە پێی شیكارە یاساییەكان ئەگەر بەرواردێك بكرێت لەنێوان دەسەڵاتەكانی سەرۆككۆمار لەگەڵ سەرۆكوەزیران، ئەوە زۆربەی دەسەڵاتەكانی سەرۆككۆمار رواڵەتین لە چاو ئەنجوومەنی وەزیراندا چونكە ڕەزامەندی پێشوەختەیان پێویستە یان ڕاسپاردەن، بەڵام دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەزیران فراوانتر و گشتگیرترن و راستەوخۆ ڕاپەڕاندنن، ئەمە جگە لەوەی سەرۆكوەزیران فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقە و ڕاگەیاندنی باری نائاسایی و جەنگ و حاڵەتی لە ناكاویشی لە دەستدایە[7]، هەروەها دەسەڵاتی لەسەركارلابردنی وەزیرەكانی بە ڕەزامەندی پەرلەمان هەیە[8].

بەپێی عورفی سیاسی نەنوسراو سەرۆكایەتی وەزیران لە عێراقدا لە دەستی پێكهاتەی شیعی دایە، ئەمەش وایكردووە هەمیشە پێگەی بەهێزبێت بەوپێیەی هێز و فراكسیۆنە شیعەكان زۆرینەن لە پەرلەمان، ئەم ڕێسایە لەسەردەمی جەعفەری و دوو ویلایەتی مالیكیدا (2005_2014) و ویلایەتی حەیدەر عەبادی (2014_2018) بەرقەرارر بوو، بەڵام لەپاش دانانی عادل عەبدولمەهدی و دەستلەكاركێشانەوەی لە ماوەی ساڵێك (كۆتایی 2019) و هاتنی مستەفا كازمی (2020) و بەدوایدا محەمەد شیاع سوودانی (2022) گۆڕانكاریی بەسەرداهات و لەبری سەرۆكوەزیرانی خاوەن بڕیار، دەسەڵات زیاتر كەوتە دەست بنكە سیاسی و هێزە بەشدارەكانی نێو ئەنجومەنی وەزیران چونكە دووان لە سەرۆكوەزیرانەی كۆتایی (عادل عەبدولمەهدی و مستەفا كازمی)، خاوەن فراكسیۆنی پەرلەمانی نەبوون و محەمەد شیاع سوودانیش تەنیا دوو كورسی هەبوو لە كۆی 329 لە ناو پەرلەمان، ئەمەش وایكرد بۆ بەدەستهێنانی متمانە پەنا ببەنە بەر ڕازیكردنی فراكسیۆنە شیعییەكان و ڕازیكردنیان.

دووەم: دەزگا نافەرمییەكانی هاوئاستی دەوڵەت

مەرجەعیەتی باڵا لە نەجەف:

 لە دەستووری نووسراودا مەرجەعیەتی ئایینی دەسەڵاتدار نییە لە عێراق، بەڵام بەكردەیی فەتواو رێنمایییەكانی حوكمی دەستوور و یاسای كارپێكراویان هەیە و زۆرجار راستەوخۆ دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە.

سەرچاوە شیعییەكان مێژووی مەرجەعیەتی ئایینی دەبەنەوە بۆ ساڵی 941ی زایینی كە بە پێی باوەڕی ئەوان تێیدا ئیمامی دوازدەیەم مەهدی مونتەزەر غەیب بووە، لەو كاتەشەوە پەیوەندی جەماوەر و شەرعزانە مەرجەعەكانی شیعە لە ڕووی ئاینیی و كۆمەڵایەتییەوە بەپێی نەریتەکان “تقلید” ڕێكخراوە كە شوێنكەوتنی ڕەهایە، بەبێ گوێدانە ئەوەی فرمانڕەوای سیاسی شیعەیە یان سوننە[9]. ئەوەشی یارمەتی سەركەوتنی ئەم بیرۆكەیەی “مەرجەعیەت”ی داوە سەربەخۆیی دارایی مەرجەعەكانە لە ڕێگای كۆكردنەوەی خمس و داهاتی ئەوقاف و دواتریش دابەشكردنییەتی بەسەر قوتابخانەكانی حەوزەی ئایینی و خەڵكانی موحتاج لە ڕێگای تۆڕێك بریكارەوە لە ناوچە جیاجیاكان و شار و شارۆچكەكان.

لە ئێستادا دەسەڵاتی ئایینی لە نێو پێكهاتەی شیعەدا كە زۆرینەی عێراقن لە دەستی مەرجەعیەتی ئایینی دایە لە نەجەف، ئەم دامەزراوەیەش ئاماژەیە بۆ كۆمەڵێك دەزگا و دەستەی تری بچووك كە دەسەڵاتی ڕاڤەكردنی دەقەكان و چالاكی كۆمەڵایەتی و سەرپەرشتیكردنی ڕێوڕەسمە ئاینییەكانیان هەیە، لە ئێستاشدا بە فەرمی دەووروبەری 25 دامەزراوەن[10].

مەرجەعی باڵای شیعە لە ئیستادا كە زۆر جار وەك “كاریگەرترین خاوەن نفوزی سیاسی لە عێراق ئاماژەی بۆ دەكرێت”[11]، لە زۆر جومگەدا بۆچوون و پێداگرییەكانی وەك خۆی ڕاستەوخۆ خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەم هۆیەشەوە دەگوترێت دەسەڵاتی سیستانی لە سەروو یاسا و دەستووری عێراقەوەن و لە دەستووری نەنوسراودا رۆڵی ڕێبەری پرۆسەكە دەبینێت، لە گرنگترین ئەو وێستگانەشی كە تێیدا هاتووەتە سەر خەت  دەكرێت ئاماژە بەمانەی خوارەوە بكرێت:

_ سەپاندنی هەڵبژاردن بەسەر پۆڵ بریمەر و ئەنجوومەنی كاتی فرمانڕەوایی لە 2003[12]، هەروەها پێداگریكردن لەسەر ئەوەی ئەنجوومەنێكی هەڵبژێردراو دەستووری عێراقی بنووسنەوە (2024) لە رێگای نامەیەكەوە بۆ نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەخزەر ئیبراهیمی، بەمەش سیستانی ڕێگەیگرت لە درێژەكێشانی قۆناغی ڕاگوزەری و ئەو پاساوەی ڕەتكردەوە كە پێیوایە عێراق هێشتا ئامادە نییە بۆ هەڵبژاردن و ژێرخانە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكەی یارمەتیدەر نین بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن[13].

_فەتوای الجهاد الكفائي بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە 13ی حوزەیرانی 2014 كە بووە بنەمایەك بۆ بەرنگاربوونەوەی داعش لە شەقامی شیعی، كەڵكیش لەم فەتوایە وەرگیرا بۆ  شەرعیەت وەرگرتنی حەشدی شەعبی، هەر بە پاساوی ئەم فەتوایەش دامەزراوەیەكی ئەمنی هاوتەریب لەگەڵ سوپا سەریهەڵدا كە هێزەكانی حەشدن، ئەمەش وێستگەیەكی مێژویی و پێشهاتێكی نوێی عێراقی پاش 2003 یە[14].

_ناچاركردنی عادل عەبدولمەهدی بە دەستلەكاركێشانەوە لە سەرۆكایەتی وەزیرانی عێراق لە ڕێگای وتاری هەینییەوە (نۆڤەمبەری 2019) پاش ئاڵۆزبوونی ڕەوشی ئەمنی و سیاسی بەهۆی خۆپیشاندانەكانی تشرینەوە، ئەمەش یەكەم كەوتنی كابینەی حكومی بوو لە پاش 2003 بەر لەوەی وادەی یاسایی خۆی تەواو بكات[15].

حەنانە و “مەرجەعیەتی گۆیا”

هاوتای مەرجەعیەتی تەقلیدیی نەجەف كە سیستانی ڕێبەرایەتی دەكات، مەرجەعەیەتێكی تری سەدری هەیە (گۆیا_ الناطقة) كە پەیڕەوی لە فەتواكانی “محمد صادق الصدر” دەكات[16]، ئێستاش موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتەكە ناوی ناوە ڕەوتی نیشتمانی شیعی (التیار الوطني الشیعي). جێگای نیشتەجێبوون و حەوانەوەی موقتەدا سەدر لە گەڕەكی حەنانەی نەجەفە و زۆرجار ئەم گەڕەكە بەسەرچاوەی بڕیاری سەدرییەكان ئاماژەی بۆ دەكرێت. موقتەدا سەدر ڕێبەری یەكێك لە جەماوەریترین ڕەوتە ئیسلامییە شیعییەكانە لەسەر ئاستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تایبەتمەندی سەدر ئەوەیە سەركردەیەكی فرەشوناس و گۆڕاوە یەكێكە لە كارەكتەرە سیاسییە كاریگەرەكانی شەقامی سیاسی شیعی كە  بۆ مسۆگەركردنی دەستكەوتی زیاتر لەچاو ڕكابەرە شیعەكانی “بەشێوەیەكی كۆنترۆڵكراو ئۆقرەیی دەشێوێنێت”، ستراتیژی كاری ڕەوتەكەشی لە دەوری كاریزماتیكی سەرۆكەكەی و مێژووی بنەماڵەكەی چەق دەبەستێت[17].

باوكی موقتەدا ڕكابەر و نەیاری مەرجەعیەتی سیستانی بووە، بەڵام جیاواز لە سەردەمی سەدری باوك، موقتەدا دژایەتیی خۆی بۆ سیستانی و حەوزە ئاشكرا ناكات. نەك هەر ئەوە، بەڵكە لە هەندێ فەتوا و بانگەوازەكانیدا داوای پابەندبوون بە فەتوا و بۆچوونەكانی مەرجەعیەت دەكات[18].

جگە لەم هەژموونە جەماوەری و پەرلەمانییە، سەدر خاوەن میلیشیای سرایا السلامـە كە لە ڕێگای ئەبو یاسری (یاریدەدەری جیهادی) سەدرەوە پەیوەستن بە موقتەداوە و سنووری چالاكییان لەناو خاكی عێراقدایە، بەتایبەت كەرتی سامەڕا كە مەزاری حەسەنی عەسكەری و ژێرزەمینی ئیمام مەهدی لەخۆدەگرێت كە بەشێكن لە پیرۆزییەكانی شیعە[19]. جگە لەم شارەش، یەكە و گرووپە تایبەتەكانی ئەم میلیشیایە لە 12 پارێزگای عێراقیدا بەشداریی نمایشی سەربازیی تایبەتیان كردووە و ئەركەكانی خۆشیان بە بەرگری لە پیرۆزییەكانی شیعە دیاری كردووە[20].

لەسەر ئاستی جەماوەری ڕەوتی سەدر؛ جەماوەریترین تەوژمی شیعەیە، 30 كورسیی لە یەكەم هەڵبژاردنی 2005 بەدەست هێناوە، لە 2010دا كورسییەكانی بەرز كردووەتەوە بۆ 39 كورسی[21]، لە 2014 گەشتووەتە 36 كورسی و لە 2018 لە ڕێگای هاوپەیمانێتیی سائیروون كورسییەكانی گەیاندە 54 و بە پلەی یەكەم هات لەناو هەموو لیستە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی گشتی[22]، لە 2021 ئەم ئەنجامە هەڵكشا بۆ 73 كورسی لە كۆی 329[23]، دوای ئەوەش لەگەڵ پارتی و تەقەدومی حەلبوسی، هەوڵی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانیدا ، دواتریش كە پڕۆژەكەوە شكستیهێنا كشایەوە لە پەرلەمان.

ڕەوتی سەدر خاوەن شوناسێكی سیاسیی دیاریكراو و كۆنكرێتی نییە و لە یەك كاتدا ئایین و سیاسەت و كۆمەڵایەتیی تێكەڵاو كردووە و هەمیشە لە ناوچەی خۆڵەمێشیدایە [24].

لە بارەی كاریگەریی سیاسییشەوە، سەدرییەكان، ڕۆڵی كاریگەریان هەبووە لە دانانی جەعفەری بە سەرۆكوەزیران بەرامبەر عادل عەبدولمەهدی (2005)، هەر ئەوان ویلایەتی دووەمی مالیكییان یەكلایی كردەوە سەرباری دوژمنایەتیی زۆری نێوانیان (2010)، هەروەها پاڵپشت و یارمەتیدەر بوون بۆ سەرخستنی چانسی عەبادی كە بەسەر مالیكیدا (2014)، لە دانانی عادل عەبدولمەهدیدا لایەنی سەرەكی بوون (2018)،  بۆ ڕاسپاردنی محەمەد تۆفیق عەلاوییش بە هەمان شێوە ڕۆڵیان هەبوو، هەر چەندە سەر نەكەوت لە ئەركەكەیدا[25]، لەگەڵ مستەفا كازمی پەیوەندی و هەماهەنگی زۆریان هەبووە، لای خۆشییەوە سەدر شانازی بەوەوە كردووە هیچ سەرۆكوەزیرانێك لە عێراقی پاش 2003 بەبێ ڕەزامەندیی ئەو دانەنراوە [26].

لە ئێستاشدا كە سەدرییەكان لە دەرەوەی پرۆسەكەن نائامادەی ئامادەن و چاوی لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئاراستەی بڕیاردانی ئەوانە چونكە باوەڕێكی زاڵ هەیە كە سەركەوتنی هیچ حكومەتێك بەبێ پشتیوانی سەدرییەكان مسۆگەر نییە.

حەشدی شەعبی

هێزە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی كە سەر بە هێز و گرووپە جیاجیاكانی شیعەن لەژێر چەترێكدا كۆكراوەنەتەوە كە “دەستەی حەشدی شەعبی” یە. ئەم دامەزراوەیە خۆی بە “دەستەیەكی نیشتمانی چەكداری” دەناسێنێت كە لە هەمانكاتدا “كەسایەتی كلتوریی نیشتمانی خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی هەیە[27].

بەپێی یاسای ژمارە 40ی 2016ی پەرلەمانی عێراق حەشدی شەعبی بەشێكە لە هێزە چەكدارەكانی عێراق و پەیوەستە بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە كە سەرۆكوەزیرانی عێراقە[28]، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا لە دەرەوەی ئەركە یاساییە باوەكەی ئەركێكی تری بۆ زیادكراوە كە “پاراستنی دەستوور و سیستەمی سیاسی” یە[29]. ئەم ئەركەی نوێیەی حەشد كە لە دەرەوەی یاسا بەركارەكانی هێزە چەكدارەكانە، لە چوارچێوەی بیرۆكەیەك دایە كە كار لەسەر فراوانكردنی ڕۆڵی حەشد دەكات بۆ ئەوەی ببێتە دەزگایەكی بەرپرس لە بەرگریكردن لە سیستمی سیاسی كە هێزە ئایدۆلۆژییەكانی شیعە كۆنترۆڵیانكردووە، بۆ بەجێبەجێكردنی ئەمەش ڕێگاخۆشكراوە بۆ ئەوەی حەشد لە بازاڕی كارو بزنیشیدا وەك سیاسەت و ئاسایش رۆڵی گەورەی هەبێت ئەویش لە ڕێگای دامەزراندنی كۆمپانیای المهندسەوە، سەرجەم ئەم ڕێوشوێنانەش زیاتر لە كۆپیكردنی ئەزموونی سوپای پاسدارانی ئێران دەچێت[30].

حەشدی شەعبی بووەتە چەتری ئەو گرووپە چەكدارانەی سەر بە میحوەری مقاوەمەن و بڕیاری جەنگ و هێرش لە دەرەوەی سنووری عێراقەوە وەردەگرن، ئەم هێزانە لە ساڵانی ڕابردوودا باڵیۆزخانەی ئەمەریكا و بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانانیان كردووەتە ئامانج، بەمەش ئیحراجی و كێشەی زۆریان بۆ حكومەتی عێراق درووستكردووە. لە پاش 7ی ئۆكتۆبەر و هەڵایسانی جەنگی غەززەشەوە بوونە بەشێك لە میحوەری موقاوەمە و سەرباری ئەوەی بودجە و شەرعیەتی یاساییان لە عێراقە بەڵام بۆ بڕیاری جەنگ چاوەڕوانی ئێرانن و ئەمەش بەدەق لە لێدوانی سەرۆكئەركانی حەشدی شەعبی عەبدولعەزیز ئەلمحەمەداویدا هاتووە، كە یەكێكە لە فەرماندە دیارەكانی كەتیبەكانی حیزبوڵڵا لە پاش بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانەی تاران لە سوریا و لە “ڕۆژی جیهانی قودس” دا (5 ی نیسانی 2024)[31].

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP