دواین هەواڵ

عەقڵی بێ عەقڵ

‌غازی حەسەن

پێش 4 هەفتە

زۆربەی ئەوانەی دەیانەوێت بنووسن، یان قسە دەکەن و دەیانەوێت گوتار دروست بکەن، ئاماژە بە عەقڵ دەکەن. دەیانەوێت وا نیشان بدەن، کە ئاماژەکردن بە بەم جۆرە دەستەواژانە، کەسایەتی و پێگە و توانای ئەو لە ژینگەیەکی دواکەوتووی کشتوکاڵی و نەزانین و کوێرەوەریی و خۆخۆریی دوور لە هەڵویست و کاری ئەکادیمی و سیاسی مۆدرێن و ڕۆشنبیرێکی تازەگەر، دەگوازێتە بۆ سوپەر هێز و عەقڵ و کەسایەتییەکی کەم وێنە و کاریزما و خودان فکرێکی بێ هاوتا.

عەقڵ کردەیەکی فیزیکی و دەروونی و هۆشەکی و فکرییە، سەرچاوەی هەموو بڕیار و  کردار و کاردانەوە و شیکار و لێکدانەوەیەکە. عەقڵ هەر تەنیا هانی کەسەکان نادات، شتەکان ببینن، یان بگرن و بەکاربهێنن، بەڵکو پێش بڕیاردان، بە شێوەیەکەی خێرا شتەکان لێکدەنەوە و شیکاری بابەت و ڕوواو و ئەو ژینگە و دەوروبەرەشیان دەکەن، کە بابەتەکانی تێدا ڕوودەدات.

پێچەوانەی ئەوە، زۆر لەو بابەتانەی دەیانخوێنینەوە، دوور لەم لۆژیکە نووسراون، باسی عەقڵ دەکەن، لەکاتێدا عەقڵ تێیدا بزرە و نامۆیە. باس لە عەقڵمەندی و عاقڵانە بیرکردنەوە و هوشیاریی و بە لۆژیک کارکردن دەکات، کەچی قسە و بۆچوونەکان بەکردەوە دوورن لەم وشە و گوزارشتانە، دوور نییە لەهەندێک دۆخدا دژیش دەردەکەوێت.

بە گۆترە نووسین، بە ڕووکەشانە قسەکردن لەبارەی سیاسەت و ڕووداوەکان، دوورکەوتنە لە لۆژیکی بەراوردکاریی و ئاماژە نەکردن بە (باش و خراپ)، (هۆکار و ئەنجام)، (سەبەبکار و قوربانی) و چەندین بنەما و شتی دیکە، وا دەکات مرۆڤ بە ئاسانیی و بێ بیرکردنەوە هەست بەوە بکات ئەم جۆرە نووسینانە عەقڵی بێ عەقڵن، دوورکەوتنەوەیە لە بیرۆکەی زانستیانە نووسین و هەڵسەنگاندن و هەڵێنجان و شیکاری گوتار.

عەقڵ پشت بە لێکدانەوەی پێشوەختە دەبەستێت، دوور دەکەوێتەوە لە هەڵچوون و تۆمەتی بێ بنەما و دەردی دەروونی خودە نەخۆشەکان، عەقڵ پشت بە بەڵگە و شتی سەلمێنراو و دروستکەر دەبەستێت، نەک تۆمەتی دروستکراو، هەواڵی دروستکراو و بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵبەستراو، شکاندن و خۆشکاندن و پەڕپووت کردنی هەموو بەها پیرۆزەکان ڕەت دەکاتەوە.

هەر کاتێک عەقڵ بێ عەقڵ بوو، دەسەڵات و دەرفەت و هێز و گوتار کەوتە دەستی کەسانێک عەقڵ تەنیا بۆ خۆشکاندن و درۆ و خۆڕیسواکردن بەکاربهێنن، عەقڵ ئەو بەها و پێگە ڕاستەقینەی نامێنێت، کە دەبێتە دروستکەر.

کورد لەسەردەمی دوورکەوتنەوە لە (عەقڵ و لۆژیک و گفتوگۆی خۆ بەخۆ دەژیت)، چونکە شتەکان کەوتوونەتە دەست عەقڵی بێ عەقڵ!  وەکو چۆن کەسانێک باس لە فکر دەکەن، کەچی لە نێو بێ فکریدا خنکاون، باسی دادپەروەریی دەکەن، خۆیان توندتیرن و یەکەمی بێ ڕکابەرن لە پیشێلی یاسا، هەیانە خیانەت بە سیاسەت دەزانێت، هەیە لەنێو فۆرمی بێ فۆرمدا قۆپاوەتەوە.

هەر گاڤێک عەقڵ لە عەقڵ داپچڕێنرا، سەردەمی شەرم نەکردن لە بەرپرسیاریەتی، نەترسان لە مێژوو باڵادەستبوو،یان گوێ نەدان بە ڕاستگۆیی و بە ئاشکرا پێچەوانە کارکردن دژی بەرژەوەندییە نیشتمانییە گشتییەکان ڕەوایەتی پێدرا و ڕیسوایی وەکو شانازیی سەیر کرا و شکان وەکو سەرکەوتن و تەسلیم بوون وەکو هێز وێنا کرا، دەبێت بزانین عەقڵ و دەسەڵاتی عەقڵ لەسێدراە دراوە. هەر گاڤێک عەقڵ قووندە بوو، عەقڵ وەکو ئاشی ئاو لێبڕاوی لێهات، داگیرکەر بە ڕزگارکەر و خودشکان بە فکر و سیاسەت زانرا و درۆ وەکو بڕیاری شاهانە لێک درایەوە، هەواڵ و زانیاریی ساختە بە پیرۆز ناو برا... تاد. ئەوە دەبێت گومانمان نەبێت، کە ئێمە لەسەردەمی مردنی عەقڵ دەژین. لەم دۆخەشدا کەسانێک کە باسی عەقڵ دەکەن ڕێک وێنەی بێ عەقڵی نمایش دەکەن، چونکە سەردەمەکە سەردەمی ڕیسوایی و شکان و تەلسیم بوون و خۆشکاندن و هەڵوەشانەوە و پووچییە!.  

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP