دواین هەواڵ

مەسروور بارزانی، مێژوو و داستان و رەمزی خۆراگری هەرێمی كوردستان

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

پێش 4 هەفتە

روون و ئاشكرایە، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو و بەدیاریكراوی و بەتایبەتی ئەم پێنج ساڵەی رابردوو و سەركردایەتیكردنی كابینەی نۆیەم ، دوژمنانی ئەم گەل و قەوارەیە هەموو جۆرە چەك و ئامرازێكیان بۆ تێكشكاندنی ئیرادە و شكۆ ئەم گەل و قەوارە و حكوومەتە گڕتە بەر هەروەها لە كاتێكدا بە پلانی ستراتیژی لە رووی ئاوەدانی وچاكسازی و خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان پێشمەرگەئاسا هەنگاوەكانی دەستپێكرد ، بەڵام نەیارانی ناوخۆی و دەرەكی چاویان پێی هەڵنەهات ، بەڵام پێدەچێت ئاگاداری رابردووی قوربانیدان و ئیرادەی ئەم گەل و نیشتیمانە نەبن و نەزانن كە بە چەندین كۆسپ و تەگەری گەورەدا تێپەر بووە لەوانەش ئەنفال و كیمیاباران و كۆمەل كوژی و زیندە بەچاڵكردن و خیانەت و هێرشی سەربازی بە تانك و فڕۆكە و بەكار هێنانی چەكی قوڕسی پێشكەوتووی وڵاتانی زلهێز و هێرشی رێكخراوی تیرۆریستی داعش خۆڕاگر بوو .

له‌ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ دا، هه‌وڵی چڕ وپیلانگێری قرێژ هه‌بوون و چەندین جار هەوڵدرا گه‌لی کوردستان و ئەو قەوارە سیاسییەی کورد بەهەموو سەروەری و شانازییەكانییەوە لەناو بەرن و شتێک نەهێڵن بە ناوی هەرێمی کوردستان، بەڵام سەرباری هەموو ئەو پیلانگێری و هەوڵە نەزۆکانە خەڵكی كوردستان بە ئیرادەیەكی چیائاسا هەر مایەوە و هەر خۆڕاگر بوو، چونكە خاوەن خاوەن سەركردایەتییەكی ژیر و بوێر ومتمانەبەخۆ بوو وفیداكار بۆ خاك ونیشتیمانەكەی و مافەرەواكانی بوو ،چونكە لە ژێر هێرش و پەڵاماردانی مووشەكی و قورسترین گەمارۆ و فشارە سیاسی و دیپلۆماسییەكان خۆی نەچەماند .

مێژوو گەواهیدەرە كە ،مەسروور بارزانی ، سەرۆكوەزیرانی كوردستان لە ماوەی ئەرك وبەرپرسیاریەتی كابینەی نۆیەم رووبەڕووی سەختترین هەلومەرجی سیاسی و سەربازی و تەندروستی وئابووری بەرامبەر گەل و نیشتیمانەكەی بووە ، بەڵام بە بیروهزرێكی كراوە و ئارام و ئیرادەیەكی پۆڵاین و پاشگەز وسارد نەبۆوە لەو هەنگاو وستراتیژیانەی كە ئامانج تێیدا بەرەو پێشبردنی نیشتیمانەكەی و خزمتكردنی كوردستانیان بوو ، بۆیە ، بە ئیدارەدان وسیاسەتێكی حەكیمانە و بەهێز و خۆڕاگریی و خۆنەچەماندن و سازش نەكردن بۆ ناحەزانی ئەم گەل و قەوارەیە ، هەرگیز ملی نەدا بۆ ویستە ستەمكارانە و فشاری دوژمنانی كوردستان چ لە سەر ئاستی دەرەوە و نێوخۆیی.

بۆیە،لەبەردەم تەواوی هاوكێشە ناوخۆیی و دەرەکی و گەلە کۆمەکی وڵاتانی دەورووبەر وەستایەوە ، چونكە گەلی كورد ودڵسَۆزانی ئەم نیشتیمانە هەمیشە خاوەن ئیرادە و شکۆ و رێگەی سەربەرزی و ڕەتكردنەوەی ژێر دەستی هەڵبژاردووە ،دەبێ مێژوو و داستان و خۆراگری و ئیرادەی ئەم سەركەوتننانەی مەسروور بارزانی وحكوومەتی كوردستان كە تژین لە بەرخودان بەرانبەر گوشار و هێرش و خیانەت و پەڵاماردانەكان لە دیرۆكی خەباتی شارستانی گەلەكەمان لە چەندین پەرتووكی بنووسرێتەوە وەك شانازی و وانەیەكی سەركەوتن بەرانبەر سەختترین پیلانگێری و پەڵاماردانەكان و پارێزگاریكردن لە هیوا و دەستكەوتەكانی ئەم گەل ونیشتیمانە .

لەوەش گرنگتر كە پێوستە هەڵوەستەی لە سەر بكەین و ئاماژەی پێبكرێت ، لە رۆژە سەختەكانیشدا ، ئەوانەی كە هاوبەش و دامەزرێنەری حكوومەت بوون یانیش ئەوانەی كە لە دەرەوەی حكوومەت خۆیان بە دڵسۆزی خەڵكی كوردستان دەزانی لە قۆناغە سەختەكاندا پشتیان لە گەل و نیشتیمان و حكوومەتی كوردستان كرد و هەموو ساتێك چاوەروان وخەونی شكستهێنانیان دەبینی .

ئەوەی لەماوەی رابردووش روویدا ، وەك هەمیشە مەرام و نییەتی هەمیشەیی و نەگۆڕی دەسەڵاتدارانی عێراق بوو بەرامبەر كوردستان كە هەر كاتێك بۆیان رێكەوتێت بە چاوساغی هەندێك كەس ولایەنی لاوازی بەناوی كوردی درێغی ناكەن لە ئازاردان و ستەمكاری بەرامبەر گەلی كورد و دەستكەوتەكانی و هەوڵی ژێر دەستكردنی ، بەڵام وەك چۆن مەسروور بارزانی ، سەرۆكی حكوومەتی كوردستان هەڵوەستەی لەسەر كرد و ئاماژەی پێدا ، لە كاتی تەنگانەدا ئێمە زۆر هەستمان بە تەنهایی كرد و تەنها بە خودا و خەڵكی كوردستان لەگەڵمان مانەوە .! ئەوەش ئاماژەیە بە ئومێد وئاسۆی گەشی ئەم نیشتیمانە بە بوونی خۆراگری و ئیرادەیەكی پۆڵاینن بەرامبەر زێهینیەت و سیاسەتی برسیكردن و شەڕی میدیایی و سایكۆلۆژی و تابووری پێنجەم كە ئامانج تێیدا شكاندنی ئیرادە و باوەری خۆشەویستی بۆ خاك و حكوومەت و كوردپەوەری و نیشتیمانپەوەری بوو.

ئەو خۆراگری وئیرادەی بەهێزەی مەسروور بارزانی وخەڵكی كوردستان هەروەها چیرۆك و داستانێكی سادە نین ، بەڵكو پێوستی بە وردبوونەوە وهەڵوەستەكردن هەیە ، لە ناوچەیەكی پڕ ململانێ وعێراقی پڕ كێشە وبەڵام دوژمنێكی سەرسەخت بەرامبەر بە كوردستان و ئینجا ئەوانەی كە هەموو هەست و كوردبوونەكانیان وەلانا بۆ زیانگەیاندن و دژایەتیكردنی حكوومەتێك كە خۆشیان تێیدا سوودمەندبوون بەڵام خەنجەری ژەهراویان لە حكوومەتی كوردستان دا ، بەڵام بەهێزی بەرگری وخۆراگریی گەلەمان و هەنگاوە سیاسی و دیپلۆماسی و ئیدارییەكانی سەركردایەتیی مەسروور بارزانی خەونی نەیارانی لەناوبرد و ئاستەنگ وكۆسپ و قەیرانە دەستكردەكانی پووچەڵكردەوە و ئەوەش مێژووییەكی تری كوردستان كەدەخوازێ لەلاپەرە پڕشانازییەكانی ئەم گەلە بنووسرێتەوە و كە ئەمەش خۆی لەخۆیدا ئاماژەن بۆ ئاسۆیەكی رووناكتر لەبەردەم ئایندەی كوردستان .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP