دواین هەواڵ

بەربەست لە دەوری سەرکردەکان

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

28/03/2024

ئەم بابەتە لە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی کادیرانی سیاسی و ئیداری بێ ئەزموون کە لە دەوروبەری بەرپرسانی خاوەن بڕیار ئەڵقەیان بەستووە دەکۆڵێتەوە، کە بوونیان دەبێتە هۆی دروستبوونی بەربەست لە دەوری سەرکردەکان و کارلە بڕیاردانی ستراتیژیان دەکات. دەشێت لە ڕێگەی شیکارییەکی گشتگیر بۆ نموونە چاوخشاندن بە فاکتە مێژوویی و هاوچەرخەکانەوە لەم پرسە بکۆڵینەوە، هەروەها لە ڕەهەندە مەترسیدارەکانی (نەزان)ی لەناو پێکهاتە حکومییەکان و کاریگەرییە قووڵەکانی لەسەر ستراتیژیە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان ورد بێتەوە. دەبێ دان بەوەدا بنێین کاتێک سەرۆک و سەرکردە گرنگەکان دەبنە ئامانجی ڕکابەرەکانیان، بۆنموونە کاتێک (هەرێمی کوردستان) و(بەغدا) لە ململانێیەکی چارەنوسسازدان بێ شک بۆیە هەستیارترین جومگەکانی دەسەڵات دەبنە ئامانج چونکە کادرانی دەوری سەرکردەکان بەڕۆڵی خۆیان هەڵنەستاون، کاتێک ڕۆڵێکیش دەبینن بە چەشنێک نەزانانە ئەنجامیدەدەن کە دەرفەت بەناحەزان دەدات لە ئامانجە گەورەکانی کوردستان بدەن. تەنانەت کادرانی هەرە باڵای حزب دۆخە سەختەکان وفشارەکان سود لێوەردەگرن بۆ بەدەست هێنانی دەسکەوت لە ناوحزبەکەیاندا.

ئەڵقەی بەرپرسانی بێ ئەزموونی دەوروبەری سەرکردەکان تەحەدایەکی بەرچاو بۆ حوکمڕانی کاریگەر دروست دەکات، زۆرجار دەبێتە هۆی ناکارایی بیرۆکراتی، شکستی سیاسەت و سازش لەسەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان. ئەم وتارە بەدواداچوون بۆ سروشتی فرەلایەنەی ئەم پرسە دەکات، ڕۆشنایی دەخاتە سەر کاریگەرییەکانی بۆ پرۆسەکانی بڕیاردان و دەرئەنجامە ستراتیژییەکان.

لە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی ئەو گەندەڵانەی تەنیا دەزانن چاوقاوە بخۆنەوەو خاڵین لە دەست پێشخەری (هەرێمی کوردستان) ریکۆردی شکاندووە. هەموو دەزانین سەرۆک وەزیران دەمێکە پڕۆسەی بەبانککردنی مووچەخۆرانی ڕاگەیاندووە، لەکاتێک دا مووچەخۆری هەرێمی کوردستان خۆی دەمێکە باێۆ متری هەیە، هۆکارەکە تەمبەڵی و هەروەها خەواڵوویی نەبێت بۆچی ئەم پڕۆسەیە وا لە شوێنی خۆی چەقیوە.

بۆچی ئەبێت ناوی سیانی و چواری کارمەندانی حکومەت ڕێکنەخرابێت و دەمی پیسی وەزیرێکی عەرەب لە کورد بکاتەوە، بۆچی دەبێت کوتلەی بەغداد بەردەوام غافڵگیر بکرێت، بۆچی دەبێت، بەناوی حکومەتی هەرێمەوە نا ڕەسمی ترین لێدوان بدرێت، بۆ نموونە چەندەی هەوڵ بدەیت نەزانی چۆن وەری بگێریە سەرزمانی ئینگلیزی یان عەرەبی، چونکە بەیانکردنەکە هێندە مەحەلی بوو لە سنوری گوندێک دەرنەدەچوو، ئەم گەندەیی و گەندەڵییە لە زۆربەی بوارەکاندا دەدۆزرێتەوە و دەتوانین لە کۆنتێکستی ئەم باسەدا چەند نمونەیەکی جیهانیش ئاماژەپێبدەین، جیاوازییەکە ئەوەیە میللەتانی دیکە بابەتەکە بە گرفت دەکەن، ناوی لێدەنێن و چارەسەری بۆ دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هەمان کێشەیان ڕووبەڕوونەبێتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان لە ئەمریکای ساڵی ٢٠٠٥دا، هەماهەنگی ناتەواو لە نێوان (دەزگای فیدراڵی) و (ویلایەتە ناوخۆییەکان)، وێرانکارییەکانی لە پای (زریانی کاترینا) زیاتر کرد، ئەمەش تیشکی خستە سەر دەرئەنجامە زیانبەخشەکانی بەرپرسانی بێ ئەزموون لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا.

(ئیدارەی نیکسۆن) بەنموونە دێتەوە کە بازنەی ناوەوەی سەرۆک نیکسۆن کە لە (ڕاوێژکارە) بێ ئەزموونەکانی وەک (ئێچ) و چەندینی دیکە پێک هاتبوو ئەمەش بوە بە لێتریچەیەکی ئیداری ئەزموون بەخش سەبارەت بە (بەرپرسانی کۆڵەوار)، بۆ نەتەوەکانی دیکەش.

لە (ئیدارەی ترەمپ)دا پشتبەستنی (سەرۆک ترامپ) بە ئەندامانی خێزانەکەی و یاریدەدەرە بێ ئەزموونەکان بووە هۆی دروستبوونی دیوارێکی پتەو بەدەوری (ترەمپ)دا، کە ڕێگری کرد لە ڕۆیشتنی دیدگا جۆراوجۆرەکان و ڕێگری لە بڕیاردانی کاریگەرکرد، کتێبەکەی (جۆن بوڵتن) بەوردی باسی ئەم دۆخە گاڵتەجارەی دەوری ترەمپ دەکات.

سەبارەت بە (جەنگی عێراق) لە (ئەمریکا) دوو قۆناخ جێگەی ئاماژەپێدانن یەکەم ، ڕێوشوێنەکانی (ئیدارەی بوش) بۆ ئازادکردنی عێراق لە ساڵی 2003 لەژێر کاریگەریی بەرپرسانی بێئەزمووندا بوو، وەک (پۆڵ وۆڵفۆڤیتز) و (دۆگلاس فیت)، کە مامەڵەیان لە گەڵ (هەواڵگری)ی ناڕاست دەکردو دوەم ئەوەیەکە ئاڵۆزییەکانی ئاوەدانکردنەوەی (عێراق)ی دوای جەنگیان بە کەم سەیرکرد، لە ئەنجامدا ناسەقامگیری درێژخایەن و لەدەستدانی متمانەیان بەخۆیەوە بینی و دواجار سەری کێشا بۆ (شکستی ئەمریکا) لە (عێراق) و تەسلیمکردنی لەسەر سینیێەکی زێڕ بە(ئێران).

پراکتیزەکردنی دانانی بەرپرسانی باڵای حکومەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها لەسەر بنەمای (پەیوەندی حزبی) نەک (لێوەشاوەیی) مەترسییەکی بەرچاو لەسەر حوکمڕانی کارا و پێشکەوتنی کۆمەڵگە دروست کردووە.
یەکێک لە مەترسییە دیارەکانی ئەم ڕێبازە، وەرینی یەکپارچەیی دامەزراوەییە. کاتێک دامەزراندن لەسەر بنەمای بەیعەتی سیاسی، دڵسۆزی کەسی، عەشیرەت، بۆ نموونە دانانی ئەندامانی پەرلەمان بەگوێرە حسەی هۆزەکان دەکرێت نەک بڕوانامە، دامەزراوەکان ئامادە دەبن بۆ گەندەڵی و خزمایەتی.

جگە لەوەش پشتبەستن بە تەنیا بە پەیوەندی حزبی چاوپۆشی لە توانا بەرفراوانەکانی (دیمۆگرافیای گەنجان) دەکات لە ناوچەکەدا. بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری دانیشتووان لە گەنجان پێکدێت، دەوڵەمەندییەکی زۆر لە بەهرە و داهێنان و دیدگای نوێی ئەواندا هەیە کە دەتوانێت بەشدارییەکی بەرچاوی لە حوکمڕانی و داڕشتنی سیاسەتدا هەبێت. بەڵام کاتێک پۆستە باڵاکان مونۆپۆل دەکرێن، ئەم کۆمەڵە بەهرەمەندە بەبێ سوود دەمێننەوە و پێشکەوتنەکان دەخنکێن و بێهیوایی نەوەکان بەردەوام دەکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP