دواین هەواڵ

کەرکووک،، و ما أدراک ما کەرکووک!

‌شیروان تاڵیب

10/12/2023

کەرکووک نەک پارێزگارەکەی، بگرە تەواوی ئەنجوومەنی پارێزگا بە سەرۆکەکەیشیەوە کورد بن و لەناو کوردیشدا سەر بە یەک حیزب بن، هیچ شتێک لە وەزعە سیاسییەکەی و هیچ شتێکی وەهاش لە وەزعە ئیدارییەکەی ناگۆڕێ، ئایندەکەیشی، جارێ هەر بە هەڵواسراوی ئەمێنێتەوە!

کەرکووک لای ئێمە دڵ و قودسە و بەلای عێراقیشەوە پارێزگایە، بەڵام لەچاوی زلهێزانی جیهانەوە، کەرکووک پایتەختی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە!

سایکس ـ بیکۆ، ڕۆحەکەی لە کەرکووکە! ھەر جووڵەیەک بەئاراستەی کەرکووک، شەرق و غەرب ئەجووڵێنێ و هەموو دەستبۆبردنێکیشی لەهەر لا و لایەنێکەوە، ئەکاتە دەستبردن بۆ نەخشەکێشراوەکەی ئەم ناوچەیە و ئیتر سەرلەبەری ئەو بونیادە دەوڵەتییانەی کە سەد ساڵە لەناوچەکەدا بیناکراوە، تێکئەچێ! ئێ هیچ زلهێزێکیش ئەمەی ناوێ، چونکە هەمووان بەشی خۆیانیان لە کێکەکە بردووە و چۆن ڕێ ئەدەن تێکبچێ!

جا بۆئەوەی بزانن بۆ وائەڵێم، ئاوڕێک بۆ دوواوە بدەنەوە و دیققەت لەم ڕووداوانە بدەن، ئەمانە ڕووداوگەلێکن، کە بەشێکی زۆرمان شاهێدی زیندووین بۆیان،،
ـ ئێوارەی نەورۆزی ساڵی 1991 و لە بەردەوامی ڕاپەڕیندا، پێشمەرگە شاری کەرکووکی ئازاد کرد. لە مێژووی تازەدا، ئەوە یەکەمجار بوو کەرکووک لەدەستی کورددا بێ، کەچی چەند ڕۆژێکی نەبرد، ئەمریکا و ئینگلیز دەستی سەددام و سوپاکەیان واڵا کرد تا ئەو شارە کوردییە لەدەستی خاوەنەکەی دەربھێنێ و تەنانەت بەکارھێنانی کۆپتەریشیان بۆ حەڵاڵ کرد، ئیتر ئەویش (بە ھەستاندنی کۆپتەر ) لەدەستی دەرھێناین!

ـ کۆتایی ئاداری ساڵی 2003 و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئازادیی عێراقدا، پێشمەرگە لە سێ لاوە چوونە ناو کەرکووکەوە، کەچی تەنیا دوای ( یەک ) سەعات! ئینزارێکی توند لە تەحالوفەوە کە ئەمریکا دەمڕاستیان بوو بە کورد درا کە (دەستبەجێ) شارەکە لە هێز و تەشکیلات و مەقەڕاتی پێشمەرگە چۆڵ بکرێ و ئیتر ئێمەش بەهەمان خێرایی چوونەناوەوەمان، لێی هاتینە دەرەوە و چۆڵمان کرد!

ـ ھاوینی 2014 و پاش ئەوەی سوپای عێراق لەبەردەم داعش ھەڵھات، پێشمەرگە جێگای سوپا بەزیوەکەی عێراقی لە تەواوی کەرکووک و دەورووبەریدا گرتەوە، درێژترین ماوە کە جیهان لە بوونی کەرکووک بەدەست خاوەنەکەیەوە بێدەنگ بووبێ، ئەمجارە بوو کە سێ ساڵی خایاند و ھۆکاری بێدەنگ بوونەکەشیان مەعلووم بوو، ئیشیان بە کورد بۆ شەڕی داعش ھەبوو! کە ئیشیان پێمان نەما، سووک و ئاسان ( حەشدار و پاسدار و جاشدار)یان لەسەر عەرزەوە بەردایە کەرکووک و خۆیشیان لە ئاسمانەوە چاودێرییان ئەکردن تا دڵنیاببن لەوەی ئیشەکە باش بەڕێوەئەچێ! ئیتر ئەوە ڕوویدا کە ڕوویدا و لە ئەدەبیاتی سیاسی و میدیاییدا، بە 16ی ئۆکتۆبەر ئەناسرێ!

ئەمە ڕوئیای جیهان و زلهێزانییەتی بەرامبەر بە کەرکووک کە ڕوئیایەکی مەسڵحەتبازییە و لەگەڵ هیچ کام لەو بنەما سیاسی و ئینسانیانەی کە ئیدعای ئەکەن، ئەکید نایەتەوە! بەڵام ئایا ئەدائی ئێمە،، ئێمەی خاوەنی کەرکووک، چۆن و چی بووە؟!
کورتوموختەسەر، ئەدائێکی باشمان نەبووە،،

ئێمە لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٥ ـ ٢٠١٤دا، ئیدارەی شارەکە و لەنێوان ٢٠١٤ ـ ٢٠١٧شدا، جگە لەئیدارە، نەوت و ئەمنییەتی تەواوی پارێزگاکەشمان بەدەستەوەبووە، بەڵام نەمانتوانی نموونەیەکی سەرکەوتوو لە ئیدارەدانی کەرکووک نیشانی دنیا بدەین و قەناعەتێکی وەهایان لا دروست بکەین، کە کەرکووک هەر قابیل بە ساحێبەکەیەتی!

لەو ١٢ ساڵەدا، نەک هەر نەمانتوانی قەناعەت بە پێکهاتەکانی تر بکەین کە لە حووکمڕانیدا ئێمە باشترین، بەڵکوو نەمانتوانی ئەو قەناعەتە، لای بەشێک لە کوردی کەرکووکیش دروست بکەین!
خۆ دنیا هەر وا نابێ و کەرکووکیش تاهەتایە هەڵواسراو نابێ، زەمەن ئەگۆڕێ و زەمینەش گۆڕانی بەسەردا دێ، بەڵام ئەگەر ئێمە خۆمان نەگۆڕێین، ئەوا نەک هەر زەحمەتە کەرکووک بهێنینەوە ئامێزی خۆمان، بگرە بۆی هەیە هەر بەدەستی خۆمان، بیخەینە باوەشی خەڵکی ترەوە!

ئەگەر نەگۆڕێین، ئەوا دواجار هەر قسەکەی ( تاریق عەزیز) ە کە وتی: إبکوا علی کرکوک، کما بکی العرب على ألاندلس!

شتێکی تریش هەیە،،

دیققەتتان داوە بۆ هەر شتێک کە عەلاقەی بە بەغداوە هەبێ، دنیا بە یار و نەیارەوە دێنەخەت و داوای یەکڕیزیمان لێ ئەکەن، کەچی بۆ کەرکووک، عەبدی بەشەر بەلاماندا نایەت، هەمووان خۆیان لە خەت داوە و ئەسڵەن پێیان خۆشە عەکسەکەی بین،،
ئێمەش دڵیان ناشکێنین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP