دواین هەواڵ

بۆمب ی ئەتۆم

‌دانا حه‌مه‌عه‌زیز

04/03/2024

بە هۆی هێرشی ڕوسیا و سڕینەوەی سنورەکانی ئۆکرانیا، فراوانخوازیی چین و ئەگەری دەستدرێژیی بۆسەر دراوسێکانی، مرۆڤایەتی ئێستا لە هەموو کات نزیك ترە لە کارەساتی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم.

بە کورتی: ئەتۆم، ئەو بۆمبەیە بە قەبارەیەکی بچوك دەتوانێ تەوژم و گەرمیی و تیشکی کوشندەی پیویست بەرهەم بهیێنێت، بۆ کۆتایی هێنان بە ژیان لە ڕوبەرێکی بەرفراوان لەسەر زەوی.

بۆمبی ئەتۆم، بە سودوەرگرتن لە ئایزۆتۆپ یان ناجێگیریی بارستەی ناوکی گەردیلەی مادەکانی وەك یۆرانیۆم ی ٢٣٥ و پلۆتۆنیۆم ی ٢٣٩ بەرهەم دەهێنرێت. ئەم بۆمبە لە ئەنجامی پەستان و پاشان پەرتکردنی ناوکی ئەم دوو مادەیە دروست دەکرێت.

نەوەی دووەمی بۆمبی ئەتۆم، بۆمبی هایدرۆجینی یە کە بەهۆی لکاندنی ئایزۆتۆپی گەردیلەی هایدرۆجین لەگەڵ هایدرۆجینێکی تر بەمەستی بەرهەمهێنانی گەردیلەی سێەم، دروست دەکرێت.

بۆمبی هایدرۆجینیی بە بارستایی لە بۆمبی یۆرانیۆم یان پلۆتۆنیۆم بچوکترە، بەڵام زۆر ئاڵۆزتر و کاریگەرترە.

یەکەم تاقیکردنەوەی ئەتۆمیی لە لەلایەن ئەمریکاوە لە ١٦ ی تەموزی ١٩٤٥ ئەنجام درا، دووەم تاقیکردنەوەش سێ هەفتە دواتر هەر ئەمریکا ئەنجامی دا، بەڵام ئەمجارەیان لە هێرۆشیما!

یەکەم تاقیکردنەوەی بۆمبی هایدرۆجینی، ساڵی ١٩٥٤، ئەمریکا ئەنجامی دا. بەڵام گەورەترین تاقیکردنەوەی بۆمبی هایدرۆجینییی، بۆمبی قەیسەر بوو، کە ساڵی ١٩٦١ یەکێتی سۆڤێت لە بەرزیی شەش کیلۆمەترەوە لەسەر دورگەی نۆڤایا زیملیای ڕوسیای سەر بازنەی جەمسەری باکور، ئەنجامی دا. تەوژمی بۆمبی قەیسەر، چوار هەزار و پێنج سەد ئەوەندەی بۆمبە (یۆرانیۆم)ی یەکەی هێرۆشیما بوو ، واتە هێندەی سەرجەم هەموو ئەو تەقەمەنیانە بوو کە لە جەنگی جیهانیی دوەم دا بەکارهاتوە. دوای ئەم تاقیکردنەوەیە، ساڵی ١٩٦٣ ڕێکەوتن نامەی PTBT لە نیوان وڵاتانی خاوەن ئەتۆم دا ئیمزا کرا، ڕیکەوتننامەکە هەموو تاقیکردنەوەیەکی ئەتۆمیی لە سەر زەویی، دەرەوەی بەرگە هەواو بۆ شایی ئاسمان و سەر ئاو و ژێر ئاو قەدەغە کرد، واتە بەرتەسکی کردەوە بۆ ژێر زەوی.

تاقیکردنەوە ئەتۆمیی یەکان:

(ئەمریکا ١٠٣٢ تاقیکردنەوە، ڕوسیا یان یەکێتی سۆڤێت ٧٢٧ تاقیکردنەوە، فرەنسا ٢١٧ تاقیکردنەوە، بریتانیا ٨٨ تاقیکردنەوە، چین ٤٧ تاقیکرنەوە، هیندستان ٤ تاقیکردنەوە، پاکستان ٥ تاقیکردنەوە و کۆریای باکور ٦ تاقیکردنەوە)ی ئەتۆمی یان ئەنجام داوە.

ئەمریکا دوا تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ساڵی ١٩٩٢ و یەکێتی سۆڤێت ساڵی ١٩٩٠ و فرەنسا ساڵی ١٩٩٦ ئەنجام داوە.

ڕوسیا خاوەنی زۆرترین چەکی ئەتۆمە، بەڵام بەهۆی شکستی ویستگەی کارۆ ئەتۆمی چێرنۆبل ی باکوری ئۆکرانیا لە سالی ١٩٨٦ دا هەروەها ڕوداوی نقومبون و شکستی ژمارەیەك لەژێردەریاییە ئەتۆمی یەکانی، مەترسی لەسەر سەلامەتیی بەرنامە ئەتۆمیی یەکەی هەیە. دوای کارەساتی هێرۆشیما و ناگازاکی، ڕوسیا یەکەم وڵاتە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم دەکات، ئەگەر ناتۆ بە جدی پشتیوانیی ئۆکرانیا بکات!

ژمارەی بۆمبە ئەتۆمییەکان لە سەر زەوی:

ڕوسیا زیاتر لە ٦٠٠٠ بۆمب
ئەمریکا زیاتر لە ٥٥٠٠ بۆمب
چین ٣٥٠ بۆمب، بەڵام لە هەشت ساڵی داهاتودا، ٦٥٠ بۆمبی دیکەش دروست دەکات
فرەنسا ٢٩٠ بۆمب
بریتانیا ٢٢٥ بۆمب
پاکستان ١٦٥ بۆمب
هیندستان ١٥٦ بۆمب
ئیسرائیل ٩٠ بۆ ٤٠٠ بۆمب، بەڵام تەواوی بەرنامە ئەتۆیی یەکەی بە نهینی ماوەتەوە!
کۆریای باکور ٥٠ بۆمب.

ئەڵمانیا و هۆڵەندا خۆیان چەکی ئەتۆم یان نیە، ئەوان پشت بە ناتۆ دەبەستن، بەڵام خاوەنی پێشکەوتوترین تەکنۆلۆجیای دروستکردنی ئەتۆم ن، تەنانەت خودی بەرنامەی ئەتۆمیی پاکستان هۆڵەندی یە. ئەم دوو وڵاتە لە توانیاندا هەیە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، ژمارەیەکی زۆر، بۆمبی ئەتۆمیی ئاڵۆز دروست بکەن.

ژاپۆن توانایەکی بەرزیی زانستی هەیە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم یان گۆڕینی بەرنامە ئەتۆمیی یە خزمەتگوزاریەکانی بۆ چەکی ئەتۆم. دوای زیاد بونی هەڕەشە و مەترسیەکانی چین بۆسەر ناوچەکە، ژاپۆن بودجەی سەربازیی زیاد کردوە و چەندین پڕۆژەی دروستکردنی چەکی ستراتیجی دامەزراندوە!


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP