دواین هەواڵ

سەردەمی یاخی بوون لە خوود

‌ساڵح میراودەلی

پێش 4 هەفتە

بە ھەموو پێوەرەکان، کۆمەڵگەی کوردی بە پێی زانستی کۆمەڵناسی، تێکشکاوترین کۆمەڵگەی ئەو سەردەمەی خۆیەتی. کۆمەڵگەیەکە، نامۆیە بە ھەموو جوانیەکانی ناخی خۆی، دیوی ناوەوەی خودی کردۆتە کەلاوەیەکی ڕووخاو،زەلکاوێکی بۆگەن، کەچی دیوی دەرەوەشی بە جوانترین تابلۆ پیشانی دەوروبەرەکەی دەدات.

باشتر بڵێم بەھۆی بەردەستبوونی ئینتەرنێت و کۆمەڵێک تۆڕی کۆمەڵایەتیەوە، دەتوانێت لە چرکەیەکدا وێنا جوانەکانی دەرەوەی پیشانی ھەموو دنیا بدات، پێیان بڵێت ئەھا چەندە ناسک و نازدارم، چەندە بەختەوەرم، ناڕاستەوخۆ گەرەکیەتی ئەو پەیامە بدات کە ئەو کەسێکی کامڵ و ئەوپەڕی دڵشادە.

بەدەستھێنانی ئەو تابلۆ قەشەنگانە، ھیچیان لە ڕووکەشیشدا وێنای ڕاستی کەسەکە نین چ جای ناوەرۆکەکەی، بەڵکو چەندین پرۆگرامی بەکارھێناوە، بۆئەوەی کەم و کورتیەکانی ڕوخساری بشارێتەوە، دڵتەنگە بەوەی دوو ھێڵ لەسەر پێستی دەم و چاوی دەربکەوێت یان ئەندامێکی ڕوخساری تەمەنی ڕاستەقینەی خۆی پیشان بدات. کەچی ھەمان کەس، دەیان کەم و کورتی لە ناخ و بیرکردنەوەیدایە، لە ڕەفتار و کردەوەکانیدایە، دەیان ھەستی جوان و ڕاستەقینەی خۆی پشتگوێ خستووە، ئامادەنییە وەکو مرۆڤ لەگەڵ جوانیەکانی خۆیدا بژیت یان ھێندێکیش بژاری کەم و کوڕیەکانی ناخی بکات، چەندین ئەرکی سەرەکی دیکەی ژیانی ڕۆژانەی خۆی کردۆتە سوتەمەنی، کاتێکی زۆری بە فیڕۆداوە، لەپێناو ئەوەی خەڵکانێکی زۆرینە ھەر لە نزیکەوە ناشیناسن، پێی بڵێن جوانە، یان خۆی بکاتە نێچیری چاو برسیەکانی جەستە. وەک چۆن پرۆگرامە تەکنەلۆژیەکە درۆت لەگەڵدا دەکات بەوەی ڕوخسارە ڕاستیەکەی خۆت پێ نامۆ دەکات، بە ھەمان شێوە کەسەکە کۆپی پرۆگرامەکە دەکات و فێڵ یان درۆ لەگەڵ ھەستە ڕاستەقینەکانی خۆی و دەوروبەروکەشی دەکات.

مرۆڤی ئەو سەردەمە بە تایبەت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، مرۆڤێکە بەتاڵ و ھیچ لەباراندا نەبوو، یاخی بە شوناسی خود وەک تاک، یاخی بووە لە جوانییەکانی خۆی و بۆتە ئاوەڵی گیانی بە گیانی پرۆگرامە ساختەکان و بۆ خۆشی بە تێپەڕینی کات بێ ئەوەی ھەستی پێ بکات، دەبێتە مرۆڤێکی ساختە، ئیدی کە مرۆڤە ساختەکانیش ھێندە زۆربوون، خۆ کردانە کۆمەڵگەش دەبێتە کۆمەڵگەیەکی ساختە. ساڵح میراودەلی

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP